هاوکار حوسەین: رکابەریی بە خوێن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو فوتێکردنەی رووداو دەیکات بۆ هەڵنانی رۆژنامەنوسەکانی لەسەر حسابی گۆشت و ئێسقان و ژیانی خۆیان، ئەم جۆرە ئەنجامانەی لێدەکەوێتەوە کە ئەمڕۆ بەداخێکی گرانەوە، لە مەرگی شیفا گەردی- دا بینیمان. رووداو پێش ئەوەی بیر لە وەهمی (یەکەمی بێ ڕکابەر) بکاتەوە، دەبێت ئەو پرەنسیپە رۆژنامەوانیە فێری هەموو رۆژنامەنوسەکانی بکات کە: هەواڵ و زانیاری چەند گرنگ بێت، هێشتا ژیانی رۆژنامەنوس گرنگترە.

روداوێکی هاوشێوەی ئەوەی شیفا، بۆ چاودێرانی بیانی و ناوخۆیی شتێکی چاوەڕێکراو بوو. چونکە ئەمە یەکەمجار نیە بەرپرسەکانی رووداو لەپێناو وەهمی بێ رکابەرییدا، بێباکانە مجازەفە بەژیانی رۆژنامەنوسەکانیانەوە بکەن، لەهیچ شوێنێکی دنیادا نەبووە، کەناڵێکی تەلەفزیۆنی رێگە بەخۆی بدات راستەوخۆ هێڵی گەرم (front line)ی جەنگ بگوازێتەوەو رێگەبدات رۆژنامەنوسەکانی بە سەد مەتر لەپێش هێزە سەربازییەکانەوە بەرەو رووی هێزی نەیار پێشڕەوی بکەن.
تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی مانگی ئابی 2014، یەکێک لەڕۆژنامەنوسەکانی رووداو لەناوچەی مەریەم بەگی کەرکوک، بەشێوەی راستەوخۆ لەمبەری پردەکەوە هاواری بۆ چەکدارانی داعش دەکرد بۆئەوەی قسەیان بۆ بکات و بەمایکێکەوەو بەتەنیا لێیان نزیکدەبۆوە، تا چەکدارێکی داعش ئاگاداری کردەوە چیتر نزیک نەبێتەوە. واز لەوە بێنە کە لەرووی ئەخلاقیەوە تیرۆریست لەگەرمەی شەڕدا مقابەلە ناکرێت، بەڵام زۆربەی میدیاکانی جیهان توشی شۆک بون لەو مجازەفەیەی رۆژنامەنوسەکە بەژیانی خۆیەوە کردی، زۆربەی ئاژانسەکان نوسیبویان: ئەم رۆژنامەنوسە یان زۆر ئازایە، یان ئێجگار گەمژەیە، کەچی بەرپرسانی رووداو لەبری رێگریکردن، خەنی بووبوون کەوا گەمژەییەکی وایان بۆ خەڵک گواستۆتەوە. لینکی ئەم مەوزوعە لەخوارەوە ببینە.
بۆیە هیوادارم، بەمەرگی شیفا گەردی، ئیتر بەرپرسانی رووداو تێگەیشتبن کە رکابەریی پیشەیی نابێت لەسەر حسابی ژیانی مرۆڤەکان بێت، شیفا خەڵکی هەر وڵاتێک بوایە، گەورەترین لێکۆڵینەوە لەبەرپرسەکانی کەناڵەکەی دەکرا لەسەر ئەوەی چۆن دەبێت رێگە بەرۆژنامەنوسەکەت بدەیت بەئاگاداریی تۆ، دواین هێڵی مەترسیدار ببڕێت، تەنها بۆئەوەی بڵێن یەکەم کەناڵ بووە دەستی گەیشتوە بەو شوێنە؟ هەموو ئاژانسێکی دنیا رێنمایی رۆژنامەنوسەکانیان دەکەن هەرگیز نەچنە شوێنێک مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بێت، چونکە ئەوان ئەخلاقیان رێگەیان پێنادات، زانیاری بەخوێن پەیدابکەن.
ڕۆحی شیفا شاد، سەبووری بۆ کەسوکارو هاوڕێیانی.

http://www.mirror.co.uk/news/world-news/stupid-brave-watch-moment-reporter-4044041

 

http://www.mirror.co.uk/news/world-news/stupid-brave-watch-moment-reporter-4044041

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت