کاوسێن بابەکر: یەکێتی لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنوس سازدا.
لەکەس شاراوە نییە یەکێتی بەدرێژایی مێژووی خەباتی خۆی هەرگیز سەنگەری پێشەوی نەتەوەیی ودێموکراسی بەرنەداوەو دێموکراسی ترین ئاراستەی سیاسی بووە لەسەر ئاستی عێراقدا، لەم مێژووە دوورودرێژەدا هەڵەو هەڵەنگوتنی هەبووە بەڵام هەرگیز پشتی لەئامانجە پیرۆزەکانی نەکردووەو لەسەر ئەوەش قوربانی زۆری داوەکە، هەموان دەیزانین.
ئێستا یەکێتی لەودۆخەدا نییە کاریگەریەکانی هەمان کاریگەری ڕابردوەکەی بێ،هەرچەند هەمان ئیمکانیاتە مرۆیی و مادی و مەعنەویەکانی تاڕادەیەکی باش ماون، بەڵام کێشە ناوخۆییەکانی کەهیج نین جگە لە کۆسپی کەسی و دەروونی وباش تێنەگەیشتن لەئەرکەکانی دۆخەکە لەئاستی سەرکردایەتی، شتێکی ترنین! بۆیە دەکرێ زۆر بەسانایی ئەم کۆسپانە تەخت بکرێن و سەرکردایەتی بێتە ئاستی یەکێتیەکەی مام جەلال و بەکاریگەریەکی زیاترەوە بێتەوە مەیدان.
ڕێکەوتنی یەکێتی وپارتی؛
هێشتا ئەم دوانە ڕیکنەکەوتوون تەنها دانیشتنی سەرەتاییان ئەنجام داوە، کەچی، ئەوانەی دژی هەر رێکەوتنێکن لەگەڵ پارتی تووشی فۆبیای پارتی بوون، هێرشی ناڕەوایان دەست پێکردووە! لەکاتێکدا هەموان دەزانین ئەم دۆخە بێ ڕێکەوتنی سیاسی سەرجەم لایەنەکان، بەتایبەت یەکێتی و پارتی، دۆخەکە ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و ئەرکی سەرەکیش بۆ چارەسەری ئەم دۆخە ناهەموارە لەئەستۆی یەکێتی و پارتیدایەو نابێ یەکێتی گوێ لە ناڕەزایی دژەکانی بگرێ و دەبێ قۆڵی لێ هەڵماڵێ و ڕۆڵەکەی جاران وەرگرێتەوە کە، سەرجەم دۆست و جەماوەرو ئەندام و لایەنگیرانی لێی دەخوازن. هیچ ڕێکوتنێکیش بەقەد ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی ناتوانێ دۆخەکان ئاسایی بکاتەوەو کێشەکان بەرەو چارەسەر بەرێ. بۆیە دەبێ و پێویستیشە ئەم ڕێکەوتنە واقعبینانەو هاوسەنگانە و ڕاشکاوانە بکرێ و هیچ لایەنێکیش پشتگوێ نەخرێ.
پڕۆژەی هاوبەش
هەریەکە لەم دوو پارتە پڕۆژەی خۆی هەیە، بەڵام ئاسانترین ڕێگاوکردارترینیان ئەوەیە یەکێتی و پارتی بەیەکەوە پڕۆژەیەکی هاوبەشیان هەبێ، کە بەڕاشکاوانەو بوێرانە پەنجە لەسەر کێشە سیاسی و ئیداری و یاساییەکان دابنێن و چارەسەری گونجاوو دوور لەبەرژەوەندی کەسی و حزبییان بۆ بدۆزنەوەو ئەوانی تریش بەشداری پێبکەن لە بڕیار ی کۆتاییدا.
یەکیتی وگۆران؛
ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی جێگەی ڕێکەوتنی یەکێتی و گۆران ناگرێتەوە، هەریەکەیان ئاست و بواری خۆی هەیە. یەکێتی وەک حزبێکی خاوەن مێژوو و پێشمەرگەو دام و دەزگای هەمەجۆر و نفوز لە ناوچەیەک کە پێیان دەگوت سەوز، پێویستە زیاتر ملبداتە بەر بەرپرسیارێتی بەرانبەر خەڵکەکەو ژیان و گوزەرانیان، دەشتوانێ باشتر پارتی وادار بە هەڵگرتنی ئەم بەر پرسیاریەو چارەسەریی کێشەکان بکات. بەڵام بۆ بەهێزکردنی دێموکراسی و خەباتی مەدەنیانەو گەشەی ئازادیەکان و باشتر ئیدارەدانی لانی کەم ناوچەی سەوز لەلایەک و چەسپاندنی قانوون و چالاکردنی دامودەزگا چاودێریەکان لەسەر ئاستی هەرێم لەلایەکی تر، دەبێ لەگەڵ گۆران کە هەمان دروشم و بەرنامەی هەیە ڕیک بکەون و کاریی هاوبەش بکەن. ئیدی یەکێتی چیتر ناتوانێ هەر ڕەخنە گربێ، یەکێتی چاوەڕوانی زیاتری لێدەکرێ و پێشی دەکرێ ئەم دۆخە چەقبەستووە لەگەل پارتی بگۆڕێ، ئێمە لەبەردەم سەردەمیکی نوێداین و بەرەو سەربەخۆیی تەواو دەڕۆین، چالاکبوونەوەی یەکێتی سەرجەم دۆخەکە بەرەو باشتر هەڵدەگێڕێتەوەو پێشموایە لەئێستا زەمینە باشتر نییە بۆ ئەم کارە.