شەنگار سابیر: شین گەرمترین رەنگە.
دەبێت پێش هەر شتێک ئاگاداری ئەوە بین ( سینەما) دەرە تەفسیر و فرە دەلالەتە، سینەمایەک نیە کە هەڵگری ستراکچەری ئیشکردنی تایبەتی خۆی نەبێت، سینەمایەک شک نابەین لەدەرەوەی Context بتوانێت مانا بەرهەم بێنێت. لەڕاستیدا دەبێت سەرەتا بەو پرسیارە بنەڕەتیە دەست پێ بکەین، ئایا سینەما لەخزمەت psyche ـی دایە؟
ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە بەرینە دەرەوەی مێژوو ( نەژاد) ئەوا ڕاستەوخۆ بەر ڕەگەزە دژەکانی دونیایی نا – ( psyche رۆح)دەکەوین. ئەم جۆرەش لە دەرگیر بوون و تەماهی کردن لەتەک سینەمادا رەگەزێکی (مرۆی- نا میتافیزیکی) دەیجوڵێنێت و وە گەڕی دەخات. ئەم رەگەزە نا میتافیزیکیە لەدەرەوەی کرۆک و چرکەساتە فەلسەفیە نا کەینونەیەکاندایە. بەو مانایەیی پاڵەوان وەختایەک دەیەوێت لە ڕەگەزی (رۆح) هەڵگەڕێتەوە و بنەڕەتیترین پرسیارە وجودیەکانی خۆی بکات، مانا و کۆنسێپەتەکانی پاڵەوان دەگۆڕدرێت، بەو مانایەیی پاڵەوان لە دوای هاتنە دەرەوەی لە کرداری بە رۆح بوون ، یەکەم پرسیاری ( Existence ) خۆی دەکات، ئایا بوونی من هەڵگری ئەو رەگەزە میتافیزیکیەیە کە پێچەوانە پەسەند ناکات؟
یاخود من دەتوانم بە ( ویستی بوونی من) دژ بەو رەگەزە بوەستم و بیر لە بوونی ئەویتر بکەمەوە، بێ ئەوە نەژادی بوونی من رێگەی بەوە دابێت؟ (شین گەرمترەین رەنگە) دەرهێنەری (تونس)ـی (عبداللطیف کشیش) کاری دەرهێنانی بۆ کردوە. تێکستی شین گەرمترەین رەنگە لە نوسینی (جولی مارا)یە و یەکێکە لە و تێکستانەی سەربە بۆتیقای ( homosexuality)یە.
Adèle Exarchopoulos کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە ، هەڵگری جۆرێک لەو قەلەقەیە، کە بوونی پرسیارە ئۆنتۆلۆگیەکە بەرهەم دەهێنێت. پاڵەوانی فیلمەکە بەدەر نیە لەو هەبووەی بەردەوامی بەرەگەزی میتافیزیکی مرۆی دەدات، وەلێ ئەم کارەکتەرە نامۆیە دەیەوێت کۆنتێکست بگۆڕێت و بوونی خۆی پەیوەستی بوونی ئەوانیتر نەکات. دەیەوێت بەشێک نەبێت لە ماشینی دونیایی کۆن و ئەخلاقی رەگەزی. هەموو ئەم کردە بوونخوازانەیە لە پێنا و بەرگریکردن دایە لە ( بوونی سەربەست) هەوڵەکانی کارەکتەری فیلمەکە تەنها پیشمەرجێکە بۆ بوونی پرۆژەیەک کە بەردەوام بۆتە کێشەی جیهانی کۆن و نوێ، پێشمەرجێکە بۆ بوونێک کەدەیەویت ویستی خۆی لەدەرەوەی ویستی ئەوانیتر تاقی بکاتەوە . ئەگەر ئەم ویستە ببێتە پێشمەرجێک بۆ بوونێکی ئۆنتۆلۆگی ،ئەوا مافی ئەم هەبووەیە کە یەکەمین هەوڵی خۆیبدات بۆ بە سەنتراڵیزەکردنی خۆی، یەکەمین هەوڵی خۆی بدات
بۆ ئەوەی خاوەنی بوونێکی سەربەست بێت.
بێشەک لێرەدا دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر دوو چەمک کە ( تۆمای ئەکوینینی) تەفسیریان دەکات و هەوڵدەدات بۆ ئەو بوونەی بەکاربەریت کە لەنێوان ( بوون)و کردارە بوونخوازیەکاندا پرسیار دەکات و دەیەوێت بوونی خۆی لەناو خۆیدا و بۆ چێژ و غەریزە سێکسواڵیەتیەکانی ژیانی پەیڕەو بکات.
تۆمای ئەکوینینی هەردوو چەمکە لاتینیەکە وەک خۆی دەهێڵێتەوە و دایان دەنێتەوە ،ئەوانیش بریتین لە (esse-ens) پاڵەوانی فیلمەکەی (شین گەرمترین رەنگە) دەیەوێت سێکسێکیتر تاقی بکاتەوە، دەیەوێت لەدەرەوەی سێکسی ئاسای جۆرە چێژیکیتر تاقیبکاتەوە، کە بەرهەمی قەلەق و ترس و پرسیارە کەینونەیەکانی هەر ئینسانێکی سەنتراڵە، بۆیە پاڵەوانەکەی ئێمە یەکەم کرداری و یەکەمین هەوڵدانی بۆ بوون بە( esse)، لێرەوە ماخۆلیای کارەکەتە رەکە دەردەکەوێت و دەیەوێت بەم بە خۆ بوونە شتێکی تر
تاقی بکاتەوە. کردەی تاقیکردنەوەکەشی بەرهەمی ماخۆلیا وجودی و خۆ بە سەنتراڵ زانینەکەیەتی کە دەبێتە (ese)، بەم جۆرە واتا پراکتیزەی ماخۆلیا و غەریزە ( دیۆنۆزیسی) ـیە کەی ناو خۆی دەکات و نوقمی ئەم چێژە تەریک و پەنها نە دەبێت.
کەوا بوو لێرەدا سینەمای فەرەنسی خۆی بە دور دەگریت لەو پرسیارە بنەڕەتیەی کە لە پێشدا و لەسەرەتاوە کردمان. سینەمای فەرەنسی جۆرە دونیایەکی تر دەهێنێتە ناو بینەرەوە کە بەردەوام دەیەوێت پرسیار بکات، دەیەوێت چرکەساتەکانی بینینی بۆ سینەما بگۆڕدرێت، بینەری سینەمای فەرەنسی چاوەڕوانی ( ئایرۆنێك) ناکات لەناو فیلمەکانیدا، بەڵکو بەردەوام بە دوای وجودیترین چرکەساتەکانی بینینی خۆی دەگەڕێت لەناو چاوی کامێرا فەرەنسیەکاندا. دونیایی سینەمای فەرەنسی و بەتایبەت ئەم فیلمەی ئێمە باس و خواسێکمان لەسەری کرد ، لەدەرەوەی کۆنتێکستی رۆح و عیرفان و شەڕی ترادسیۆنی (چاکە و خراپە) ـیە، فیلمێکە لەدەرەوەی مانا دۆگماتیزەکانی دونیایی خۆرهەڵاتی و پرەنسیپە ئەخلاقیەکانی بینەری ئاساییە.