نەوزادی موهەندیس: شكۆی حكومەت لە بەرامبەر نیشانەی پرسیارێكی گەورەدایە؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشكرایە هەموو حكومەت و دەسەڵات و ئیدارەیەك گەورە بێت یان بچوك بەهێندەی قەوارەی سنوری جوگرافیا و ژمارەی دانیشتوان و بڕی داهات و خەرجیەكان و پێویستی بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵات و هەوڵدانی بۆ پێشخستن و گەشەپێكردنی وڵات و كۆمەڵگا و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەرانی هاوڵاتیانی، هەندێك ئەركی سەرەكی و لەپێشینەی هەیە كە ناكرێت كەمتەرخەمی بكات لە جێبەجێكردنیاندا، یان دوای بخات بۆ قۆناغ و كاتێكی درەنگتر و نادیار.
هەربۆیە حوكمڕانیەكان و دەسەڵاتەكان هەمیشە دەبێت لە پێشبڕكێیەكی نەبڕاوە و بەردەوامدا بن لەگەڵ زیادبوون و بەرزبونەوەی بنمیچی داواكاری و پێداویستیەكانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان و كۆمەڵگاكانیان، خۆ گەر نەتوانرا ئەو پێداویستی و داواكاریانە جێبەجێ بكات ئەوا ئەو حكومەت و دەسەڵاتە شكۆ و هەیەبت و پیرۆزی لای هاوڵاتیانی خۆی نامێنێت، بۆیە گرنگە حكومەتەكان زۆر گرنگی بدەن بە شێواز و پلانی كاركردنیان تا ڕابگەن بە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگاكانیان.
حكومەتەكان دەبنە جێگەی ڕێز و پێزانینی هاوڵاتیانیان و دەبنە خاوەن شكۆ و سەروەری كاتێك كە ((پارە و پلان و پاكێتی )) هەبێت، بەو مانایەی هەر حكومەتێك خاوەن داهات و پارە و پول و بودجەیەكی ساڵانەی خۆی نەبوو ناتوانێت لانی كەمی پێداویستیەكانی كۆمەڵگا و دەسەڵاتەكەی دابین بكات، بەهەمان شێوە گەر پلانێكی زانستی و واقعی و گونجاویشی نەبوو بۆ چۆنێتی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگا و كۆكردنەوەی داهاتەكان و دواتریش خەرجكردنەوەی بەشێوەیەكی شەفاف و ڕوون و ئاشكرا ئەوا هەرگیز ناتوانێت ببێتە جێگەی ڕەزامەندی هاوڵاتیانی خۆی، هەردوو ئەو پایە یان كۆڵەكە سەرەكیەی حوكمڕانیش و سەركەوتنی كۆتایشی بەندە بە ئاستی پاكێتی و نەزاهەت و ئەمانەتی ئەو دەسەڵاتەوە لە چۆنێتی مامەڵەكردنی لەگەڵ داهات و خەرجیەكانی وڵاتدا، گەر هەردەسەڵاتێك نەتوانێت پاكێتی خۆی لەبەردەم گەلەكەیدا بسەلمێنێت و متمانەی ئەوان بەدەست نەهێنێت ئەوا بەدڵنیایی حكومەت و دەسەڵاتێكی دۆڕاو و كەنارخراو و دواتریش بێزراو و ڕووخێنراو ئەنجامەكەی دەبێت.
لەبەرامبەر ئەو سێ خاڵە گرنگەی سەركەوتنی حكومەتەكاندا، سێ خاڵی زۆر لاوازی هەموو حكومەتەكانیش هەیە و بریتین لە ( مایە پووچی و فەوزا و بێسەروبەری و گەندەڵی )، بۆیە هەركات حكومەتەكان بەیاسا بودجە و داهات و خەرجی وڵاتیان نەبردە ڕێوە و بە مەزاجی كەسی و حیزبی پاوانی هەموو ئۆرگانەكانی دەسەڵات بكەن و هیچ پلانێكیشان نەبوو بۆ ئێستا و ئایندە و پەناشیان بردە بەر دیاردەی دزی و گەندەڵی ئیداری و دارایی ئەوا بەدڵنیای حكومەتێكی بێ شكۆ و بێ بەها دێتە بەرچاوی هاوڵاتیانی خۆی.
لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە و بەتایبەتیش لەسەرەتای ساڵی 2014 وە بۆتە حكومەتێكی بێ شكۆ و پیرۆز و گەورەیی خۆی لەدەستداوە لەبەرامبەر هاوڵاتیانیدا، بەهۆی ئەوەی كە ئەنقەست بێت یان بەبێ مەبەست حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە لانی كەمی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان دابین بكات هەر لە ( مووچەی مانگانە و پێداویستی و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی ژیان لە كارەبا و سووتەمەنی و ئاوی خاوێن و جێبەجێكردنی پڕۆە ئاوەدانیەكان و وەبەرهێنانەكان و … هتد )، بۆیە مافی هاوڵاتیانە كە بپرسن گەر حكومەت نەتوانێت ئەو پێداویستی و خزمەتگوزرایە سەرەتاییانەیان بۆ دابین بكات، ئیدی چ مانایەك بۆ حكومەت و دەسەڵات و شەرعیە ت و مانەوەی دەمێنێتەوە؟ حكومەتێك ببێتە مایەی برسیكردن و هەژاری و نەخۆشی و بێ كاری و زیادبوونی تاوانەكان و كێشە كۆمەڵایەتی و خێزانیەكان و دەیانی تر.. ئیدی چ پێویست بەمانەوەی دەكات؟ حكومەتێك لە جیاتی خزمەتكردنی هاوڵاتیان و خۆشگوزەرانكردنی ژیانیان ببێتە مایەی سەختكردن و قورستركردنی ژیان و ئەركەكانیان بەهۆی زیادكردنی ڕسومات و باج و گومرك و … هتد، و قەرزاركردنی خۆیان و نەوەكانیشیان بۆ دەیان ساڵی تر بەهۆی كەڵەكەبونی قەرزی زۆری ناوخۆ ودەرەكیەوە ( زیاد لە 20 ملیار دۆلار ) و حكومەت بۆخۆی ببێتە مایەی دروستكردنی كێشە و گرفت و فێڵكردن لەهاوڵاتیانی خۆی بە كەمكردنەوەی مووچەكانیان بۆ چارەكە مووچە بەبێ یاسایەكی دیاریكراو، ئیدی بوون و نەبوونی حكومەت و دەسەڵاتێكی ئاوها چ سوودێك دەگەیەنێت و چ شكۆ و هەیبەتێكی بۆ دەمێنێتەوە؟
بەداخەوە حكومەتی هەرێم و بەتایبەتیش ئەم كابینەی هەشتەمی حكومەتە ،گەورەترین ناونیشانی بریتیە لە ( شكست و كێشە و قەیران )، ئاخر حكومەتێك خاوەن داهاتێكی زۆر وزەوەندبێت و هاوڵاتیانی برسی و هەژار و بێكاربن، ئەمە چ وێژدانێك قبوڵی دەكات؟ حكومەتێك لەسەر دەریایەك نەوت بێت و هاوڵاتیانی لە سەرمادا ڕەق ببنەوە ئەمە چ خەمخۆریەكە؟حكومەتێك تا سەر ئێسقان گەندەڵی تیاشۆڕبوبێتەوە و هەوڵی چاكسازی و گۆڕانكاری نەدات، ئەمە چ نیشتیمان پەروەری و نەتەوە پەروەریەكە؟
بۆیە حكومەتی هەرێم دوای هێوربونەوەی شەڕی تیرۆریستانی داعش و كەمبونەوەی مەترسیان لەسەر كوردستان و كەمبونەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان و بەرزبونەوەی نرخەكانی نەوتیش،هیچ بیانویەكی بۆ نامێنێتەوە بۆ هەوڵنەدانی بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی سیاسی و ئابوری و گوزەرانی هەرێم و حكومەت و هاوڵاتیانیش.گەر حكومەت هەر سووربێت لەسەر گوێنەگرتن و پێشێلكردنی مافەكانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو كەمە شكۆ و هەیبەتەشی كەماوە لەدەستی دەدات و هیچ كات نابێتەوە جێگە متمانەی هاوڵاتیانی خۆی، بۆیە لە ئێستادا هەیبەت و قودسیەتەكان و شكۆی حكومەت لە دووڕیانێكی مێژوویدایە و لەبەرامبەر نیشانەی پرسیار گەلێكی گەورەشدایە لەلایەن تاك بەتاك و خێزان بەخێزانی ئەم كۆمەڵگایەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی