شێرزاد شێخانی: تكایە سلێمانی مەكەن بەكۆپی هەولێر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(1)

لەسەردەمی رژێمی بەعسدا سلێمانی نازناوی (شاری هەڵمەت و قوربانی) پێ بەخشرا، چونكە بەهەق سلێمانی ببوە بەرەی پێشەوەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی میللەتەكەمان و رۆژانە رۆڵەكانی شارەكەیان كردبوە دۆزەخ بۆ دەسەڵاتدارانی بەعس و بەكرێگیراوەكانی. ئەمرۆ دوای راپەڕین سلێمانی بوە بەپەناگەی ئازادیخوازان لەهەر شوێنێكی ئەم كوردستانەدا مرۆڤە ئازادەكان رووی تێدەكەن.
لەهەولێر لەسایەی حوكمی رەشی دەسەڵاتدارانی پارتی ئازادییەكان لەمرۆڤ زەوتكراوە، رۆژانە دەیان پێشێلكاری ماف و ئازادییەكان و، راوەدونانی ئازادیخوازان پەرە دەسەنێت، تا وایلێهاتوە پەڕەی دەسەڵاتدارانی هەولێر لەراپۆرتە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بەمافەكانی مرۆڤ میللەتەكەمان شەرمەزار بكات. چەندین رۆژنامەنوسی ئازادو چالاكوانی مەدەنی توشی راوەدونان و تەنگپێهەڵچنین و تەنانەت برینداركردن و كوشتنیش بونەتەوە. زەوتكردنی ئازادییەكان گەشتۆتە ئاستێك تەنانەت خەڵكی نەوێرێ كۆڕێكی شیعریش لەم شارەدا ببەستێ. ریشی مامۆستای ئایینی لەسەر وتاری هەینی ئەسوتێنرێ. پێشمەرگە سەرو ریشی ئەتاشرێ. ئەم هەڵسوكەوتە ناشرینانە تەنها لەبنەماڵەی دەسەڵاتداری هەولێر ئەوەشێتەوەو ئەمە مێژوی ئەو قوتابخانەیە كەپارتی كادیرو دەسەڵاتدارانی تیا پەروەردە ئەكات. بەڵام سلێمانی جیاوازە. بەڵێ زۆریش جیاوازە. هەولێر پەناگەی كۆنە بەعسی و تاوانبارە راكردوەكانی دەستی یاسایە، مۆڵگەی سیخوری وڵاتانی ئیقلیم و هێزە سیاسییە دوژمنەكانی كوردستانە، سلێمانیش پەناگەی ئارامی مرۆڤە ئازادیخوازو دیموكراتخوازەكانە، شەرمەزارییە سلێمانی بكرێتە كۆپی هەولێر. هێرش بردنە سەر رۆژنامەنوس و شكاندنی كامێراو پێشێلكردنی ئازادییەكان لەلایەن هەندێ ئەفسەرو كارمەندانی نامەسئولی دەزگاكانی ئاسایش كارێكی نامەقبولە لەهێزە ئەمنییەكان چونكە دڵنیام بەرپرسە باڵاكانی دەزگا ئەمنیەكانی سلێمانی ئەمجۆرە فەرمانانە نادەنە خوارووی خۆیانەوەو كارەكان تاكەكەسین نەوەك تەوجیهاتی سەروو. ئەگەر چی ئەم كارانه بە روبعی ئەندازەی پێشێلكارییەكانی هەولێر نابن، بەڵام بچوكیش بن هەر دیاردەیەكی ناشرینە و هیوادارم دەسەڵاتدارانی ئەمنی سلێمانی زۆر بەجیددی ئاوڕێك لەو مەسەلەیە بدەنەوەو چیتر وێنەی سلێمانی ناشرین نەكەن، چونكە سلێمانی بەوەوە جوانە كە شارێكی ئازادە. هیچ شەرفەمەندیشی تیا نیە بەیانی ناوی سلێمانی لەلاپەڕەكانی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا لەتەك ناوی دەسەڵاتدارانی پارتیدا ببینرێ. تكایە تكایە دەستم دامێنتان سلێمانی مەكەن بەكۆپی هەولێر.

(2)
رەخنە بەگوڵ
ئەمڕۆ لەسایەی گەندەڵی كە سەرتاپای دامودەزگا حكومی و حیزبیەكانی گرتۆتەوە، نوسەر هیچ دەسەڵاتێكی بەدەستەوە نیە تەنها رەخنەگرتن نەبێ لەم دیاردە دزێوە. لەوڵاتێكێ وەكو ئێمەدا كەیاسا سەروەر نیەو هێشتا دەسەڵاتی رۆژنامەگەریش نەبوە بەدەسەڵاتی فیعلی چوارەم و، بگرە زۆر بەكەمیش سەیری ئەكرێت و هەوڵی بەردەوامی دەسەڵاتیش بۆ دەستەمۆ كردنیەتی بەپارەو ئیمتیازاتو شتیتر، قەڵەمە ئازادەكان تەنها لەرێگەی وتارەكانیانەوە ئەتوانن تەعبیر لەنەبزی شەقامەكان بكەن، بەڵام زۆر بەداخەوە هەندێ دەسەڵاتدار كە لەسەر شاشەكاندا خۆیان وەكو پێغەمبەرو مەلایكەت نمایش ئەكەن، تەنانەت ئەو رەخنە بەگوڵانەی ئێمەش دڵگرانو نیگەرانیان ئەكات، وەكو ئەوەی مافی قسەكردن و رادەربڕینیشمان لێ زەوت بكەن. ئەم برادەرانە تەنانەت رەخنە لەگەندەڵیشیان پێ قبوڵناكرێ، چەپڵەبارانت ئەكەن كاتێك لەسەر نەیارێكیان ئەنوسی و دۆسیەیەكیان هەڵئەدەیتەوە، بەڵام كاتێك دێتە سەر خۆیان هەرا ئەنێنەوەو مەحكومت ئەكەن. كورد وتەنی: یاخوا دونیا هەموی ئاگر بێ، بەڵام بستێك لەخۆم دوور بێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت