عەبدولڕەحمان مەهابادی: ئێران, ژیانی كۆڵبەڕی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وشەی ”كۆڵبەر” كە لەم ساڵانەی دواييدا زياتر بەرچاو و گوێمان كەوتووە پێشينەيەكی دێرينی هەيە و بەو كەسانە دەوترێت كە بە كۆڵ لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێرانەوە بەرەو ناوەوەی ئێران کاڵا دەگوازنەوە و بڕێک پارەیان دەست دەكەوێت. ئەمكارە كە داهاتەکەيشی زۆر كەمە زۆريش مەترسيدارە. چون جگە لە زيانی جەستەيی و رووبەڕوبوونەوەی رووداوی بەفر و سەرمای  زستان و گەرمای هاوین و … هتد، دەيان كەس بە هۆی تەقەی پاسدارانی رژێم گيانيان لە دەست داوە. لەمڕووەوە كۆڵبەری نەك بژاردەيەكی خوازراو بەڵكو لە رووی ناچارييەوەيە كە ئەوەش هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی خراپی ئابوری ئێران.
بە چاوخشانێك بە پڕۆفايلی كۆڵبەران، بە تايبەت ئەوانەی گيانيان لە دەست داوە، دەبينين كە ئەم كارە دڵتەزێن و مەترسيدارە زۆرێك لە خەڵكانی گرتۆتە خۆی. خەڵكانی وەك ژنان و پياوان، مناڵان و خەڵكانی بەتەمەن و بە ساڵاچوو، پير و گەنج، قووتابی و خوێندكار و هەروەها دەرچووانی زانكۆ. هۆی سەرەكی كۆڵبەر بوون دەگەڕێتەوە بۆ باری زۆرخراپی ئابووری ئێران كە ئەم كۆمەڵە خەڵكەی ناچار كردووە بۆ بژێوی ژيانی خۆی و خانەوادەکانیان پەنا ببەنە بەر ئەم كارە مەترسيدارە.
هەفتەی رابردوو رژێمی ئێران لە سنووری بانە چوار كۆڵبەری كوردی گرت و فڕێی داونەتە خوارەوەی شاخەكان كە يەكێكيان دەستبەجێ گيانی لە دەست داوە و ئەوانيتريش بە سەختی بريندار بوون. پياوانی  رژێم دوو كۆڵبەريتريشيان گرتووە كە شايەتحاڵی ئەو تاوانە بوون و ئەوانيان گواستۆتەوە بۆ شوێنێكی ناديار و دواتريش هەڕەشەيان لە خانەوادەی ئەم شەش كۆڵبەرە كردووە كە نەكا كەس ئاگادار بكەنەوە لەو تاوانانە! لە رۆژی 28 و 30ی كانوونی دووەميش لە ناوچەی پيرانشار و سەردەشت (5) كۆڵبەر گيانيان لە دەست داوە و ژمارێكيتريش بريندار بوون. رووداوی دڵتەزێنی لەمجۆإرە لە ناوچەی هەورامانی ئێرانيش رووی داوە كە بۆتە هۆی گيانيان لە دەستدانی لانيكەم دوو لاوی كورد.
كۆڵبەری تەنها يەكێكە لە دەرهاويشتەكانی باری خراپی ئابووری لە ئێران كە بە بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری پەرەی سەندووە. كۆڵبەران جيا لە رووداوی دڵتەزێن، بەردەوام هەڕەشەی تەقەكردنی هێزەكانی حكومەتيان لەسەرە. بە پێی زانيارييەكان، لە مانگی مارچ تا نۆڤامبەری 2016، واتا هەشت مانگ، لانيكەم (70) كۆڵبەر بە هۆی تەقەی هێزەكانی رژێمی ئێرانەوە گيانيان لە دەست داوە و دەيان كەسيتريش بريندار كراون.
ئەحمەد شەهيد)ی بڕياردەری پێشووی نەتەوە يەكگرتووەكان لە يەكێ لە ريپۆرتەكانی تايبەت بە رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، وێڕای ئەوەی باس لە ” كوشتاری سيستەميانەی كۆڵبەران ” دەكات، جەخت لەوەش دەكات كە پاسەوانانی سەرسنوور تەقە لە كۆڵبەران دەكەن و ساڵانە بۆتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەيان كۆڵبەر و ئەسبەكانيشيان لێ كوشتوون.
تەقەكردن لە خەڵك شێوازی نەگۆڕی هێزەكانی حكومەتی ئێرانە هەر لە سەرەتای هاتنە سەركاری رژێمی خومەينيەوە تا بە ئەمڕۆ. ئەم هێزانە بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی لێهاتوويی سەربازی و هەروەها بۆ خۆشی زۆر جار دانيشتووانی گوندەكان و لەوانە كۆڵبەرانيان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە وەك كێبڕكێ!
رژێمی ئێران لە كاتێكدا كۆڵبەرانی بێبەش دەداتە بەر دەستڕێژی گوللە كە سەرەدەزووی قاچاخكردن، چ قاچاخی مەوادی هۆشبەر يا كاڵا ياخود قاچاخی كچان و ژنانی ئێرانی بە دەست خامنەئی و سوپای پاسداران و داوودەزگاكانی ئاسايش و ئيتڵاعاتی رژێمەوەيە.
بە وتەی (حەبيبوڵڵا حەقيقی) سەرۆكی بەشی ناوەنديی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی كاڵا و پارە، كۆڵبەر بۆ هەر بارێك كاڵا بڕی 30 تا 50 هەزار تمەن (واتا 6 تا 15 دۆڵار) پارەی دەست دەكەوێت. هاوكات بە وتەی (حسێن عەلی حاجی دليگانی) ئەندامی مەجليسی رژێم، رژێم بڕی (25) مليارد دۆڵاری دەست دەكەوێت لە هێنانی قاچاخ بۆ ئێران. واتا (3)هێندەی بودجەی ئاوەدان كردنەوەی وڵات. بە وتەی ناوبراو، بە هۆی قاچاخی كاڵا و پارەوە، (800) هەزار كرێكار تووشی بێكاری بوون(ميدياكانی حكومەت 20ی حوزێرانی 2016). سايتی تابناكی سەر بە حكومەتيش دوو ساڵ بەر لە ئێستا نووسيبووی كە ساڵانە بە هوی قاچاخەوە مليۆنێك و (700)هەزار هەلی كار فەوتاوە (7ی مارچی 2015).
ئەمە فرمولێكی زۆر راست و درووستە بۆ كێشەكان كە باری ناتەندرووستی ئابووری رێگاچارەی خۆی هەيە. تەنانەت ئەگەر كێشەكە ژێرخانی ئابووری وڵاتيش بگرێتەوە، بەڵام ئەم فرمولە لە ئێرانی ئێستاكەدا تەنها كاتێك راست دەردەچێت كە بەر لە رێگاچارەی ئابووری، رێگاچارەی سياسی رەچاو بکرێت.
لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا، چەندين كارەساتی دڵتەزێنی كۆمەڵايەتی و زانستی و ئابووری لە ئێران رووی داوە: ئاگركەوتنەوە لە بينای پلاسكۆ لە تاران، لافاو لە پارێزگای سيستان و بەلوچستان، خۆڵبارين و پيسبوونی هەوا لە پارێزگای خوزستان و ئێستاش رووداوی دڵتەزێنی كۆڵبەران لە كوردستان. ئەوانە و زۆرێك ديمەنی دڵتەزێنيتر دەرخەری ئەم راستييەن كە ئەم رژێمە  هەروەك رابردوو، نەك هەرگيز بە دوای چاركردنی كێشەكانی خەڵكەوە نەبووە بەڵكو بەڵگەگەلێكی زور هەن كە بە باشی ئەوە دەردەخەن كە ژێدەر و سەرچاوەی كێشە كۆمەڵايەتی و ئابوورييەكانی ئێران، رژێم خۆيەتی. ئەم رژێمە بە رێگەی بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵكی ئێران و بە فيڕۆدانی لە پرۆژە‌كانی تايبەت بە چەكی ئەتۆم و هەناردەكردنی تيرور و توندڕۆيی بۆ دەرەوەی سنوورەكان و هەروەها شەڕنانەوە لە ناوچەكە، ئابووری وڵاتی لەناو بردووە و لە بێكاری و نەداری و تێكدانی باری ئابووری چيتری بە دياری نەهێناوە بە خەڵك.
كەوايە تا ئەم رژێمە لە سەر كار بێت، ستەم و سەركوتكردنی خەڵك و روودانی هەواڵی ناخۆش بەردەوام دەبێت. لەمڕووەوە هەر داواكاری و ناڕەزايەتييەكی جەماوەری لە ئێران و هەنگاونان بۆ رزگاربوون لەم هەموو ئازار و ناخۆشييانە، لە پێويستيی رووخانی ئەم رژێمەوە دەست پێدەكات.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت