ئاکۆ برایم: سەربەخۆیى شیاوى میللەتێکە کە ڕێزى وڵاتەکەى بگرێت.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چى لەو دیمەنە ناشیرین ترە کاتێک ئەبینى دووسێ کەس لەپارکێک یان شوێنێکى گشتى دانیشتوون، پاش خۆیان یەک تەنەکە توێکڵى گوڵەبەرۆژە و فیلتەرى جگەرە جێدێڵن. چى لەوەبێزارترە کاتێک لەنانەواخانە یان لەشوێنێک سەرەت گرتووە و راوەستاویت، کەچى لەولاوە فڵق زرتە بۆزێک بەبێ ئەوەى هەست بەهیچ بکات، بەبێ ئەوەى تۆزقاڵێک رێز بۆخۆى و دەوروبەرى دابنێت، یەکەو راست بەبێ روخسەت و هیچ یارمەتییەک دێتە پێشەوە و نۆرەبڕى دەکات.
چى لەو دیمەنە قێزەونترە کاتێک شوفێریی دەکەیت دەبینیت شوفێرەکەى بەرامبەرت بەبێ هیچ ئاماژەو ئاگادارییەک دێتە سابدى تۆ و یان لەبەر دەمتا ئەوەستێت، بێ ئەوەى هیچ حسابێک بۆ ئوتومبیل و پیادەڕۆ بکات. کاممان هەیە رۆژانە ئەو ئەودیمەنە ناشیرینە نەبینین کە خەڵکى لەجامى ئوتومبیلەوە پاشەڕۆو کلینس و شتى بێکەڵک فڕێدەدەنە سەر زەوى! کاممان هەیە شێت و هار نەبێت کاتێک بۆ بەسەربردنى کاتێکى خۆش ئەچینە دەرەوە ئەبینین ئەو خەڵکە بێ هەستە ئەو خەڵکە نەفامە، پاش خۆیان ژێر دارو دەرخت و سەرچاوەى ئاو و ئەو ژینگە جوانەیان کردووە بەسەرە نوێلک؟!
من تێناگەم بۆچى هەستى بەرپرسیاریەتیمان کەمە؟ بۆ سۆز و خۆشەویستیمان بۆ گەل و نیشتمان لاوازە؟ تۆ بڕوانە ئەو کەلوپەلانەى لەفەرمانگە و خوێندنگە و شوێنە گشتى یەکاندا هەیە، هەمان شتتبش لەماڵى زۆربەماندا هەیە، بەڵام باشە بۆچى شمەک و کەلوپەلى ئەوێ کەم بەرگە دەگرێت و زوو لەناو دەچێت، کەچى لەماڵى خۆماندا تا دەیان ساڵ و پتر دەمێننەوە بەرگە دەگرێ؟! لەماڵدا رێز لێدەگرین و دەیپارێزین چونکە بەموڵکى خۆمانى دەزانین و پارەمان پێداوە، ئەوانى دیکەش بەموڵکى حکومەتى دەزانین نەک هى خۆمان، لامان وایە کە حکومەت کەمتەرخەم بوو، موچەى نەدا، ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارى وەک پێویست نەبوو، ئیدى ئەبێت وەک مۆرانە و مڵە بکەوینە خاپورکردن و لەناوبردنى تەواوى ئەو شتانە. راستە ئەوانە موڵکى حکومەتن و بەپارەى ئەوا ن کڕدراون، بەڵام خۆ ئەو شتانە هەمووى ئێمە بەکاریدێنین نەک حکومەت، خۆ گەر سەدان حکومەتیش بگۆڕێت شمەکەکان لەشوێنى خۆیانن، هەر بۆ ئێمە دەمێنێتەوە.
تۆ تەماشاى وڵات بۆتە وێرانە، هەموو خەریکى ویڕانکردنین، کەس بیر لەباشکردن و خزمەتى ناکاتەوە، وڵات و نیشتمانیان کردووە بە ئوتێل ومیوانخانە، ئیمرۆ لێرەین سبەى چۆڵى دەکەین و بەجێیدێڵین. هەموو وەک کۆچەرى و شوانکارە لەم وڵاتە دەڕوانین، ئەوەندە لامان بەرز و بایەخدارە تا بەرهەم و سوودى ئەبێت بۆمان، کە نەما ئیدى بەجێێدێڵین روودەکەینە شوێنێکى دیکە، لەسەدا هەشتاى خەڵکى ئەم وڵاتە خۆى بەمیوان دەزانێت و چاوەڕێى ئەوەیە دەرفەتێکى بۆهەڵکەوێت بچێتە ئەوروپا.
لایەنى خەمخۆر و بەرپرسیش، تەواو بێخەمن، هیچ باکیان بەو نەهامەتى و وێرانەیە نى یە، تەنها لەبیرى ئەوەدان زۆرترین قازانج و باشترین سەرمایە پێکەوە بنێن، زۆرترین کۆمپانیاو بیرە نەوت بۆ خۆیان بەدەست بێنن، ئیدى وڵات بەچ ئاقارێکدا دەڕوات، ژینگە پیس دەبێت و دەشێوێت وەک ئێستاى ناوچەى بازیان جاڕ بەجەهەنەم، خۆ ئەوان زیان ناکەن.
لەلاشەوە بەم گەل و گیپاڵ و هەستە جوانەمانەو لافى کوردایەتى و سەربەخۆى لێدەدەین، گەرەکمانە بەو هەست و ویژدان و هزرە دواکەوتویەمان ببینە دەوڵەت و خاوەن نیشتمان و ئاڵا. ئەى هەش بەسەرمان، ئەى ماڵى نەوێرانم، ئەبێت ئەو دەوڵەتە چى بێت، چ مەخسەرەو گاڵتە جاڕییەک بێت کەرۆڵەکانى لەو نموونەیە بن، ئوتومبیل و ماڵى خۆیان لەخاک وئاوەکەى خۆشتر بوێت؟
بەبڕواى من پێش ئەوەى بەیت وبالۆرەى دەوڵەت وسەربەخۆى لێبدەین، پێش ئەوەى هات و هاوار بۆ بوونە دەوڵەت بکەین، پێویستە هەموومان رێز لەئاو وخاک وو نیشتمان بگرین، چۆن ماڵ وئوتومبیل و جلو بەرگ و کەلوپەلى خۆمان لا شیرین وبەنرخە، بەگیان و دڵ پارێزگارى لێدەکەین، دەبێت ئەوهاش لەپیرە وڵات بڕوانین، تاهەست بەبەرپرسیارێتى نەکەین، تاخۆمان بەخاوەنى هەربستێکى ئەم وڵاتە نەزاین، تاوەکو مرۆڤ لەسەر ئەم خاکە هەڵسوکەوت نەکەین، رێز و شکۆى بۆ نەگێڕینەوە، سەربەخۆیى و بوونە دەوڵەت تەنها هەر بڵقى سەرئاوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت