ڕزگار شێخ حه‌سه‌ن: فێركردن له‌به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كانى بایكۆتدا.
پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا و بیناكردنی كه‌سایه‌تی تاك و به‌رده‌وامی ئه‌م پرۆسه‌یه یه‌كێكه له ئامانجه بنه‌ره‌تییه‌كانی هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی فێركاری، بۆ به‌رده‌وامى و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا، ده‌بێ ویست و كه‌سایه‌تی و هزری لاوان په‌روه‌رده‌بكه‌ین، بۆ بهدهسهتێنانى ئه‌م ئامانجه هیچ كات نابێت بیر‌و باوه‌ڕ و دڵسۆزی و زانیارییه‌كان ڕاسته‌وخۆ به‌وان بڵێن، به‌ڵكو ده‌بێت له ڕێگاى فێرگاوه ئه‌و ویست و كه‌سایه‌تیانه بهێنینه بوون، فێركردن ئه‌ركى گرنگ و ده‌سپێك و بناغه‌ى به‌دیهێنانى كۆمه‌ڵگایه‌كى هاوچه‌رخه له ڕێگاى په‌روه‌ده‌وه فێركردنیكى به پرۆگرامكراو، فێرگا شوێنێكى ده‌ستكرده و ئه‌ركى دابه‌شكاری و ڕێكخستنى فێربونه به پێى، ئاست و ته‌مه‌ن له كۆمه‌ڵگادا، فێربوون گۆڕانێكى نیمچه به‌رده‌وامه له ئه‌داو جێبه‌جێكارى و چالاكیدا كه به هۆى هه‌لومه‌رجى شاره‌زایی و پیاده‌كاری و ڕاهێنانه‌وه دێته‌كایه‌وه جا بۆ ئه‌وه‌ى فێربون ماناى خۆى وه‌ربگرێت، ده‌بێت له‌سه‌ر شێوه‌ى ڕفتار به‌دیار بكه‌وێت، بتوانرێت تیبینى بكرێت، پله‌ى جێگیربونى هه‌بێت، لێره‌وه گرنگه تێبگه‌ین فێربون كۆمه‌ڵه گۆڕانكاریه‌كى ڕێژه‌ییه به هۆى گوزه‌ر كردن له ژیان یان له شارهزاكانهوه (مامۆستا ) فێر ده‌بێت. فێربون په‌یوه‌ندى ڕاسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ ژیانى مرۆڤ هه‌یه‌و به‌رده‌وام له‌گه‌لى ده‌ژى، گه‌ڕان به‌دواى نهێنهكانى بونه‌وه‌ر هۆكارى گه‌شه‌ى شارستانى و ڕزگار بونى مرۆڤایه‌تیه له كۆیلایه‌تى، فێربون به‌رده‌وامه به‌ڵام هه‌ندێك هۆكار كار له فێربون ده‌كه‌ن: ….
یه‌كه‌م : ئاماده‌یی
مه‌به‌ست له‌و دۆخه‌یه كه فێرخواز به شێوه‌یه‌كى ئه‌ندامیانه ئاماده‌ى سه‌ركه‌وتنى هه‌یه له ئه‌نجام دانى ئه‌و ئه‌ركانه‌ى پێشبینى ده‌كرێت له فێرگادا ڕوبه‌ڕوى ببێته‌وه، ئاماده‌ى به ساڵى وه‌رگرتن له فێرگاكاندا دیارى ده‌كرێت، واتا دیاریكردنى ته‌مه‌نى شه‌ش ساڵى به‌یه‌كه‌م ساڵى خوێندن له‌سه‌ر بنه‌ماى پێگه‌یشتنى منداڵ به شێوه‌یه‌كى ئه‌و تۆ، كه بتوانێت په‌نجه‌كانى بۆ گرتنى پێنوس به‌كار بێنێت، پاشان تواناى پاڵپشتى هه‌ستى تێدا ببینرێت و تواناى ناسینه‌وه‌و لاسیكردنهوهى ئاماده بوبێت، له‌ڕوى فسۆلۆجیهوه پێگه‌یشتبێت و ئاماده بێت بۆ مانه‌وه‌ى چل خولهك له پۆلدا تا زانیارى وه‌ربگرێت، ئاماده‌یی له ته‌مه‌نى 4 بۆ 14 ساڵى گرنگترین قۆناغه‌كانى چاودیریكردن و فێركردنه، كه ده‌بێته بناغه‌ى فراوان بونى گه‌شه‌ى زانستى فێرخواز، لێره‌وه ڕێچكه‌و شاره‌زاییه‌كانى منداڵ به‌ده‌ر ده‌خه‌یت واتا ده‌توانى نهێنى توانسته‌كانى ههڵسهنگێنى و كارى له‌سه‌ر بكه‌یت.
دووه‌م : پاڵنهرایهتى
پاڵنهرایهتى بۆ فێربون و فێرخواز گرنگى یه‌كجار زۆرى هه‌یه، هه‌ر دۆخێك هاوكارو یارمه‌تیده‌رى فێرخواز بێت بۆ گۆڕین و ڕاستكردنه‌وه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ى ڕه‌فتار، بێگومان پێى ده‌وترێت پاڵنهرایهتى، مامۆستا قوتابخانه سیسته‌مى حوكمڕانى دۆخى ئابورى، پاڵنه‌رو به‌شدارى ڕاسته‌وخۆن له زیادكردنى مه‌یلى خوێندن، پاڵنهرایهتى ئه‌ركى جوڵاندن و چالاككردنى ڕفتاره له پێناو وه‌دیهێنانى فێربون، یان ئاڕاسته‌كردنى فێربونه به‌ره‌وه ئامانجێكى دیارى كرا‌و.
سێیه‌م : شاره‌زایی
هۆكارى شاره‌زایی و موماره‌سه له‌و هۆكارهگرنگانهیه كه ڕه‌فتار ده‌گۆڕن، مه‌به‌ست له شاره‌زایی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه كه ڕوبه‌ڕوى فێرخواز ده‌بێته‌وه له ژینگه‌ى ده‌وروبه‌ریه‌وه ، كارلێكیان له‌گه‌ڵ ده‌كات، هه‌لومه‌رجى ژینگه‌یی كارلێك له فێرخواز ده‌كات به‌ئاڕاسته‌ى گه‌شه‌ى زانستی و پێشكه‌وتنه به‌رده‌وامه‌كانى ژیان، شاره‌زایی به دوو ئاڕاسته ده‌روات له ژیانى مرۆڤدا، فێربونى منداڵ به‌سه‌ر پلیكانه ڕۆشتندا یا توانا داربونى منداڵ بۆ گرتنى مهمه شیر، یا توانادار بونى منداڵ به ڕاكردن، شاره‌زایی یان پێگه‌یشتنى فسێولۆژیه، په‌یوه‌ندى به شاره‌زایى و فێربونه‌وه نیه، به‌ڵكۆ فێربوون به جیاكارى له نێوان ئه‌سپ و مانگا، واتا منداڵ بزانێت ئه‌سپ بارهه‌ڵگره‌و، مانگا شیرمان پێده‌دا، ئه‌مه شاره‌زاى و فێربونه، واتا به هۆى ئه‌و هه‌لومه‌رجه ژینگهیانهى كه لهدهوروبهریدایه، كارى فێربون به‌رجه‌سته‌كراوه له‌سه‌ر فێرخواز، واتا گرنگه فێربون له‌ڕه‌فتار و زیهنى تاكدا به‌دى بكریت، نه‌ك له ڕوخسار‌و جهسهدیدا كه بێگومان ئه‌مه‌یان پێگه‌یشتنى فسێولۆژیه.
چواره‌و : پێگه‌یشتن
له‌یه‌كه‌م هۆكار باسى ئاماده‌بونمان كرد واتا لێره‌دا گرنگه بزانین به بێ پێگه‌یشتن ئه‌سته‌مه قۆناغه‌كانى فێربون درێژه پێبده‌ین، واتا چوارساڵ ساڵى دیاریكراوى پرۆگرامى باخچه‌یه، ته‌مه‌نى منداڵ ئاماده‌ى وه‌رگرتنى پرۆگرامه‌كانى یه‌كه‌مى بنهڕتى نیه، فێربون و پێگه‌یشتن دوو ڕ‌وى یه‌ك دراون، واتا به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه، به‌وردبونه‌وه له مرۆڤێكى پێگه‌یشتوو كه نه‌یتوانیوه به قۆناغه‌كانى خوێندن به پله به‌ندى به ڕێبكات، بێگومان ناتوانین به مرۆڤێكى پێگه‌یشت و ناوى به‌رین.
به وردبونه‌وه له هۆكاره‌كانى فێربوون ده‌گه‌ینه ده‌رئه‌نجامێكى گرنگ، كه هه‌ستكردن به‌م دۆخه‌ى له ئێستا به‌سه‌ر هه‌رێمدا هاتوه، ده‌بینین، فێربون چه‌نده له لێوارى مه‌رگ نزیك بۆته‌وه، مردنێك كه شاره‌زایان و سه‌رپه‌رشتیاران، به‌رده‌وام میكیاج و ڕیكلامى بۆ ده‌كه‌ن تا زه‌ردى كفن و تابووتى لاشهیمان نیشان نه‌ده‌ن، بهڕاوهستانى خوێندن (بایكۆت) بۆ دوو ساڵ به‌هۆى قه‌یرانى دارایی، گرنگه بزانین چه‌نده گاریگه‌رى له‌سه‌ر گه‌شه‌ى زانستى و توانستى هاوڵاتیان به‌جێهێشتوه، به وردبونه‌وه له‌م گاریگهریانهو به‌راوردكردنى به هۆكاره‌كانى گه‌شه‌ى فێربون ئه‌و بهراوردكاریهمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت: …
یه‌كه‌م: ئاماده‌ى به هۆكارو بنچینه‌و بنه‌ماى یه‌كه‌مى فێربون داده‌نرێت واتا دیاریكردنى پێنج به‌شه‌وانه له ڕۆژێكا و شه‌ش ڕۆژى هه‌فته ئاماده‌بون بۆ ماوه‌ى هه‌شت مانگ ناوده‌برێت به پۆلێكى خوێندن، له دوو سالى ڕابوردوو نه‌مانتوانى هیچ پابه‌ند بین به‌م بنه‌ما گرنگه‌وه واتا هۆكارى فێربونمان به ته‌واوى په‌كخست، ئێستاش له سه‌روبه‌ندی كۆتایی بایكۆت مامۆستاكان و زۆربه‌ی قوتابخانه‌كان به كه‌مترین وانه وتنه‌وه و كه‌مترین كات ته‌رخانكردن پرۆسه‌ی فێركردن به‌رێوه ئه‌به‌ن، ئه‌مه‌ش زیانی هه‌ره گه‌وره به قۆناغی ئاماده‌كاریی ده‌گه‌یه‌نێت كه وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد قۆناغی هه‌ره گرنگه له بونیادنانی كه‌سایه‌تی و توانای زانستی خوێندكار.
دووه‌م: پاڵنهرایهتى/ ئه‌گه‌ر پاڵنهرایهتى بریتیبێت له هاندان به پێشكه‌شكردنى پێویستیه‌كانى فێربون وه‌ك په‌رتوك وانابێژى پێگه‌یشت و، شاره‌زا تا له ڕێگه‌یه‌وه هۆكارى هاندانى فێرخواز بین خوێندن و فێربونى لا به به‌ها بكه‌ین بێگومانم نه‌مان توانیوه، ته‌واوی فاكته‌ره پاڵنه‌ره‌كان بۆ به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن توشی قه‌یرانی گه‌وره بوون، هه‌ر له پێویستیه مادییهكانهوه تا سه‌قامگیری رۆحی و ده‌رونی و كه‌سایه‌تی منداڵ تا وه‌ك پاڵنه‌رێك رۆڵ ببینن، له هه‌لومه‌رجێكی له‌م شێوه‌یه‌دا كه پاڵنه‌ر بوونی نه‌بێت ئامانجی فێركاریش نایه‌ته دی، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى ئامانج له فێركردندا زۆر گرنگه ، واتا ده‌رچوى كۆلیژه‌كان به بیهیواییهوه ڕوو له ده‌ره‌وه‌ى وڵات یان به‌بێ كارى ڕۆژ ده‌ژمێرن بۆ چاوه‌ڕوانى هه‌لى كار ، و به‌رده‌وام په‌شیمانى ده‌ر ده‌بڕن وانیشان ده‌ده‌ن كه هه‌وڵ و مان‌و بونیان هیچ به‌رهه‌مى نه‌بوه.
سێیه‌م: شاره‌زایی/ پێویستى به شاره‌زاو لێهاتوى مامۆستا هه‌یه واتا مامۆستایه‌كى شه‌كه‌تى بێمووچه كه به درێژایی دوو ساڵه له چاوه‌ڕوانى گه‌ڕانه‌وه‌ى شایسته داراییه‌كه‌یدا كه‌س نیه به‌ڵینی پێبدات یان هاوكاری بێت له ڕێگه‌ى پلانێكه‌وه تاوه‌ك یه‌ك تیم ئه‌م دۆخه تێپه‌ڕێنێت، ده‌كرێت چ شاره‌زاییه‌ك ببه‌خشێت، ئه‌مه جگه له‌و ژینگه ئالۆزه‌ى كه له‌م هه‌رێمه ،به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه، به وتارى توندى ئۆپۆزسێون و به شایی لۆغانى ده‌سه‌ڵات بۆ ده‌وڵه‌تى كوردى هیچ له خه‌مى فێربوندا نایان بینى.
له كۆتایدا گرنگه بپرسین ئایا به‌كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى قوتابخانه‌كان ده‌توانین بڵێین خوێندنى ئه‌م ساڵ له‌سه‌ر پێكه‌وتوه، خوێندنێك كه ته‌نها ڕهنوسى سه‌ر سجیلهكان ئامانج بێت، ده‌بێت چ چاوه‌ڕێى منداڵه‌كانى قۆناغى یه‌كه‌مى بنهڕتى بكه‌م، به سوتانى سالێك له ته‌مه‌نى، كهنهمانتوانى فێریبكهین، به چ قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه، حوكمه‌ت قه‌یرانه‌و نیه، مامۆستاش موچه‌ى نیه، قوتابیش فێربون نیه، به‌ڵام پێنج حزب و به‌رپرس و تیڤی ى باره‌گاى خزبى هه‌یه سه‌یره من زیاترى لێ نازانم، بۆ خۆتانى به جێده‌هێلم.