هیوا خۆشناو: لە پەراوێزی شەڕی موسڵدا، پێکدادانی پەکەکە و پارتی لە شەنگال.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەڕێکی شیمانەکراوی نێوان پەکەکە و پدک لە شەنگال کە نێچیروان بارزانی یەکەمین کەسە بانگی بۆ ئەدا، لە ڕاستیدا بەر لەوەی شەڕی دو بلۆکی ئێدۆلۆژی و سیاسی کوردی بێ، بەشێکە لە شەڕی سوننی – شیعە لەسەر موسڵ.

پارتی و پەکەکە لە ساڵانی 1990 ەوە تا ئێستا شەڕیانە لەسەر سەرکردایەتی کردنی کوردستان. ئەو دوو ڕێکخراوە کە هەردووکیان زمانی هەرچواربەشی کوردستان دەزانن، خەڵکی هەرچواربەشی کوردستانیان لەگەڵدایە، سنورە کۆمەڵایەتیەکانیان قوڵئەبنەوە بۆ سەرجەم شارو دێهاتەکانی بەشەکانی کوردستان و لەسەرجەم بەشەکاندا ڕێکخراو و گروپی جۆربەجۆریان هەیە، هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان حیسابیان لەسەر دەکەن.
شەنگال دەکەوێتە سنوری موسڵ و ڕۆژئاوا. ئێزیدیەکانی شەنگال دوای ڕوخانی ڕژێمی سەددام ساڵی 2003 کەوتنە ژێر دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەگەرچی لە کاتی شەڕی دووەمی کەنداودا پەکەکە لە ڕێگای ئێزیدیەکانی ماردین و دێرکی ڕۆژئاوا و کادرە ئێزیدیەکانی، دەستی وەردا ناو شەنگال و پێگەیەکی جەماوەری باشی هەبو، بەڵام بەهۆی ترسیان لە ئەمریکا لەلایەک و دوای ئەوەی گروپێکی گەورە بە سەرکردایەتی نیزامەدین تاش “بۆتان” و عوسمان ئۆجالان “فەرهاد” لە پکک جیابونەوە و قەندیلیان بەخۆیانەوە خەریک کرد لە لایەکەی دیکە، لە هەمووشی گرینگتر پەیوەندی قەندیل و قەڵاچواڵان زۆر خۆش نەبو، ئەو پارتە پێویستی بە پارتی هەبو و ئێزیدیەکانی بۆ ئەوان بەجێ هێشت. پارتی لەوکاتەوە تا هاتنی داعش لە ڕێگای سیاسەتە نەریتیەکانی تایبەت بە کەمینەکان کە بریتیە لە کڕین و بێدەنگکردن، کاریگەری ڕەهای لەسەر ئێزیدیەکانی شەنگال دانا و لە ڕێگای ئەوانەوە قورسایی خۆی لەسەر پارلەمانی عێراق و شاری موسڵ کە دیواری سوننەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پردی پەیوەندی نێوان شیعەکانی سوریا، لوبنان، عێراق و ئێرانە پێکدێنێ دروست کرد، بەڵام لە ساڵی 2014 دا داعش لێی تێکدا.
هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مانگی ئابی 2014دا شەنگالیان چۆڵکرد و چەند گەریلایەکی هێزەکانی پاراستنی گەل HPG و یەکینەکانی پاراستنی گەل YPGی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان لە چیای شەنگال ڕوبەروی داعش وەستانەوە و یارمەتی ئێزیدیەکانیان دا. دوای ئەوە پارتی کرێکارانی کوردستان یارمەتی ئێزیدیەکانی دا تاکو سوپایەکی خۆیان سازبکەن و بەشێکی زۆر لە ئێزیدیەکانی ڕێکخستن، ئەوەش ناکۆکی نێوان پەکەکە و پدک ەی قوڵتر کرد.
دوای ئەوەی لە 24ی مانگی ئاب 2016 دا سوپای تورکیا هەڵمەتی قەڵغانی فوراتی ڕاگەیاند و پەلاماری شاری جەرابلوسی سوریای داو داگیری کرد، ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا ناسراو بە MGK لە کۆبونەوەیەکی تایبەتی خۆیدا، ستراتیژی بەرگریکردن لە تورکیای داڕشت. بەپێی ئەو ستراتژیە تورکیا لە ژێرناوی هەبونی گروپە نەیارەکانی، بۆی هەیە پەلاماری سەرجەم ئەو شوێنانە بدات کە نەیارەکانی لێ جێنشین کراون. دوای ئەوە تورکیا هەوڵێکی زۆریدا کە دەستێوەردان لە شاری موسڵ بکات، بەڵام ئێران، عێراق و ئەمریکا پشتگیریان لێ نەکرد. لەوکاتەوە تا ئێستا پارتی زۆر بە جدی و پێداگریەوە داوا لە پەکەکە دەکات شەنگال چۆڵ بکات، بەڵام حکومەتی عێراق، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سەرجەم هێزەکانی دیکەی کوردستان کێشەیەکیان لەگەڵ هەبوونی پەکەکە لە شەنگالدا نیە و حکومەتی عێراقیش پەیوەندیەکی خۆشی لەگەڵ ئەو هێزانەدا هەیە و پشتگیریان لێ دەکات. ئەگەرچی جیاوازیەکی ستراتیژی، فکری و سیاسی زۆریش لە نێوان پەکەکەو ئەو هێزە هەرێمیانەدا هەبێ، لەبەر ئەوەی لە سێبەری وڵاتانی سوننە گەمەناکەن، هەبوونی ئەوان لە شەنگالی نزیکی موسڵ باشترە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
چۆن جوگرافیای سوریا کۆسپێکە لە بەردەم بەیەکبەستنەوەی وڵاتانی عەرەبی سوننە و تورکیا و لەوێشەوە دەریای سپی ناوەڕاست، ( شارپرێس ) جوگرافیای موسڵیش ئەگەر لە دەستی سوننەکاندابێ، ڕێگرە لە یەکیەتی نێوان شیعەکان، چونکە موسڵ تاقە پردێکە ئەشێ ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان بەیەکەوە و پاشان بە دەریای سپی ناوەراستەوە ببەستێتەوە. پەلاماردانی موسڵ لەلایەن داعشەوە لە ساڵی 2014 زیاتر پیلانێکی وڵاتانی سوننی جیهان بو و ئامانجەکەی پەکخستنی پڕۆژەی بۆڕی نەوت و غازی ئێران – عێراق و سوریا بو کە دەگەیشتە لوبنان و دەریای سپی ناوەڕاست.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بەشێکیان دزەیان کردە ناو مێدیاکان، ئەمریکیەکان و خەڵکی شەنگال لەو ماوەیەدا زۆریان هەوڵیاندا، پەکەکە و پارتی لەسەر پرسی شەنگال و ڕۆژئاوا لەیەکتری نزیک بکەنەوە، بەڵام سەیرە لە کاتی دانوستانەکاندا نێچیرڤان بارزانی، لە لێدوانێکی نەخوازراودا، لە میانەی کۆنفرانسی زانکۆی ئەمریکا لە دهۆک گوتی: (ئەگەر پەکەکە شەنگال چۆڵ نەکات هێز بەکاردێنین). مرۆڤ بە باشی لەوە ناگات ئایا ئەو لێدوانەی ناوبراو گوزارە لە بۆچونی پارتی دەکات یان بەتەنیا خۆی؟ چونکە لە دەوروبەری پارتی ئەگەر کەمیش بێ، ڕەخنە و ناڕەزایی دژی ئەو لێدوانەی نێچیروان دەبیسترێ. ئایا مەسعود بارزانیش وەک نێچیری برازای لایەنگری بەکارهێنانی هێزە لە دژی پەکەکە لە شەنگال کە لە کۆتاییدا نەوەک بەتەنیا شەڕی براکوژی، بەڵکو ئەگەری ئەوەی لێ ئەکەوێتەوە سوپای تورکیا بێتە ناو باشوور و عێراق لە لایەک و ملیشیاکانی حەشدی شەعبیش بێنە ناو یارییەکە.
کێشەکان هەرچیەک دەبن گرینگ نیە، کێ لەسەر حەقە و کێ ناحەقە بەلایەکەوە، بەڵام بە بڕوای من باشترین و ئاقڵترین ڕێگا کە ئەو دو لایەنە هەڵیبژێرن ڕێککەوتنی سیاسی و چارەسەری دیبلۆماسیە.

سەرچاوەکان:
milliyet.com
bianet.org
haberturk.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت