سەردار محەمەد: مامۆستا سەڵاحەدین و كورسییەكەی بارزانی!
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
هیچ كاتێك بەئەندازەی ئێستا ئەستێرەی بەختی بارزانی گەشاوە نەبوە، هەنوكە كە دو ركەبەری بەهێزو سەرەكی ئەو، رۆژگاریان بەسەر عەرەبانەو لەپێخەفی نەخۆشیدا بەڕێدەكەن، بارزانی رۆژێك بۆ سەیركردنی فۆرمۆلا وەن لەئەبوزەبییەو رۆژێكیش بۆ قسەكردن دەربارەی ئایندەی عێراقو سوریا لەهاوینەهەواری داڤۆس، رۆژێكیش بۆ بینینی سەركردەكانی جیهان لەمینوشنو پاریس!
ئەمڕۆ كە رۆڵی بارزانی سنورەكانی كوردستانو عێراق تێدەپەڕێنێتو لەئاستی ناوچەكەدا سیاسەت دەكات، ركەبەرهكانی لەسلێمانی كۆدەبنەوەو مشتومڕو زۆرانبازییانە لەسەر دابهشکردنی پۆستی حێگری پارێزگارو قایمقام!
هاوكات ئێستا پاڕانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدینیش بۆ دەستگرتن بەباڵی مەسعود بارزانیو مانەوە لەسەر كورسییەكەی، شانسو بەختی ئەوی گەورەتر كردوە لەكوردستاندا، كە ماوەیەكە م. سەڵاحەدین لەهەمو بۆنەیەكدا هەر كە سەری قسە دەربارەی قەیرانی سیاسی كوردستان دادەمەزرێ، پشتیوانی خۆی بۆ مانەوەی بارزانی لەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێم دەردەبڕێو پێداگری لەسەر ئەوەش دەكات قەیرانی سیاسیو ئابوری كوردستان پەیوەندی بەكورسییەكەی بارزانییەوە نییە!
ئەم روانینو شێوازی قسەو دەربڕینانە بۆ مانەوەی كەسێك لەسەر كورسی دەسەڵات بەشێوەیەكی نایاسایی، لەهەر كوێیەكی دنیادا بكرێن دەچنە خانەی “هەڵەی ئەخلاقی”یەوە، چونكە دیموكراسی لەساكارترین پێناسەیدا بریتییە لەئەنجامدانی هەڵبژاردنو دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا. هەر هەڵبژاردنەوەو هەر درێژكردنەوەو مانەوەیەكی بارزانی لەدەسەڵاتدا لەژێر هەر پاساوو هەر بیانوییەكدا بێت، جگە لەوەی پێشێلكردنی سەرەتاییترین مافی مرۆڤە كە ئەویش هەڵبژاردنە، هاوكات “ئیغتیساب” كردنی دەسەڵاتیشە.
هەربۆیە لێدوانەكانی م.سەڵاحەدین بۆ مانەوەو سەپاندنی بارزانی جارێكیتر وەك سەرۆكی هەرێم، تەنها كوشتنی هیواكانی چارەسەری كێشەی سیاسی كوردستانو بەهێزكردنی ئەو دیدو روانینە نەشیاوەی لەناو خەڵكدا لێچاوەڕوان دەكرێ كە “ئەگەر بارزانی لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە، گوزەرانو هەلومەرجی ژیانیان باشتر دەبێت”!
بەمەرجێك م. سەڵاحەدین باش دەزانێت كە ئیحتیكاركردنی دەسەڵاتو چەكو پارەو بونی تاقەكەسێك لەسەری سەرەوەی هەرەمی دەسەڵاتدا بێ ئەوەی كەس شەریكی بێت، سەرەنجام وڵاتانی ئەم ناوچەیەی بەرەو چ رێگەیەكی داخراوو چ كارەساتێكی گەورە بردوە، ئیتر چ پێویست دەكات ریكلام بۆ هەمان سیناریۆ لەكوردستاندا بكرێت؟!
بێگومان ئەو كۆمەڵگایانەی خاوەن هێزی كاراو زیندون، رێگە نادەن سەرۆكەكان پاش تەواوبونی وادەی سەرۆكایەتییان، یەك كاتژمێری تر لەپۆستەكەیاندا بمێننەوە، چونكە مانەوەیان بەشەرمەزاریی دەزانن بۆ خۆیان.
پارتی هێزێكە ستراتیژیو هەمو جوڵەو مانۆڕو شەڕو رێككەوتنەكانی خۆی لەسەر یەك ئامانج بنیاتناوە كە ئەویش “مانەوەی سەرۆكایەتی بارزانییە”، م.سەڵاحەدینیش دێت ئاو دەكات بەم ئاشەدا، كە حكومەتو پەرلەمانی لەپێناودا پەكخراوە، که كۆی پرۆسەی سیاسیو ئابوریو دۆسیەكانی نەوتو هێزی چەكدارو ئەمنو ئاسایشو پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەم وڵاتەش ههر لەپێناوی خزمەت كردن بەو ئامانجەدا تەرتیب كراوە. م.سەڵاحەدینیش دێت ریكلام بۆ یەكێك لەو ماڵە سیاسیانە دەكات كە خۆیانو منداڵو كەسوكاریان بەشێوەیەك هەڵسوكەوت دەكەن وەك ئەوەی لەهەمو هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە زیاترو رەسەنتر بن!
هەمومان ئەو راستییە دەزانین كە بەرۆیشتنی بارزانی، دیموكراسی لەكوردستاندا دروست نابێت، بەڵام بەمانەوەی بارزانیش لەپۆستەكەیدا پرۆسەی سیاسی لەم هەرێمەدا بنیاتنانرێتەوە. مانەوەی بارزانی لەو پۆستەدا، بێ ئەملاوئەولا داڕمانی سیاسیو كێشەی یەكەمی كوردستانە، ئەگەر هەمو قەیرانەكانی كوردستان لەدو وشەدا كورت بكرێتەوە، ئهوا ئەو دو وشەیە بریتین لە”مەسعود بارزانی.
لە ئاوێنە وەرگیراوە
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە