شێرزاد شێخانی: خوزوعبولاتی بایۆمەتری.
ماوەیەكە باس باسی مەسەلەی ” بایۆمەتری” و ناو نوسینە. حكومەتی هەرێم پڕوپاگندەیەكی وا بۆ ئەم مەسەلەیە ئەكات وەكو ئەوەی ئەم پرۆسەیە قەیرانی دارایی وڵاتەكەمان كۆتا پێئەهێنێ و، ئیدی دونیا ئەبێ بەشامی شەریف و، فەرمانبەران وەكو جاران موچەی تەواو وەرئەگرن و دەمەو عەسرانیش لەسەر قەنەفە چاو و ــ كێكی ئیسفەنجی نۆشی گیانیان ئەكەن.
ئەو خەڵكانەی دو موچەو سێ موچەیان هەیە هەڵبەت بەبڕیاری مام غەفوری عارەبانچییەكەی بەردەركی شیخەڵڵاوە بۆیان نەبڕاوەتەوە، چونكە مام غەفور ئەگەر خێری هەبوایە موچەی بۆ خۆی و هاوعارەبانچییەكانی دەبڕییەوە، بەڵام ئەوانەی ئێستا دو موچەو سێ موچەیان هەیە گشتیبان لەئاستە بەرزەكانن. جارێ با واز لەمەكتەب سیاسییەكان بێنین كە هەریەكەو موچەیەكی موعتەبەری وەزیری یان راوێژكارییان هەیە، جگە لەو نەسرییە زل و زەبەلاحەیان كە تەمویلی شەوە سوورەكانیشیانی بۆ دابینكردووە. با واز لە بودجەی رێكخراوی ژنەكانیشیان بێنین، كە هەر مەسئول دوو سێ ژنی هەیەو چەندین كۆمپانیاو مۆلیان بەناوەوە كراوە، موچەی بندیواریش وەرئەگرن. با بێینە سەر ئەوانەی بەفیعلی موچە وەرئەگرن بەبێ ئەوەی یەك دەقە لە فەرمانگەكانی حكومەتدا دەوام بكەن، واتە ئەوانەی بە بندیوار ناسراون.
پێشەكی بابپرسین ئەم بندیوارییە بۆچیو لەپای چی؟.
پارتی هەروەك عادەتی خۆی لەكڕینی ویژدانی خەڵكی كە بێگومان نەیتوانیوەو ناشتوانێ سۆزی هیچ كوردێك لەم وڵاتەدا بۆ لای شیعاراتو بەرنامەی حزبەكەی رابكێشێ، تەنها لەرێگەی كڕینی ویژدانی خەڵك توانیویەتی لە هەڵبژاردنەكاندا پلەی یەكەم بێنێ، چونكە خۆیشی بەو هەمو سەروەتو سامانە دزراوەی میللەت حزبێكی دەوڵەمەندە، بۆیە ئەبینین خەڵكانێكی زۆر روی تێدەكەن بۆ پاروە چەورەكە، لەسەرەتای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمەوە پارتی بە پارەو پلەوپۆست توانی كەسانێك بۆ لای خۆی رابكێشێ. لەگەڵ بارینی ملیاران دۆلاری بەغداش دوای روخانی رژێمی سەدام كەوتە خۆی بۆ دامەزراندنی بەلێشاوی خەڵكی بۆ ئەوەی وەلائیان بكڕێ و دەنگی بۆ بدەن لەهەڵبژاردنەكاندا. بەمەش ئەوانەی ئەمڕۆ بە بندیوار حسیب دەكرێن، هەر هەمویان دەنگدەری پارتین. هەڵبەت ئەمەش مانای ئەوەنیە كەوا حزبەكانیتر بێ بەرین لەم بەش بەشێنە، بەڵكو ئەوانیش هەریەكەو بەقەدەر پێگەی خۆی لەدەسەڵاتدا هەمان سیاسەتیان پەیڕەو كردوە، بەڵام بەشی شێر بەر پارتی كەوتوە چونكە حزبێكی بێزراوە لەلایەن جەماوەرەوە تەنها بە پارەو سامان و پۆست توانیویەتی خەڵك بكڕێ.
ئێستا كە بریار وایە بەپێی پرۆسەی بایۆمەتری موچەی بندیوارەكان ببڕدرێ، من هیچكات قەناعەتم وانەبوە ئەم پرۆسەیە راستگۆیانە جێبەجێ بكرێ، چونكە پارتی هیچكات ئامادە نیە جەماوەرە دەنگدەرەكەی خۆی لەكیس خۆی بداو قەدەری خۆی بخاتە دەستی هێزێكی ترەوە، بۆیە پێموایە ئەم پرۆسەیە تەنها بۆ پاككردنەوەی لیستی بندیوارو دوموچەكانی لایەنەكانی ترە نەوەك ئەوانەی پارتی. ببینن دوای تەواوبونی پرۆسەكە كێ بەر ئەو حەملەیەی پارتی ئەكەوێ لەنانبڕین و موچەبڕین، هەر خۆشتان ببینن بزانن ئایا دو موچەو سێ موچەی كادیرو ئەندامان و بندیوارانی پارتی ئەبڕێن یا هەر وەكو خۆیان ئەمێننەوە؟
با چاوەڕوان بین.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts