Ker

دڵشاد شێخان حوسێن: مرۆڤ ژیره‌.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ به‌ هۆی بوونی عه‌قڵه‌وه‌ له‌ گیانداره‌کانی دیکه‌ جیا ده‌کرێته‌وه‌٬ مرۆڤ له‌ ڕێگه‌ی بیرکردنه‌وه‌ په‌ی به‌و ڕاستییه‌ ده‌بات که‌ ژیره‌٬ که‌واته‌؛ عه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌ یه‌کتر پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه‌٬ به‌ تێگه‌یشتنی من ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌ ته‌واوی ڕێژه‌ییه‌٬ بۆیه‌ ناچارم سه‌رنجتان بۆ ئه‌م پرسیاره‌ ڕابکێشم و دوا به‌ دوای ئه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌م لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکه‌م٬ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ له‌ وه‌ڵامی ڕاستی ڕێژه‌یی ئه‌و پرسیاره‌ نزیک ببینه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێ: بۆچی کاتێ تاکی مرۆڤ زۆر به‌ باشی و به‌ وردی بیرده‌کاته‌وه‌ وه‌ک نه‌خۆش هه‌ژمار ده‌کرێ؟
من وای ده‌بینم؛ مرۆڤ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی که‌ر ده‌توانێ بیر بکاته‌وه‌٬ که‌ر ده‌خوات و ده‌کات و ده‌خه‌وێ و که‌ پێویستیشی کرد ده‌غه‌زری و ده‌زه‌ڕێ٬ مه‌گه‌ر مرۆڤ له‌وه‌ زیاتر ده‌توانێ بکات٬ ئه‌گه‌ر وا نییه‌ ده‌توانن بڵێن وا نییه‌٬ هه‌ر چه‌نده‌ مرۆڤ ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ که‌ که‌ر ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌ و تا ده‌توانێ کاری پێده‌کات و برسی و تێنوی ده‌کات دواجاریش به‌ڕه‌ڵای ده‌کا و سرما و سۆڵه‌ی تێبه‌رده‌دات و وشکی ده‌کاته‌وه‌.

که‌واته‌؛ که‌ر له‌ مرۆڤ به‌ وه‌فاتره‌ و بگره‌ مرۆڤ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ که‌ر هه‌ر بێ وه‌فایه‌. با بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌مان که‌ بریتییه‌ له‌ مرۆڤ و ژیری٬ له‌ ڕاستیدا بیرکردنه‌وه‌ کاره‌ساتێکی یه‌کجار مه‌زنه‌. بۆنوونه‌؛ کاتێ ده‌خوازی بیر له‌ ماهییه‌تی مرۆڤ و هه‌رچی هه‌یه‌و نییه‌ بکه‌یه‌وه‌ و ئه‌و پرسانه‌ی مرۆڤیان ته‌نیوه‌ته‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ به‌ یه‌که‌وه‌ گرێدراون و زۆر به‌ چڕی کارلێک ده‌که‌ن و هه‌رگیز ناتوانی به‌ ناونیشانی مرۆڤ خۆت له‌و تۆڕه‌ په‌یوه‌ندییه‌ ڕزگار بکه‌ی٬ چونکه‌ مه‌سه‌له‌که‌ ته‌واوکارییه‌ و به‌ هه‌موان هه‌یکه‌لێک دروست ده‌که‌ن که‌ ڕه‌هه‌نده‌کانی هه‌مان ئه‌و تۆڕه‌ په‌یوه‌ندییه‌ پێکهێنه‌ریێتی و به‌هه‌ر هه‌موانیش ده‌توانن گله‌یی له‌م ژیان ـه‌ بکه‌ن و داوای مافی خۆیان بکه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێشکه‌شی ده‌که‌ن.

له‌ بیرتان نه‌چێ به‌ردیش مافی هه‌یه‌. جا ئه‌وه‌ی باسی مافی مرۆڤ بکا به‌ ورد و باریک و. هه‌ژمار بکرێ ئه‌ی ئه‌وه‌ی باسی مافی به‌رد بکات ده‌بێ چ نه‌خۆشێکی عه‌قڵی و ده‌روونی بێت٬ له‌وانه‌یه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای داببڕێنن و وه‌ک مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی که‌ بیر ناکاته‌وه‌ حیساب بکرێ یا بارگاوی بکه‌ن به‌ ده‌رمانه‌ سڕکه‌ره‌کان بۆ وێرانکردنی ئه‌و ده‌روونه‌ ته‌ندرووسته‌ی که‌ له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌خۆشدا یاساغه‌! هه‌ر کاتێ بته‌وێ وه‌ک مرۆڤێکی ئاسایی و ماقوڵ ببینرێی ئه‌وا نابێ له‌ که‌ر زیاتر بیر بکه‌یه‌وه‌. وه‌لێ تا ده‌توانێ زولم و سته‌م له‌ که‌ر بکه‌٬ ئه‌وه‌یان زیان به‌ پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤ بوونت ناگه‌یه‌نێ٬ چه‌نکه‌ جه‌نابی که‌ر به‌سته‌زمانه‌ و ڕێگه‌ی دادگاش نازانێ مه‌گه‌ر له‌ دادگا کێ هه‌یه‌.
خۆ ئێمه‌ هه‌مان ئه‌و که‌ره‌ین که‌ کاتێ له‌ مه‌جلیسێ ناوی ده‌به‌ین یه‌کسه‌ر ده‌ڵێین: دوور له‌ ڕووی ئێوه‌ و. وه‌لێ نابێ له‌و ڕاستییه‌ش بگوزه‌رێین که‌ له‌ که‌ر ته‌مبه‌ڵتر و بێ وه‌فاترین٬ جا ئه‌گه‌ر کار و کردار به‌ بنه‌ما وه‌ربگرین ئه‌وا جه‌نابی که‌ر له‌ سه‌رووی هه‌موومانه‌٬ وه‌ بۆ ته‌نها جارێکیش ئه‌و منه‌ته‌ی به‌ هیچ لایه‌ک نه‌فرۆشتووه‌ و ته‌نانه‌ت بێزاریشی ده‌رنه‌بڕیووه‌٬ گیاندارێکی زۆر پشوو درێژه‌. ئاخر که‌ر به‌ هیچ کارێکی نه‌گوتووه‌ نا٬ ئه‌وه‌ش ئه‌و ڕاستییه‌ پشتڕاست ده‌کاته‌وه‌ که‌ جه‌نابی که‌ر له‌ کار کردن ناترسێ و زۆر به‌ ئیراده‌یه‌٬ که‌واته‌ له‌ هه‌موان چالاکتر جه‌نابی که‌ره‌٬ به‌ڵێ مرۆڤ خۆی پێ له‌ که‌ر باشتره‌ بۆیه‌ له‌ که‌ر خراپتره‌ و بگره‌ که‌س حه‌ددی ئه‌وه‌ی نییه‌ که‌ بڵێ که‌ر خراپه‌٬ ئه‌سله‌ن خراپه‌ له‌ زاتی که‌ر هه‌ر بوونی نییه‌٬ ئه‌وه‌ مرۆڤه‌ که‌ ئه‌هریمه‌ن له‌ خوێنیدایه‌ و بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی خراپه‌ و شه‌ڕ بۆ هه‌رچی هه‌یه‌ و نییه‌. مرۆڤ ڕقی دنیای له‌ «به‌رد»ه‌٬ چونکه‌ وه‌ڵامی خراپه‌کارییه‌کانی مرۆڤ ناداته‌وه‌٬ ڕوونتر بڵێم به‌رد خۆی له‌ شه‌ڕانگێزی مرۆڤ ده‌پارێزێ٬ وه‌لێ که‌ر خۆی له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ نادزێته‌وه‌ که‌ بریتییه‌ له‌ هه‌ڵگرتنی بارێکی گران له‌ جیاتی مرۆڤ٬ ئه‌وه‌نده‌ پاک و له‌سه‌ر وه‌عد و به‌ڵێنه‌ که‌ هه‌رگیز به‌ خراپه‌ی مرۆڤ ناکات و ڕقی لێی نابێته‌وه‌٬ وابزانم زۆر دڵی به‌ مرۆڤ ده‌سووتێ٬ چونکه‌ باش ده‌زانێ که‌ هه‌ر مرۆڤێک که‌رێکی پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مرۆڤبوون نه‌که‌وێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت