نەوزادى موهەندیس: قەرزەکانى حکومەتى هەرێم، لەنێوان ڕاستى و چاوبەستەکیدا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
حکومەتى هەرێمى کوردستان لەدواى ساڵى 2003وە هیچ کات باسى لە قەرزدارى نەکردوە تا سەرەتاى ساڵى 2014 بەدواوە و ئەوکاتەى لەلایەن حکومەتى بەغدادەوە بەشە بودجەى حکومەتى هەرێم کە بریتى بوو 17% بودجەى گشتى عێراق بڕدرا و ئیدى لەوکاتەوە تاکوئێستا ماوەى 3 ساڵى ڕێکە هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى قەیرانێکى ئابورى و دارایى توند بۆتەوەو. تائێستاش هیچ پلانێکى ڕوونى زانستى و واقعى نیە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە و کاریگەریە زۆر خراپەکانى. هەربۆیە پێشبینى دەکرێت کە ئەو قەیرانە بۆ چەند ساڵێکى داهاتووش درێژە بکێشێت.
حکومەتى هەرێم بەبیانوى چارەسەرکردنى ئەم قەیرانە داراییە هەستا بە فرۆشتنى نەوتى کوردستان بەشێوەى سەربەخۆ و بێگەڕانەوە بۆ حکومەتى بەغداد لە 20/6/2015دا بەو هیوایەى لەلایەک قەیرانى دارایى پێچارەسەر بکات و لەلایەکى تریشەوە گەرەکێتى داهاتى نەوت بۆ بەرژەوەندى و قازانجى نوخبەیەکى دەستڕۆیشتووى ناو حکومەت و کابینەى هەشت بگێرێتەوە دوور لە بەرژەوەندى میلەت، ئەم کارەشى تەنها و تەنها لە ژێر فشارى حکومەتى تورکیادا ئەنجامدا و بەشێوەیەکى نهێنى ڕێکەوتنامەیەکى 50 ساڵەى بۆ هەناردەکردنى نەوت و ڕێکەوتنێکى 26 ساڵەشى بۆ هەناردەکردنى غازى سروشتى لەگەڵ تورکیادا واژۆکردوە. بەڵام چونکە پڕۆسەکە نیەتى ڕاستەقینەى خزمەتکردن و خۆشگوزەرانکردنى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە نەبوو، خۆشبەختانە زەرەروزویانەکانى حکومەتى هەرێم هێندە گەورەبوون کە خەریکە سەرى خاوەنەکەشى دەخوات، هەمووشى بەهۆى نەزانین و بەهەڵە خوێندنەوەى هاوکێشە ئابوریەکانى دونیا و بازاڕەکانى نەوت و غازى سروشتى و بێئاگاییان لە سیاسەتى نەوتى نێودەوڵەتى و ناوچەیى و دواتریش فریوخواردنیان بەدەستى دوژمنانى نەتەوە و میلەتەکان لەم هەرێمەدا ئەویش دەوڵەتى تورکى فاشیزم و خوێنەخۆرى سەرى کوردانە.
هەربۆیە حکومەتى هەرێم لە پێناو ئەوەى جارێکى تریش خۆى ڕزگاربکاتەوە، کەوتە هەڵپەى هێنانى کۆمپانیاى زۆر و زەوەندى ناوچەیى و دونیاش کە زیاد لە 50 کۆمپانیا دەبن و سەرزەمین و ژێرزەمینى ئەم هەرێمەى بەخشیەوە بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا (( 28 بلۆکى نەوتى )) و بە نیازیشە لە ئایندەیەکى نزیکدا (( 20 بلۆکى نەوتى تر بداتە کۆمپانیا نەوتیەکان)) بەناوى ((گرێبەستى شەراکەتەوە))(( 42 گرێبەست لە ماوەى ساڵى 2002 تا 2011)) و نەوت و غازى سروشتى ئەم هەرێم و میلەتەى تاڵانفرۆش و هەڕاج کرد لە بازاڕەکانى دونیادا و بەشێوەیەک هەمیشە نرخى بەرمیلێک نەوتى هەرێم بە 10 دۆلار کەمتر دەفرۆشرێت لە بازاڕەکانى دونیادا، ئەمە سەرەڕاى هەموو ئەو تانە و سکاڵا و ناڕەزاییانەى حکومەتى عێراق لەلایەک و کۆمپانیاکانیش لەلایەکى ترەوە لەبەر بەهەدەردان و بە قاچاغ فرۆشتنى نەوتى عێراق و نەدانى موستەحەقاتە داراییەکانى ئەو کۆمپانیایانە، تازە بەتازە و دواى زیاتر لە 10ساڵ کۆمپانیاى نەوتى وا هەیە کە هەرێم بەجێدێڵێت چونکە کارکردن لە بوار و کەرتى نەوتى هەرێمدا بەم شێوەیەى ئێستا بەقازانج نیە بەتایبەتیش دواى دەرکەوتنى ئەو هەموو گەندەڵى و بەرتیل وەرگرتن و شەریک دروستبوونە بۆیان لەلایەن دەسەڵاتدارانى ئەو کەرتەوە.
هەربۆیە حکومەتى هەرێم کەوتە قەرز وەرگرتنى پێشەکى لەو کۆمپانیایانە و بەڵێنى ئەوەى پێدان کە بەنەوت دەیانداتەوە،بەڵام ئەم حکومەتە بێئاگایە لە سیاسەتى نەوتى جیهانى و بەرژەوەندى کۆمپانیا زەبەلاحەکانى کەرتى نەوت، هیچ کات پێشبینى دابەزینى نرخى نەوتى نەکردبوو لە 115 دۆلارەوە لەمانگى 6/2014دا بۆ 25 دۆلار لە مانگى 11/2015دا کە زیاتر لە 70% نرخەکانى دابەزى، هەربۆیە حکومەتى هەرێم ئەوەى کە دەیخواست دەستى بکەوێت لەو نرخە بەرزانەى نەوت دوور لە داهات و دەسەڵاتى عێراق بۆى نەچوە سەر و کەوتە ژێر بارى قەرزێکى گەورەوە کە لە ئێستادا و بۆ 10ى ساڵى ئایندەش ناتوانێت بیانداتەوە.
لێرەدا پرسێارێک دروست دەبێت، کە ئایا حکومەتى هەرێم بەڕاستى قەرزارە یان چاوبەستەکى لە میلەتەکەمان دەکات؟ ئایا قەرز وەرگرتن کارێکى ئاساییە یان دژاور و کاریگەرى خراپى هەیە؟ هەرێم چۆن دەکەوێتە ژێر بارى لێکەوتە خراپەکانى ئەو قەرزانەوە؟
بەداخەوە بەهۆى ناشەفافیەت و تاریکاندن و شاردنەوەى ڕاستیەکان و ئامار و زانیاریەکان دەربارەى گرێبەستە نەوتیەکان و چۆنێتى فرۆشتن و هێنانەوەى داهاتەکان و دواتریش خەرجکردنەکانى، تەواوى پڕۆسەى دەرهێنان و فرۆشتنى نەوتى هەرێم کەوتۆتە ژێر پرسیارگەلێکى گەورەوە و هەموانى توشى شۆک و دڵەڕاوکێ کردوە بۆ ئایندە و هەموانیشى توشى گومان و دوودڵى کردوە بەرامبەر دەسەڵات و نوخبەى دەستڕۆیشتوى کەرتى نەوت و ئەو ئامار و ڕاپۆرتانەى کە بڵاوى دەکاتەوە لەلایەن وەزارەتى سامانە سروشتیەکانەوە، هەمیشە شاردنەوە و پێنەدانى زانیارى ڕاست و دروست گومان و دڵکرمێبوونى لێدەکەوێتەوە، ئەگەرنا هیچ کات زەرەرمەندبون لە بارزگارنى و بەهەڵەداچوون گوناهێگى لێخۆشنەبوو نەبون لە دونیاى سیاسەت و ئیدارەى وڵاتەکاندا، بەڵام لەم هەرێمدا وەک تەواوى پڕۆسەکە نادیارە و ئەنجامەکەشى زیانى گەورە و کەوتنە ژێر بارى قەرزێکى زۆرەوەى لێکەوتۆتەوە و نەوتەکەى خۆمان بۆتە دەرد و هەموانى توشى نەخۆشى و برسێتى کردوە، کەچى هێشتا دەسەڵات دان بە ناهەقى و هەڵە و تەنانەت تاوانەکانى خۆشیدا نانێت بەرامبەر تاک بەتاک و خێزان بەخێزانى ئەم میلەتەدا، لەکاتێکدا هەموان خواستمان بوە و بە خۆشى بێت و بەنابەدڵیش بوبێت لەگەڵ سەربەخۆیى فرۆشتنى نەوتەکەى خۆماندا بوین لە پێناو بون بە نیعمەتێکى نەبڕاوە بۆمان، بەڵام لە ئێستادا باس دەکرێت کە حکومەتى هەرێم بڕى نزیکەى 27 ملیار دۆلار قەرزارى کۆمپانیا دەرەکى و ناوخۆییەکانە، و لە 21/2/2017شدا ڕێکەوتنێکى نوێى لەگەڵ کۆمپانیاى نەوتى ( ڕوسنەفت)دا کردوە بۆ وەرگرتنى بڕى 3 ملیار دۆلارى تر بەو نیازەى بەنەوت بیداتەوە لەماوەى 3-5 ساڵى ئایندەدا کەواتە بڕى قەرزەکە بۆتە 30 ملیار دۆلارى تەواو. کە گەر وەک ڕاگەیەنراوە لەلایەن دەستەى ئامارى هەرێمەوە کە وا ژمارەى دانیشتوانى کورستان بۆتە 5ملیۆن و 760 هەزار کەس، ئەوا ئەو بڕە قەرزە گەر دابەشى بکەینە سەر ئەو 5ملیۆن کەسە ئەوا هەر تاکێک بڕى 6000 دۆلار قەرزار دەبێت، ئایا ئەمە لە پێناو چیدا ؟ لەکاتێکدا گەر ڕۆژانە 500هەزار بەرمیل نەوتیش فرۆشرابێت ئەوا مانگانە دەکاتە 15 ملیۆن بەرمیل و لە ساڵێکیشدا دەکاتە 180 ملیۆن بەرمیل کە گەر کەمترین نرخیشى بۆ دابنرێت بە 40 دۆلار ئەوا دەکاتە 6 ملیار دۆلار، کە تەنها بۆ مووچەى تەواو وخەرجیەکانى مانگانەى حکومەت وەک ڕاگەیەنراوە تەنها بڕى 1 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار پێویستە، لە کاتێکدا ئەوە تەنها داهاتى نەوتى بۆریە ، گەر داهاتەکانى بەرهەمە نەوتیەکان (( 150 ملیۆن دۆلار مانگانە )) و داهاتى نەوتى تانکەر بە (( 150 ملیۆن دۆلار مانگانە)) و داهاتە ناوخۆییەکانى تر (( 130 ملیار دینار )) دابنرێت ئەوا حکومەتى هەرێم لە ئێستاشدا دەتوانێت تەواوى مووچە و خەرجیەکانى حکومەت و پڕۆژەکانیش جێبەجێبکات. لەکاتێکدا نە قورسایى شەڕى داعش و نە بوونى 2 ملیۆن ئاوارەى عەرەبیشى لەسەر ماوە وەک سەرەتاکانى ساڵى 2014 و دواتر.
خۆئەگەر حکومەتى هەرێم بتوانێت ساڵانە بڕى 1 ملیار دۆلار قەرز بداتەوە ئەوا پێویستمان بە 30 ساڵ دەبێت واتە تەمەنى یەک نەوەى ئێستامان لە ژێر بارى قەرزاریدا ژیان دەگوزەرێنن.
بۆیە لەم ژمارە و لە ڕاستى داهاتەکانەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە حکومەتى هەرێم نەک قەرزار نیە بەڵکو بابەتى قەرز وەرگرتن و قەرزاریەکەشى کردۆتە هۆکارێک یان بیانویەک بۆ زیاتر شاردنەوە و پەردەپۆشکردنى داهاتەکان و کەمکردنەوەى گلەییەکانى خەڵک، ئەگینا شارەزایان و ڕاستى و دروستى داهاتەکان ئەوە دەردەخەن کە حکومەتى هەرێم چاوبەستەکى لەخەڵکى دەکات و کۆکردنەوەى ئەم هەموو داهاتە بەم شێوە ناشەفافە و شاردنەوەى تەنها بۆ پێویستى و بەرژەوەندى حیزبى و هەڵبژاردن و دەنگکڕین و ساختەکارى بەکاردێنێت لە قازانج و بەرژەوەندى حیزب و سەرکردەیەکى دیاردا.
پرسیارێکى زۆر سادە لەو حکومەتى هەرێمە، کە ئایا لەم 2 مانگەدا بتوانێت 3 مووچە ( چارەک و بۆ سێیەکى مووچە ) بدەیت لەکاتێکدا داهاتى نەوتى 3 مانگت (( 12/2016 و 1 و 2/2017)) ئاشکرا نەکردوە، ئەى ئەم داهاتە لەکوێوە هات؟ و سەرچاوەکەى چیە؟
گەر نەوتت نەفرۆشتبێت و داهاتەکشیت نەشاردبێتەوە؟ خۆ نە کەرتى کشتوکاڵ و نەکەرتى پیشەسازى و نەکەرتى گەشتیاریمان بوژاندۆتەوە؟
هەموان دان بەو ڕاستیەدا دەنێین کە نەک هەر هەرێمى کوردستان بەڵکو عێراق و تەواوى وڵاتانى ناوچەکە و دونیاش ڕووبەڕووى قەیرانى دارایى بونەتەوە بەهۆى وەستاندنى گەشەکردن و پێشکەوتنى پیشەسازى دونیا و دابەزینى نرخەکانى نەوت و هەڵایسانى شەڕو پێکدادان و جەنگ دژى تیرۆریستان، بەڵام لەهەموان خراپتر دۆخى ئابورى ئەم هەرێمەیە لەئەنجامى نەبوونى پلانى زانستى و واقعى ئابورى و بێباکى دەسەڵات و لەکارخستنى دامودەزگا شەرعیەکانى پەڕلەمان و شەلەلکردنى حکومەت و نەهێشتنى یەکڕیزى و ئیجماعى نیشتیمانى لەسەر بچوکترین مەسەلەکان. بۆیە هەرێمى کوردستان چەندین جار دەکەوێتە ژێر بارى خراپ و کاریگەریە خراپەکانى ئەم قەرزوەرگرتن و نەدانەوەیدا، لەکاتێکدا بۆ هەموو وڵاتان و لەکاتى قەیرانەکاندا قەرز وەرگرتن وەک ڕێگا چارەسەریەکى کاتى و لە پێناو وەگەڕخستنەوە و پێشخستن و وەبەرهێنانى پڕۆژەى گەورە و ستراتیژیدا کە لەئایندەدا داهاتەکەى زیاتر دەبێت لەو قەرزە کارێکى زۆر ئاساییەوە وەرگرتن و دانەوەشى یاساییە، بەڵام لە دۆخى هەرێمدا وەرگرتنى بڕى قەرزێکى زۆر و سوودەکانى و غرامەى دواکەتنەکانى هێندە گەورە و مەترسیدارن کە هەموان بۆ چەندین ساڵى ئایندە لەژێر قورسایى و کاریگەریەکانیدا دەرناچین و هەست بە خۆشگوزەرانى و نیعمەتى نەوت و سامان سروشتیەکانمان ناکەین.
بۆیە گرنگە کە ئەم حکومەت و دەسەڵاتە پڕۆسەیەکى زانستى و واقعیانەى چاکسازى و ڕیفۆرم و گۆڕانکارى لە سیستەم و کەسەکان و بیر و بەرنامە و یاساکاندا بکات و خۆى بگونجێنێت لەگەڵ تازەگەریەکانى دونیاو ناوچەکە و بەشێوەیەکى ووردتر و زانایانە تر و بەئاگایانەتر مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر و دونیاشدا بکات،و خوێن و فرمێسک و ئەم هەموو دەسکەوتەى 26 ساڵەى ڕاپەڕینى گەلەکەمان نەکاتە قوربانى چەند ملیار دۆلارێکى ناڕەواو حەرام بۆ خزمەتى سەرکردە و بنەماڵە و حیزب و دەوڵەتانى دەوروبەر.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی