ناكام محمود گەڵالەیی: هەرێم دەبێتە چەقی ململانێكان.
ئایندەیەكی ناڕوون و هیوایەكی گەش بۆ ئایندەی هەرێم نییە، فكری سەركردایەتی سیاسی كورد لە قەبارەی ڕووداوەكاندا نییە، سەركردایەتی سیاسی كورد توانای لێ ڕامان و لێكدانەوەی گۆرانكاریەكان نییە، بۆیە گومان نییە كە ئەم سەركردایەتییە شكستى خواردووە، سەركردایەتییەك نەی توانی بێت لە باروودۆخێكی ئارام دا پلانی ئایندە دابنێت بێ گومان لەگیژاوی قەیران و كێشەكاندا سەرلێ شێواوتردەبێت، كەم فكری و كورتبینی هەمیشە ئایندەی گەشی نییە، ئێمە ناتوانین لە كێشەوقەیرانە ناوخۆییەكان خۆمان ڕزگار بكەین، دەبێت چۆن لە گێژاوی ململانێی زلهێزەكاندا خۆمان بگرین.
ئەودەوڵەتانەی لەڕابردوودا كاری لەپێشینەیان تێكدانی یەكڕیزی ماڵی كورد بوو ئێستا خۆیان لەكێشەو ململانیی گەورەدان، بەداخەوە ئێستا خۆمان لەم قۆناغە هەستیارەدا خەریكی خاپوركردنی ناوماڵی خۆمانین، سەرقاڵی چێكردنی شەڕی براكوژی و مل شكاندنی یەكترین، پارتی دیموكراتی كوردستان كەزمان حاڵی توركیاو (ئەكەپە) یە هەڕەشە لە (پەكەكە) دەكات و نیازی دەركردنیان لەشەنگال بە زەبری هێز ناشارێتەوە، بێ گومان ئەمەش تەنیا بەپارتی ناكرێت، بەڵكو بەهاوكاری سوپای داگیركەری توركیا ئەم نیازەی هەیە، من قسەم لەسەر ئەوەنییە ئاخۆ ئەم شەڕی براكوژییە ئەبێت یان نا، قسەی من لەسەر نیاز پیسی و جاشایەتی پارتی و بنەماڵەی بارزانییە.
سەیرە دوای شەڕی براكوژی یەكێتی و پارتی هێشتا كەسانێك و لایەنێكی سیاسی هەبن ئەم خەیاڵە لەفكریاندا مابێتەوە، ئەم نیازە زوو یادرەنگ دەبێتە واقیع
كێشە ناوخۆییەكان هێندە گەورەنین كە چارەسەر نەكرێن، بەڵكوسیاسیەكان هێندە بچوك و نابەرپرسن كە ئیرادەی چارەسەریان نییە، لەپشت كۆمەڵێك بەرژەوەندی كەسی و حیزبییەوە بانگەشەی دەوڵەتداری و كوردایەتی دەكەن، لەمێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردا قۆناغێكی وا گونجاو بۆ كورد نەهاتۆتە پێش، لاوازبوونی دوژمنەكانما نەقۆستۆتەوە، ئێستا كە گەلی كورد لەهەرچوار پارچەی كوردستان بەرەو گۆڕانی گەورە دەڕوات بەڵام بەعقڵی ئەم سیاسیانە بێت قوربانی یەكەمی ئەم گۆڕانكارییە خۆمانین، هیچ لایەنێكی سیاسی خاوەنی ئەجندای دیاری كراوی خۆی نییە، هەموویان بوونە سێبەری زلهێزەكان و هێندەی بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەوان كاردەكەن هێندە بۆ ئامانجی نەتەوەيی كار ناكەن.
تەمەنا دەكەم قسەكانی نیچیرڤان بارزانی تەنیا قسەیەك بێت و هەنگاوی دەووە نەنێت، چونكە لەحاڵەتی بوونی پارتی بەچاوساغی توركیا حكومەتی ناوەند بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نابێت، ئەویش بەمیلیشیا شیعەكانی بەناوی پاراستنی خاكی عێراقەوە دەبێتە لایەنی دووەم، پارتی ئەمە كاریی یەكەم جار و كۆتا جاریشی نابێت، كەببێتە چاوساغی داگیركەران و بێگانە، دەبێت لایەنەكانی تر پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەهۆش بێننەوە، بنەماڵەی بارزانى توشی خودئەڤینی و بوغرا بوون بوون، لەگەڵ خۆیان ئاواتی گەلێك لە گۆڕدەنین، ئەگەر لەم بێ ئاگایی و بوغرابوونە هۆشيار نه كرينه وه.