PUK-1

کامەران وریا قانع: یه‌كیه‌تى و سه‌برى ئینقلابی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

په‌ندێكى كۆرى هه‌یه‌ ده‌ڵێت: كه‌روێشكى زیره‌ك سێ چاڵ هه‌ڵده‌كه‌نێت بۆ سه‌ر لێتێكدانى دوژمنه‌كه‌ى.

گه‌نده‌ڵى یه‌كیه‌تى له‌ بوارى نه‌وت و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانى بابه‌تێكن كه‌ جیگاى ره‌خنه‌ى توندن و عه‌یبێكى گه‌وره‌یه‌ به‌ مێژووى ئه‌و حزبه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م هێزه‌ هێشتا نووزه‌یه‌كى تیاماوه‌ كه‌ چاودێردان دڵخۆش ده‌كات. ئێستاش به‌ هه‌زاران كادیریان هه‌یه‌ كه‌ ره‌خنه‌ى توند ئاراسته‌ى ناوه‌وه‌ى یه‌كیه‌تى ده‌كه‌ن و بێئه‌وه‌ى سه‌رنه‌گوم بكرێن وه‌ك له‌ هێزێكى پارتیدا بوونى هه‌یه‌.
بۆ ئه‌وه‌ى له‌ یه‌كیه‌تى تێبگه‌یت، ئه‌بێت ته‌ماشاى به‌رامبه‌ره‌كانى بكه‌یت، ئه‌مرۆ یه‌كیه‌تى به‌ جۆرێك سیاسه‌ت ئه‌كات هه‌م پارتى و هه‌م بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان چاوه‌ڕى هه‌ڵوێستى ئه‌ون. به‌و مانایه‌ى هه‌ردوو ركباره‌كه‌ى هه‌ست به‌ ته‌نهایی و لاوازیه‌ك ئه‌كه‌ن به‌ بێ بوونى یه‌كیه‌تى له‌گه‌ڵیان. هه‌ردوو ركباره‌كه‌ى گله‌یی ئه‌وه‌ له‌ یه‌كیه‌تى ده‌كه‌ن كه‌ به‌راستى نایه‌ته‌ پێشه‌وه‌ لێیان به‌ دڵى ئه‌وان ناجولێته‌وه‌، ئه‌م دوو ركباره‌ى ئاشناى سروشته‌ تازه‌كه‌ى یه‌كیه‌تى نین كه‌ له‌ دواى دوور كه‌وتنه‌وه‌ى تاڵه‌بانى سكرتێر بۆ خۆى دروست كردوه‌. ره‌نگه‌ سیاسه‌تى یه‌كیه‌تى به‌ دڵى زۆر كه‌س نه‌بێت،گوایه‌ بریارى پێنادرێ، به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌بنه‌ پیاوى ده‌وڵه‌ت و له‌گه‌ڵ گۆرانیش ئه‌بنه‌ گه‌نجى خوێن گه‌رمى ئۆپۆسزیۆن. ئه‌گه‌ر به‌ چاویلكه‌كانى نه‌نكمان ته‌ماشاى دۆخى یه‌كیه‌تى بكه‌ین شتێكمان بۆ ده‌ر ئه‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م هێزه‌ به‌رده‌وام سه‌نته‌رى بریاردانى كردوه‌ به‌ دێوێكى ده‌یان سه‌ره‌ كه‌ به‌رامبه‌ره‌كانى تووشى دۆش داماو كردوه‌ ئاخۆ چ سه‌رێك سه‌رى راسته‌قینه‌یه‌؟.
له‌ ئاماده‌ نه‌بوونى مام جه‌لال یه‌كیه‌تى چیتر هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ ناكاته‌وه‌ و 30 حوزیرانێكى تر روو ناداته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى پارتى. به‌سه‌رنج دانێكى كورت له‌ دواى دووركه‌وتنه‌وه‌ى مام جه‌لال دۆخى یه‌كیه‌تى له‌رووى سیاسی و هه‌لوێسته‌وه‌ زۆر هێمن ترو له‌سه‌رخۆ تر بوه‌، بریاردان له‌ ناو یه‌كیه‌تى قورس بوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ بۆچونى من به‌ خالێكى باش ئه‌ژمارد ده‌كرێت( وه‌كو چالاك بوونى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كیه‌تى له‌ بریاردان له‌ نه‌خشه‌ رێگاى یه‌كیه‌تى ). ئه‌مرۆ یه‌كیه‌تى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى لایه‌نه‌كان باشه‌،ئێستاش هیواى هێزه‌كانى ترى له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنرێت كه‌ نه‌هێلێت دیكتاتۆریه‌تى پارتى هه‌موو كوردستان بگرێته‌وه‌ و بۆ یه‌كجاره‌كى بچه‌سپێت. ئه‌وه‌ نزیكه‌ى ساڵ و نیوێكه‌ له‌و كاته‌ى په‌رله‌مان داخرا،پارتى هه‌موو ته‌ماعێكى مادى و سیاسى ئه‌خاته‌ پێش یه‌كیه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ شتێك دروست بكه‌ن به‌ یارمه‌تى یه‌كگرتوو ناوى بنێن په‌رله‌مان و حكومه‌تى كوردى ،به‌ڵام پارتى بێئاگایه‌ له‌وه‌ى به‌رده‌وام به‌ تینویه‌تى ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌رى ڕه‌ش.
ئه‌مرۆ راسته‌ بریاردان له‌ ناو یه‌كیه‌تى كارێكى قورسه‌ كه‌ زۆر كه‌س به‌ بێسه‌رو به‌رى وفه‌وزا ته‌ماشاى ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ به‌شێكى راستیه‌كه‌ بێت ،به‌ڵام به‌شه‌كه‌ى ترى ئه‌وه‌یه‌ ئێستا له‌ ناو یه‌كیه‌تى ‌ كه‌سێك له‌ جیاتى هه‌مووان ناتوانێ بریار بدات ئه‌و سه‌رده‌مه‌ گوزه‌شت. یه‌كیه‌تى له‌ بریاره‌ نیشتمانییه‌كان كه‌م تووشى دڵه‌ راوكێ ئه‌بێت و زووش بریار ئه‌دات، هه‌ر له‌ ناردنى یارمه‌تى بۆ كۆبانێ و كوردانى رۆژئاوا ، تاكو ده‌نگ دان به‌ زیاد كردنى بڕگه‌یه‌ك له‌ بودجه‌ى عێراقى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و چوونه‌وه‌ بۆ به‌غدا،تاكو ئاماده‌بوونى به‌رده‌وام له‌ هه‌ر كۆنگره‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى بێت له‌ئاست هه‌موو به‌شه‌كانى كوردستان. یه‌كیه‌تى له‌و بریارانه‌ دوو دڵه‌ كه‌ ده‌زانێت به‌رامبه‌ره‌كه‌ى به‌ نیازى قووت دانین و په‌له‌ى لێده‌كه‌ن.یه‌كیه‌تى له‌ هێزێكى وه‌كو پارتى دوو دڵه‌ كه‌ ئێستاش له‌ ناوخۆیان به‌ جلالى ناوى ده‌به‌ن،له‌گه‌ڵ گۆران دوو دڵه‌ كه‌ به‌ خه‌نجه‌رى براكان ته‌ماشاى ده‌كات. ئه‌وانه‌ى چاوه‌روانى یه‌كیه‌تین كه‌ بریارى خێرا بدات له‌م دۆخه‌یه‌ ده‌بێت له‌ چاوه‌روانى گۆدۆ كات به‌سه‌ر به‌رن.
سه‌برى ئینقلابی یه‌كیه‌تى هه‌مووانى بێزار كردوه‌ له‌ سیاسه‌ت كردن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ى كێشه‌ى به‌رامبه‌ره‌كانیه‌تى كێشه‌ى خودى یه‌كیه‌تى نیه‌، چونكه‌ ئه‌‌مه‌ سروشته تازه‌كه‌ى یه‌كیه‌تیه‌.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت