ساوێن بەهادین نەسیم: سنوری قلیاسان و سنوری دێگەڵە, بۆ؟
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ئەگەر لە ماوەی 25 ساڵی حکومڕانی کوردیدا لە باشور، یەكێک لەهەرە کۆسپە گەورەکانی بەردەم هەرێم ئەو جیاکارییە بوبێت کە لە نێوان زۆنی زەرد و زۆنی سەوزدا هەیە، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەمە درێژکراوەی بەرژەوندییەکانی وڵاتانی ناوچەیی بوە و لەسەر خاکی ئێمە ڕەسم کراوە، خۆ ئەگەر ئەمە بوبێتە هۆی ئەوەی کە نەتونرا بێت ئیدارەیەکی یەکگرتو لەسەر خاکی باشوری کوردستان دروست بکرێت، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ غیابی ئیرادەی نەتەوەیی لای سەرانی حیزبی دەستەڵاتدار، بە واتایەکی تر بەرژەوەندی دەستەیەک لە ناو حیزبەکاندا وای کردوە هەمو پرسە نیشتمانییەکان بخرێتە خزمەت ئەو دەستەیەوە، زۆنی زەرد و زۆنی سەوز وێنەی شکشتی ئیدارەیەکی یەکگرتوە. خۆ ئەگەر ئەوەشمان قبوڵ بێت ئەوا هاوسەنگی نێوان ئەم دو زۆنە بەستراوە بە بونی جۆرێک لە میرنشین.
ئەوەی لای من گرنگە بیڵێم ئەوەیە کە خۆپیشاندانی سپی مامۆستان ئەگەر چی توانی زۆر سنوری باش تێپەڕێنێ و هەمو چین و تۆێژەکان لە دەوری خواستی مامۆستایانان کۆبکاتەوە، بەڵام ئەگەر مامۆستیان ویستبێتیان شەقام بکەنە پاشخانی داواکارییەکانی خۆیان، ئەوا کاتێک نوێنەرایەتی دروست دەکەن، دیسانەوە حیزب لە ڕێگەی دەمامکەکانیانەوە دێنەوە ناو خۆپیشاندان و بە ئاراستەی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان دەبەن، ڕاستە مامۆستایان دەنگێکی حەق بێژ بو، بەڵام کاتێک ئەم دەنگانە دەخەیتەوە ناو سەبەتەی حیزب، ئیتر وک ئەوە وایە خۆپیشاندانەکانت بۆ بۆشایی بێت.
داواکاری مامۆستاین ڕووی لە حیزبەکان بو، دەبو حیزبەکان بهاتنایەتە بەردەم شەقام و چۆکیان دابدایە، نەک نوێنەرەکان بە پێکەنینەوە بچنە بەردەم حیزبێک کە کۆی ئەم قەیرانانە لە ئەستۆی ئەودایە، بە حوکمی ئەوەی زۆرینەی دەستەڵات لای ئەوە. سەرەڕای ئەوەش دەبینین ئەم حیزبە لە سنوری قەڵەم ڕەوی خۆیدا کەس ناوێرێت فزە بکات. وە لەوەش ناشیرین تر سنوری زۆنی زەردە، کە دەبینین چۆن هەر ڕۆژەی بە بیانویەک و هەر جارەی چەند کەسێک ناهێڵن بچنە ئەو دیو سنوری دێگەڵە ئەگەر چی پارێزبەندی یاسایشی هەبێت.
ئەوەی لەم خۆپیشاندانەی مامۆستایان 14-1 ، بە تایبەت ئەو وێنانەی لەبەردەم پردی قلیاساندا گیراوە و نوسیویانە دێگەڵە زەنگێکی مەترسیدارە، وە زەمینە خۆش دەکات بۆ فراوانخوازییەکانی پارتی، بە تایبەت کە دەوترێت پردەکەی قلیاسان سنوری دێگەڵەیە، ئەمە دەکاتە فراوانکردنی سنوری زۆنی زەرد و پارتیش خۆی ئەمەی دەوێت، بە جۆرێکی دەیکە خۆمان سنورەکەی بۆ ڕادەکێشین بۆ ناو سلێمانی، دەتونرا ناوێکی تری بنرێت وەک دیواری بەرلین، یان هەر ناوێکی تر، ئەگەر چی ئەم دروشمە لە نیەتی ڕێگریکردن و دیکتاتۆریەتەوە هاتەوە، بەڵام دەتوانرێت بە دیوێکی تردا تەفسیری تر هەڵگرێت لە قلیاسان بەودیودا بەم دروشمە بخەیتە سەر زۆنی زەرد، بۆیە باشتر وایە ئەم دروشەمە نەوترێتەوە تا خۆپیشاندانی مامۆستایان لە قازانجی هیچ حیزبێک نەشکێتەوە و شەقام گەورەتر بێت لە حیزب و حیزب ناچار بێت، بێت لەبەردەم شەقامدا چۆک دابدات.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە