ئاریتما موحه‌ممه‌دی: دیموكراسیی له تیئۆرییه‌وه بۆ تێڕوانین! به‌شی 25.
هه‌نووكه ده‌بینین كه كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد هه‌ر له جێی خۆی به چاره‌سه‌ر نهكراویی ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌شێك له نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ژێر كاریگه‌ریی كولتووری داگیركه‌ریی فارس و توركدا له‌نێو چووه و شۆناسمان تووشی قه‌یرانی سیاسیی و كولتووریی بووه‌ته‌وه. له‌و لاشه‌وه دۆخی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ست له ئه‌ورووپا له قه‌یران دایه، چونكه به‌شێكیان لهژێركاریگهریی كولتوریی سیاسیی و ئابووریی سۆسیال دیموكراسیی ناسنامه‌ی خۆیان له‌ده‌ست داوه و جگه له هندێك مافی كولتووریی هیچ ده‌ستكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌ییان به‌ده‌ست نه‌هێناوه. ڕاست پاش سێسه‌د ساڵ له ئه‌زموون كردنی سیسته‌می دیموكراسیی له ئه‌ورووپا هه‌نووكه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و وڵاتانه ده‌یانهه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی چه‌مكی دیموكراسیی و لیبڕالیزم كێشه‌ی به‌شێك له‌و نه‌ته‌وانه چاره‌سه‌ر بكه‌ن كه داگیركراون، هه‌رچه‌ند چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ش سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی ئه‌و نه‌ته‌وانه له‌خۆ ناگرێت و ته‌نیا كۆمه‌ڵێك مافی ئابووریی و كولتوورییان بۆ ده‌ستبه‌ر ده‌كات.
واتا پاش پتر له سێسه‌دساڵ ئه‌زموونكردنی دیموكراسیی هه‌نووكه نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ست له ئه‌ورووپا له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی پڕۆسه‌ی دیموكراسیی هه‌وڵ بۆ مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان ده‌ده‌ن، به‌ڵام لێره‌دا دوو له بنه‌ماكان و كۆڵه‌كه‌كانی هه‌ره گرینگی دیموكراسیی چاره‌نووسی داهاتووی سیاسیی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان دیاریی ده‌كات، كه ئه‌وانیش بریتین له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و چه‌مكی ئازادیی، هیچ دیموكراسییه‌ك سه‌ركه‌وتوو نابێ و نابێته دیموكراسیی ڕاسته‌قینه ئه‌گه‌ر هاتوو پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و چه‌مكی ئازادییان تێدا ده‌سته‌مۆ كرابێت و كهوتووبوونێته ژێر كاریگه‌ریی ڕێبازێكی سیاسیی تاییبه‌ت.
وڵاتێكی وه‌ك بریتانیا پاش پتر له سێ سه‌ده له داگیركردنی سكۆتلاند دوو ساڵ پێش ئیزنی به ڕێفراندۆمێكدا كه له سكۆتلاند به‌ڕێوه بچێت و ئه‌و نه‌ته‌وه له‌نێوان ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و مانه‌وه له چوارچێوه‌ی بریتانیادا یه‌كیان هه‌ڵبژێرن و ده‌نگی پێ بده‌ن. به‌ڵام ئیتر نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك سكۆتلاند وه‌ك خۆی نه‌ماوه و له ماوه‌ی ئه‌و داگیركارییه‌دا كولتوور و ناسنامه‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ریی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و شۆناسیان بنكۆڵ كراوه. بۆیه ده‌نگیان به مانه‌وه له چوارچێوه‌ی بریتانیا دا. وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێیكرد، هه‌نووكه نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی كولتووری گلۆبالیزم و سۆسیال دیموكراسیی و كاپیتالیسم، له دۆخێكی له‌م چه‌شنه‌دا نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان بۆ ڕزگاریی له بنده‌ستیی و درووست كردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پێویستان به شۆڕشێكی كولتووریی و سیاسیی ده‌بێت، چونكه ڕزگاربوون له‌ژێر كولتووری بنده‌ستیی ئه‌سته‌مه و پێویستی به ڕێخستنی سیاسیی و شۆڕشی هزریی هه‌یه.
له سپانیاش به هه‌مان چه‌شن، دهڵهوتیی ناوه‌ندیی سپانیا كه له نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته تاكوو هه‌نووكه ئیزن به به‌ڕێوه‌چوونی ڕێفراندۆم له كه‌ته‌لۆن نادات، كه‌ته‌لۆنییه‌كانیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی بنده‌ست كهوتووهنته ژێر كاریگه‌ریی كولتووری نه‌ته‌وه‌ی داگیركه‌ر، به‌ڵام له‌وێ تۆی خه‌بات و تێكۆشان بوونی هه‌بووه و هه‌میشه شێوازی جیاوازی خه‌بات له گۆڕێ‌دا بووه، بۆیه تاكوو هه‌نووكه‌ش به‌شێك له دانیشتووانی كه‌ته‌لۆن داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن. هه‌رچه‌ند به‌شێكیش له كۆمه‌ڵی كه‌ته‌لۆن پێیان وایه كه ئه‌و به‌شه له هاوڵاتیانی كه‌ته‌لۆن كه داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن له ئاكامدا به سه‌ربه‌خۆییش تێر نابن و پتر وه‌ك پرسێكی ده‌روونی پێناسه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆیی مافێكی ڕه‌وای هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كه و به‌ده‌ستهێنانیشی مافێكی سرووشتییه، بۆیه ده‌ڵێم ئه‌و به‌شه له هاونیشتمانیانی كه‌ته‌لۆن كه سه‌ربه‌خۆیی به چه‌مكی ده‌سه‌ڵاته‌وه گرێ ده‌ده‌ن، كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی كولتووری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و له ڕستیدا ئاسیمیلاسیۆنی نه‌ته‌وه‌یی كاریگه‌ریی له‌و چه‌شنه‌ی له‌سه‌ر داناون.
كه‌واتا سیسته‌می دیموكراسی له وڵاتانی پێشكه‌وتووی پیشه‌سازیش نه‌یتوانیوه كێشه‌ی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌ی چۆن له كۆمه‌ڵگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست چه‌مكی دیموكراسیی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات. دیموكراسی ئه‌و سیسته‌م و چه‌مكه نییه كه ئاور له كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بداته‌وه و هه‌نگاوی چاره‌سه‌ركردنی بۆ هه‌ڵگرێت. نه‌ته‌وه‌ی كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی دیكه بێگومان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوكوومه‌تێكی دیموكراتیكیشدا چه‌وساندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت. پێویسته كه نه‌ته‌وه‌ی كورد له فه‌شه‌لهێنانی سیسته‌می دیموكراسیی له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له ئه‌ورووپا ئه‌زموون وه‌رگرێت و هه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانی ئه‌ورووپا دووپات نه‌كاته‌وه. ڕوونه كه دیموكراسیی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی وڵاتانی ئه‌ورووپی شێواندووه و پرسی نه‌ته‌وه‌یی ئاڵۆز كردووه و شۆناسی نه‌ته‌وه‌یی به‌شێك له نه‌ته‌وه‌كانیشی توواندووهتهوه.
هه‌نووكه چالاكوانانی سیاسیی و مه‌ده‌نی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ی كورد له جێگیربوونی دیموكراسیدا ده‌بیننه‌وه، هاوكات چالاكوانانی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستیش كه دژی ڕژیمهكانی ده‌سه‌ڵاتدار چالاكی ده‌كه‌ن دیموكراسیی به هێمای سه‌ركه‌وتن هه‌ژمار ده‌كه‌ن، هه‌ردوولا پێیان وایه كه دیموكراسیی چاره‌سه‌رێكی گونجاو ده‌بێ بۆ تێكڕای كێشه سیاسیی، ئابووریی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له وڵاتانی ئێران، توركیه و سووریه دا. به‌ڵام وه‌ك له‌م كۆڵینهوهدا به ڕوونی ده‌ركه‌وتووه كه دیموكراسیی ئه‌ورووپا نه‌یتوانیوه به‌شێك له كێشه ئابووریی و سیاسییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات چ بگات به‌وه كه تێكڕای كێشه‌كانی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و چاره‌سه‌ریی ببات. بێگومان دیموكراسیی وه‌ك چه‌مك و سیسته‌م ڕۆڵ ده‌گێڕێت و پڕۆسه‌یه‌كی هێمنه كه به ئاشتییانه ده‌سه‌ڵات ده‌ستاوده‌ست ده‌كات، به‌ڵام هێنانه‌ئارای گۆڕانكاریی له یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵاتان به‌ستراوه‌ته‌وه به ئاستی تێگه‌ییشتنی گه‌ل له ماف و ویستی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی.
ئه‌وه مرۆڤه‌كانن و پێشه‌وه‌چوونی هزریی مرۆڤه كه ده‌توانێ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كان له چوارچێوه‌ی دیموكراسیدا یانخود له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی دیموكراسیدا چاره‌سه‌ر بكات. ئه‌گه‌ر مرۆڤ مافه‌كانی خۆی و مافی گه‌لانی دیكه بناسێت و تێگه‌ییشتنی زانستییانه‌ی له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌بێت، ئه‌و كات ئاسان ده‌بێ كه نه‌ته‌وه‌كان و گه‌لان مافه‌كانی خۆیان له چوارچێوه‌ی دیموكراسیی یانخود له چوارچێوه‌ی هه‌ر چه‌شنه سیسته‌مێكی سیاسیی دیكه‌دا به‌ده‌ست بهێنن. واتا جێگیربوونی سیسته‌می دیموكراسیی مه‌رج نییه ببێته هۆی گه‌ییشتنی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست به مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆی، یانخود مسۆگه‌ر نییه كه گه‌لانی وڵاتێك له چوارچێوه‌ی دیموكراسیدا مافه ئابووریی و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خۆیان به‌ده‌ست بهێنن. زۆر وڵات هه‌ن كه به دیموكراسیی به‌ڕێوه ده‌چن، به‌ڵام گه‌لانیان خاوه‌ن سه‌ره‌تاییترین مافی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی نین، وه‌ك ئاماژه، وڵاتی هیند.
دیموكراسیی ئه‌و پڕۆسه‌یه كه كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتخواز له ڕێگایه‌كی ئاسان و هێمنه‌وه ده‌گه‌یه‌نێته ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا له هه‌ناوی دیموكراسییه‌وه ده‌رناچێت. چونكه دیموكراسیی چه‌مكی درێژكردنه‌وه‌ی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتخوازییه نه‌ك سیسته‌می چاره‌سه‌ریی. بۆیه دووپات كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونێك كه له وڵاتانی دیكه‌دا تۆمار كراوه و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه وه‌ك ئه‌و ماركسیستانه وایه كه له پاش ڕۆخانی ماركسیزم كه هه‌ڵقوڵاوی كۆمه‌ڵگاكانی سه‌ره‌تای شۆڕشی پیشه‌سازیی له ئه‌ورووپا بوو، ئیستاش هه‌ر پێیان وایه كه ئه‌وان ماركسیسمی ڕاسته‌قینه نه‌بوونه و ئه‌وه ئه‌مانن كه ماركسیستی ڕاسته‌قینه‌ن و ده‌توانن ماركسیسمی ڕاسته‌قینه جێگیر بكه‌ن، به‌ڵام بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه كه درووشمی ماركسیسم گه‌ییشتن به ده‌سه‌ڵات له ڕێگای شۆڕشی چه‌كداریی و خۆسه‌پاندن بوو و جگه له چه‌مك و ئایدۆلۆژیای ماركسیستی هیچی دیكه‌یان بهدرووست نه‌ده‌زانی!
نابێ له‌بیرمان بچێت كه هه‌مووی ئه‌وانه‌ی كه خۆیان به نیشتمانپه‌روه‌ر و خه‌باتگێڕ و نه‌ته‌وه‌یی هه‌ژمار ده‌كه‌ن ڕاستگۆ بن له‌گه‌ڵ پرسی نه‌ته‌وه‌یی دا، بێگومان به‌شێك له‌وان به‌دوای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ن، بۆیه زۆرجار ماف و ئازادیی و سه‌ربه‌ستیی گه‌ل به وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕنه‌وه. كه‌واتا ئه‌و هێز و لایه‌نانه كه خۆیان به پارێزه‌ری مافی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌زانن، بێگومان به‌شێك له‌وان به‌دوای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ن، بۆیه دائیم پێداگری له‌سه‌ر جێگیركردنی دیموكراتیی ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن كه كێشه‌ی سیاسیی كورد له ڕێگای دیموكراسییه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر دیموكراسیی به پێوه‌ری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌ژمار بكه‌ین بێگومان نابێ زۆرینه جێبه‌جێكه‌ری ویستی كه‌مینه بێ، واتا نابێ كه‌مینه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر زۆرینه‌دا زاڵ بێ و هه‌رچی ویستی جێبه‌جێی بكات. بۆیه دائیم ویست و ڕه‌نگی زۆرینه زاڵه به‌سه‌ر ویست و ده‌نگی كه‌مینه دا. ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه و پێوه‌ری پڕۆسه‌ی دیموكراسیش هه‌ر به‌و چه‌شنه‌یه كه زۆرینه حوكوومه‌ت بكات و كه‌مینه‌ش جێبه‌جێی بكات.
بۆیه له هیچ دۆخ و ههلوومهرجێكدا زۆرینه نایهه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی كه‌م بكرتهوه و كه‌مینه خاوه‌ن هێز بێ. نه‌ته‌وه‌ی كوردیش له چوارچێوه‌ی جوگرافیای سیاسیی ئێران‌دا كه‌مینه‌یه، واتا ئێمه ناتوانین ده‌نگی زۆرینه مسۆگه‌ر بكه‌ین، ده‌ی ئه‌گه‌ر ده‌نگی زۆرینه مسۆگه‌ر نه‌كه‌ین چۆن ده‌توانین مافه سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین، چونكه حیزبه سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به كوردستانی ئێران نێو ده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه بڵێین كه نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه خاكه‌كه‌ی له‌نێوان وڵاتان دابه‌ش كراوه و كورد نه‌ته‌وه‌ی كه‌مینه له ناوچه‌كه‌دا نییه، ئه‌و كات ده‌كرێ تاییبهتمهندیی تاییبه‌ت به كورد ڕه‌چاو بكرێت، به‌ڵام هه‌نووكه كورد خۆی به به‌شێك له ئێران پێناسه ده‌كات و ده‌یهه‌وێ كێشه‌كانی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌شێك له‌و وڵاته چاره‌سه‌ر بكات، به‌م چه‌شنه‌ش كورد ناتوانێ له چوارچێوه‌ی دیموكراسیدا مافه‌كانی ده‌ستبه‌ر بكات، چونكه قه‌د نابێته زۆرینه و ده‌نگی زۆرینه مسۆگه‌ر ناكات.
یه‌كێ له هۆكاره‌كانی په‌رته‌وازه‌بوون و له‌تبوونی حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌م دۆخه‌دا بۆ له‌به‌رچاونه‌گرتنی پێوه‌ری دیموكراتیی نێو حیزبیی ده‌گه‌ڕێته‌وه، زۆربه‌ی ئه‌ندامان و سه‌ركردایه‌تیی حیزبه لهتبووهكان له پڕۆسه‌ی دیموكراسیی نێو حیزبی‌دا به‌شدارییان كردووه، به‌ڵام كاتێ كه به‌شێك له‌وان ده‌نگیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه، جیابووهنهتهوه یانخود ئه‌و حیزبه‌یان له‌ت كردووه، بۆچی، چونكه پێیان وابووه كه زۆرینه ڕه‌چاوی ده‌سه‌ڵات، هێز و مافی ئه‌وان وه‌ك كه‌مینه ناكات، بۆیه ڕێكخراوه‌كه‌یان له‌ت بووه. واتا له پڕۆسه‌ی دیموكراسیدا دۆڕاندووێتیان، به‌ڵام دان به‌و چه‌شنه دیموكراسییه‌دا نانێن كه ئه‌وان تێیدا براوه‌ی سه‌ره‌كیی نه‌بن، كه‌چی خه‌باتیش بۆ دیموكراسیی ده‌كه‌ن. به‌ڵام سه‌ره‌كیترین پێوه‌ری دیموكراسیی ئه‌وه‌یه كه زۆرینه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر كه‌مینه‌دا هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مافی كه‌مینه‌ش تا ئاستێك له‌به‌رچاو بگرێت ئه‌وه دیموكراسییه‌كی زۆر پێشكه‌وتووه، ئه‌گه‌ریش مافی كه‌مینه له‌به‌رچاو نه‌گرێت، ئه‌وه به‌و واتایه نییه كه دیموكراسییه‌كه له‌سه‌ر هێڵی خۆی لایداوه.
درێژه‌ی هه‌یه…