دکتۆر سەردار عەزیز: شەڕ چیە؟
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
مەزنە بیرمەندی ئەوروپی کلاوزڤیتز دەربارەی شەڕ دەڵێت، درێژەپێدەری سیاسەتە بە شێوازێکی تر. کەواتە شەڕ بۆخۆی بونێکی سەربەخۆی نیە، شەڕ لە پێناوی شەڕدا ناکڕێت، بەڵکو شەڕ ئامرازی سیاسەتکردنە. هەرچەندە فۆکۆ ئەم هاوکێشەیە هەڵدەگێڕێتەوە، بە تایبەت لە کتێبی دەبێت داکۆکی لە کۆمەڵگا بکەین، کە شەڕ شێوازی باڵای پەیوەندیە. بەڵام ڕەنگە سان تزو ستراتیژیستی ناسراوی چینی کۆن زیاتر هاوکارمان بێت دەرباری جەنگ بەوەی کە پێمان دەڵێت کە سەرکەوتنی گەورە، یان گرنگی سەرکەوتن لەوەدایە کە بەبێ شەر بێتە ئاراوە.
کەواتە شەڕ و سیاسەت دوانەیەکی لەیەک دانەبڕاون. بەڵام ئەگەر بپرسین نەک وەک ئەوەی کە شەڕ چیە، بەڵکو وەک ئەوەی کە کێ مافی شەڕی هەیە ئەوا ڕەنگە روناکی زیاتر بخاتە سەر دۆخی کوردی. لە بوونی دەوڵەتدا شەڕ کردەیەکی دەوڵەتیە، بۆیە لە دەستوری زۆربەی وڵاتاندا دەبینێت کە شەڕ بە پێی یاسا قۆرغکراوە بۆ دەوڵەت. کەواتە ئەوەی بڕیاری شەڕ دەدات دەوڵەتە یان خەڵکە لە رێگای پەرلەمانەوە. کەواتە لە دۆخی کوردیدا کە هێزی سیاسی شەر هەڵدەگیرسێنێت نەک لە گەڵ نەیاری دەرەکیدا بەڵکو لە گەڵ دەزگا و ناوخۆدا نیشانەی نەبوونی یاسا و دەستور و خەڵک و دەوڵەتە. بەم پێیە شەڕ لە دۆخی کوردیدا بریتیە لە ئامرازێکی هەمیشە ئامادەی سیاسەت. بۆیە شەڕ بریتی نیە لە داکۆکیکردن، پاراستن یان گەشتن بە ئامانجی گشتی، بەڵکو بریتیه لە بەشێک لە ئامرازی سیاسی حیزب بۆ بەڕێوەچوونی کاری سیاسی. بۆیە زۆر کەس بڕوایان وایە لە کوردستان بەبێ بوونی چەک یان ئامرازی شەڕ ناتوانرێت سیاسەت بکرێت. کەواتە لە دۆخی کوردستاندا سیاسەت بەبێ شەڕ یان توانای شەر ناکرێت. لێرەدا چەمکی پوتێنشاڵ گرنگە، بەڵام قسەی لە سەر ناکەین.
لە دۆخێکدا کە بەبێ شەڕ یان توانای شەڕ یان هەبوونی خاوەندارێتی بە سەر ئامراز و هێزی شەڕدا نەتوانی سیاسەت بکەیت، کەواتە لە چ دۆخێکی سیاسیدایت. دیارە لە دۆخی شەڕی ناوخۆدایت. بەڵام کاتێک کە شەڕ نابێت، ئەوا ململانێ سیاسیەکان بە شێوازی شەڕ بەڕێوەدەچن. لێرەدا کلاوزڤیتز و فۆکۆ تێکەڵ دەبن.
بەڵام چەمکی شەڕی ناوخۆ بۆ من مایەی تێڕامانە. دڵنیام زۆرینەی خەڵكی بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک ئەم چەمکە وەردەگرن. بەڵام لە ڕاستیدا لە ئاستی تێگەیشتندا ئاڵۆزە. بەبوونی ناوخۆ کەواتە دەرەوە هەیە. چونکە ئەگەر دەرەوە نەبێت ناوخۆ نیە. بەڵام ئەم ناوخۆ و دەرەوە چۆن جودا دەکرێتەوە: بە چ جۆرە سنورێک، لە کاتێکدا هیچ سنورێکی فیزیکی بوونی نیە. بگرە هیچ سنورێکی جیوپۆلەتیکی سەروەری یان سۆڤرن بوونی نیە. چونکە هەمیشە دەبینین کە دەرەوە بەشێکە لە شەڕی ناوەوە. بەم پێیە شەڕی ناوخۆ، ڕەنگە مانای ئەوەبێت شەڕ لە ناوخۆماندا. نەک بەمانای جوگرافی یان پانتایی کە ناوخۆ جودایە لە دەرەوە. چونکە لە دروستکردنی پانتایی ناوخۆ و دەرەوەدا دەبێت سیستەم و سنور و دەوڵەت و نەتەوە ت بونیادنابێت.
بەڵام شەڕی ناوخۆ ڕەنگە مانایاکی میتافۆری هەبێت. ئاماژەبێت بۆ بونێکی کە دەبێت هەبێت بەڵام نیە.
ڕەنگە شەڕی ناوخۆ لە ناواخندا مانای ئەوە بگەیەنێت کە جۆرە شەڕێکی نابێت ببێت. چونکە شەڕ بۆ خۆپاراستنە یان داکۆکیکردنە لە گەڵ دەرەوەدا لە کایەی سیستەمی دەوڵەتدا. بەڵام کاتێک باس لە کایەی سیستەمی دەوڵەت دەکەین بەڵام بوونی نیە، کەواتە شەڕی ناوخۆ بریتیە لە جەنگی ئەو هێزانەی کە توانای شەڕیان هەیە، لە هەناو کایەیەکی نادەوڵەتیدا. بوونی شەڕی ناوخۆ یان توانای شەڕی ناوخۆ مانای نەبوونی دەوڵەتە. مەبەستمان لە نە بوونی دەوڵەت ئەوەنیە کە دەوڵەت ڕانەگەیەنراوە، بەڵکو مەبەستمان لە نەبوونی دەستور و یاسا و جیاکاری دەسەڵاتەکان و گشت و تایبەت و حکومەت و خەڵك ە. بەمانایەکی تر دۆخی بێدەوڵەتی دۆخی جەنگەڵە، کە بەهێز تیایدا خاوەنی بڕیارە و بێهێز دەبێت ملکەچ بێت. هێز لێرەدا بریتیە لە هێزی رەقی چەک و توانای کوشتن.
ئەگەر دۆخی کوردی بریتیە لە شەڕی ناوخۆ، کەواتە هێزەکان لە یەکتر دەترسن، هەست دەکەن بەبێ چەک بونیان نیە، ناتوانن لە چەک دوور بکەونەوە. بۆیە سیاسەت بریتیە لە درێژەپێدانی یەکترکوژی. بۆیە یاسای باڵا بریتیه لە توانای یەکترکوژی، نەک مەدەنیەتە شارستانیەت و ئاگایی و ئەخلاق و گەشە و بونیادنان.
قەیرانی دۆخی شەڕی ناوخۆ ئەوەیە کە خۆی درێژەدان بە خۆی دەدات. مادەم ئەویتر چەکی هەیە کەواتە دەبێت منیش چەکم هەبێت. بەم پێیە ئێمە هێزی سیاسیمان نیە، دۆخی سیاسیمان نیە، بەهێچ شێوەیەک سیاسەتمان نیە. ئەوەی هەمانە عەقڵیەتە ستالینیەکەیە. کاتێک داوایەکی پاپای ڤاتیکان لە سییەکان دەگەیەننە ستالین، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت. پاپا، چەند لیوای هەیە؟ بەو مانایە پاپای قسەی چ قیمەتێکی هەیە کە هیچ هێزێکی سەربازی نیە. یان ووتە بە ناوبانگەکەی ماو تسی تونگ کە دەڵێت دەسەڵاتی سیاسی لە بەرمیلی باروتەوە سەرچاوە دەگرێت. لە کوردستان هاوڕێ ستالین و هاوڕێ ماو هێشتا هەواداریان زۆرە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە