Swissra

فه‌وزی ڕه‌مزی: فره‌زوانی و فره‌لاوژه‌. هۆی سه‌ركه‌وتنه‌‌ له‌ سـویسرا. به‌شی دووه‌م .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كۆمپانییه‌كان و وه‌رشه‌ و بازاڕه‌كان كارئاسانیه‌كی به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ و زوانی ئینگلیزیشیان خستۆته‌ پاڵ كه‌ ئێستا‌ بۆته‌ زوانێكی ته‌واو له‌ته‌ك ئه‌وانیتردا.
گرنگترین په‌ڕاوێك له هه‌ره‌ زۆری ماڵه‌كاندا هه‌بێت‌ و دوای ئینجیل به‌ پیرۆزی بزانن‌ و له‌ نامه‌خانه‌كایاندا جێگه‌ی به‌رچاوی بۆ ته‌رخانكرابێت‌ فه‌رهه‌نگه‌‌‌ كه‌ هه‌ر چوار زوانه‌كه‌ی له‌خۆگرتووه‌. ئه‌ونده‌ی بزانم تاكو ئێستا خۆیداوه له‌15به‌رگ ‌Idiotikon كه‌ زۆر له‌ بابه‌ته‌كانی له‌خۆ گرتوه‌ چجای بابه‌ته‌ میللییه‌كان. گرنگیشی له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌رده‌وام تازه‌ ده‌كرێته‌وه‌ و شتی نوێتری ده‌خرێته‌سه‌ر، به‌ڵام زیاتر ئه‌ڵمانییه‌كه‌ی(ئه‌مجا فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی) پڕ بایه‌ختره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاخاوتنی دوو له‌سه‌رسێی میلله‌ته‌كه‌یانه ‌و زوانی فه‌لسه‌فه‌ و زانست و زانین و كلتووره‌ له‌ جیهاندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وانیتر فه‌رامۆشكرابن، نه‌خێر هه‌ریه‌كه‌یان به‌ پێی پێویستی‌ خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه‌. ئه‌و به‌رگانه‌ هه‌تا ئێستا‌130هه‌زار ڕه‌گه‌وشه‌ی هه‌ر له‌ زۆر ده‌مانێكه‌وه‌ هه‌تا ئیمڕۆی له‌خۆ گرتووه‌‌.
پلانڕێژی بۆ ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی1862 كه‌ جڤاتی‌ كلتووری و ئاسه‌واری و مێژوویی شاری زیوریخ یه‌كه‌مین به‌ردی بناخه‌یان بۆ دانا و هاته‌ سه‌رهه‌ڵدان، یه‌كه‌مین به‌رگیش له‌ ساڵی1881دا چاوی به‌ پرشنگی زێڕینی سویسرا هاته‌ پشكوتن. هونه‌ری ئه‌م كاره‌ مه‌زنه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆبووردوویی چه‌ندین كه‌سانی زوانزان و خۆبه‌خش و نیشتمانپه‌روه‌ر كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ چمكێكی كاره‌كه‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی خۆی و بێوچان شه‌وڕۆژ كاریان تێداكرد بێگوێدانه‌ هیچ قسه ‌و قسه‌ڵۆكێك و جیاوازی بیروڕاو بۆچوون.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بووترێت هه‌ر به‌ هه‌ڵهاتن و په‌رشوبڵاوی گزنگی ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ گڕوتینێك له‌ ناو ڕۆشنبیران و خوێنده‌واران و خه‌ڵكی گشتیدا سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوبوو.
خه‌ڵكه‌كه‌ پێشوازییه‌كی زۆریان لێكرد كه‌ ئه‌مه‌ له‌خۆیدا بووه‌ هانده‌ر و پاڵهێزێك بۆ ئه‌و جڤاته‌‌، هه‌روه‌ها بۆ كه‌سانیـتر و بۆ میلله‌ت كه‌ به‌ره‌و مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌‌ بچن، چونكه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌مووان كرابوو كه‌ هه‌ر شتێك په‌یوه‌ندی به‌ زوانه‌وه‌ بێت ئیتر له‌ هه‌ر بوارێكی ژیاندابێت بۆ ئه‌و جڤاته‌ی بنێرن. دیاربوو هه‌ر ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌‌ جێگه‌ی خۆیگرد و بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ندین بابه‌تیان بۆ ڕه‌وانه‌ بكرێت، به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ ئه‌ندامانی جڤات خۆیان سه‌ریان سوڕمابوو له‌و وشه‌گه‌ل‌ و په‌نده‌‌ نه‌بیستراوانه‌ی‌ كه‌ زیاتر له‌ گوندنشینه‌كانه‌وه‌ بۆیان ده‌چوو. به‌ڕاستی ئه‌مه‌یه‌ گیانی هه‌ست به‌ هاوڵاتی بوون…بۆیه‌ ئه‌ندامانی جڤاته‌كه‌یش ئه‌وه‌نده‌یتر ســووربوون و گڕوتین زیاتر له‌ كه‌سانیتردا سه‌ری هه‌ڵدا و ژماره‌یان زیادیكرد و له‌ زۆرینه‌ی شاره‌كاندا ناوه‌ندی بۆ دامه‌زرا.
ئه‌م جڤاته‌. خۆبه‌خشانه‌ توانیان په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌واو له‌ نێوان وشه‌ی كۆن و نوێكاندا بدۆزنه‌وه‌ یاخود ئه‌و وشانه‌ی كه‌ خه‌ریكن له‌ یاد ده‌چن و له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی وڵاتدا خه‌رێكه‌ نامێنن و ته‌نیا هه‌ر له‌ گوند و شوێنه‌ دوورنشینه‌كاندا ماون. ناردنی ئه‌م هه‌موو بابه‌تانه‌ جڤاته‌كه‌ی زۆر دڵخۆشكرد.‌ ئه‌م وه‌ڵامه‌ میللییه‌ بووه‌ وزه‌ و هێزیكی وا كه‌ به‌ ته‌واوی ده‌ست و بازووی لێهه‌ڵماڵن و خامه‌یان بتیژێنن بۆ زیاتر و زیاتر.
دكتۆر هانز پیته‌ر شێڤرڵ ده‌ڵێت: گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ئێمه‌ له‌وه‌دا بوو ئاخافتنه‌كانمان كه‌ ته‌نیا په‌نگخواردووی خوێندنگاكانمان كردبوو، له‌ ڕووی په‌روه‌رده‌ییشه‌وه‌ وا بۆی ده‌چووین كه‌ ‌ئاخاوتن‌‌ به‌م جۆره زوانه‌ ناوچه‌ییه‌ و ته‌نیا هه‌ر بۆ تێگه‌یشتنێكی تایبه‌ت به‌كارده‌هێنرێن، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌مه‌ تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ بنه‌ماكانی زوان و زوانه‌وانی.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: گه‌وره‌ترین كۆسپ و كێشه‌ كه‌ ده‌هاته‌ ڕێمان چۆنیه‌تی نووسینی ئه‌و وشانه‌ بوو چونكه‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌ بگره‌ هه‌ر گو‌نده‌ به‌ جیا جۆره‌ نووسینێكی بۆخۆی په‌یڕه‌وده‌كرد، واته‌ بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیمان له‌ نووسیندا نه‌بووه‌ بۆیه‌ بڕیارماندا بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ڕه‌چه‌ڵه‌ك و ڕه‌گی وشه‌كه‌ كه‌ له‌ ڕووی زارشته‌وه‌ به‌ باشترین و ڕاسترین ڕێگه‌چاره‌یه‌ك داده‌نرێت بۆ زمان و بۆ نووسین، پێویسته‌ ئه‌و كاره‌ی كه‌ كردوومانه‌ به‌ هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بێت به‌ زووترین كات بیگه‌یێنینه‌ جه‌ماوه‌ر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕه‌چاومانكرد جه‌ماوه‌ر گه‌ره‌كیه‌تی كه‌ وشه‌كان زیاتر ڕوون و ئاشكرا و ئاسان و ساكار بن كه‌ له‌وانه‌یه‌ تا ڕاده‌یه‌ك نه‌توانرێت ئه‌م مه‌به‌سته‌ بهێنرێته‌ ئامانج. ئێمه‌ زیاتر توانیمان به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا له‌ ڕێگه‌ی ڕادیۆ و هه‌ندێ له‌ كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه‌ به‌ جه‌ماوه‌ری ڕابگه‌ێنین به‌وه‌ی به‌شێكی تایبه‌تمان هه‌بوو بۆ پرسیار و وه‌ڵام له‌سه‌ر وشه‌ یاخود هه‌ر گرفتێكی زوانه‌وانی كه‌ نازانن سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌ كوێوه هاتوه‌ و بۆی ناچن، به‌ڕاستی ئه‌مه‌ له‌ خۆیدا كارێكی ئه‌رێتی زۆر باشی هه‌بوو و جه‌ماوه‌رێكی زۆر گوێڕایه‌ڵی بوون و له‌ناو خه‌ڵكدا باسه‌كانیمان وه‌رده‌گرته‌وه‌ كه‌ له‌ خۆیدا سه‌ركه‌وتنێك بوو بۆ پڕۆژه‌كه‌مان و بۆ به‌دیهێنانی مه‌به‌سته‌ نیشتمانیه‌كه‌مان.
ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆ به‌ ڕۆڵ و ئه‌ركی نیشتمانی خۆیان هه‌ڵسان و وه‌ك پێویست كاره‌كه‌یان به‌ئه‌نجام گه‌یاند چونكه‌ حه‌وت كه‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی و یازده‌ كه‌ناڵی ڕادیۆیی له‌ وڵاتدا له‌كارایه‌ به‌ هه‌ر چوار زوانه‌كه،‌ بۆیه‌ ئێمه‌ش كه زانیمان ‌جه‌ماوه‌ر به‌ په‌رۆشه‌ له‌ ناو خۆماندا، كارامه‌ترین و چالاكترین و شاره‌زاترین كه‌سمان له‌ ڕاڤكردنی وشه‌گه‌لێ ناو ئه‌و به‌رگانه‌دا هه‌ڵبژارد و ده‌مان نارده‌ سه‌ر ئێستگه‌ كه‌ به‌ سـوپاسه‌وه ‌بووه‌ هۆی ڕه‌زامه‌ندی هه‌مووان. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌م مه‌یدانه‌دا هاوكاری گه‌رم و به‌تینی جه‌ماوه‌ر بوو، هه‌ركه‌سه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیه‌وه‌ هه‌ستی به‌و ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌ ده‌كرد و ئه‌مجا ئه‌و كارمه‌نده‌ له‌خۆبوردوانه‌ كه‌ به‌م‌ كاره‌ هه‌ڵده‌ستان كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌ پاره‌یه‌كی هه‌ر زۆر كه‌مه‌وه‌ یاخود خۆبه‌خشانه‌ كاره‌كه‌ی ڕاده‌په‌ڕاند چونكه‌ كارێكیتری هه‌بوو بۆ بژێوی ژیانی و پێویستی به‌و پاره‌یه‌ نه‌بوو، ئه‌مانه‌ هه‌ر هه‌مووی ڕاده‌ی نیشتمانپه‌روه‌ری ده‌گه‌ینێت.
له‌ وڵاتدا. له‌به‌رئه‌وه‌ی چوار زوان هه‌یه‌ چوار فه‌رهه‌نگیش هه‌یه‌، چونكه‌ وه‌ك ئاشكراو ڕوونه‌ هه‌ر میلله‌ته‌ ده‌یه‌وێت به‌ زوانی ڕه‌سه‌نی دایكی خۆی بئاخاوێت و كاروباری ڕۆژانه‌ی خۆی به‌ڕێوه‌به‌رێت. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی تا ئێستا كراوه‌ هه‌ر له ‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی یه‌كه‌مین دانه‌ی به‌رگه‌كه‌ تاكو ئێستا كارێكی په‌سه‌ند و باڵا و پیرۆزه‌ به‌ڵام ناشبێت هه‌ر له‌و ئاسته‌دا بوه‌ستین به‌ڵكو هێشتا چه‌ندین و چه‌ندین كاری ترمان ماوه‌ كه‌ بۆ نه‌وه‌كانیترمانی به‌جێده‌هێڵین.
بەڕێزەکەم … چاوه‌ڕوانی بەشی سێیەم بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت