بەهرۆز جەعفەر: حەشدی شەعبی و ناوەندی بیرکردنەوەی کورد!
زیاد لە جارێک پرسی دابەشبونی هەرێمی کوردوستانم وەک ئەگەرێکی بەهێز باسکردووە، وە جووڵاندووە بە ڕێگای ئامرازەکانی میدیاوە، تا ئەوەی زیاتر لەوەی کە هەیە بە هێڵێک لە پێنجوێنەوە تا ئەگاتە دووز خورماتوو، ببێتە پێگەیەکی سەربازیی ئێران، دیارە ئەمە بەشێکی بەرئەنجامی سێرچ و زانیارییە وەک توێژەرێک، بەشێکیشی پێدراوە ناوچەییەکان… ئێستا:
یەکەم: نەک لە کەرکوک، لە چەمچەماڵ یش حەشدی شەعبی خەریکی فەوج و سریە دروستکردنە، ئەوەشی ئەمە ئەکات، ئەوانەن پێگەی عەشایەرییان هەیەو سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردوستانن. ئەم نووسینەش وەک تەحەدا بۆ یەک دوو ئەندامی سەرکردایەتی ئەم حزبە، کە ئەوەندەی ئیتڵاعاتن ئەوەندە یەکێتی نیین، ئەوەندەی لە ئێرانن لە ماڵی حزبەکەیان نیین. کەسیش نییە موحاسەبەی ئەمانە بکا لەناوخۆدا.
دووەم؛ واشنینگتۆن ئیستیوت -Washington Institute نوسیویەتی؛ سەرەڕای دەرفەتە مێژووییەکان، کورد ئەمجارەش بەهۆی نەبونی دامودەستگەو هەبونی گەندەڵییەوە، دەرفەتی گەورەیان لە دەستچوو، بەپێی ئەم پێگە ناودارەی ئامریکا، بەهۆی سیاسەتی هەڵەو خراپی پارتی و یەکێتیەوە، بۆشایی دروست بووە، لەئەنجامدا خەڵکی باشور یان ئەبن بە پەکەکە یان حەشدی شەعبی کە هەردووکیان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشت ئەکرێن، دوورنییە شەڕی ئەهلی و ناوخۆیی ڕوو نەدات.
سێهەم؛ ناوەندی بیرکردنەوەی کورد هێندە لاوازە، کە فەیسبوک و موزایەدەی شەخسی و حزبی تێ ناپەڕێنێت، هەرکەسیش فەیسبوک گەورەی بکات، یان کردبێ، ئەوا بە فەیسبوکیش بچوک و بەتاڵ ئەبێتەوە، من پێموایە بارودۆخەکە لەوە دژوارتر ئەبێت، سادەترین نمونەیەک لە ئایندەیەکدا کەرتی تەندروستی ئەدەن بە کەرتی تایبەت، ئیتر حکومەت و نەخۆشخانە نەشتەرگەریی و چارەسەر ناکات، ئەوەی دوو ملێونی نەبێ نەشتەرگەرییەکی سادە بکات، ئەبێ لەسەر شەقامەکان لە پەلوپۆ بکەوێ، تا گیانی دەرئەچێت، حاڵی حازر خەریکن ئامێرو کەرەستەی نەخۆشخانەکان ناهێڵن. جا بۆیە ئەمەش لە پەلوپۆخستنی کۆمەڵگەیە لە ڕێگەی خراپترین گریمانەی سەرمایەدارییەوە، تا ڤایرۆسەکان زوو کۆمەڵگە بتەننەوە. ئێوەش خەڵکینە چاوەڕێ بن بزانین کەی پارتی لوتف ئەکاو، دادە شاناز جواب باتەوەو، باڵەکەی تر بڵێ وانییەو، ئەمەکەی تر بێژێ دوو هەفتەی تر لایەنەکان گرد ئەبنەوەو،،،، تا دوایی دێت.
هەفتەی ئایندە لەدوو کەناڵی ئاسمانی ئەم باسە ختوکە ئەدەم، لە میانەی دوو چاوپێکەوتنی میدیاییدا”