شێرزاد شێخانی: لە پەراوێزی وتارەكەی هەلۆ ئیبراهیم ئەحمەددا.
نامەكەی كاك هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد كە ئاراستەی كاك قوباد تاڵەبانی جێگری بەناو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردبوو، هەقیقەتێك سەلمێندرا كە ساڵانێكە سەرانی پارتی و نوسەرەكانی دەرباریان” نان و پیاز”یان پێ ئەخوارد، كاتێك لەلێدوان و وتارەكانیاندا تەئكیدیان لەسەر ئاگاداری سەركردایەتی یەكێتی ئەكردەوە لەدۆسیەی نەوت و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی ئەم میللەتە. تەنانەت جەماوەرەكەشمان بەچەواشەكارییەكانی پارتی و نوسەرەكانی تا حەدیك هەڵخەڵتێنرابون كە میللەت بەعام یەكێتی بەشەریكەبەشی دزیەكانی دەسەڵات بزانن.. ئەم نامەیە كە بەئیمزای كەسایەتیەكی دیاری كوردستان بڵاوكرایەوە تەحەددایەكی گەورەبو بۆ ئەو كەسانەو سەلمێنەری ئەو راستیەش بو كە لەدەیان وتاردا خۆم باسم كردوە كەوا یەكێتی وەكو حزب شەریكە بەشی دزیەكانی دەسەڵات نەبوە.. پێشترو ئێستاش هەمان بۆچونم هەیە، چونكە هیچكات یەكێتی وەكو شەریكێكی راستەقینەو ستراتیژ لەلایەن پارتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكراوە، بۆیە سەركردەكانی یەكێتی دەمێكە باسیان لەكۆتاهاتنی رێكەوتنە ناهاوسەنگە ستراتیژییەكەیان لەگەڵ پارتیدا كردوەو بەمردوو حسێیان كردوە.
پارتی هەروەك رەفتارە دیكتاتۆری و تاكڕەوییەكانی خۆیەوە هەمیشە لەپشتی پەردەوە رێكەوتنی گوماناوی لەگەڵ ئەم ئەودا كردوەو، بەبێ ئاگاداری یەكێتیش هەمیشە بەردەوام بوە لەدزینی سەروەت و سامانی میللەت.. ئەگەر ئەپرسن بۆچی یەكێتی بەم حاڵەوە رازی بوە، وەڵامەكەم پێشتر داوەتەوە كە وتومە” لەترسی هەڵگیرسانی شەڕی براكوژی” یەكێتی بێدەنگی كردوە، چونكە هیچ كەسێك بەقەدەر یەكێتی شارەزای ئاكارو ئەخلاق و رەفتاری پارتی نیە، باش ئەزانێ بۆ دەسەڵاتو پارە ئامادەیە گەورەترین خییانەت لەمیللەتەكەی خۆی بكات بەگەڕاندنەوەی شەڕی ناوخۆشەوە. پارتی كە لەسەر پێنج دوكانی قەڵادزی ئامادەی شەڕێكی كاولكەری ناوخۆ بێت، هەڵبەت ئێستا سڵناكاتەوە لەو شەرە لەسەر ئەم هەمو ملیارات دۆلارەی مانگانە ئەیدزێت، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا بێتە دەنگو سامانە دزراوەكانی بنەماڵەی بارزانی ئاشكرا بكات و بڕیاری موسادەریان بدات كە تەنها بەشی دوو كەسی بنەماڵە (مەسعود بارزانی و هوشیار زیباری) خۆی لە 80 ملیار دۆلار ئەدات.
بابگەڕێینەوە سەر مەسەلەی نەوتەكەمان.. من پێموایە بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی بەشیان لەو سامانە دزراوەدا هەیە، هەر لەتانكەری نەوت گواستنەوەو پشكەكانیان لەپاڵاوگە ناشەرعییەكانەوە، تا تەندەری پرۆژەكان و ئەو جانتا دۆلارانەی ئەچێتە ماڵەكانیان لەبری كڕینی ویژدانیانەوە، بەڵام وەك سەركردایەتی یەكێتی هیچ بەشێكی لەم دزینانەدا نیە، نامەكەی كاك هەلۆ تەحەددایەكی گەورەبو بۆ ئەوانەی دەیانوت یەكێتی بەشی لەو نەوتەدا هەیە. پارتی تا ئێستا توانیویەتی بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی بەپارەی دزراوی نەوتەوە بۆ لای خۆی رابكێشێ، بۆیە ئەمرۆ ئەبینین هەر ئەو سەركردانەن شێلگییرانە دیفاع لەپارتی و نزیكبونەوەی یەكێتی لەگەڵیدا ئەكەنو ئەیانەوێ بزوتنەوەی گۆڕانی هاوسەنگەری خۆیان بەلاوە بنێن چونكە گیرفانی گەرم نیەو بەرەو پارووە چەورەكە هەنگاو ئەنێن و سندانیش لەمیللەت.
پارتی لەجیاتی ئەوەی لێدوانەكانی چەند ساڵی رابردوی خۆی بسەلمێنێ كە وتویەتی یەكێتی شەریكە دز بوە لەگەڵیدا، بەهەناسە تەنگییەوە كەوتۆتە خۆی بۆ چەواشەكردنی میللەتو لەككەداركردنی كەسایەتی كاك هەڵو و بنەماڵەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، رۆژنامە بەخۆڕا دابەشكراوەكەی بەناو( هەولێر) بەدزینی وتاری سایتێكی قێزەونی وەكو”خواكورك”سەروتارێكی نوسیوە گوایە هێرش دەكاتە سەر كەسایەتی كاك هەڵۆ و خانەوادەكەی، نوسینەكە پێشتر لەو سایتە بێزراوەدا بەناوی” وەڵامێك بۆ هەڵۆی برایم ئەحمەد “بەئیمزای”چاودێرێك” بڵاوكراوەتەوە. سەرنوسەری رۆژنامەی هەولێر بەدەستكارییەكی كەمەوە هەمان ئەو وتارەی كردۆتە سەروتاری رۆژنامەكەی لەژێر ناونیشانی” هەلۆ برایم ئەحمەد، تۆ كێیت؟. جا ئەو سەرنوسەرەی هەولێر زۆر باشتر لەخەڵكیتر ئەزانێ مامۆستا برایم ئەحمەدو خانەوادەكەی كێن، زۆر باشتریش ئەزانێ كاك هەلۆ یەكێك بو لەو كەسایەتیە ئازایانەی لەكاتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی هەرێم ركابەری سەرۆكە دیكتاتۆرەكەی حزبەكەی ئەو بو، لەوەش باشتر ئەزانێ مامۆستا برایم ئەحمەد خاوەن ئەكادیمیای شۆرشگێڕییەتی و خەباتی كوردایەتی و بەرخۆدان و نیشتمانپەروەری بوەو، ئاغاكانی خۆیشی لەحوجرەی خۆفرۆشی و خییانەتكاری و نیشتمانفرۆشی.
سەرنوسەری هەولێرپۆست بەمافی كەسێكی ئەم ولاتە نازانێ پرسیار لەبارەی سامانی میللەتەكەیدا بكات و، ئەو مافە تەنها بەقەڵەمە بەكرێگیراوەكانی خۆیان و حكومەتە شكستخواردوو وەزیرە دزەكانی خۆیانی ئەزانێ، ئەو كە” كوردستان پۆست” بەجنێوخانە وەسف ئەكات، بیر لەدرۆخانەكەی خۆیان ناكات هەر لەسەرۆكی دەوڵەتە چاوەڕوانكراوەكەی چوار پارچەی كوردستانەوە تا دەگاتە رۆژنامە رووزەردەكانیانەوە.
ئەم میللەتە خەوتوەی ئێمە بەوتارو هەڵوێستەكانی كەسایەتی وەكو كاك هەڵۆو شانازخان و بەشێك لەسەركردە ئازاو بوێرەكانی یەكێتی و حزبە بەهەڵوێستەكانی ترو میدیای ئازادەوە بەخەبەر هاتۆتەوەو راستی دزین و بەتاڵانبردنی سەرەوەت و سامانەكەی ئاشكرا بوە، بۆ وەڵامی سەروتارەكەی هەولێر پۆستیش تەنها ئەو دێرە شیعرەی نەزار قەبانی ئەهێنمەوە كە فەرمویەتی” كاتێك بیرمەند ئەبێتە زوڕناژەنی دەسەڵات، بیرو پێڵاو یەكسان ئەبن بەیەك”.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts