کاوسێن بابەکر: ڕای سێیەم لەنێوان پارتی و پێ کاکادا.
شەنگال برینێک دەبێ یەکمانخا نەک دوورمانخا!
کێشەی ئەم دواییەی نێوان پارتی دێموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان کە پێشمەرگەکانی شەنگال و ڕۆژاوا بەوەکالەت دەیکەن، هیچ نییە جگە لە شەڕێک بۆ دەستەڵاتخوازی و خۆسەپاندن!! زۆر بەداخەوە، شەنگال برینێکە بەدرێژایی مێژوو لەسەر دڵمان دەمێنێتەوە، برینێک کەنەمانتوانیەوە چارەسەری بکەین و ئێستا هاتوین قوڵتری دەکەین و زیاتر دەیکولێنینەوە!
ئەو شەنگارە مەزڵومەی داعش کچ و ژنەکانیان بردن و ئابڕووی هەموو کوردیان خستە تورەکەوەو نەمانتوانی بەدەیان هەزار پێشمەرەگەوە بیپارێزین، ئێستا لەسەر یەکتر بووین بەکەڵەگاو خەریکین شەڕێکی کوردکوژە بەڕێ دەخەین!
سەیرەکە لەوە دایە خەریکن هیج بواریک بۆکەس نەهێڵنەوە قسەیەکی تێدا بکات و بڵێ ئەو شەڕە حەرامەو سایسیەکان لەپەرلەمان سوێندیان خواردووەو حەرامیان کردووە کەچی هەردووک لا ئەم شەڕە خەریکە پیرۆز دەکەن و دەڵێن ئەوە شەڕی ناوخۆ نییە و هەرکەس ئەو قسەیە بکات لەبەرەی گەل لایداوە! هەردوکلا یەکتر بەخائین و داردەستی دەرەکی تۆمەتبار دەکەن!
چەند ڕاستیەک هەیە دەبێ هەمووان بیزانن و من دوور لە هەستی حزبی لێرەدا دووبارەیان دەکەمەوە؛ هەموو خاکی هەرێم لە حکومەتی هەرێم بەرپرسەو هیچ کەس و لایەنێک، عراقی یان پارچەکانی کوردستان یان ووڵاتانی دەرەکی بێ مۆڵەتی هەرێم بۆیان نییە بێنە ناوهەرێمەوە، بوونی هێزەکانی تورکیا، بوونی پێ کاکا، دەبێ هەرێم و سەرکردایەتی سیاسی بڕیاری لێبدات مانەوەیان یان نەمانەوەیان لە هەرێم، هەمووشمان دەزانین ئەگەر پێ کاکا کە بۆ یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگە هاتوون و دەیان شەهیدیان داوە بمانەوێ بکشێنەوە، ئەوە دەبێ هێزەکانی تورکیا زۆر زووتر ئێرە چٶڵ بکەن! زۆر نەزانانەیە داوای کشانەوەی هێزەکانی پێ کاکا بکەین کەتائێستاش شانبەشانی هێزی پێشمەرگە دژی داعش لەشەڕدان بەڵام نەوێرین بە تورکەکان بڵێین قارداش گیت، برادەر لێرە بڕۆ!
پاشان پێ کاکا بەدانشتن و گفتوگۆ دەکرێ ڕازی بکرێ، بەڵام خۆ ئەو هێزانەی شەنگال خۆیان شەنگالین و دیفاع لەشارو مال و ناموسی خۆیان دەکەن بۆ کوێ بچن؟ کێش دەریان دەکات هێزی ڕۆژ کەخەڵکی ڕۆژاوای کوردستانن و ئێستا بەبیریان هاتۆتەوە بچن لە خاکی خۆیان دژی داعش بجەنگن! لەکاتێکدا ئەوە بەمافی ڕەوای ئەوان دەزانم بەڵام هێزێکی 5-6 هەزار کەسی هەروا ئاسان نییە بچێتە ناوشارو شارۆچکەکانی ڕۆژاوا پێش ئەوەی ڕێککەوتن ئەنجام بدەن لەگەل ئیدارەو پارتەسیاسیەکانی ئەوێ، وەک دەبینم ئەوان بەردەوام لەتیڤی و چاوپێکەوتنەکاندا هێرش دەکەنە سەر کانتۆنەکانی ئەوێ و هەپەگە بەدیکتاتۆر دەزانن و ئامادەنین گوێ لە هەپەگە بگرن کەچی تاوانباریان دەکەن بەوەی ڕێگەیان نادەن بگەڕێنەوە! لەکاتێکدا مێژوومان پڕە لەخوێنی براکان بەبێ ڕێککەوتن و دروستکردنی هێزێکی نیشتمانی دوور لەئینتمای حزبی گەڕانەوەیان جگە لە گەرم کردنی شەڕی براکان و تێکدانی ئەوەی بەخوێنی هەزاران شەهید بنیانراوەو خەریکە ئاسۆیەکی لێدەکرێتەوە، شتێکی تر نییە!
بەڵێ پێ کاکا دەبێ بکشێتەوەو سوپاسیش بکرێ، دەبێ هێزەکانی شەنگال پشتگیری بکرێن و بخرێتە سەر وەزاڕەتی پێشمەرگە، بەڵێ هێزەکانی ڕۆژ دەبێ بگەڕێنەو بەڵام ڕێگاکەیان بەوێدا نییەو بەنێو گفتوگۆی دوولایەنە لەگەل ئیدارەی ڕۆژئاوا و هەپەگەدا تێدەپەڕێ، هەردووکلای شەڕەکە پێیان خۆش بی یان ناخۆش تۆمەتباردەبن بەهەڵگیرساندنی شەڕی براکوژی و هەموو حزب و لایەنە سیاسی و جەماوەریەکان دەبێ دەنگی دژ هەڵبڕن و مێژووش بەتاونبار ناویان تۆماردەکات و دەبن بە شەرمەزاری گەلی کوردستان.