لاوک کونجرینی: شوعلەخان.
لەدەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق، بەعس هێزەکانی خۆی لەناوچە دوورە دەستەکاندا گواستەوە بۆ بەرەکانی باشوری عێراق، دواتر زۆر گوندو ناوچەی کوردستانی خاڵی کرد لە هێزەکانی، بەدرێژایی شەقامەکانی نێوان شارو ناحیەو شارۆچکەکانی پایەگاو سەربازگەی لێهێشتبووەوە، شارەکانیشی تەنی بوو بەهێزە تایبەتەکانی. جگە لەو گوندانەی کە بەر بڕیاری ڕیکەوتننامەی جەزایری ساڵی 1975 نەکەوتبوون، پێشمەرگە بەڕۆژ و شەو تیایدا دەمانەوە یان ووردە وردە بارەگاو بنکەیان تیا دادەنا.
ئا لەو کاتەدا زۆر لەو پێشمەرگانەی چەند ساڵێک بوون بەهۆی نائارامی و بێجێگەیی، ژیانیان بەڕەبەنی دەبردەسەرو نەیان دەتوانی هاوسەرگیری بکەن، ئیتر وردە وردە کەوتنە ژنهێنان و یەکێک لەو کەسانە نەوشیروان مستەفا بوو، هاوسەرگیریی کرد.
ساڵی 1981 بوو، هەواڵ گەیشتە زۆربەی بارەگاکانی سەرکردایەتی یەکێتی لەبناریی قەندیل، کە کاک نەوشیروان ژیانی هاوسەرگیری پێک هێناوەو، خوشکی شەهید شوان بۆتە خێزانی و ئەمڕۆ گەیشتۆتە خڕی ناوزەنگ. زۆر لەئێمەو هەمووان خوازیاریی بینینی و، پیرۆزبایی کردن بووین لە نەوشیروان مستەفا. ئەوسا شوعلەی ژنەشۆڕشگێڕم بینی.
هەر ئەوسا باس لەمێژووی خەبات و تێهەڵچوونی خێزانی ئەم ژنە شۆڕشگێڕە چووە سەرزاریی زۆربەی پێشمەرگەکان.
ئەوەی گرنگە بەکۆتایی مەرگی ناوەختەی ئەم ژنە شۆڕشگێرە، قسەی لەسەر بکرێت، ئەویش باهۆزی ئاشتی و ئارامی ماڵی کوردە. هەمیشە بۆ کورد لە شایی و پرسەکاندا ئاشتی و لێکنزیکبوونەوە سەرەتاو کۆتاییەکەی بووە. لە پرسەو شاییەکانیدا گەردن ئازایی و باوەش پیاکردن و هاوسۆزیی بوونی هەبووە.
سەرەتای ئەم پرسەی خاتوو شوعلە، بە کورتە نوسینێکی پارتییەکی سەرسەختی گۆڕان دەستی پێکرد و، لە کورتە نوسینەکەدا ( ئاری هەرسین ) جگە لە سەرەخۆشی و هاوسۆزی، وەسف و پاکی مێژوویەک لە کوردایەتی خێزانی ئەم خاتووەی ورژاندووە.
یەکێتییەکان بە کۆی گشتی و سەرکردایەتییەکەی بەتایبەتی، هاوخەم و هاوبەشی ناشتنی تەرمەکەی بوون، دواتر بە بەیاننامەیەک مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیان پرسەو سەرەخۆشیان گەیاندە نەوشیروان و نەوەکانی.
ئیسلامییەکان وەک نەریتێکی دینی بۆ بەشداریی پرسەکان، ئەوان گومانی تیا نییە جگە لەبەشداریی پرسەکەی، هاوسۆزی و سەردانەکان بۆ لای ڕێکخەری گشتی بزوتنەی گۆڕان یان بەنامەو تەلەفوون بەشدار دەبن و لەنێو ئەو سەردان و نامەو گفتووگۆیانەدا، قسە لەسەر نزیک بوونەوەو ئاشتی ماڵی کورد دەکرێت.
پارتی لەوە دەگات لە ڕووی ڕەوشتەوە، ناکرێت و بەهەر پاساوێک بێت، لانی کەم بەنامەیەکیش بێت بەشداریی پرسەکە دەبێت بکات. لەبەر ئەوەی نەوشیروان مستەفا هەرچەندە بە کەسێکی کەناگیریی کۆمەڵایەتی ناسراوە، لەگەڵ ئەوشدا لە زۆر پرسەی بنەماڵەی بەرزانی دا بەشدار بووە.
گەر پارتی بەشداریی پرسەی شوعلەخان نەکات، ئەوا دەکرێت پرسی ئاشتی ماڵی کورد دوور بکەوێتەوە. بەڵام نەوشیروان مستەفا وەک نەریتێک بەردەوامی بە وەلانانی بەرژەوەندیەکانی خۆی، ڕوو لەو جۆرە ڕەفتارانە وەردەگێڕیت و بەرژەوەندی کورد و پرۆسەکەی وەک چۆن لەمەوبەر پێی گرنگ بووە، لەهەر هەوڵێک بۆ نزیکبوونەوەی هەموو لایەنەکان لەسەرمێزی گفتووگۆ و گەران بەدوای چارەسەری گونجاودا، دەوریی گرنگ و گونجاو دەگێڕیت.
لەوەدەچێت، پرسەی شوعلە، ببێتە شوعلەی ئاشتی ماڵی کوردو، یادو یادەوریشی لەمێژوودا زیاتر ڕەنگبداتەوە، ڕۆحت شاد و یادو یادەوەریت بەردەوام بێت.
- بابەتەکانی تری لاوک کونجـــــــرینی
لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی کۆتایی.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی دووەم.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی یەکەم.
- All Posts