چێنەر بەدری: سینەمای کوردی، گیرخواردووی تەڵزگەی چیرۆک و فلتەرە مردووەکان.
بەشی یەکەم
دروست تا ئەم چرکەساتەش (سینەمای کوردی یان فلیمی کوردی) وەک بەرهەمێکی سینەمایی سەیربکەین، هەرچەن لەم دواییانەدا چەند هەوڵێک دراوە و هەبووە بۆ دروستکردنی کایەیەک بەو ناوەوە بەڵام بە داخەوە تا هەنوکە نە هیچی دیارە و نەتوانیویەتی بناغەیەک دابنێت بۆ بنیاتنانی کایەیەکی وا گرنگ کە زیادەڕەوی نییە ناوی بنێین (دێوەرمەی کایە هزریەکان) چونکە لە ماوەیەکی کورت و خێراییەکی چاوەڕواننەکراودا توانی زۆربەی کایەکان هەڵڵوشێت و لە هەناویدا هەڵیانبگرێت وەک (فەلسەفە، فکە، جوڵە، هونەر/جوانیناسی، وێنە، ئەدەب و… هتد.
هۆکارگەلێکیش بونەتە هۆی ئەوەی سینەما سەرەڕای گرنگیەکەی و لەگەڵ ئەوەی هەمیشە هەوڵ ئەدرێت بۆ بنیاتنانی تا هەنوکە نەیتوانیوە لە کۆمەڵگای ئێمە و کلتووری ئێمەدا شوێن پێی خۆی قایم بکات، بە هیوای ئەوەی من بتوانم لێوەدا و لەچەند بەشێکی داهاتوودا بە شێوەیەکی پوخت و زمانێکی سادە بەشێک لەو هۆکارانە بگوازمەوە هیچ نەبێ بۆ ئەوەی کە ببن بە بابەتێک بۆ لەسەر وەستانی چەندین کەس و دەزگای تایبەت بەو کایەیە.
یەکێکش لە کێشە سەرەکیەکانی کە سینەمایی ئێمەی تێکەوتووە چیرۆکە(سیناریۆ) کە کێشەیەکە زیاتر لە سینەما ئەدەب و فکر بەدەستیەوە دەناڵێنێ، دنیای ئەدەبی و فکریی ئێمە هەمیشە لەناو بازنەیەکی تراژیدی سوننەتی دەسوڕێتەوە کە باشترە بە کروزانەوەی سونەتی ناوی بەرین، حیکایەتخوانێک کە هەمیشە حیکایەتکەر دەکروزێتەوەو دەیەوێ جێی بەزەی بێت پەنگخواردنی فۆرمە ئەدەبی و فکریەکان لە قاڵبێکی دیاریکراو نەتوانایی بۆ دەرجوون لەو تەنگژەیە وا دەکات کە سیناریۆ وەک دواین فۆرمی نووسینی ئەدەبی تەواو نامۆبێت بە جیهانی ئەدەبی ئێمە و تا ئێستا خوێنەری کوردی نائاگا و نەشارەزابێت لە خوێندنەوەی وێنە و گرتەکان بەشێوەی نووسین یانیش کاتێک دێتە بوون نوسینێک دێت کە زیاتر حیکایەتخانانەیە وەک وێناو وێناکردنێکی مۆدێرن یان کە هەوڵبدرێت بۆ بە سیناریۆکردنی ڕۆمانەکانمان توشی تیامانەوە دەبین و دەستەوستان بەدوای بەرهەمێکدا دەگەڕێین بۆ بەوێنەکردن بشێت، تیامانەوەک تا ئاستی سوان سوانێک کە داماندەماڵێت لە هەستی شۆک بوون، بۆیە هیچ توشی شۆک نەبووم کە دواین بەرهەمەکانی شێرزاد حەسەن (دوا شەوی دابەزینی عیسا) لە چاپ کراوەکانی قاوەخانەی کلتووری و ناوەندی غەزەلنووس 2015، بەختیار عەلی (هەورەکانی دانیاڵ)لە چاپ کراوەکانی ناوەندی ئەندێشە 2015، کە بە دیدگای گشتی باشترین نووسەرەکانی ئێمەن، خوێندەوە یەکەم پرسیار ئەوەبوو چی وا ئەکات دوای ژیانێک لەناو کایەی نووسین هەمان چیرۆک و هەمان کارەکتەر قسە بکات؟ بۆ دنیای ئێمە ئاسمان بێ هەوری ڕەش و دنیای بێ خۆڵبارین و هەستی بەرەوپیرهاتنی مەرگ زیاتر ناتوانێت بەرهەمبێنێت، دوای تەمەنێکی دور و درێژ لەناو کتێبخانەکان هەمان حیکایەت خۆی سەد بارە دەکاتەوە بە ڕادەیەک دنیابینی هەریەکێک لە نووسەرەکان دەمانبەنەوە سەر ڕێگایەکی هاوبەش، ڕێگایەک کە کۆتاییەکەی دوڕیانێکە دەبێ نەوە دوای نەوە لەناویدا بسوڕێینەوە.
ئەم دنیا کاڵ و کرچ و دوڕیانەی نووسەر بەرهەمیدێنێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هزری گشتی و لەوێشەوە بۆ سینەما هەیە چونکە سینەما لە سەرەتای ڕێکردنیدا پێویستی بە دنیابینی و چیرۆکێک هەیە بۆ گێڕانەوە ،ئێمە نە هەرگیزیش لەسەرەتایی پرۆسەی سینەمادا کەسێکی وەک (ژان لوک گۆدارد 1930)تیا دێتە بوون وێنەیەکی تەواومان بۆ بگوازێتەوە بێ چیرۆک، نە سینەما توانایی هەیە وەک فکر ڕادیکاڵ بوون لەناو خۆیدا جێ بکاتەوە، سوربوون لەسەر بیرۆکە مانایی خنکاندن و مردنە بۆ سینەما، لەبەر ئەوەی سینەما مەحکومە بە بینەری جیهانی و گشتی نەک ناوخۆی و تایبەت بەهۆی گرانی و زەخمی تێچونی پرۆسەکە.
خاڵێکی گرنگی تر پرۆسەی جوڵەیە، کە بۆ قوتابخانەی سینەمای نوێی فەرەنسی دڵی سینەمایە و تەواوی پرۆسەکە لەم خاڵەدا خۆی تۆخ دەکاتەوە، چەند هۆکارێک هەیە کە وای کردووە دنیای ئێمە بە تەواوەتی نەیتوانیووە لەم پرۆسەیە تێبگات و هەڵیسەنگێنێت.
1- جوڵە پرۆسەیەکە لەگەڵ مۆدێرنەدا دێتە ناو دنیای فکر و شیکردنەوەی بۆ دەکرێت و ڕەهەندەکانی دەستنیشان دەکرێت تا مۆدێرنە ئامادەی خۆی ڕانەگەیەنێت و شێوەیخۆی دەرنەخات ئەستەمە قسەلەسەر جوڵە بکەین وەک کایەیەکی هزری و جێی تێڕامان، لێرەوە ئێمەیەک کە لە چوارلاوە تەوق دراوین بە ترادیشناڵ و ژیانکردنی سوونەتی سینەمای ئێمە وا لێدەکات لە بری جوڵە کامێرایەکی چەقبەستوو وە وێنەیەکی وەستاومان بەرهەمبێنین لەبری جوڵە و خێرای، تاقانە وێنە بخەینە سەر شریتی فلیم و بەدیار دیمەنێکەوە دانیشین لەبری وێنەی بەردەوام و بازدان بەسەر پێگرەکاندا.
2- دنیای ئێمە دنیای زۆربڵەی و ورتەورتە نەبڕاوەکانە ئەمەش بەهەمان شێوەی خاڵی پێشوو پەیوەندی بە ژیانکردنی مۆدێرنانە و ترادیشناڵەوەهەیە، دنیای مۆدێرنە دنیای ئەکتەکانە، پرەنسیپەکات و هەڵسەنگاندنەکان لەگەڵ ئاکتدا تاوتوێ دەکات، بەڵام دنیای ئێمەی ترادیشناڵ هەمیشە لە قسەکردن و مەنەلۆگدا گیریخواردووی ئەوەیە کە ئایا زیاتر بدوێین یان کاتێکی نادیاری داهاتوو پێشنیارکەین بۆ ئاکت، هاوشێوەی سیفەتی کارەکتەرەکانی نووسەری ئێمە کە بێ گومان گواستنەوەی واقیعی تاکی ئێمەیە بۆناو کتێبەکان هەمیشە لە ورتە ورتێکی نەبڕاوە و خۆدواندایە، دانیشتنە لەسەر هەمان کورسی بێ جوڵە یان دروستتر دەست گرتنە بەکورسیەکەی ژێریەوە و توندگیرکردنی پێیەکانی لە زەوی هەر هەوڵێکیش بۆ خستنە بەر کامێرای ئەم جیهانە و نمایشکردنی لەسەر سکرینەکان دیمەنی کامێرایەکی چاودێری دەگوازێتەوە نەک کامێرا و چاوێکی سینەمایی.