عیماد عەلی: پارتی و بنەماڵەی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد.
بە چوکڵ* تێدانی زیاتر بۆنی دێت و هاراوی لێ بەرزدەبێتەوە، بەڵام شتی رۆژانە ناچارت دەکات قسە بکەیت. ئەوەتا پارتی بە هیچ شتێکەوە ناوەستێت، تەنانەت لە پێناو مانەوە و بەردەوامیی زاڵبونی خۆیدا دەیەوێت جیاوازی بخاتە نێوان دوو خێزانی لێکئاڵاودا کە بە رکابەری خۆی دەزانێت، تەنها لەبەر ئەوەی هەندێک رای دلسۆزانە و بیروبۆچونی جیاواز لە ئەندامانی ئەو خێزانەوە دەبیستێت، کە لەبەرژەوەندی ئەودا نیە و دەیەوێت مێژوو ئاوەژوو بکات و ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەودا بێت بێ سڵ کردنەوە بیخاتە بەر تیری کۆنە رق و کینەی خۆی و ئامانجی سەرەکی ئەو کەمکردنەوەی کاریگەری راوبۆچونە بەهێزەکان و لێکترازانی یەکدەنگی خاڵکانی خاوەن هەڵوێستە.
ئەوەی هەندێک لەمێژووی ژیانی برایم ئەحمەد بزانێت، دەزانێت تیکۆشەرێکی لەخۆبردووی خاوەن رۆشنبیریەکی باڵا بووە کە ئەو بارە نالەبارە و جموجوڵەی ئەوێ کاتێی بە شۆرش ناونوسکراوە پێ قبوڵ نەکراوە و هەڵوێستی باورەپێکراوی خۆی نواندووە. لەبەر چەندین هۆکاری سەرەکی، کە ئێستا و لەم کاتەدا ناکرێت باس بکرێت زۆر شت بەلارێدا براوە و ، تەنانەت بزوتنەوەکەش بە جەلالی ناسراوە.
ئەمرۆ هیچ نەماوە پارتی خۆی لەقەرەی بدات و خەڵکی پێ مەشغوڵ و چەواشەبکات، ئەم مشتومرەی ماڵباتی برایم ئەحمەد و تاڵەبانی نەبێت و، خەڵک دەزانێت ئەو نوسینەی رۆژنامەی هەولێر لە کوێوە دەرچووە و ئاشکرایە سەر بە چ دەزگایەکە. پاش ئەو هەڵوێستەی هەڵۆی برایم ئەحمەد، وەک ئەوەی پارتی هەنگَوینی لەداردا دۆزیبێتەوە لە جیاتی ئەوەی راستەخۆ وەڵامی هەڵۆ بداتەوە بە ئاشکرا ئەو قین و رقە کۆنەی بەسەر برایم ئەحمەد دا رژاندووە بێ ئەوەی لە عورف و عادات و کەلتوری کوردەواری حاڵی بێت، یان هەر هیچ نەبێت بە ناوی بەرگری لە قوباد تاڵەبانی هێرش نەکاتە سەر باپیری، کەهەموو کەسێک دەزانێت مەبەست لەم بەرگری و هێرشکردنە لە هەمان کاتدا چیە. ئا ئەمەیە لێت دەدەم و ژیریشت دەکەمەوە و ئەو ئامانجەش دەپێکم کە لە ناخدا مەبەستمە. لێرەدا تەنها ئامانج لێدانی بزوتنەوەیەکی گەورە و کەسایەتیەکی گەورە، کە تەنها لە ژیانیدا لەگەڵ تۆدا نەبووە و بە قسەی نەکردویت و داوای لێبوردنی لێ نەکردووی و خۆی بە هەڵە نەزانیوە و لە پێناو شۆرشێکی پاک و خاوێن و رۆشنبیریەکی باڵا خەباتی کردووە. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەوەی برایم ئەحمەد خۆی باوەری پێ نەبووە تۆ لەسەر ئەرزی واقیع بیچەسپێنیت، واتە بنەماڵەیی لە بیرو فکری ئەودا نەبووە ئەگەر ئێستا لە دونیادا مابایە قەت رێگەی نەدەدا کە بەناوی ئەوەوە ئەوەی دژی بووە بکرێت لە پێشەوەی ئەوەش کاری سیاسی لەسەر بنەمای بنەماڵەیی. لەم جۆرە نوسیناشەدا بۆمان دەردەکەوێت کێ خەتی سوری بەزاندووە و کێ بەرژەوەندی میلەتەکەی لەبەرچاو نیە و کێیەلە پێناو خۆیدا هەموو کارێک دەکات و بە زیندوو مردووەوە ناوەستێت و کای کۆن و رق و کینەی هەڵدەرشێت. کاکە تۆ بەرگری لە قوباد مەکە و بەناوی ئەوەوە دژی خاڵیشی مەوەستە کە ئەمەت مەبەستە و بەس.
چوکڵ: واتە تولە دارێکی باریکی بچوک