دکتۆر محەمەدئەمین گەناوی: دەنگى تەپڵەکەى ترەمپ لەکوێ دەنگ دەداتەوە؟
ترامپ سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئێستاى ئەمەریکا لە سەرەتاى بانگەشەى هەڵبژاردنەکەیەوە توانى بیر و ئایدۆلۆجى پارێزگارانە (conservatism) ى خۆى بەوتارى پۆپیولیست ((populist بکاتە پەیامێکى تازەو هیوابەخش و وروژێنەر بۆ دەنگ دەران تا لەئەنجامدا کلیلى کۆشکى سپى کەوتە دەست.
یەکەم دەنگدانەوەى دەنگى تەپڵى ترامپ لاى زۆرى دەنگدەرانى ئەمەریکا بوو کە هەنێکیان بەپاڵنەرى ئایدۆلۆجى، وە هەندێکى تریان بەهۆى وتارە پۆپیولیستەکانى بوو، کە هەتا ئەمانەى لەڕووى فکرى و ئایۆلۆژیەوە لە ترامپ جیاوازبوون بەپالنەرى مەیل بۆ پەیامە پۆپیولیستەکەى ترەمپ دەنگیان پێ دا.
بۆ نمونە ترەمپ بەئاشکرا هەڵوێستى خۆى دژى ئازادى ژنان راگەیاند لەسەر منداڵ لەباربردن بەڵام بە وتارى پۆپیولیستى خۆى کە ئامانج و کارى ئەوە ئەبێت کە گەشەى ئابورى وڵات زیاد بکات و شوێنى کار بۆ ملیۆنەها کەس دابین بکات لە رێى داخستنى سنورەکانى ئەمریکا بە دیوار بۆ رێگرى لە گەنجانى مەکسیکى لە هاتنە ناو ئەمەریکا، وە ناو بازارەکانى کارى ئەمەریکا، وە کەمکردنەوەى هاتنى موسڵمان بۆ ناو ئەمریکا بۆ ئەوەى بە وتەى خۆى رێگرى بکات لە کارى تیرۆرستى لەلایەن گروپە تیرۆرستەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. توانى دەنگى ئەمانەش بۆ خۆى راکێشێ کە لە رووی ئایدۆلۆژیەوە جیاواز بوون.
واتە ترس لە داهاتووى ئابوورى و ئاسایش زاڵ بوو بەسەر لایەنى ئایدۆلۆژى، بۆیە زۆر لەوانەى کە باسمان کرد کە لەگەلیشیا جیاواز بوون بەهۆى وتارە پۆپیولیستەکانیە وە بۆ سەقام گیرکردنى ئاسایشى ئابوورى و ژیان توانى کاربکاتە سەر دەرونى دەنگدەران و بڕیاردان لە بەرژەوەندى خۆى.
دەنگ دانەوەى دەنگى تەپڵى ترامپ لەسەر ئاستى ناوخۆ لە ئێستا و داهاتوودا، لێکەوتەى جیاوازى لەسەر ئاستى کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و سیاسى و ئابورى لێدەکەوێتەوە کە دەشێ هەندێکیان تازە و بریار دەربن بۆ سیماى گشتى ئەمریکا.
وتارە پۆپیولیستەکانى ترامپ ئەوەى پەیوەندى بەکۆچبەران و موسڵمانانەوە هەیە لە ئەوروپا گەورەترین دەنگدانەوەى لێ کەوتەوە، وە زیاتریشى لێ ئەکەوێتەوە چونکە هەم ئەوروپا ئەمرۆ بە ئەندازەیەکى زۆر بۆخۆى هەمان کێشەى کۆچبەرانى هەیە لەگەڵ زۆربوونى ئاڵۆزیە کەمەڵایەتیەکان بەهۆى بونى زۆرى کۆچبەران و کردارى ترۆریستى لەلایەن گروپە ئیسلامیەکانەوە بەڵام بەم جیاوازیانە:
1- مێژوى ئەوروپا لەگەڵ بیرى توندرەِوى کە بووە هۆى کۆمەڵکوژى جولەکەکان بەدەستى نازیەکان وا ئەکات ڕاى گشتى وە بەتایبەت نوخبەى سیاسى ئەوروپا بەئاشکرا ئەم دەنگەى ترامپ قبوڵ نەکەن وە نمونەش لێکدوانەکانى سەرۆکى فەرەنساو سەرۆکى حکومەتى ئەڵمانیایە کە دژ بە هەڵوێستەکانى ترامپ دەریان بری٫ وە لەسەر ئاستى گشتى وە شەقام زیاتر لە 2 ملیۆن واژو کۆکرایەوە لە بەریتانیا دژى سەردانى ترامپ بۆ وڵاتەکەیان بەڵگەیە بۆ کە دەنگدانەوەى دەنگى تەپڵەکەى ترامپە لە ئەوروپا گەرمە جا چ بە قبوڵکردنى لەلا یەن راسترەوەکانەوە یا قبوڵنەکردنى بێ لەلایەن بەشێ لە نوخبەى سیاسى و لیبرال و چەپ رەوەکانەوە. راسترەوەکان لە ئەوروپا کە ئارەزووى هەمان دەنگ و پەیام و سیاسەتى ترامپ ئەکەن لە کۆبونەوەى خۆیان لە ئەڵمانیا لە مانگى ڕابردودا واتە مانگى یەکى 2017 بە ئاشکرا لایەنگریی خۆیان بۆ ترامپا دەربرى کە دوبارە بەڵگەى ئەم وتەیە کە لە ئەوروپاش کەم یان زۆر ئارەزووى سیاسەتەکانى ترامپا هەیە.
2- مێژوى ئەمریکا وە پێکهاتەى ئەمریکا بۆ خۆى لەسەر بنەماى کۆچبەریە بۆ ئەم کیشوەرە هەروەکوو لە دوا وتاردا لەسەر کایگەرى قەیرانەکان لە سەر دیمۆگرافیا باسى ئەم حاڵەتە تایبەتەى ئەمەریکام کردبوو، کە لەئەنجامدا هەموو کۆچبەران لەبۆتەى فەرهەنگى ئەمەریکى دا خۆیان ئەگونجێنن (integration ) یان ئەتوێنەوە (assimilation ) بە لەبەرچاوگرتنى هەندێ لایەنى ئاینى کە ئەمەش لە چوارچێوەى فەرهەنگى گشتى وە بەهاکانى ئەمریکادایە کە پەیوەندى بە ئازادى بیرورا٫ ئاین وە هەلى یەکسانەوە هەیە بۆ ژیان٫ کار وە خۆێندن بۆ هەموان کە ئەم بەهایانە بۆ خۆیان ناسنامەى ئەمەریکان.
بەڵام لە ئەوروپا ناسنامەى نەتەوایەتى وە فەرهەنگى نەتەوایەتى وە مێژووى نەتەوایەتى لەچوارچێوەى سنورێکى دیاریکراودا دروستکەرى قەوارەى وڵاتەکانە وە دروستکەرى دەوڵەتى نەتەوەیە بە هەموو ڕەهەندەکانى سیاسى٫ ئابورى٫ کۆمەڵایەتى٫ فەرهەنگى وە مێژووییەوە بۆیە لە ئەوروپا کۆچبەران بە ئەستەم تر دەگەن بە قۆناغى خۆگونجاندن و توانەوە لەچاو ئەمریکا بەتایبەتیش بۆ موسڵمانان بەهۆى مێژووى ئەوروپا لەگەڵ موسڵمانان وە تێروانینى موسڵمانان بۆ ئەوروپا وە بەپێچەوانەشەوە کورت کراوەتەوە بۆ پاشخانى مێژووى ئاینى و فەرهەنگى.
هەروەکوو لە سەرەوە ئاماژەمان پى کرد٫ لە ئێستادا لەسەر ئاستى نوخبەى سیایسى وە هەتا راى گشتیش دەنگى ترامپ زۆر قبوڵ نیەلە ئەوروپا بەڵام ئەگەر سیاسەتەکانى ترامپ ئەنجامى باشى هەبێت، لەهەمان کاتدا کۆچى موسڵمانان بەرەو ئەوروپا بەردەوام بێت وە گروپە تەندڕەوە ئیسلامیەکان بتوانن کارى تیرۆرستى زیاتر ئەنجام بدەن، ئەوا بێگومان مۆدێلى ترامپ لە ئەوروپا ئەبێتە ئارەزووى هەرە زۆرى گەلانى ئەوروپا کە لەئەنجامدا ئەشێ بوومەلەرزەى سیاسى لە ئەوروپا دروست بکات بە بردنەوەى راسترەوەکان لە هەڵبژاردنەکانا لە زۆربەى هەرەزۆرى وڵاتانى ئەوروپا کە ئەوکات بە دڵنیاییەوە رۆژو سەردەمێکى نوێ دەست پیدەکات نەک هەر بۆ ئەوروپا بەلکو بۆهەموو جیهان.
ئەوەى کە پەیوەندى بەوتارى دیارى ترامپەوە هەبێ لەمەر شەڕى راگەیانراوى دژى تیرۆر و گەندەڵى ئەوا بێگومان وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەم شوێنەیە کە گەورەترین دەنگ دانەوەى لێ ئەکەوێتەوە٫ لەناو وەڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش بەتایبەت کەنداو٫ عیراق وە ئیران وە بەتایبەت تریش ئیران، دەبێ باش لە پەیام و دەنگى ترامپ تێبگات وە هەر هەڵەیەک لە تێگەشتنى پەیامەکە دەبێتە هەڵەیەکى کوشندە بۆ ایران. چونکە پەیامى ترامپ دەرهاویشتەى هەموو یان ئەنجامى هەموو ئەم کارلێکە جێوسیاسى٫ جێوسترا تیجى٫ ئابورى٫ وە هەتا دەرونى٫ نەژادى٫ رەگەزى و ئەو گۆرانە کۆمەڵایەتیانەیە کە:
1- لەم 16 سالەى دواییدا روویان داوە لەگەڵ شەرى وە دیاردەى تیرۆریزم.
2- لەم 28 ساڵەى ڕابردوو٫ واتە پاش ڕووخانى کۆمۆنزم و گۆرانکاریى لە هاوسەنگى هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان.
3- لەم 70 ساڵەى کۆتایى جەنگى دوەمى جیهان کە بووە هۆى دابەش بوونى جیهان وە دروست بوونى بلۆکى سیاسى ئابورى و هاوپەیمانى جیاواز بە بەرژەوەندى جیاواز٫ وە ئیستا بەحوکمى گۆرانکارى مێژویى و رووداوەکان لەم کاتەدا گۆرانکارى بەسەر کۆى رەگەزەکانى گۆرانا دێت کە هەموویان لە کەسایەتى و خیتابى ترامپا بەرجەستە بوون.
هەموو ئەم گۆرانکاریانەى باسکران بوونە هۆى بەرهەمهێنانى ترس، واتە ترسى ئابورى، سەربازى، کۆچبەر، وە ترس لە موسڵمان و تیرۆر، وە هەموو ئەم ترسانەش بوونە پێکهاتەى پەیام و دەنگى ترامپ. هەرشتێ لە سروشت و ژیانا ڕەنگى پێکهاتوەکانى ئەداتەوە، لێرەدا پێکهاتەى بوونى ترامپ بە هەموولایەنەکەوە ترسە بۆیە ترامپ وە پەیمامى ترامپ ڕەنگى ترسى داوەتەوە هەم لەسەر ئاستى ناوخۆ وە هەم لەسەر ئاستى دەرەوە.
ئەگەر ئیستا دەنگى تەپڵى ترامپ تەنها لەهەندێ شوێنى دیاریکراو دەنگبداتەوە ئەوا بەدڵنیایى لە داهاتویەکى نەچەندان دوور ئەم دەنگ دانەوە فراوانتر و فراوانتر ئەبێ، وە بۆ پرسیارى ئەمەش چى رووئەدات؟ دوبارە لە کات و داهاتویەکى نەچەندان دوورا وەڵام ڕوونتر ئەبێت.