شێرزاد شێخانی: تەلەفزیۆنى كۆپرلی و عەبدوڵڵا دڵسۆز.
لەحەڵقەی پێشتر باسی سینەمام كرد،ئەوجارەش باسی تەلەفزیۆنتان لۆ دەكەم كە دەركەتنی لەسارانی شێستەكاندا وەكی شۆڕشەكی گەورە وابو..تەبعەن لەناوەڕاستی شێستەكاندا كەس نەیدەزانی تەلەفزیۆن چییە،هەبو نەبو بەس رادیۆیەك كەخەركی بەحسوخواسی دونیایان پێدەزانی..ئەو رادیۆیەش زۆر كەس نەیبو مەگەر مارە دەورەمەندەكان،یان برێین ئەوانەی وەزعیان وەسەتبو،رادیۆش حەتا نیهایەتی ساری شێستەكان سندوقەكی گەورەبو كە لەماران لەسەرمێز دادەنرا،لەو دواییەش رادیۆی ترانسیستەری گچكە دەرچو كە پیاو دەیتانی لەگەر خۆی بیگێڕی، بەرانەكینێ ئەوكاتیش لەبەر ئەخبارەكانی رادیۆی لەندەن كە بابەكانمان گێیان لێدەگرت ئەو رادیۆیەش بەر مە نەدەكەت..
بەهەرحاڵ لەو دەمانەدا تەلەفزیۆن هێشتا پەیا نەببو،لەبیرمە لەسەر بەستەكەی گەڕەكی تەعجیل مارەك هەبو ئاریالی تەلەفزیۆنی لەسەر بو،ئەویش ماری مامۆستا مەحمود حیلمی بو.كەدەمانپرسی ئەو عامودەی سەربان چییە دەیانگۆت ئەوە ئى تەلەفزیۆنە.یەكەم تەلەفزیۆنیش لەساری 67 هاتە هەولێرێ..ئەو وەختی ئەمن لەگەر بابم لەچایخانەكەی نادی مۆزەفین ئیشمان دەكرد،یەكەم تەلەفزیۆن هاتە ناو نادی،كوڕەكی حاجی عەبدلوەهاب كەیەكەم وەجبەی تەلەفزیۆنی هینایە هەولێر، هات تەلەفزیۆنەكەی بەستاو مەوجەكانی دەگۆڕی هەتا قەناتەكەی دیتەوە..كاتەكی رەسمەكە دەركەت هەمو مۆزەفو مامۆستاكان كردیانە چەپڵەرێزانو شایی وهەڵپەركێ.ئیدی تەلەفزیۆن وردە وردە پەیدابو و زۆربەی تاجیرەكان دەچون لەبەغدا دەیناهیناو بەقیستی مانگانە دەیانفرۆشت، ئەمەش حارمان باشبو،لۆیە بابم زوو تەلەفزیەنەكی ماركەی(تیلفۆنكن)ی لۆمان كڕی..ئاریالمان لەسەربان داناو قەناتی كەركوكمان وەردەگرت، ئەو وەختی پەخشەكەی زۆر زەعیفبو، لۆیە حەمودەم ئەمن یا برایەكانم دەچوینە سەربان ئاریەلەكەمان دەسوڕاند لۆ ئەوەی رەسمەكان باشبن،ئەویش هەر باش نەدەبو،لەخوارەوە هاوارمان دەكرد”بیسوڕێنە،بارانی زۆرە”چونكی وەكی باران نوقتەی رەشو سپی لەسەر شاشەكەوە هەبو.بەو ئاخیرانە قەناتەكی دی لەموسڵ كرایەوە ئەو لەبەر ئەوەی نێزیكتر بو لەهەولێر لۆیە قەناتەكەی سافتربو لەوەی كەركوك.
ئەوجا بابێمە سەر بەرنامەكانی تەلەفزیۆن كە پەخشەكەی لەسەعات شەشی ئێوارەوە دەستی پێدەكردو لە یازدەو دوازدەی شەو تەواو دەبو..سەعات شەش قورئانی پیرۆز بەدەنگی شێخ عەبدولباستو،مستەفا ئیسماعیلو،راتب ئەلكەلحیو،حاج مەحمود عەبدولوەهابو، خەلیل ئیسماعیلو،حافز مەهدی،كە ئەوانە قورئانخینی زۆر مەشهور بون.دوای ئەویش ئەفلام كارتۆنی میكی ماوسو جیكلو هیكلو بەرباشاترە قۆڕەكەی روسی.لەدوای ئەفلام كارتۆنیش بەشی توركمانی دەستی پێدەكرد كە یەك چارەك سەعاتبو، ئەویش دو سێ گۆرانی عەبدولواحید كورەچیو ئەكرەم كۆپرلی بون..لەدوای ئەویش نیو سەعاتی كوردی كە گۆرانیەكانی تاهیر تۆفیقو رەسول گەردیو عەبدوڵڵا دڵسۆز بون.. كاتەكی شەماڵ سائیب دەركەت وەكی شۆرشەكی نوێ وابو لەمەجالی گۆرانیدا،ئەمەی گەنجەكان زۆر درمان پێخۆش دەبو،لەدوای ئەویش عومەر دزەیی پەیابو،ئەوجا تیپی مۆسیقای سلێمانی لەحەفتاكانەوە بوە سەیدی ساحە..ئیستاش نازانم لۆ بەشە كوردیو توركمانیەكان خرابونە دوای ئەفلام كارتۆنەوە،ئەتو برێی حكومەتی بەعس ئەمەی بەمندار تێگەشتبی لۆیە لەگەر منداران داینابوین؟؟. عەلا كولین تەبعەن بەشی كوردیو توركمانی هیچ بەرنامەیەكیان نەبو بەس گۆرانی بو..لەبیرمە لەو سارانەدا هەندەكمان دەچوین نایلۆنی كەسكو سۆرو شینمان دەكڕیو لەشاشەی تەلەفزیۆنەكەمان دەدا لۆ ئەوەی دری خۆمان خۆشكەین كە تەلەفزیۆنی ملەوەنمان هەیە.یەكدو بەرنامەی خۆش هەبون لەو سەردەمەدا كە خەركی زۆر موتابەعەیان دەكرد وەكی( ریازە فی ئسبوع)ی موئەیەد بەدری،(العلم للجمیع)ی كامل الدباغ،بەرنامەیەكی موسابەقاتی خۆشیش هەبو بەناونی (شایف خێر) كە فەخری زوبەیدی پێشكەشی دەكرد..هەندەك موسەلسەلەی عەرەبیش زۆر كەس موتابەعەی دەركرد وەكی( بنت الحتە)و( سەعدیە)و(الزەحیەو رەحیل) موسەلسەلەی ئەجنەبیش هەبون وەكی (المنتقمون) و(البیت الكبیر) كە تەرجومەی عەرەبیی بون.دواییش فلیمی سەهرە، ئەوجا سەلام جمهوری، ئیدی شاشەكە بەخشەخش سپی دەبوەوە،باقی وەلسەلام..
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts