drbarham_nawsherwan

عیماد عەلی: پێویستە یەکێتی و گۆران ئاگایان لەم یاریەی پارتی بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش ئەوەی بە چری بچمە نێو ناوەرۆکی باسوخواسەوە، دەبێت هەر لە سەرەتاوە زۆر بە راشکاوی بڵیم، زەرورە کە هەندێک کادری یەکێتیی خاوەن پشتخانی جۆربەجۆر، بە تەنها لە چاو و هەڵوێست و رەفتاری کۆن و مێژووی نەوشیروان موستافەوە، گۆران بە گشتی نەخوێننەوە و، بە هەمان شێوە هەندێک لە هەڵسوراوانی کورتبینی گۆران، بەتەنها لە چاو ململانێ و رکابەری و رەفتار و هەڵوێست و مێژووی مەلا بەختیارەوە، یەکێتی بە گشتی نەخوێننەوە و، دەبێت هەر لایەکیان لەم کاتە زۆر هەستیار و چارەنوسسازەدا وا تەماشای ئەویتر بکات، کە نە نەوشیروان موستەفا و نەش مەلا بەختیار لە ساحەی سیاسی کوردستان و هەردوو حزبەکەدا هەن و تەنها بەرژەوەندی هەردوولا و گەلی کوردستان بزوێنەریان بێت و فشارە هەمەجۆرەکانیان بەو ئاراستەدا بێت، تاوەکو پێشتر پارتی زەفەریان پێ نەبات.
پاش ئەم هەموو کات کوشتن و مەیلساردی و بێهیواییە، وا لەپاش دواکۆبونەوەی پارتی و یەکێتی، ئەمرۆ پارتی بانگەشەی ئەوە دەکات کە رەنگە گفتوگۆی لایەنەکان بگاتە دەرئەنجامێک، ئەمیش بە پشتبەستن بە جۆرێک لە راوبۆچونی تازەی یەکێتی و نیمچە قایلبونی بە هەندێک بۆچون و، بەوەی کە جۆرە گۆرانکاریەک لە هەڵوێستی لایەنەکان و بە تایبەتی پەیوەندی گۆران و یەکێتی روویداوە و تا رادەیەک بێهودەبونیان لە رێکەوتنی نێوانیان پێوەدیارە و، بەو پێیەی راوبۆچونی تازەی یەکێتی کە لە سۆنگەی کێشە و بێشە نێوخۆییەکانیەوە مامەڵە هەمەجۆرەکانی لەگەڵ گۆران و پارتی رێکدەخات و، تەماشای پرس و کەیسەکان لە چەندین روانگەی جیاجیای پشت بەستو بە بۆچون و عەقڵیەت و پشتخانی سەرکردەکان و جۆری روانینی کەسە دەسترۆیشتوەکان بۆ پرس و پەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنەکاندا دەکات و، دیسان بە پێی پەیوەندیە حزبی و شەخسیەکان و لەسەر رێژەی قازانج و زیانی تەسکی شەخسی و ململانێی باڵ و کەسەکان و بە تایبەتی پەیوەندیان لەگەڵ گۆران و پارتیدا، مامەڵەکانیان رێکدەخەن و ریزبەند دەکەن، پارتی زۆر گەشبین بووە و ئەم خۆشنودیەی راگەیاندووە . بۆیە دەبێت یەکێتی و گۆران ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرن:
1- دەبێت یەکێتی و گۆران باش بزانن فراوانبونی درزی نێوانیان لە قازانجی مانۆر و بۆچون و یاریەکانی پارتی دەکەوێتەوە و تەنها هەردوولایان بە تایبەتی و گەلی کوردستان بە گشتی زیان دەکەن.
2- مانەوەی رقو کینەی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی کۆن( واتە یەکێتی و گۆرانی ئێستا و کادرە حازربەدەستەکانیان ) و دوور کەوتنەوەیان لە لێبوردەیی و موکوربون لەسەر دژایەتی شەخسی و حزبی، تەنها لەسەرحسابی بەرژەوەندیە گرنگەکانی یەکێتی و گۆران دەکەوێتەوە و لەدەرئەنجامدا بەزەرەر بۆ گەلی کوردستان بە گشتی دەکەوێتەوە .
3- فرەلێدوانی و هەڵوێستی زۆر و جۆراوجۆری کادران و هەڵسوراوە سەرەرۆکانی یەکێتی وگۆران و لەبەرچاونەگرتنی وەزعی نێوخۆی یەکێتی و گۆران و نەخوێندنەوەی خۆمەڵاسدان وسیاسەتەکانی پارتی، جگە لە دروستکردن و فراوانبونی خاڵی لاوازی هەردولا و دوورکەوتنەوەیان لەیەکتر هیچ شتێکی تری لێ سەوزنابێت و جگە لە هەردوولا هیچ لایەک زیان ناکات.
4- زۆر پێویستە و بە تایبەتی لەم کاتەدا، سەرکردایەتی هەردوو لایەن بە بیروعەقڵێکی ستراتیجیانەی یەکجار زیرەکانەوە بیربکەنەوە و رەفتار و مامەڵە بکەن و خۆ بەدوور بگرن لە رهەڵویشت و قسە و بۆچونی کرچ و کاڵی خەڵکانێک کە واقیع وەک خۆی ناخوێننەوە و بەرووکەشانە لە پرسەکان دەروانن و یاریە هەمەجۆرەکانی لایەنە نێوخۆیی و دەرەکیەکانیان پشتگوێ خستوە( بە تایبەتی سیاسەتی پارتی لە پەرتکەوزاڵبە و ئامۆژگاریەکانی تورکیا و ئێران لەمەر پرسە نێوخۆییەکانی کوردستان ) بە روونی نابینن و نازانن هەڵوێستی یەکانگیری پارتی لەگەڵ هەرلایەکیاندا بێت قازانجەکەی کاتیە و، ئەگەر لە زەرەری کاتی لایەکەیتر بێت، لە زەرەری دوور مەودای هەردولایاندایە و، ەر درزخستنە نێوانیان بە تەکتیک و مانۆری پارتی و دوور خستنەوەیان لە رێککەوتنەکەی نێوانیان بۆ دواجار بە پاشکۆیەتی هەردولایان بۆ پارتی دەکەوێتەوە . پێویستە هەردوولا بە وردی سیاسەتی خۆیان و پارتی لێکبدەنەوە و دوور بن لە قسەی نەستەق و باق و بریق و هەڵخەڵەتێنەری پارتی بۆ ئەم قۆناغە و، خۆیان لە مەلەزاتەکان و دەمچەورکردنە هەمە چەشنەکان بە دوور بگرن.
ئەوەی روونە بۆ هەردوولایان تاقیکرایەوە، کە پارتی تاوەکو سنوری بەرژەوەندیەکانی خۆی لە گەڵ هەر لایەکیانە کە رێککەوتنی لەگەڵ بکات و پەیوەندی باش بێت لەگەڵیدا، ئەمە هەم لە رێکەوتنە ستراتیجیەکەی لەگەڵ یەکێتیدا و هەمیش لە رێکەوتنەکەی لەگەڵ گۆراندا بۆ بەشداریکردنی لە حکومەتی هەرێم دەرکەوت . وا ئێستا دیسان پارتی خەریکە ئەو یاریە لەگەڵ یەکێتیدا دووبارە دەکاتەوە . دەبێت یەکێتی بە تایبەتی لەم بارەوە وریا بێت و مێژووی باش لەبیر بێت و ئەوەش بزانێت پارتی نیازی ئەوەیە هەر جارە یەکێک لەم دوولایەنە لە بەرامبەر ئەویتر بەکار بێنێت . زۆر پێویستە دەرس و پەندیان وەرگرتبێت و هیچ لایەکیان نەیەکێتی و نەش گۆران، بە تەنها لە گفتوگۆکان بێ یەکتری هیچ هەنگاوێک نەنێن.
بۆیە بە باشی دەزانم بڵێم، لەم کاتەدا و پاش ساردبونەوەی نارەزایەتیەکانی خەڵک و بێهودەیی و درێژبونەوەی چاوروانی و زاڵبونی مەیلساردی، پارتی دەیەوێت بەم هەلقۆستنەوەیە مەرامەکانی بسەپێنێت و لەم بەینەدا یەکێتی دیسان لە خشتەبەرێت و دووری بخاتەوە لە گۆران . بۆیە زۆر پێویستە لەسەر یەکێتی و گۆران بەرژەوەندی تەسکی سەرکردەیەک یان کادرێک یان هەڵسوراوێکی تازەپێگەیشتو فەرامۆش بکەن و نەهێڵن هەڵوێستی ئەم و ئەو زاڵ بێت بەسەرستراتیجی بیر و عەقڵباندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت