بورهان شێخ ڕەئوف: کۆنگرەى هێزە سوونیەکانى عێراق گەڕانەوە بۆ خاڵى سفر.
هەروەکو دیارە شەڕى دەوڵەتى ئیسلامى داعش لە کۆتایى نزیک دەبێتەوە لە ڕووى سەربازییەوە بە وەدەرنانى هێزە تیرۆریستیەکانیان لە پارێزگاکانى سەلاحەدین و ئەنبارو وبەشێکى زۆرى موسڵ بەمەش پێدەچێت زەوى و شارو هیچ ڕووبەرێک خاکیان بە دەستەوە نەمێنێت بە ئازادى تەراتێنى تێدا بکەن، ئەوەى بووەتە ڕۆژەڤ عێراقى دواى داعشە.
ئایا هەمان سیناریۆى پێشوو دووبارە دەبێتەوە حکومەتى سازانى نیشتمانى نێوان حزب و لایەنە تائیفیەکان و بەشکردنى پۆست و ئیمتیازات بە هاوبەشى و بەشکردنى سامانى وڵات و چاوپۆشیکردن لە هەڵە و گەندەڵى یەکترى؟
لە دواى پڕۆژەى هاوپەیمانى نیشتمانى شیعە کە ئامادەیان کردبوو لە گەڵ لایەنەکانى ترى سەر گۆڕەپانى عێراق تاوتوێ یان کرد بە کوردیشەو کە مەبە ستیانە عێراقێکى یەکگرتوو سێنتراڵ بمێنێتەوە.
سوونەکانیش لە ماوەى ڕابردوو چەندین کۆنگرەو کۆبوونەوەیان بەست چ لە عەمان و جنێف و دواترینیان لە ئەستەنبوڵ لە تورکیا کە ماڵپەڕى (سوت کردستان ) بەشێک لە بەیاننەمەى کۆتایى کۆبوونەوەکەیانى بڵاوکراوەتەوە کە جێگاى سەر سووڕمان و گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەى یەکەم لە مەڕ کوردو پێشووەچوونەکانى مسەلەکەى و قوربانى و ڕۆڵى کاریگەرى لە شەڕى داعش و تیرۆر و پەندو وانەکانى ساڵانى ڕابردوو ى عێراقى دواى سەدام حسێن.
لە لایەکى ترەوە ئەمە چ شەرمەزارییەکە دواى پەنادانى ملێۆنەها ئاوارەى عەرەبى سوونە ى ئەنبارو تکریت و مووسڵ لە هەرێمى کوردستان جوانترین و شایستەترین سۆزى مرۆڤایەتى لە گەڵیان کە هێشتا بە تەواوى نەگەڕاونەتەوە بۆ جێگاکانى خۆیان بەیانامەیەکیان لە ئەستەنبوڵ نووسیوە بە زمانى عەرەبى بەڵام بە دڵى تورکیا و ئەردۆگان و بە ڕیتمى سەردەمى پێشووترى عێراقى چەکى کیمیاوى ڕۆکێتەکانى عەباس و حسێن و زەبەلاحترین هێزى ئاسمانى .
لە دواى چەند مانگێک دواجار پرۆژەکەى سوونە بڵاوکرایەوە کە زیاتر لە دە لاپەڕە دەبێت و باسى زۆر لە ئاریشەو قەیرانەکانى عێراق دەکات ئەگەر چەند خاڵێکى باشى تێدا بێت لەوانە کە چەک بە دەستى دەوڵەتەوە بێت بەتەنها و کۆتایى هێنان بە هەموو جۆرە میلیشیایەک و گێڕانەوەى خزمەتى ئیلزامى سەربازى کە ئەمە خاڵێکى زۆر گرنگە بۆ کۆتایى هێنان بە میلیشیات ئەوەى من ئاگاداربم لە ساڵانى ڕابردوو کورد زۆر دژى ئەو بڕگە بوون ئیدى نازانم نهێنیەکەى چى بوو؟؟
ئەوەى پەیوەندى بە کوردەوە هەیە مەبەستى منە زیاتر لەم وتارەدا کە پێکهاتەى عەرەبى سوونەى خۆیان لە ماوەى ڕابردوودا قوربانیەکى گەورەى ناهاوسەنگى ئەزموونى پێکەوە نەژیانى پێکهاتەکانى عێراق بوون بەم دەستوورو عەقڵیەتەى ئیستاوەو کە خۆیان بەشخوراو و پەراوێزخراو ڕاگوێزراوو ئاوارەى وڵاتانى ناوچەکەن کەچى خوازیارى ئەوەن کوردیش بەرنەوە بۆ چوارگۆشەى یەکەم و خاڵى سفر بۆیە پێم خۆشە ئەو خاڵانەى پەیوەندى بە کوردو هەرێمى کوردستانەوە هەیە لە و بەیاننامەیەدا بۆ خوێنەرانى ئازیزى بخەمە ڕوو :
1- جێگیر کردنى سنوورى پارێزگاکان و گەڕانەوەى هەرێمى کوردستان بۆ سنوورى 19 /3/ 2003
2- بەڕێوەبردنى هەموو سنوورەکان بە دیاریکراوى لە لایەن حکومەتى ناوەندییەوە.
3- پارێزگاى کەرکوک پارێزگایەکى عێراقی بووە بە درێژایى مێژوو ئەمە هیچ شیکردنەوە و ساغکردنەوەیەکى ئتنیکى و تائیفى نایگرێتەوەو ناخرێتە سەر هیچ هەرێمێک.
لە بڕگەو پەرەگرافەکانى پێشوو باسى ئەجنداى شیعەو سوونەم کرد بۆ دواى داعش ئەى کورد چى بۆ خۆى و ئایندەى کێشەکەى کردووە؟
ئەوەى ڕوون و ئاشکرایە کورد لە 14 ساڵى ڕابردووى دواى پرۆسەى ئازادى عێراق لە ئێستا ماڵى شێواوتر نەبووە لە ئێستا پەرت وبڵاو بێ بەرنامەتر نەبووە جگە لە گەندەڵى و دەردەکانى کە لە تیرۆر سامناکترن لە کاتێکدا لە گۆڕەپانى نێو دەوڵەتى دا هەرگیز لە ئێستا ئەکتیف و کاریگەرتر نەبوو ئەگەر لە ڕابردوودا هەمیشە لە پەراوێز دا بووبێت ئێستا ڕۆڵ و کاریگەرى لە سەر ڕوداوەکان هەیە و لە بەرزترین ئاستى نێو دەوڵەتیدا دانى پێدنراوە.