شێرزاد شێخانی: زەنگێك بۆ یەكێتی بەر لەهەڵبژاردنە گشتیەكان.
خەریكە وەزعی ناوخۆی یەكێتی وردە وردە ئاسایی ئەبێتەوە. خۆشبەختانە دوای گەڕانەوەی كاك كۆسرەت و كۆتاهاتنی باڵی ناوەندی بڕیار، یەكێتی كەوتۆتە سەرپێی خۆی. ئومێدیش هەیە یەكێتی وەكو جاران رۆڵی كاریگەری خۆی ببینێت لەهاوكێشە سیاسیەكانداو، نەخشە رێگاكەی بۆ چارەسەری كە بە تێكرای دەنگی سەركردایەتی پەسندكرا، بەشێكە لەهەوڵی گێڕانەوەی ئیعتبار بۆ یەكێتی و بڕیارەكانی، كە ئەمەش مایەی خۆشحاڵی هەمو یەكێتیەكانە. بەڵام .. ئایا هەر ئەو گەڕانەوەی باڵی ناوەندو كۆتایی كێشە ناوخۆییەكان، كافین بۆ ئەوەی یەكێتی رۆڵە گەورەكەی بگێڕێتەوە؟.
یەكێتی و میللەتەكەشمان هەڵبژاردنێكی زۆر گرنگی لەپێشە كە ئەگەر لایەنەكان كێشەی بۆ دروستنەكەن بریارە لەنیوەی دوەمی ئەم ساڵەدا بێتە كرن. بەلێكدانەوەی زۆربەی لایەنە سیاسییەكان و ڕۆشنبیرانیشەوە ئەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازە، بەلای منیشەوە ئەم هەڵبژاردنە خاڵی وەرچەرخانە لەمێژووی حوكمرانی هەریمەكەماندا. چونكە ئێستا هەمومان ئەبینین پارتی دیموكراتی كوردستان خەریكە سیستەمێكی دیكتاتۆری تاكڕەویانە بەسەر هەرێمدا ئەسەپێنێ، بە ئاوتكردنی هەندێ لایەنی كاریگەری سیاسی و، بەفشاری بەردەوامی لەسەر یەكێتی كە هێزی دوەمی كوردستانە بۆ پاشكۆ بوون و، هەوڵدان بۆ راكیشانی یەكێتی بۆ ناو ئەو پرۆسەی بەدیكتاتۆریكردنەی هەرێم، یاخود لانیكەم بێدەنگ كردنی و پاڵنانی بۆ دوو ئیدارەیی، ئەمانە بەگشتی هەڵبژاردنی داهاتومان ئەكاتە گۆڕەپانی ململانێیەكی سیاسی لەنێوان دو بەرەی جیاواز، كە ئەوانیش بەرەی حیزبی قائیدو بەدیكتاتۆركردنی سیستەمی سیاسی هەرێم و، بەرەی دیموكراسی و ستۆپكردن بەپارتی و گێڕانەوەی پرۆسەی سیاسی بۆ سەر رێچكەی ئاسایی خۆی.
هەڵبەت نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ كە ئێستا دەرفەتێكی باش رەخساوە بۆ گەلی كوردستان بۆ ئەوەی دروشمی سەربەخۆیی بكاتە هەنگاوێكی پراكتیك و واقیعیانە بە رێكەوتنی هەمو لایەنەكان ئەم خەونە دێرینەی كورد بێننە دی. لێرەشدا جارێكی تر ئەو هەڵبژاردنەی داهات و ئەبێتەخاڵێكی گرنگ لەو بارەدا، یا ئەوەتا پارتی ملئەداتە دیمكراسیەت و لەگەڵ لایەنەكان بەگشتی هەوڵی سەربەخۆیی سەرجەم كوردستان ئەدات بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، یا ئەوەتا بەدەر لەوان ئەو مەشێخەتییەی توركیا وەعدی پێداوە ئیعلان ئەكات و هەرێمەكەمان دولەت ئەكات. لە گشت حاڵەتەكاندا هەڵبژاردنی داهاتو ئەمانە یەكلا ئەكاتەوە.
گرنگی هەڵبژاردنی داهاتو وامان لێئەكات بیرێك لەوەزعی میللەتەكەمان بكەینەوە. من تەنها وەكو یەكێتیەك لەحزبەكەی خۆمەوە دەست پێئەكەم كە ئەبێ چی بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی داهاتو بباتەوە؟.
