زه‌به‌نگ به‌هادین: له‌ دواى راپه‌رین چیتان لێكردین؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌ 5 ئازارى ساڵى 1991 چه‌خماخه‌ى راپه‌رین سه‌رى هه‌ڵدا, میلله‌تى كورد زۆر ده‌مێك بوو چاوه‌رێى سه‌ربه‌ستى و ئازادى بوو چاوه‌رێ بوو رۆژێك بێت له‌ ده‌ست سته‌م و زوڵم و ئه‌نفال و شه‌رانگێزى حیزبى به‌عس رزگارى بێت, بۆیه‌ ئیتر له‌ دواى ئه‌و رۆژه‌وه‌ رۆڵه‌كانى كورد هه‌مووى گرى ئازادى هه‌ڵكرد و به‌ گه‌وره‌و بچوك ژن و پیاو كه‌وتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و ده‌ستیان كرد به‌ راوه‌دونان و گرتنى به‌عسى و جه‌لاده‌كان تۆپاندنیان, سه‌ره‌نجام كورد توانى ببێت به‌ خاوه‌نى دەسەڵاتێکی فراوان و بوونى خۆى. 26 ساڵ له‌مه‌و پێش كوردوستان ئازاد بوو, له‌ پاش ئه‌وه‌ حیزبه‌كان هه‌ڵبژاردنیان كرد بۆ دروستكردنى په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردوستانیان پێكهێنا.

ئێستا له‌ دواى تێپه‌ر بوونى 26 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و به‌رواره‌دا ئه‌و حیزبانه‌ى كه‌ كاتى خۆى له‌ شاخ بانگى ئازادى یان ئه‌داو داواى دیموكراسى و مافى مرۆفیان ئه‌كرد و بانگه‌وازى دروست بوونى ده‌وڵه‌تیان ده‌كرد بۆ كوردوستان, بزانه‌ دواى یه‌ك چاره‌كه‌ سه‌ده‌ چییان لێكردین.
سه‌ره‌تا نیوه‌ى نیشتیمان ئاودیو كرا به‌مه‌ ده‌ستمان پێكرد, له‌ دواى ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام به‌ دروشمى باق و بریق ئه‌مرۆتان پێداینه‌ ده‌س سبه‌ینێ له‌ قه‌یرانێك رزگارمان نابێت یه‌كێكى دیمان بۆ دروست ده‌كه‌ن , له‌ نه‌هامه‌تى یه‌كه‌وه‌ ئه‌مانخه‌نه‌ نه‌هامه‌تى یه‌كى تر.
ترستان چاند له‌ ناو ده‌رونى خه‌ڵكدا. ناو به‌ ناو كه‌سێك تیرۆر ئه‌كرێ بۆ ئه‌وه‌ى ترس دروست بكه‌ن له‌ ناخى هه‌موواندا, تاكتان بێهیوا كرد له‌وه‌ى كه‌ بتوانێت سیستمى سیاسى بگۆرێت , واتان له‌ تاك كردووه‌ هه‌ست به‌ تاوانبارى بكات له‌ دروستكردنى ئه‌م دۆخه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌میشه‌ بڵێین دروست بوونى ئه‌م دۆخه‌ خه‌تاى خۆمانه‌, بڵێین خۆمان ئه‌مانه‌مان هێنایه‌ سه‌ر كورسى ده‌سه‌ڵات وه‌ خۆمان شایه‌نى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ن, ئه‌ى ئه‌وه‌ نى یه‌ هه‌موو جارێك كه‌ هه‌ڵبژادن ده‌كرێت هه‌موو ئه‌م نه‌هامه‌تیانه‌مان بیر ئه‌چێته‌وه‌و ئه‌چینه‌وه‌ سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان و هه‌ڵتان ئه‌بژێرینه‌وه‌ و وه‌ك ئه‌وه‌ى با به‌ لامان نه‌هاتبێ.
هه‌موو تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگاكه‌تان لێك جیاكرده‌وه‌ به‌ درۆ و فیشاڵه‌كانتان, به‌شێ ئه‌م لا به‌شێ ئه‌ولا, له‌ هه‌رێمیكدا سنورتان دروست كرد و كردتان به‌ دوو له‌ته‌وه‌, نه‌ك سنوور بۆ هه‌رێم دروست بكه‌ن, هێنده‌تان مه‌زهه‌ب و دین دروستكرد له‌سه‌رده‌مى قوره‌یشیشدا ئه‌وه‌نده‌ نه‌بووه‌, رۆڵه‌كانى گه‌لتان كرد به‌ دوژمنى یه‌ك هێنده‌ رق و كینه‌تان له‌ناو میلله‌ته‌كه‌دا بڵاو كرده‌وه‌, ته‌نانه‌ت به‌ ناوچه‌ش لێكتان جیا كردینه‌و واتان كرد كه‌ دیموگرافیایى ناوچه‌كان بیرى جیا له‌ یه‌ك وه‌ربگرن و ببنه‌ دوژمنى یه‌ك, واتان له‌ میلله‌ت كرد له‌سه‌ر دروست بوونى ده‌وڵاته‌كه‌ش یه‌ك نه‌گرن, ئه‌ى ئیتر پێم ناڵێن چۆن به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن ئه‌بێت ئێمه‌ یه‌كگرتو بین له‌ ئاست دوژمندا.
هێنده‌تان خه‌بات پێ فرۆشتینه‌ هه‌ر تاكێ پێلاو كه‌ درانتان له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌یه‌ها بیره‌ نه‌وتان برد, هه‌ر كراسێ درانتان چه‌نده‌ها دۆنم زه‌ویتان هه‌ڵگرت بۆ خۆتان, ئێستاش له‌ دواى بیست و شه‌ش ساڵ حوكمرانى, كوردوستانێكى بێ په‌رله‌مان, سه‌رۆكێك كه‌ هه‌ر لایه‌و به‌ ناوێك ناوى ده‌نێـت, میلله‌تێكى برسى و سه‌رلێشێوێنراون, سه‌ره‌راى ئه‌مه‌ تازه‌ شه‌رى براكوژیمان بۆ دروست ده‌كه‌نه‌وه‌, ئه‌تانه‌وێت ده‌وڵه‌تێك دروست بكه‌ن كه‌ خۆتان میلله‌ته‌كه‌یتان پارچه‌ پارچه‌ كردووه‌, ئه‌ى ئه‌و مرۆڤانه‌ى شه‌هید بوون له‌ پێناوى ئه‌م خاكه‌دا چییان پێده‌ڵێن, ده‌ڵێن به‌راستى دڵته‌نگین كه‌ كوردوستان ئاوى لێهاتووه‌ , هیوادارم دڵته‌نگ نه‌بن.
تێناگه‌م ئه‌مه‌ نه‌گبه‌تى كورده‌ یان چى؟ كۆمه‌ڵێك حیزب له م ووڵاته‌ن, یه‌كیان خۆ فرۆش, یه‌كیان دزوو درۆزن , یه‌كیان دوو روو, یه‌كیان خائین و پیاو كوژ, یه‌كیان ترسنۆك و جه‌بان, یه‌كیان ماستاوچى و لوگى, یه‌كیان بێده‌سه‌ڵات و فشه‌كه‌ر, هه‌ر هه‌مووشیان پاره‌ په‌رست و ده‌سه‌ڵات په‌رستن. ئیتر پێم ناڵێن چۆن ئه‌بین به‌ ده‌وڵه‌ت, به‌راستى كورد سه‌لماندى بۆ هه‌موو جیهان كه‌ پێویستى به‌ دوژمن نى یه‌ و خۆیان ئاماده‌ن له‌ناو خۆیاندا یه‌كتر له‌ ناو به‌رن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت