دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کەلاوەیەک پڕ لەجەهل و گومان ـ پیشەسازى نەزانى و گومان.
بەشى یەکەم
کارەساتى پیشەسازى وبڵاوبوونەوەى جەهل وگومان لەوەدایە: زانیارى وداتاى ڕاست و دروست لەزانیارى ناڕاست و درۆ لەیەک جیاناکەینەوە تا ئەو ئاستەى بڕواو متمانەمان بەکۆى زانیارى و داتا ڕاست ناڕاستەکان نامێنێت: کارەساتى کۆمەڵگاى جەهلى ئێمە ‘‘ خودا تەنیا لەڕێگاى زاناى ئاینى و پەرستاگانەوە ئەبینین ’’-‘‘چارەنووسى سیاسى، گەشەى کۆمەڵایەتى و ئابوورى، کاروبارى دەوڵەتدارى و دادى کۆمەڵایەتى، تێکۆشانى ڕاستەقینەى دیموکراسى و ئازادى، پاراستنى ژینگەو مافەکانى مرۆڤ وئاژەڵ تەنیا لەڕێگاى سیاسیەکانەوە ئەبینین ’’– ‘‘ هۆشمەندى وڕۆشنبیرى وهۆشیارى ومەعریفە تەنیا لەڕێگەى ڕۆشنبیرە گەمژەکانى حیزب و میدیا نەزانە بەناو ئازادەکانى حیزبەوە ئەبینین ’’، بەڵام بەنەمانى پیشەسازى جەهل وگومان وگەڕانەوەى بڕواو متمانە بەگەشەکردنى زانیارى و زانست و تەکنۆلۆژیا: بەلۆجیکى عەقل ومەعرفە ‘‘ کۆمەڵگاى دیموکراسى- ئازادى ڕەگەزى وبیروباوەڕ- ژینگەپارێزى ئەبینین’’ بەپەروەردەکردنى کۆمەڵگاو سەروەرى یاسا ‘‘ قبوڵکردنى یەکتر- خۆشگوزەرانى وپێکەوە ژیان ئەبینین.
ئەوەى لەفەرهەنگ وعەقڵیەت و بیروبۆچوونى مندانەبوو ڕۆژیک لەڕۆژان کوردستان بەکەلاوە بشوبهێنم یاخود بەکەلاوە وێناى بکەم، بەڵام بڵیم چى کاتێک بەعەقڵیەت و مەعریفەو فەلسەفەى سەردەم و چاوى خۆم ئەبینم کوردستان بۆتە شوێنێکى نموونەیى بۆ ئامیرەکانى دروستکردنى جەهل و گومان (پیشەسازى نەزانى وگومان).
بەچ لۆجیکێک وڵاتیک وڵات بێت جەهل وگومان بۆناو کۆمەڵگاکەى خۆى بەرهەم دێنێت؟! وەک ئەوەى لەکوردستانى باشوور ئەگوزەرێت، ئەوەى باوە بیرمەندى سەرکردە (کۆمەڵگایەکى دیموکراسى- ئازادى ڕەگەزى وبیروباوەر – ژینگەپارێزى) بەسیستمێکى سیاسى تەندروست بۆ نیشتمان و هاوڵاتى ئەخولقێنێت، زانیارى و زانست و مەعریفەو شارستانى بەرهەم دێنێت نەک جەهل وگومان، بێگومان ئەوەى جەهل وگومان بەرهەم دێنێت دروستکەرو سودمەندەکانى شەڕو دەسەڵاتن کەلەبرى دەوڵەت کەلاوە بەرهەم دێنن، تاکەپیشەسازى حکومڕانى بەناو وڵاتێک تەنیاپشەسازى جەهل وگومان بێت! چۆن نابێت بەکەلاوە.
خەم و ترسى من لەنووسین و بڵاوکردنەوەى ئەم بابەتە (کەلاوەیەک پڕلەجەهل و گومانـ پیشەسازى نەزانى و گومان) نەبمە ئامڕازێک لەئامڕازەکانى پیشەسازى جەهل و گومان دواتر نەهێشتنى بڕواو متمانەو بێ ئومێدى لەکوردستانێک سەرکردە و بەرپرسەکانى ئەمڕۆى کە لەڕابردوو شۆڕشگێربوون بەهەسێ جیلەکەیەوە جیلى یەکەم و دووەم و سێیەم، وەک نمونەیەکى بێ وێنەى جوان و سەرکەوتووى مرۆڤایەتى و دیموکراسى و پێکەوەژیانى سەردەم وێناى دەکەن، بەڵام خۆشیان ئەزانن ئەمە لە زۆر لەڕاستیەوە دوورە.
ئەم کەلاوەیە نەک سەرتاپاى ڕاستیەکانى درۆن، بەڵکو ڕاستى لەگەڵ درۆ بەشێوەیەک تێکەڵ بووە لەیەک جیاناکرێنەوە، تائەو ئاستەى گومان لەڕاستیەکانیش دەکرێت بەشێوەیەک بڕواو متمانە بەڕاستیەکانیش نەماوە، هەڵبەتە ئەم جەهل و گومانە دروستکراوى دەسەڵاتێکى سیاسى ئابوورى بێ وێنەیە لەمێژووى مرۆڤایەتى لەپێناو بێ ئومێدکردنى کۆمەڵانى خەڵک و کۆمەڵگا لەگۆڕانکارى و نوێ بوونەوە، بۆ ئەوەى بەخەڵکى بڵین بەدیلى ئێمەى (شۆڕشگیرى ڕابردوو و بەرپرسى ئێستاو داهاتوو) بەهیچ شێوەیەک نییەو نابێت! لەکاتێکدا بەنەمانیان ئومید ئەگەڕێتەوە بۆ گەشەکردنى زانیارى و زانست و تەکنۆلۆژیا لەپێناو کۆمەڵگایەکى دیموکراسى- ئازادى ڕەگەزى و بیروباوە – ژینگەپارێزى- سەروەرى یاسا- قبوڵکردنى یەکتر و پێکەوە ژیان.
جەهل واتا (نەزانى) بەبڕواى بیرمەندان پێچەوانەى (زانیارى و زانست و مەعریفەیە) ـە، (گومان) یەکێکەلەو هەستانەى مرۆڤ لەبونەوەرەکانى ترجیادەکاتەوە، گومانکردن لەڕوداوێک بەماناى هێشتنەوەى لەنەنێوان ڕودان و ڕونەدانى، واتا گومان لەڕاستى یادرۆى ئەو ڕوداوە، بەهەموو پێوەرەکان نەزانى و گومان و لەدەستدانى بڕواو متمانە شکێنەرى شارستانى یەو ترسناکترین هۆکارە لەسەر ژیان و داهاتووى میللەتان، برەودانە بەهەموو پێوەرە نازانستى و نایاسایى و ناعەقڵانیەکان، شکێنەرى نەتەوەیە لەڕووى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى و ژینگەو زانستیەوە.
لێرەدا هەندێک پرسیارى گرنگ دێتە ئاراوە بۆ تێگەیشتنى بابەتەکە بەشێوەیەکى زانستى دوورلە هەموو جۆرە کاریگەریەکى کۆمەڵایەتى وکلتورى ودەروونى : جەهل چی یە؟ گومان چى یە؟ ئەى پیشەسازى جەهل و گومان بەچ مانایەک دێت؟ کێ داهێنەرێتى و ئامانجەکانى چین؟ بەشێوەیەکى گشتى جەهل چەند جۆرى هەیە ؟ دەرئەنجامى بڵاوبوونەى جەهل وگومان چى لەدەروونى مرۆڤەکان ئەکات لەناو کۆمەڵگاو ئەیانکات بەچەند گروپەوە ؟ کێن ئەوانەى پیشەسازى و بازرگانى بەجەهل وگومانەوە ئەکەن؟ پیشەسازى جەهل و گومان لەکام جومگەکانى ژیاندا کاریگەترە لەوى دى؟ دواتر بەشێوەیەکى کورت ئەم بابەتانە تاوتووێ ئەکەین لەڕوانگەى هزرو عەقڵیەت و بۆچوونى بەرپرسە بلیمەتە حیزبیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هاوڵاتى بێ ئومێدى بێ دەسەڵات (پیشەسازى جەهل وگومان وسیستمى سیاسى، پیشەسازى جەهل و گومان و ئابوورى، پیشەسازى جەهل و گومان وپەروەردە، پیشەسازى جەهل و گومان و میدیا، پیشەسازى جەهل و گومان و تەندروستى، پیشەسازى جەهل و گومان و یاسا و دادپەروەرى، پیشەسازى جەهل و گومان و وەرزش، پیشەسازى جەهل و گومان و ژینگە، پیشەسازى جەهل و گومان و نەتەوەپەرستى.
لەوەڵامى ئەم پرسیارەدا، جەهل چی یە؟ وەچەند جۆرى هەیە؟:
جەهل واتا (نەزانى) وەک زاراوەیەکى ئاینى لەبەکارهێنانى قورئانى پیرۆزدا پێچەوانەى ماناى عەقڵ و بیروهۆش و ژیرى و ئارامگرتن و نەرمونیانى و هێوربوونەوەى ناخ بەکارهاتووە.
وەک زاراوەیەکى زانستى بەزاراوەى ئاگناتۆلۆگى ( agnotology ) ناسراوە: زانستى دروستکردن و پیشەسازى بەجەهل و گومان واتا بەکەلتوورکردنى بێ ئاگایى و گومان، هاندانى بڵاوکردنەوەى داتاو زانیارى هەڵە، دواتر سەرلێشێوان و بەهەڵەبردنى کۆمەڵگا بەو داتاو و زانیاریە نادروست و هەڵانە، دەرئەنجام جیانەکردنەوەى لەداتاو زانیارى ڕاست و دروست و خولقاندنى بێ ئاگایى و گەوجاندنى مرۆڤ.
بەپێى سەرچاوەکان جەهل (نەزانى) سێ جۆرى هەیە جەهلى سادە و جەهلى تەواو (کامڵ) و جەهلى ئاوێتە (تێکەڵە) بەڵام لەکوردستانى خۆمان کوردستانى باشوور جۆرى چوارەمیشى بۆداهێنراوە لەژێر ناوى جەهلى جەهل بەخش (مرۆڤ کوژ).
1- جەهلى سادە: سادەترین جۆرى نەزانی یە، بەتاڵى خودى ئادەمیزاد لەزانیارى نەک زانست، یانى بێ ئاگا لەداتا وزانیارى.
2- جەهلى تەواو: خودى ئادەمیزادەکە بەتاڵ نییە لەداتا و زانیارى و زانست، ئەو داتاو زانیاریانەى پێى دراوە لەسەرو خۆیەوە لەسەر بابەتێکى دیاریکراو دوورە لەراستیەوە، بەڵام لەخۆشەویستى بۆ ئایدیایەک (ئایدۆلوجیایەک)، سەرکردەیەک، حیزبێک بڕوابەداتاکان ئەکات ئەگەر پێچەوانەى لۆجیکیش بێت، بەداخەوە لەناخیا نازانێت هەڵەیە واتا گەوجێنراوە بۆیە تاسەر ئێسقان بەرگرى لەبۆچوونەکانى دەکات، وەک هەندیک لەئەندامە گەوجێنراوەکانى حیزب بەرگرى کوێرانە لەسەرۆک و ئایدیاو حیزب ئەکەن نەک ژیان و ژین و ژینگە (نیشتمان ) لەبەر ئەوەى گەوجێنراوە بە زانیارى وداتاى دور لەڕاستى.
3- جەهلى ئاوێتە (تێکەڵ): ئەمەیان لەهەردوو جەهلى پێشووتر جەهلى سادەو تەواو ترسناکتروخراپترە، بەکوردیەکەى ئەم جۆرە کەسانە نیمچە خوێنەوارن واتا بەڕاست و دروستى لەداتاو زانست و مەعریفە نەگەیشتوون بۆیە بیروباوەڕ و بۆچوون و تێگەیشتنیان بۆ بابەتەکان پێچەوانەی واقیعە، لەگەڵ ئەوەى نەزانە بەبابەتەکە و بەلنگەوقوچ و پێچەوانەشەوە لێى تێگەیشتووە بەڵام خۆى لێ ئەبێت بەبیرمەند و زانا و بەسەر کۆمەڵگادا ئەیسەپێنێت، وەک هەندێک کەسایەتى سیاسى کاتێک خۆیان لێ ئەبێت بەبیرمەندى حیزب.
4- جەهلى جەهل بەخش (مرۆڤ کوژ): هەڵبەتە ئەمەیان ترسناکترین و خراپترین جۆرى نەزانى یە، لەبەرئەوەى کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکى پاش زەبرە بەئیمتیاز بۆیە ئەکرێت بڵێین لەداهێنانى عەقلى کوردە، تەنیا لەکوردستانى باشوور بەدى ئەکرێت، تائێستا لەهیچ سەرچاوەیەکى زانستى بەرچاووم نەکەوتووە، لەگشت جۆرەکانى ترى جەهل قێزەوەن و سوکترە، وەک ئاماژەم پێکرد دەرچەى عەقڵیەتێکى پاش زەبرە، واتا خاوەنى ئەم جۆرە عەقڵیەتە دەروونیان نەخۆشە، ئەم جۆرە لەجەهل لەسەر بنەماى بەخشینەوەى درۆو فێڵ و تڵەکەبازى درووست بووە، ئەکرێت بەجەهلى مرۆڤ کوژ بیناسێنم چونکە سەرەڕاى ئەوەى خۆیان ئەزانن داتاکانیان هەڵەیە، بەڵام لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەو هەڵسوکەوت لەگەڵ چەمکەکانى ژیان و ژین و ژینگە ئەکەن، پیادەکردنى ئەم جۆرە لەجەهل کۆمەڵگایەکى سەرتاپا درۆزن بەرهەم دێنیت، بەزۆر درۆت پێدەکەن بەپێچەوانەوە لەو کۆمەڵگایە جێگات نابێتەوە!.
پێناسەى جەهلى جەهل بەخش (مرۆڤ کوژ) زۆر جیاوازترە لەجەهلەکانى دى: لەگەل ئەوەى خۆیان خاوەنى زانیارى تەواون لەبیروباوەڕ و بۆچوون و تێگەیشتن بۆ بابەتەکان، بەڵام بەداخەوە پێچەوانەى زانیاریە ڕاست و دروستەکان زانیارى ناراست و درۆ و هەڵە ئەبەخشنەوە لەکۆمەڵگاکەیان لەپێناو مشتیک دۆلار (من اجل حفنە من الدولارات). هەڵبەتە دروستکەرى ئەم جۆرە لەجەهل و گومان خێزان و بنەماڵە ئەرستۆکراتى یە بەکرێگیراوە بەناو شۆڕشگێڕەکانن کەلەبنەڕەتدا دەروونیان نەخۆشەوپ اشکۆى عەقیەتى پاش زەبرن: باشترین نمونە بۆ ئەمجۆرە لەجەهل و گومان بەخشینەوەیە فایلى نەوتى هەرێمى کوردستانە.
بەهەموو پێوەرەکان کەسى نەزانى سادەو نەزانى تەواو ئادەمیزاد و مرۆڤێکى ڕاستگۆن، شکۆو مرۆڤایەتى خۆیان لەدەست نەداوە، بەڵام نەزانى ئاوێتە و نەزانى جەهل بەخش (مرۆڤ گوژ ) ئادەمیزادێکى ناڕاستگۆن، شکۆو مرۆڤایەتى خۆیان لەدەست داوە.