شێرزاد شێخانی: رێبوار كەریم هاوسەرۆكی پارتی.
وتاری ئەمدواییەی رێبوار كەریم وەلی موفاجەئەیەكی زۆر گەورەبو بۆ من.. وەكو بۆمبێكی ئەتۆمی وابو.. چونكە قەت نەمزانیوە لەناو پارتیدا كەسێك هەبێ جورئەت بكا سیاسەتەكانی پارتی دابرێژێت نەك لەسەر ئاستی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، بەڵكو لەناو خودی بنەماڵەشدا لەغەیری جەنابی سەرۆك و كوڕەكەی كەس خاوەن بریار نین، چ جای كۆیلەو كادیرە قەڵەمفرۆشەكان. لەراستیشدا زۆر خۆشحاڵم كەوا لەناو پارتیشدا كادیرێكی ئاوا ئازاو جەربەزە دەركەوێ شان لەشانی خودی بارزانی بدا لەبریاری سیاسیدا.
ئەوەتا كاكە رێبوار لەموستەهەلی وتارەكەیدا ئەفەرموێ: كاسەی سەبری پارتی بەرامبەر بەیەكێتی لێی رژاوە. ئەم وتەیەی تەنانەت سەرۆكەكەشی هێشتا نەیوتوەو، لەوەش ناچی كاسەی سەبری ئەو لێی رژابێ، چونكە بەقسەی خودی وتەبێژەكەی پارتی هێشتا چاوەڕێی یەكلایی كردنەوەی هەڵوێستی فەرمی یەكێتین لەسەر ئاستی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی ناوەندی بۆ ئەوەی گەڕێكیتری دانوستان لەگەڵ یەكێتی دەستپێبكەنەوە، كەچی كاك رێبواری هاوسەرۆكی پارتی تەحەمولی نەماوەو پەلەیەتی لەرێكەوتن لەگەڵ یەكێتی.
جورئەتی ئەو برادەرە كە لەوە ئەچێ لەژێر تەئسیراتی كحوولییەوە لەژووری خەوتنیەوە وتارەكەی نوسیبێ گەیشتۆتە ئەو حەددەی ماوەی یەك هەفتە بداتە یەكێتی، هەڕەشەی ئەوەشی لێبكات كەوا لەهەولێرەوە دەست بە تەسفییەی یەكێتی ئەكات ئینجا حزبەكانی تر، وەك ئەوەی یەكێتی میوانی هەولێر بێ، یاخود تەنها كونسڵگەرییەكی لەوێ هەبێ و بەبریاڕی كاكە رێبوار 48 سەعاتی بۆ دائەنرێت بار بكا و هەولێر بەجێ بهێڵێ.
ئێمە ئەزانین كاكی نوسەرو حزبەكەیشی كوێیان یەشێ، ئەو شین و شەپۆرەی لەداخی نزیكبونەوەی یەكێتی و گۆڕانە كە بەرەغمی ئەنفی كاكە رێبوارو حزبەكەشی بەرەو هاوپەیمانییەكی راستەقیینەوە ئەچن، نەوەك رێكەوتنە ستراتیژییە موززەیەفەكەی خۆیان لەگەڵ یەكێتدا، دوور نیە بۆ یەكگرتنەوەش بێ، ئیدی با بۆ خۆیان هەر قوڕ بپێون و هەریسە دابەشبكەن و جلیان بدڕێنن.
سەیرە پارتی ئەوە ساڵ و نیوێك زیاترە یارییەكی قێزەون لەگەڵ لایەنەكان و جەماوەر ئەكا ئەویش كات كوشتنە بە زنجییرە درامای ( كۆبونەوەو دانوستان)، ئێستا قەڵسبوە بە دوا كەوتنی یەكێتی لەبریاری هاوپەیمانێتی لەگەڵیدا، كە ئەمەش مەسەلەیكی چارەنوسسازە بەنیسبەت یەكێتییەوە، چونكە بە ئەمری واقیع ئێستا یەكێتی لەگەڵ گۆڕان رێكەوتننامەی هەیەو لەزۆنێكدا شەریكە دەسەڵاتن، لەو لاشەوە وەزعەكە وا ئەخوازێ لەگەڵ پارتیشدا جۆرێك تەفاهومی هەبێ بۆ ئەوەی وەزعی میللەتەكەی لەوەش خراپتر نەبێ.
یەكێتی ئەوەندەی پێویستی بە گۆڕانە بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی خۆی و زۆنەكەی، ئەوەندە پێویستی بەرێكەوتنی پارتی نیە كە جارێكی تر بیكاتەوە پاشكۆی خۆی و لەپەرلەمان وادەی سەرۆكەكەی بەسەفقەیەكی نوێوە درێژ بكاتەوە و، هاوبەشی بكات لەحوكمی دیكتاتۆرییانەی فیفتی فیفتی جاران و چاوپۆشی لە پارتی و دزی و فزییەكانی بكات.
پارتی ئەگەر ئەیەوێ لەگەڵ یەكێتی رێكبكەوێ، ئەگەر نیازی پاكەو ئەیەوێ ئەم وەزعە نالەبارەی میللەتەكەمان چاك بكاتەوە، با لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و لایەنەكانی تر بەیەكەوە رێبكەوێ، لەوەش زیاتر هیچیتری دەستناكەوێ، جا یا ئەوەتا هۆش بێنێتە سەر خۆی و سازش بكا، یاخود كودەتایەكی تری هاوشێوەی كودەتاكەی پەرلەمان بەسەر یەكێتیشدا بكات و بەبڕیاری كاكە رێبواری هاوسەرۆك تەسفیەی یەكێتی بكات لەهەولێرو ناوچەكانی زۆنی زەرد.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts