عەتا قەرەداخی: هەڵوێستی تەوافوقی، یەکێتی نیشتیمانی دەکات بە حیزبی شیوعی عێراقی.
ئەمڕۆ جارێکی تر گوێم لە لێدوانەکانی کاک سەعدى پیرە بوو سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی و نەخشە رێگاى یەکێتی بۆ ساڵی 2017، کە ئەوەى تیا بەدى دەکرێت یەکێتی ناتوانێت بڕیار بدات. ئەوە ئاشکرایە هیچ ئومێدێک نیە بۆ ئەوەى پارتی و بزووتنەوەى گۆڕان بتوانن پێکەوە هەنگاوى بەرو نزیکبوونەوەو پێکەوە کارکردن بنێن، ئەویش لەبەر هۆیەکی زۆر سادە ئەویش ئەوەیە، لەوە ناچێت پارتی هیچ تەنازولێک بۆ گۆڕان بکات، بەڵکو نایەوێت گۆڕان بەشدار بێت لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا. تاکە ئەگەرێک کە بشێت لێکنزیکبوونەوەى ئەم دوو لایەنە درووست بکات، ئەوەیە گۆڕان تەنازولی زۆر گەورە بۆ پارتی بکات و بە هەموو داواکارییەکانی پارتی رازى بێت، کە ئەمەش پێموایە شتێکی چاوەڕوان نەکراوە. کەواتە یەکێتی لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا کە هیچ ئەگەرێکی لێکنزیکبوونەوەیان نیە چی دەکات؟ بێگومان ئەگەر واقیعیانە لێی بڕوانرێت تەنیا کات بە فیڕۆ دەدات. هۆکارەکەشی ئاسانەو ئەوەیە ناتوانێت دەستبەردارى بەرژەوەندییەکانی بێت لەگەڵ پارتیدا. لە هەمان کاتدا لە ترسی قاعیدەى حیزبەکەى ناوێرێت بە ئاشکرا ئەو بەناو رێکەوتنەى لەگەڵ گۆڕان کردوویەتی هەڵبووەشێنێتەوە. لە بارێکی وەهاشدا لەلایەک گۆرانی بە باڵای رێکەوتنی ستراتیژى چەندین ساڵەیدا لەگەڵ پارتیدا دەڵێت و لەلایەکی تریش گۆرانی بە باڵای رێکەوتنەکەى لەگەڵ گۆڕاندا دەڵێت.
هەرچەندە من پێموایە ئەوەى لەگەڵ گۆڕان کردوویەتی رێکەوتن نیە، بەڵکو لە غیابی مام جەلالدا هەژموونی دەسەڵاتی رابردووى نەوشیروان مستەفا لە کۆنەستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادیرانی پێشکەوتووى یەکێتیدا ژیاوەتەوەو وەکو تارماییەکی ترسناک بەسەر سەریانەوە وەستاوەو ناتوانن خۆیان لەو هەژموونەى سکرتێرى ئەوساى کۆمەڵەو سکرتێرى دووبارەى یەکێتی دەرباز بکەن. هەموو هۆکارى نەتوانینی پشتکردنی سەرکردایەتی یەکێتی لە گۆڕان لە ژێر کاریگەرى ترسی رابردوویاندایە لە نەوشیروان مستەفا، ئیتر هەر پاساو و بیانوویەکی تر بهێننەوە بۆش و بێ واتایە. کەواتە ئەگەرى ئەوە نیە لەم بارەى ئێستایدا یەکێتی بتوانێت بڕیارى یەکلاکەرەوە بدات. ئەوەش وادەکات کە بارودۆخی هەرێم بەم شێوە هەڵواسراوەى ئێستا بمێنێتەوە. لە راستیشدا زەرەرمەندى یەکەم سەرئەنجام لەم بارەدا یەکێتی نیشتیمانی خۆى دەبێت و سوودمەندى یەکەمیش پارتیە. سەرئەنجام گۆڕان و کۆمەل َو یەکگرتووش لەسەر خاڵێک راوەستاون کە خاڵی شلۆقی خەونبینینە بە گەڕانەوە بۆ نێو ئەو دەسەڵاتەى کە بەردەوام بەگەندەڵ ناوى دەبەن و حەزى گەڕانەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون، بەڵام نەتوانینی بڕیاردان و نەتوانینی دەستبەرداربوونی بەرژەوەندییەکانیان لە حکومەتدا نایەڵێت ئەمانیش بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن.
ئێستا دەربازکردنی بارودۆخی چەقبەستووى کوردستان لە دەستی یەکێتیدایەو مانەوەشی بەم شێوە شلۆقە لە ئەستۆى ئەودایە. یەکێتی دەتوانێت یەکێک لەم دوو بڕیارە بدات و بارودۆخەکە بگۆڕێت بۆ ئاستێکی تر. ئەویش بە بڕیارێکی بوێرانەو خۆڕزگارکردن لەم حاڵەتی تەوافوقیە، کە بڕیارەکەش یەکێکە لەم دووانە. یان پشت لە گۆڕان بکات و لەگەڵ پارتی رێکبکەوێت بۆ بەڕێوەبردنی کوردستان بە شێوەیەکی جیاواز لەمەى ئێستا. یان پشتکردن لە پارتی و هەڵوەشاندنەوەى رێکەوتنەکانی لەگەڵ پارتی و رێکەوتن لەگەڵ گۆڕان و کشانەوە لە حکومەت و کۆى پنتەکانی دەسەڵات. بێجگە لە بریارێکی لەم جۆرەش کۆى کۆبوونەوەو قسەو لێدوانەکانی یەکێتی بێجگە لە درێژەدان بەم بارە ناهەموارەى کوردستان هیچی تر بەرهەم ناهێنێت. بێگومان نەتوانینی وەرگرتنی بڕیار لەلایەن یەکێتیەوە سەرئەنجام یەکێتی لە یەکێتیەوە دەگۆڕێت بۆ حیزبێکی وەکو یەکگرتووى ئیسلامی و سەرئەنجام ئەو پێگەو رۆڵەى کە لەسەردەمی مام جەلالدا هەیبووەو تاکو ئێستاش کەمێکی ماوە، بەتەواوى لەدەستی دەدات. بۆیە ئەگەر یەکێتی بیەوێت لەوەى ئێستاى لاوازتر نەبێت و نەبێت بە حیزبی پەراوێز، دەبێ خۆى لەو حاڵەتی تەوافوقیە رزگار بکات و بڕیار بدات. ئەم بارەى ئێستا یەکێتی تێدایە لەگەڵ جیاوازى قۆناغەکەو سرووشتی ململانێکاندا، هاوشێوەى هەڵوێستی حیزبی شیوعیە لە دواى شۆڕشی چواردەى تەموزى 1958، کە سەربارى جەماوەردارى حیزبی شیوعی لەو کاتەدا، بەڵام نەتوانینی بڕیاردان ئەو حیزبەی بە شکست لە دواى شکست سپارد، بۆیە ئەگەر یەکێتی نیشتیمانی نەتوانێت یەکێک لەو دوو بڕیارە بدات، ئەگەرى ئەوە هەیە بەهەمان چارەنووسی حیزبی شیوعی عێراقی بگات.