عەبدولڕەحمان مەهابادی: چۆن بڕوانينە پرسی ئێران!
جياوازييەكی زۆر هەيە لە نێوان وڵاتان و ئێران كە سيستەمی دەوڵەتدارييەكەی مەزهەبييە. هەبوونی باوەڕ بەو تێڕوانينە دەتوانێ يارمەتيدەر بێت بۆ ئەوەی راستييە هەنووكەييەكانی ئێران بە درووستی ببينين و خۆمان دوور بگرين لە بەلاڕێداچوون لە هەڵوێستەكردن دا.
نەبوونی باوەر و پێناسەکردنێکی راست و درووست لەم بوارەدا، هەروەك چۆن لە چوار دەيەی رابردوو كەم تا زۆر بينيومانە بۆتە هۆی ئەوەی تەمەنی ئەم رژێمە بگاتە ئەمڕۆ كە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گشتی و وڵاتانی ناوچەكە بە تايبەتی. دەرهاويشتەكانی ئەم نەبوونە بەوەش كۆتايی نايەت و نەناسينی دەوا و دەرمان و چارەسەری بەدوادا دێت. راست وەك كەسێ كە دەوا و دەرمانی ئازارەکەی لا هەبێت بەڵام شارەزايی نەبێت لەهەمبەر ئەو نەخۆشيەی تووشی بووە. يا بە وتەی ئەو كاربەدەستە ئەمريكييەی لە يەكێك لە كۆبوونەوەكانی ئۆپۆزيسيۆنی ئێرانيدا بە درووستی وتبووی: ”ئەمجۆرە لايەن و دەوڵەتانە، لە جياتی بەستنەوەی سەگە هارەكە، بەردەكەيان بەستۆتەوە”. ئاماژەی بەو راستيە دابوو كە دەوڵەتان لە جياتی ئەوەی پەتەكە بكەن بە گەردنی رژێمی مەزهەبيی ئێرانەوە بە ناهەق كردوويانەتە گەردنی ئۆپۆزيسيۆنی راستەقينەی ئەم رژێمە!.
ئەم رژێمە لە سەرەتاوە مەترسيدار نەبووە بۆ خەڵك و كۆمەڵگای نێونەتەوەيی. هەرگيز وەك ئەمڕۆ رێگەی بە خۆی نەدابوو پەلی تيرۆريستی بهاوێژێت بۆ ئەملا و ئەولا و دەست بخاتە ناو كاروباری وڵاتانەوە. بەڵام بە هۆی ناسكردنێكی كڵێشەيی و پێناسەكردنێكی نادرووست لەهەمبەر رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران و هەروەها بەرژەوەنديی ئابووريی لايەنانی سازشكاری رۆژئاوايی، دەرفەتێكی زۆر درا بە رژێم، بەمەبەستی درێژكردنەوەی ماوەی دەسەڵاتدارێتی و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوە كە ئۆختاپوسی ويلايەتی فەقيهی بەمجۆرە زا و زێ بكات و لێكەوتەكانی لە پانتاييەكی بەرفراوانی جوگرافيايی بڵاو ببنەوە و ببنە مەترسی بۆ سەر وڵاتان. لێكەوتەی وەك: ئالقاعيدە، داعش، حوسی، حەشدی شەعبی و ميليشياكانی بەناو شيعە و ….تاد
لە ناو ئەو وڵاتانەی مەزهەب لە خزمەت حكومەتدايە. كێشەكەكان ئاڵۆزی بە خۆيانەوە ناگرن و زۆر بە خێرايی يەك لا دەبنەوە. تەنانەت ئەگەر راپەڕينی جەماوەری و رووخانی حكومەتیش لە ئاڕا دا بێت و ماوەيەكيش بخايەنێت.
بەڵام لە ئێران دۆخەكە جياوازە. چون رژێم، رژێمێكی مەزهەبييە و هەموو دەسەڵاتەكان بە دەست ”وەلی فەقێ”وەیە و لە سەرووی ياساكان دا كار دەكات و تەنانەت ياسای بنەڕەتی (دەستوور) وڵاتيش كە خۆی وەرگيراوی تيۆريی ويلايەتی فەقيهيە، زۆر جار پێشێل دەكرێت و گەورە دەسەڵاتدار هەمان ”وەلی فەقێ” خۆيەتی كە رەوايەت و مەشروعييەتی خۆی نەک لە جەماوەر بەڵكو لە غەيب (خوا و پێغەمبەر و …)وە وەردەگرێت(!). هەر بويە لە ئێرانی ئێستاكەدا، سەرجەم رووداو و كێشەكان، چ لە بەرەی گەل دا و چ لە بەرەی حكومەت دا، شكڵی ئاڵۆزی بە خۆيەوە گرتووە و لە زۆر بواردا، ئەم ئاڵۆزييە بە جۆرێك دەردەكەوێت كە دەبێتە هۆی سەر لێشێواوی هێز و لايەنەكان و هەندێك جاريش بە لاڕێداچوونيان. وەك نموونە گەڕان بە دوای دۆزينەوەی ميانڕۆ و مۆدێرە و ريفۆرميست يا باڵی ئيسڵاح تەڵەب كە لە تراويلكە بەدەر نين. ياخود هەوڵدان بۆ نزيك بوونەوە لە رژێمی ئێران بە سياسەتی نەرم و نيانی و موداراكردن كە سياسەتی باراك ئوباما و ئەوانيتر نموونەكەيەتی.
لە ئێرانی ئێستاكەدا، نەداری و گەندەڵی و لەشفڕۆشی، هەروەها داپڵۆسينی و تاڵانكاری و لە سێدارەدان زۆر لەو وڵاتانەی راپەڕين و شۆڕشی تێدا بەرپا بووە زياترە. لە بەرانبەريشدا، رق و ناڕەزايەتيی جەماوەر و ئامادەيی بۆ راپەڕينيش زۆر لەمجۆرە وڵاتانە زياترە. لە ئێران بە پێچەوانەی وڵاتانيتر، ئالترناتيڤێكی بەهێز و ديموكراتی هەبوونی هەيە و بارودوخی عەينی و زەينی بۆ راپەڕين لە ئاڕادايە بەڵام هۆی چيە رژێم تا ئێستا لە سەر پێ ماوەتەوە و شەقام خامۆش و ئارامە؟!
وەڵامی ئەم پرسيارە هەر لەو راستييەدايە كە ئاماژەی پێ درا. لە لايەک، دەسەڵاتێكی مەزهەبی كە هەر سێ هێزی سەرەكيی وڵاتی قۆرغ كردووە و هەموو بەشەكانی كۆمەڵگای داگير كردووە و هەر نەيارێكی حكومەت سەركوت و بە تۆمەتی ”موحارب” (واتا كەسێكی كە دژايەتی خوا دەكات) لە سێدارە دەدات و لە لايەكيتريش، سياسەت و ستراتيژيی هەڵەی دەوڵەتان لە هەمبەر ئێران كە بە زيانی گەل و بەرهەڵستكارانی ئێرانی تەواو بووە.
كەواتە دەبێ بە شێوازێكی راستەقينە و تايبەت بڕوانينە دۆزی ئێران و رێگاچارەی بۆ بدۆزينەوە و ئەمەش واقعێكی زۆر پێويستە. واتا باوەڕمان بەوە هەبێت كە، باشترين هەنگاو بۆ رزگاركردنی ناوچەكە لە شەڕ و مەترسييەكانی رژێمی ئێران، پشتيوانيكردنی سياسی و مادی لە ”ئەنجوومەنی نيشتمانيی موقاومەتی ئێران”ە كە ”مريەم رەجەوی” سەرۆكی هەڵبژێردراوێتی. ژنێكی بەتوانا و باوەڕمەند بە ”جيابوونی دين لە حكومەت” كە لە (10) خاڵدا پلاتفۆرمێكی راگەياندووە بۆ ئێرانی دواڕۆژ و پلاتفۆڕمەكەش لە ئاستی ناوخۆيی و نێودەوڵەتييەوە پشتيوانيەكی زۆری بۆ خۆی مسۆگەر كردووە.
ئەم ئەنجوومەن كە رێكخراوی موجاهيدينی خەلقی ئێران، هێزی سەرەكيە تيايدا و (37) ساڵ بەر لە ئێستا لە تاران پێكهاتووە، توانيويەتی شارەزای تايبەتمەندی و ئاڵۆزيی تێكهەڵچوون لەگەڵ ئەم رژێمە بێت و لە رووبەڕووبوونەوەيەكی درێژخايەندا و بە تێپەڕبوون بە ناو زۆر رووداو و تاقيكردنەوەی جەرگبڕدا، رژێم بگەيەنێتە لێواری داڕمان و رووخان.. هەربۆيە كاربەدەستانی رژێمی ئێران بەردەوام بوون و مانەوەی ئەم ئەنجوومەنەيان بە مەترسی زانيوە بۆسەر رژێمەكەيان.