پێشەكی پێموایە یەكێتی بەم ئەدەواتەی ئێستایەوە ناتوانێ هیچ لەوەزعەكە بگۆڕێ. بەبێ ترس و دوودڵیەوە ئەڵێم: یەكێتی بەم تەشكیلەی ئێستای سەركردایەتیەكەیەوە ناتوانێ دەنگێكی كاریگەری وا بەدەست بێنی كە بتوانێ هاوكێشە سیاسییەكە بەقازانجی میللەتەكەی بخاتەوە. سەركردایەتی ئێستای یەكێتی سەركردایەتیەكی نەخۆشە. هەندێ دەموچاوی ئێكسپایەرو ناشرین لەبەرچاوی جەماوەر زیاتر لە سی ساڵە لەسەر شانۆكە دوبارە ئەبنەوە. سەركردایەتیەكی پیری بێدەسەڵات كە بەس خەمی ماڵو منداڵیەتی، هەندێ سەركردەی خۆفرۆش و لەزمە بەدەست، هەندێكی گەندەڵ تا سەر ئێسقان، تەنانەت هەندێ سەركردەی خەت مایل كە ئەوەننەی كار بۆ نەیارەكانی یەكێتی ئەكەن ئەوەننە پەرۆشی حزبەكەی خۆیان نین، دوور نیە لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوشدا كار بۆ بەرژەوەندی ئەو نەیارانەی یەكێتی بكەن بەشێوەیەك لەشێوەكان. سەركردەی بازرگان و بەرژەوەندخواز ئەوەننەی كاری بەبازاڕكردن و پارە كۆكردنەوەیە ئەوەننە لەخەمی یەكێتیدا نیە. سەركردەی ترسنۆك كە ناوێری داكۆكی لەحزبەكەی خۆشی بكات لەناو كۆبونەوەكاندا. سەركردەی بێئیرادە كە ناوێرێ لەناو كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزبەكەشیدا رایەك دەربڕێ پێچەوانەی هەڵوێستی نەیارەكانی یەكێتی بێ. بەم سەركردانەوە یەكێتی بچێتە هەڵبژاردنەكانەوە بێگومان وەزعی لەوەی ئێستا باشتر نابێ.
بۆ ئەوەی یەكێتی جارێكی تر توشی ئەو شكستەی هەڵبژاردنەكانی رابردو نەبێتەوە تەنها خۆ نوێكردنەوەیە، تاكە چارەسەریش بەستنی كۆنگرەیە..
لەناو كۆنگرەدا ئەبێ ئەو سەركردایەتیەی ئێستا خواحافیزی بكەنو سەركردایەتیەكی نوێ لەگەنجە خوێنگەرمەكان و خەڵكانی شارەزاو پسپۆرو ئەكادیمی و خاوەن ئەزمون بێنە پێشەوە، یەكێتیش خاوەن زۆرانە لەو خەڵكانە كە تا ئێستا دەرفەتیان پێنەدراوە.
بۆ بەستنی كۆنگرەش ئێستا وەزعەكە لەبارە چونكە كێشەكان بەرەو چارەسەری رۆیشتون، ئێستا هەلێكی لەبارە بۆ راگەیاندنی وادەی كۆنگرە بەسەرپەرشتی بەرێز مام جەلالەوە، ئەوەی خۆی بەیەكێتی بزانێ ئەبێ بەشداری تیا بكات، ئەوەی بریاری خۆیشی بەپێچەوانەوە داوە، با ئەویش خۆی یەكلا بكاتەوە.
كۆنگرەی داهاتو یا ئەوەتا بەشێوەی دیموكراسی نوێنەرەكانی هەڵبژێردرێن، واتا لەئۆرگانەكانەوە نوێنەرەكان بەهەڵبژاردنی پاكو بێگەردو دوور لەدەسوەردان و باڵباڵێن هەڵبژێردرێن، یا ئەوەتا بەشێوەیەك بێت كە كورسیەكانی كۆنگرە بەعادیلانە دابەشبكرێت بەمشێوەیە:
1- بەشداریكردنی نوێنەری رێكخراوە حزبیەكان (هەر مەڵبەندێك(10-20) ئەندام. (هەر مەكتەبێك 5-7) ئەندام. (هەر مەكتەبێكی رێكخستنی دەرەوە(3-5) ئەندام. (گشت ئەندامانی هەردو پەرلەمانی كوردستان و عیراق لەهەر چوار خولەكەدا). (ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی پارێزگاكان بەگشت خولەكانیەوە). (وەزیرەكانی یەكێتی لەهەر هەشت كابینەكەدا).(گشت ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی). (20-30) ئەندامی پێشمەرگە دێرینەكان.( 20) نوێنەری خانەوادەی شەهیدان ( 20 ئەندامی كەمئەندامانی سەنگەر) ( 50 نوێنەر لە كەسایەتی ئەكادیمی و تێكۆشەر بەرێكەوتنی ئەنجومەنی سەركردایەتی).
بەمشێوەیە نوخبەیەكی باش بەشداری كۆنگرەكە ئەكەن كە زۆربەیان لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردراون وەك ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیەكان لەگەڵ كەسانی موستەحەق و دوور لەباڵباڵێنی حزبی وخزم خزمانی.
لەناو ئەم كۆنگرەیەشدا دەستەیەكی نوێ بۆ سەركردایەتی یەكێتی هەڵبژێردرێ، ئەویش مەكتەبێكی سیاسی هەڵبژێرێ لەیازدە كەس تێنەپەڕێ بەمەرجێك سەركردایەتیەكەی بەشێوەی خولی بێت هەر شەش مانگ جارێك.
وەكو پێشتریش ئاماژەم پێداوە هەڵبژاردنی داهاتو چارەنوسسازە هەم بۆ میللەتەكەمان و هەم بۆ یەكێتیش، بۆیە لەئێستاوەو پێش وادەی هەڵبژاردن ئەگەر ئەم كۆنگرەیە نەبەسترێ وەزعی یەكێتی لەوە باشتر نابێ.
ئەگەر ئەم كارەش ئەستەم بو یا نەكرا، بەدیلێكی ترمان هەیە، ئەویش دانوستان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێشخستنی رێكەوتنامەی 17 مایسی ساڵی 2016 بەئامانجی یەكگرتنەوەو بەستنی كۆنگرەی یەكگرتوو بۆ ئەوەی بەیەكەوە هەوڵی كۆ كردنەوەی لایەنە سیاسیەكانی تر بدەن بۆ یەك لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەكان.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts