شێرزاد وڵاتدۆست: بەهار و دەوڵەتی کوردی!
هاتنی وەرزی بەهار, واتا دووبارە نوێ بوونەوەی ساڵ و دەسپێکی ژیانێکی نوێ، بەهار بەشێوەیەک لە کوردستان خۆی دەردەخان بە جۆرێک وێنەی دەگمەن لە جوانی دروستکراوەکانی خودای مەزن پیشان دەدات، هەر لە دێر زەمانەوە گەرچی گەلی کورد لە ژێر زوڵم و زۆری مەزن دابوبێت و سەرکوت کرابێت بە درێژایی مێژوو، بەڵام هاتنی وەرزی بەهار و کۆتایی هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵەی زستان لە کوردستان بووەتە مایەی خرۆشان و جۆشێک لە ناخی هەر تاکێکی گەلی کورد بەوەی چۆن گەرما و تینی تیشکی خۆر کۆتایی بە سەرما و بەستەڵەکی زستانی دوور و درێژ هێنا، هەر بەو جۆرەش دەکرێت گەلی کورد لە ڕێی خەبات و هەوڵدانەوە کۆتایی بەو زۆلم و زۆری و داگیرکاریەی لەسەر خاکەکەی بێنیت، بۆیە دەبینین زۆرێک لە جوڵانەوە و ڕاپەڕینەنای گەلی کورد لە هەر چوارپاڕچەی کوردستانی مەزن لە مێژووی کۆن و نوێی کورد هەرلەم وەرزە دا سەریان هەڵداوە، لێ مەخابن شۆڕش و هەوڵدانی زۆر و زەوەندی گەلی کورد لەبەر هۆکار گەلی زۆر نەبووە مایەی کۆتایی هێنان بە داگیرکاری لەسەر زۆربەی خاکی کوردستان و دروستبوونی کیانێکی سەربەخۆ بە ناوی دەوڵەتی کوردستان.
لە مێژووی نوێی گەلی کوردا لەگەڵ بوونی جوڵانەوەی رزگاری خوازی لە هەر چوارپارچەی کوردستان و بوونی دروشمی هەوڵدان بۆ سەربەخۆی لای زۆربەی هێزە شۆڕشگێرەکانی کورد، بەڵام هیچ ئەنجامگەلێکی مەزنی وەهای نەبوو، کە ببێتە هۆی ڕزگارکردنی کورد، بەڵکو بووە مایەی ماڵوێرانی زیاتر و دەربەدەربوون و کوشتوبڕی زیاتری گەلی بەشمەینەتی کورد لەلایان داگیرکەرانی خاکی کوردستان، ئەگەرچی بارودۆخ وەها درێژەی کێشا هاتە ساڵی 1991 زایینی، کە بەهۆی لاواز بوونی ڕێژمی ئەوسای عێراق بەهۆی جەنگی لەگەڵ ئێران و کوەیت و گوشاری نێوەدەوڵەتی لەسەری، دەرفەتی ئەوە بۆ گەلی کورد لە باشوری کوردستان هەتا ئاراوە بۆ ڕزگار بوون لە ڕژێمکی داپڵۆسێنەری وەک بەعس.
هەر بۆیە ڕاپەڕینی 5 ی ئازاری 1991 لێ بەرهەمهات و تواندرا لە مەوەیەکی کەم دا خاکی باشوری کوردستان ئازاد بکرێت و دوای هەزاران ساڵ لە دەگیرکاری توانرا ئەم بەشەی کوردستان لە ژێر چەپۆکی دگیرکەرێکی دڕندە دەربهێندرێت، هەروەها بریاردانی ناوچەی دژە فرین لەلایان ئەنجومەنی ئاسایش بۆ بەشێک لە خاکی باشوری کوردستان لە ئەنجامی کۆڕەوە مەزنەکەی گەلی کورد توانرا دەستەبەری زیاتر بێت بۆ نەگەڕانەوەی ڕێژێمی بەعس بۆ ناو خاکی باشوری کوردستان، لەگەڵ سەقامیگر بوونەوەی باردۆخەکە لەساڵی 1992 توانرا هەڵبژاردن بکرێت و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراقی لێ بنیادبنرێت.
لێ بەهۆی دابەشکاری پەنجا بە پەنجای جووت حزبی ئەوساو پەلەقاژە بۆ وەرگتنی بەرژەوەندی قۆرخکاری زیاتر بۆ حزبەکانیان و ئاودیوکردنی تەواوی کەلوپەلی دامو دەزگا حکومیەکان، بارودۆخی ناهامورا هاتە ئاراوە، کە هەمیسان هاوڵاتیان باجەکەیان دا، هەروەها بەهۆی گەیشتنی کۆمەڵێک کەسی نەشەرازا و نەشیاو بە پلەوپایەی دەسەڵات باردۆخەکە بەرەو خراپتر هەنگاوی نا، ئەو کەسانە کە تەنها یەک ڕۆژیش لە پێناوی کوردا سەختیەکەی وەهایان نەبینی بوو، بەڵکو یان لە کەمپکانی ئێران بوون یان لە وڵاتانی ئەورووپا لە خۆشی و کەیف و سەفای خۆیان دا بوون، بەڵام دواتر بەهۆی ململانێ ناتەندروستی ئەوسای یەکێتی و پارتی لەسەر زیترکردنی هەژموونی دەسەڵاتی خۆیان شەڕی ناوخۆ هاتە بەرهەم، بەهۆی ئەم شەڕەوە دووبارە ڕژێمی بەعس هاتەوە هەولێر و هەزاران کەس گیانیان لە دەستدا و بووە دووبارە ماڵوێرانی کوردی باشور، لەگەڵ دولەت بوونی باشوری کوردستان بۆ دوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی ئەنجام گەلێکی خراپی وەهای لێ بەرهەمهات، کە هەتا هەنوکەش میللەت بەدەستیەوە دەناڵێت.
ڕوخاندنی رژێمی بەعس بە دەستی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە 2003 دووبارە دەرفەتێکی تر بوو بۆ گەلی کورد بۆ هەنگاونان بۆ سەربەخۆی ، بەڵام بەڕازی کردنی سەرکردایەتی کورد بە پارە و پلەو پۆست لە بەغدا بەمانەوە لە عێراقێکی فیدراڵ رازی بوون، لەگەڵ پێکهێنانی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندەیەکانی یەکێتی و پارتی و دەمەزراندنەوەی حکومتێکی یەکگرتوو لەساڵی 2005 ، هەمیسان هەموو شتەکان بەش بەشکردنەوە لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجا هەموو دەسەڵات و مافە دارییەکان لە هەرێم و بەغدا لەلایان ئەو دوو حزبەوە قۆرخکران، ئەگەرچی لە دوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن لەساڵانی ڕابردوودا جوڵایەکی دیموکراتی کەوتە هەرێمی کوردستان و حکومەت و پەرلەمانێکی چالاکتر دەبینرا، بەڵام بەهۆی پاوانخوازی و چۆلنەکردنی کورسی دەسەڵات و ململامێی ناتەندروستی حزبی، هەرێمێکی بێ پەرلەمان و حکومەتێکی شکستخواردوی وەک ئەمڕۆی لێ بەرهەم هات!.
باسکردن لەسەربەخۆی لەم ساڵانەی دوایی بووەتە شتێکی باو بەجۆرێک ئەوەندە باس لە سەربەخۆی و ڕاگەیاندنی دەوڵاتی کوردی کراوە، ئەگەر بەشێکی زۆر کەم لەم دروشم و گوتافان کرابا بە کردار ئێستا دەمێک بوو دەوڵەت بووین!، ئەگەر لە ساڵانی رابروو باس کردن لە سەربەخۆیی و جیا بوونەوە لە عێراق وەک کارتێکی فشار بەکارهێنداربێت بۆ گوشار خستنە سەر بەغدا، ئەوە لە ئیستا دا بێ گومان دەسەڵاتدارنی بەغدا لەو دڵنیا بوون بە کارهێنانی ئەم کارتە بووەتە کارتێکی سوتاو هیچ کاریگەریەکی لێبەرهەمنایەت و بڕینی بوجدەی هەرێمی کوردستان لەلایان نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای عێراق لە ساڵانی ڕابردوو گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن.
ئەوەی جیێ سەرنجەهەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار هەمدیسان دروشمی باق و بریق بۆ سەربەخۆی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بەرزدەکرێنەوە، بەجۆرێک لەگەڵ کۆتایی وەرزی بەهار ئەو دروشمە باق و بریقانەش دەبنە بڵقی سەر ئاو دیار نامێنن، ئەگەرچی بەهۆی شەڕی داعش لە دوو ساڵی ڕابردوو هەروەها بۆ پەردە بۆشکردنی شکستەکانی حکومڕانی 26 ساڵەی جووت حزب و بۆ بیربردنەوەی کێشەو گرفتە زۆر و زەوەندەکان لە بیری هاوڵاتیان هەردەم ئەم دروشمانە گوێی خەڵکیان پڕکردووە، بێگومان دەوڵاتە زلهێزەکانی دونیاش لە سەروی هەموویانەوە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا لەو دڵنیابوون دەسەڵاتێک نەتوانێ هەرێمێکی 5 ملیۆن کەسی سێ پارێزگا بەڕێوەبەرێت هیچ کات شایەنی دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆ نیە، هەربۆیەش دەبینین ئە وڵاتانە هەموو لەگەڵ دەوڵتێک نین ناوی کوردستان بێت، بەڵکو لەگەڵ یەک پارچەیەی خاکی عێراقدان!.
ئەوەی لە کۆتایی دا پێویستە ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان خەونی هەموو کوردێکە لەهەر شوێنێکی جیهان بێت، بەڵام دەوڵاتێک بێت کە سیستەمی دیموکراتی و یاسایەکی دادپەروەر تێیدا بوونی هەبێت، کە ببێتە چەتر و لانەیەکی ئارام و خۆش بۆ دانیشتوانەکەی، نەوەک دەوڵەتێکی دیکتاتۆری و پڕ لەگەندەڵی و نادادپەروە دروستبکرێت، ئەوەی ماوە بگوترێت ئەوە دەوڵەت بۆ ئازادبوون و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ گەلێک بنیاد دەنرێت، نەوەک بۆ ئەوەی لە مێژوو دا بنوسرێت و تۆماربکرێت دەوڵەتی کورد لەسەر دەستی ئەوفڵان سەرکردە ڕاگەیندرا، هەر بۆیە دەبێ دان بەو ڕاستیە دابنێین ڕاگەیاندنی دەوڵەت لە ژێر دەسەڵات و سەکردایەتی ئێستای کورد، نمونەیەکی جوانتر نابێت لەو دەسەڵاتە گەندەڵ و شکستخواردووە حزبی و بنەماڵەیەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دا هەیە.
- Latest Posts by شێرزاد وڵاتدۆست
شێرزاد خدر حیدر: هەرێمی کوردستان لە لێواری کەوتن.
-شێرزاد خدر: مرۆڤکوژی لە کۆمەڵگای کوردی.
-شێرزاد ڕۆژهەڵاتی: باشوری کوردستان لە نێوان دوو تابڵۆ دا.
- All Posts