شێرزاد شێخانی: فۆكۆیاما لەسلێمانی.
لەم وەزعە پڕ لەقەیرانەی هەرێمی كوردستاندا، ئەركی دەسەڵات ئەوەیە، لانیكەم دڵی خەڵكی نەرەنجێنێ. لەو نەهامەتی و برسیەتی و بێ موچەییەدا حیسابێك بۆ باری دەرونی ئەم خەڵكە بكات. بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵات لای ئێمە زاڵم و گەندەڵ و دیكتاتۆرە، بۆیە هیچكات حیساب بۆ كەس ناكات مادام چەكی بەدەستەوەیە و سڵ لەخیانەتیش ناكاتەوە. بۆیە ئەبینین سەرباری ئەم هەمو نەهامەتیانە لەسەر بەزمو رەزمی خۆیان بەردەوامن. ئەو هەمو فیستڤاڵ و دیدارو پانێڵانەی لەم قۆناغی برسیەتیدا سازی ئەكەن ئیستفزازێكی زۆر بێشەرمانەیە بۆ میللەتە برسییەكەیان.
دیداری سلێمانی كە بەوتەی هەندێ كەس 400 میوانی هەبو، گریمان هەر میوانێك 10 هەزار دۆلاری لێ سەرفكرابێ گە گومان نیە لەوە زۆر زیاتریشە بۆ مەسرەفی بلیتی فرۆكەو مانەوەو مەسرەفی گیرفانی، ئەوە بڕەكە ئەكاتە 4 ملیۆن دۆلار. بەم پارەیە زۆر شت ئەكرا.
– هەردو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان مەترسی هەرەسیان لەسەرەو پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیان هەیە، بەم پارەیە كێشەكانی كارەبا لەم دەڤەرەی زانكۆ ئەمریكیەكەی تێدایە كۆتایی ئەهات.
– ئەم پارەیە بگۆڕدرایە بەپارەی عیراقی بەشی موچەی شەش مانگی خانەوادەی شەهیدانی ئەكرد كە نانیان نەماوە بیخۆن.
– بەم پارەیە ئەتوانرا هاوكاری 40 هەزار مامۆستای قۆتابخانەكان بكرایە بۆ ئەوەی چاوشۆڕی دەسەڵاتێكی دزو گەندەڵ نەبونایە.
– بەم بڕە پارەیە دەیان پرۆژەی وەستاوی شەقامەكانو خزمەتگوزارییەكانی پێ تەواو بكرایە.
ئەم پارەیە بۆ كوێ چو؟.
– بۆ رتوشكردنی دەموچاوی قێزەونی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری تا سەر ئیسقان گەندەڵ و دز.
– بۆ خۆ بەرەو پێشبردنی كەسانێكی چڵكاوخۆری دەسەڵاتی نەوتدزو خۆ خۆشەویستكردن لەلای مافیا گەورەكانەوە,.
– بۆ هەڵخەلەتاندنی نوێنەرانی دونیاو پیشاندانی واقعێكی تەزویركراو بەو میوانانە
فۆكۆیامای بیرمەندی گەورەی جیهان میوانی دیداری سلێمانی بو، بەڵام بەزمانی خۆی وتی: من هیچ شارەزاییم لە سیاسەتەكانی كوردستاندا نیە؟.
میوانداری ئەم زاتە گەورەیە ئەگەر بۆ ئاشناكردنی بێت بە دۆزی كورد بۆ ئەوەی ببێتە پشتیوانێكی باشی دەرەكی بۆ میللەتەكەمان، پێویست بو واقیعی تاڵی ئەم هەرێمەمان بخستایە بەردەمی وەك:
– بونیاتنانی سیستەمێكی دیكتاتۆری خێڵەكی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانو سەرۆكەكەی مەسعود بارزانییەوە.
– بەرتەسكبونی ئازادییەكانی مرۆڤ و رێگرتن لەمافە رەواكانی دیموكراسی.
– بەردەوامبونی تیرۆری رۆژنامەنوس و نوسەرو تیرۆری فیكری لە هەرێمدا.
– كوشتنی میللەتێك بە سیاسەتی برسیكردن و نانبڕین و موچەبڕینەوە.
– دزینی سەروەت و سامانی نەوتی میللەت و، گواستنەوەی داهاتەكانی بۆ بانكەكانی دەرەوە لەسەر حیساباتی دزو گەندەڵكاران.
– پەكخستنی پەرلەمان و ئیفلیجكردنی حكومەت و دەستەمۆكردنی دامودەزگاكانی دەسەڵات و بەحیزبی كردنیان.
– هاوپەیمكانیكردنی دوژمنانی كورد لەوڵاتە ئیقیلیمیەكان و هێزە سیاسیە رەگەز پەرستەكان.
ئەبو بیرمەندێكی گەورەی جیهانی لەوەزنی فۆكۆیاما لەو راستیانە ئاشنا بكرایە، نەوەك رتوشكردن و جوانكردنی دەموچاوی ناشرینی دەسەڵاتێكی گەندەڵكارو ستەمكار و دیكتاتۆر كە ناتوانی ئاوو كارەباش بۆ میللەتەكەی دابینبكات.
حەیف بۆ ئەو جۆرە دیدارو سیمینارانەی دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان ئەكرێ بۆ پاساوهێنانەوەی شكستی دەسەڵات و پەردەپۆشكردنی كەموكورییەكانی.
دوجار حەیفیش بۆ ئەو سەركردەو بەرپرسانەی غەیرە پارتی كە لەهەوڵی بێ وچاندان بۆ جوانكردنی رووی رەشی دەسەڵاتی پارتی لەبەر چاوی میللەتانی دونیادا. ئەمەی پارتی ئەگەر جارێك خییانەت بێ، ئەوەی ئەم مەسئولانەی غەیرە پارتی دوجار خیانەتە لەمیللەت و لەمێژوو تەنانەت لەحزبەكانی خۆشیان.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts