Muhamad-H-M-Barzani

شێرزاد شێخانی: پەیڕەو پرۆگرامی حزبەكەی كاكە حەمەی حاجی مەحمود.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەئەساسدا زۆر عەوداڵ و پەرۆشی ناو دەركردن نیم، هەر كارێكیشم كردبێ ئەگەر خێرێكی بۆ كەس و لایەنێك هەبوبێ پڕوپاگندەم بۆ نەكردوەو نەشمویستوە بەكەسی بفرۆشمەوە، بەڵام هەندێجار هەڵوێستی بەرامبەر وام لێئەكات بێدەنگ نەبم لەهەندێ مەسەلە.

لە لاپەرەی 247 یادداشتەكانی كاك حەمەی حاجی مەحمود بەناوی (رۆژژمێری پێشمەرگەیەك) ئاماژەی بەناوی من داوە گوایە من پێداچونەوەم بەپەیڕەو پرۆگرامی حیزبی سۆسیالستی كوردستان كردوە. ئەو باس لەوە دەكات گوایە پەیڕەوەكە خۆی و كاك عەدنان موفتی دایانرشتوەو رۆڵی منیش تەنها چاپكردن و پێداچونەوەی زمانەوانی بوەو هیچیتر. كاكە حەمە وەكو هەر سەركردەیەكی كورد كە خۆیان وەكو فەیلەسوف و كەسایەتی بێهاوتاو بێبەدیل نمایش ئەكەن، لەم پەرەگرافەدا خۆی بەخاوەنی پەیڕەوی حزبەكەی ئەزانێ، راستیەكەشی پێچەوانەیە. وروژاندنی ئەم مەسەلەیەش لەمكاتەدا لەلای منەوە بۆ هیچ مەبەستێك نیە تەنها بۆ دەرخستنی راستیەكانە كە هەندێ كەس بەداخەوە بۆ گەورەكردنی رۆڵی خۆیان لەخەڵكی ئەیشارنەوە ئەمەش لەكاتێكدا یادەوەری نوسینەوە ئەمانەتە، چونكە یادەوەری هەر سەركردەو كەسایەتییەك ئەبێتە بەشێك لەمێژوو.
من یەكێك بوم لەپێشمەرگە دێرینەكانی حزبی سۆسیالیست، لەمەكتەبی راگەیاندنی حزب لەشاخ و لەشاریش ئەركەكانم بەجێگەیاندوەو، دوای راپەڕینیش هەر لەبواری راگەیاندنی حزب كارم كردوەو جێگری سەرنوسەری رۆژنامەی ” رێگای ئازادی ” ئۆرگانی حزب بوم، دواتریش جێگری سەرنوسەری رۆژنامەی ” یەكگرتن” بەهەردو بەشی كوردی و عەرەبیەكەیەوە. دوای هەرەسی حزبەكەم بەپیلانی پارتی و كڕینی بەشێك لەسەركردەكانی حزبەكەم لەلایەن پارتیەوە لەساڵی 1993دا، وازم لەحزبایەتی هێناو كەوتمە حاڵەتی بێكارییەوە لەوەزعێكی زۆر خراپی ئەوسای كوردستان كە میللەت بەگشتی كەوتبونە ژێر كاریگەری ئابلۆقەی ئابوری عیراق و نەتەوە یەكگرتوەكانەوە. لەم كاتەدا كاكە حەمە لەرێگەی هەڤاڵ بەرزۆ عەلی هەژارەوە پەیوەندی پێوەكردم و داوای كرد ئیشی لەگەڵ بكەم بۆ زیندوكردنەوەی حزبی سۆسیالست. ئەو كاتی من ڕام وابوو كەحزبێك بەم هەمو سەركردە قارەمانانەی سەردەمی شاخ هەرەس بێنێو نەتوانێ لەبەرامبەر پیلانەكانی حزبانی دەسەڵات خۆی راگرێ، هەڵبەت ناتوانێ بەچەند كادیرێكەوە ئەم حزبە هەڵسێتەوە، دواجاریش بۆمان دەركەوت كە ئەم حزبە تا ئەمڕۆش هەر بەبچوكی ماوەتەوەو نەیتوانیوە لەروی جەماوەرییەوە پێگەیەكی باشی هەبێ.
ئەوكاتی هەڤاڵێكی خۆشەویستم ئامۆژگاری كردم كەوا لەجیاتی دانیشتن لەماڵەوە كار لەگەڵ كاكە حەمە بكەم، ئەوەبو كاكە حەمە تەكلیفی لێكردم كە پەیڕەو پرۆگرامێك بۆ حزبەكەم بنوسمەوەو ئامادەی بكەم بۆ مۆڵەت وەرگرتن و كاركردنی حزبەكە. منیش ئەم ئەركەم بەجێهێناو دوای شەونخونی و ماندوبونێكی زۆرەوە پەیڕەو پرۆگرامێكم ئامادەكردو بۆ یەكەمجار لەئامانجەكانی حزبدا پابەندبونی حزبەكەم بە ” بیمەی بێكاری ” خستە ناو بەرنامەی حزبەكەمەوە كە ئەوسا هیچ حزبێك بیری لێنەكردبوەوە. لەئەلفی پەیڕەو پرۆگرام تا یاكەی هەر خۆم نوسیم خۆیشم چاپم كردو بەحازری دامەوە دەست كاكە حەمە كە نەخۆی و نە كاك عەدنانیش یەك حەرفی ئەو پەیڕەو پرۆگرامەیان نەنوسیوە. من هەروەك پێشمەرگەیەكی كۆنی سۆسیالست لەشاخ و شار، شانازی بەم رۆڵەی خۆمەوە ئەكەم كە بەداخەوە كاكە حەمە ئەو شانازیەشم پێ ڕەوا نابینێ.
لەڕووداوە مێژوییەكاندا رۆڵی هەر كەسێك چەندی بچوكیش بێت جێگای شانازی تاكەكانە، بۆیە نەدەبوو كاكە حەمە بەدوو دێڕی كورت ئەو رۆڵەی من بسڕێتەوە، ئەمەشم بۆ مێژوو باس ئەكەم كە زۆرجار بەشێواوی ئەنوسرێتەوە، بۆیە مێژووی كوردیش هەمیشە پڕ بوە لەدرۆو چەواشەكاری كە میللەتەكەمانی گەیاندۆتە ئەو بارودۆخەی ئێستامان لەخودپەرستی هەندێ سەركردەی حیزب و دروستبونی دیكتاتۆرییەت لەناو حیزب و كۆمەڵگادا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت