عەبدولڕەحمان مەهابادی: وانەيەك لە وانەكانی (2)ی رێبەندانی 1946.
2 ی رێبەندان ساڵيادی راگەياندی كۆماری خودموختاری كوردستانە لە ساڵی 1946. لەو رۆژەدا و لەناو چەپڵەرێزان و درووشمی ئامادەبووانی كورد لە ناو شاری مەهاباد، (قازی محەمەد) ی نەمر ”حكومەتی خودموختاری كوردستان”ی راگەياند و لە بەياننامەيەكدا داواكارييە سەرەتاييەكانی خەڵكی كوردستانی راگەياند لەوانە:
خودموختاری بۆ كوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا،
بە فەرمی ناسينی زمانی كوردی،
پێكهێنانی ئەنجوومەنێكی خۆجەيی،
باشتركردنی دۆخی ئابووری و كۆمەڵايەتی.
بەڵام حكومەتی ديكتاتۆريی ناوەند بەرانبەر بە بزوتنەوەی حەقخوازانەی گەلی كورد هەوڵی ئەوەی دا كە بە تۆمەتی ”جياخوازی” بزوتنەوەكە ناشيرين بكات و رێگری بكات لە گرێدانی بە بزوتنەوەی سەراسەری گەلی ئێرانەوە و دەرەنجام، لە سەرەتای بەهاری ساڵی 1947 هێرشی كردە سەر مەهاباد و سەركردەكانی بزوتنەوەی كوردی گرت و رۆژی 10ی نەورۆز لە مەيدانی (چوارچرا)ی شاری مەهاباد لە سێدارەی دان و شەهيدی كردن.
بەمجۆرە سەرباری قارەمانێتی رۆڵەی دلێری وەك قازی محەمەد و هاوڕێيانی، بە هۆی نەبوونی بزوتنەوەيەكی سەراسەری لەو سەردەمەدا و نەبەستنەوەی بە بزوتنەوەی سەراسەری، زۆر بە ئاسانی لە لايەن حكومەتی ديكتاتۆريی حەمەڕەزاشای پەهلەوييەوە شكستی هێنا.
لەمڕووەوە يەكەم مەسج و ئەزموونی ئەم رووداوە مێژووييە ئەوەيە كە چ ئەو كات و چ لەم سەردەمەدا، هێنانە ديی مافەكانی گەلی كورد تەنها بە بەستنەوەی هەردوو بزوتنەوەی كورد و بزوتنەوەی سەراسەری بۆ رووخانی حكومەت مەيسەر دەبێت و بە بێ رووخاندنی دەسەڵاتی ناوەند، كورد بە مافە مێژوويی و رەواكانی خۆی ناگات.
خەبات و تێكۆشان لە وڵاتێكی وەك ئێران كە ديكتاتۆری، ئەويش ديكتاتۆرييەتی مەزهەبی باڵی بەسەردا كێشاوە و ئاپۆرەكەی چەندين نەتەوە و پێڕەوانی ئايينی جياجيا لە خۆ دەگرێت تايبەتمەنديی خۆی هەيە. تايبەتمەندييەكانيش وا لە هێزی رەسەنی خەباتكار دەكات كە بە پشت بەستن بە راستييەكانی ناو كۆمەڵ بجولێت. تێڕوانينی راست و درووستی كێشەكانی ناو كۆمەڵ و لەوانە كێشەی “نەتەوەكان” دەتوانێت لە ناو گۆڕەپانی خەبات و تێكۆشانی دژ بە رژێمی ئێراندا، هێزی پێشەنگ بخاتە بەردەم تاقيكردنەوەی زۆر. چون رژێمی دەسەڵاتدار بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات بە سوودی خۆی كێشەكان بقۆزێتەوە و رێگری بكات لە هەنگاونانی شۆرش بەرەو پێشەوە.
كورد لە ئێران بەشێكە لە ئاپۆرەی ئەو وڵاتە. ئەگەر سەيری مێژووی سەد و چەند ساڵەی ئێران بكەين دەبينين كە بزوتنەوەی خەباتكاری لە هەندێك شوێن و كاتەكاندا هەبووە لە ئێراندا. بزوتنەوەی دەستووری (مەشروتە) كە سەتارخان سەركردەی بوو، بزوتنەوەی جەنگەڵ بە سەركردايەتيی ميرزاكوچەكخان و بزوتنەوەی خۆماڵی كردنی نەوت بە رێبەرايەتيی د.محەمەد موسەديق، چەند بزوتنەوەيەكی دياری ئەم راستەيەن. ئەگەرچی سەركردەی هەر كام لە بزوتنەوەكان خۆيان لە دايكبووی مەڵبەندێك بوون لە ئێران و لەوێوە بزوتنەوەكەيان رێنوێنی دەكرد بەڵام ئامانجێكی هاوبەشيان هەبوو. واتا رووخاندنی رژێمی ديكتاتۆرييەتی ناوەند و گەڕاندنەوەی دەسەڵات بە گەلی ئێران بە هەموو بەشەکانیەوە.
لە ساڵی 1978 كە بزوتنەوە جەماوەرييەكانی دژ بە رژێمی حەمەرەزاشای پەهلەوی گەيشتە لووتكەی خۆی و ساڵی دواتر واتا 1979 رووخانی حكومەتی لێكەوتەوە، خەڵكی سەرجەم شارەكانی كوردستانيش لەو بزوتنەوە سەراسەرييەدا چالاكانە بەشدارييان كرد و بە پێشكەشكردنی دەيان شەهيد، ئامادەبوونی خۆيان بۆ رووخاندنی دەوڵەتی ناوەند چالاكانە نيشان دا.
رژێمی خومەينيش هەروەك رژێمی شا بە تۆمەتگەلی جياجيا كەوتە داپڵۆسينی بزوتنەوەی خەباتكارانەی كورد لە ئێران. لەگەڵ ئەوەدا كە خومەينی بە شەخسی حوكمی جيهادی دەركرد بۆ قەتڵوعامكردنی كورد، يەكێك لەو تۆمەتانەی خستييە پاڵ كورد ئەوە بوو كە كورد دەيەوێت لە ئێران جياببێتەوە. بەڵام كورد و لايەنە سياسييەكانی كورد بە توندی بەدرۆيان خستەوه و دواتريش لە يەكەم خولی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكايەتی كۆمار لە ساڵی 1980 پشتيوانييان كرد لە بەڕێز (مەسعود رەجەوی) كە كانديدی سەرجەم هێزە ئازاديخواز و ديموكرات و دژە بناژوخوازەكانی سەراسەری ئێران بوو. ئەم پشتيوانيكردنەش بەرەوڕووی رق و تووڕەيی خومەينی و رژێمە كۆنەپەرستەكەی بووەوە. هەربۆيە لە ترسی دۆڕاندن لە هەڵبژاردن، بە شەخسی و بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەی دابووی، دەستی خستە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن و بە پاساوی ئەوەی بەڕێز رەجەوی دەنگی نەداوە بە ياسای بنەڕەتی (دەستوور) لە پرۆسەكە درووی خستەوە!
دواوتە.. ئێستا دوای تێپەڕبوون بە ناو زۆر رووداو و تاقيكردنەوەكاندا، گرێدانەوەی بزوتنەوەی كورد و بزوتنەوەی سەراسەری لە ئێران زياد لە جاران خۆی دەر دەخات و پێويستە. چون بە پێچەوانەی سەردەمی راگەياندنی كۆماری كوردستان لە لايەن شەهيد قازی محەمەدەوە، ئێستا بزوتنەوەيەكی سەراسەريی بەهێز و ئالترناتيڤێكی بە ئەزموون بۆ رژێمی ديكتاتۆريی مەزهەبی لەبەر دەستدايە.
ئەزمونی سەد ساڵە لە وڵاتانی ناوچەكە بە تايبەت ئەو وڵاتانەی كوردیان بەسەر دا دابەش بووە، بە باشی دەريخستووە كە بە بێ رووخاندنی رژێمی ديكتاتۆرييەتی مەزهەبی لە ئێران و هێنانە سەر كاری حكومەتێكی دیموکرات و نيشتمانی ، كورد بە مافەكانی خۆی ناگات و چارەنووس و ئايندەی كورد لە ئێران بەستراوەتەوە بە گرێدانی ئەم دوو بزوتنەوە بە يەكەوە. لەم رێڕەوەدایە كە كورد “كۆماری كوردستان”ی خۆی لە ئامێز دەگرێتەوە. سڵاو بۆ شەهیدان. بژی کوردستان.