دژوار شێخانی: دوو فاقی سیاسی ( یەكگرتوو) بە نموونە.
بە گشتی لە زۆربەی ووڵاتانی دونیادا حیزبی سیاسی لە رێگای پەیرەو و پرۆگرامەوە، ئامانجی خۆی دەخاتە ڕوو. سەبارەت بە سیستمی سیاسی و بەرێوەبردنی ووڵات و كاری رێكخراوەیی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لە رێگای ئەو كارنامەیەی كە لە كاتی هەڵبژاردندا پێشكەشی دەنگدەری دەكات و، دواتر جێبەجێكردنی لە حاڵەتی وەرگرتنی متمانەی جەماوەر.
لە هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی كە باسەكەمان لێرەیە، تا ڕادەكی زۆر حیزبە سیاسییەكان، لەو هەلومەرجانەی كە هاتوونەتە پێشەوە، توانیویانە هەڵوێستێكی روونیان هەبێت، بەتایبەت لە بابەتە هەستیارەكان كە دەمەوێت هەندێكیان باس بكەم. تەنها یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە كە لە زۆربەی پرسە چارەنووسساز و هەستیارەكان دووفاقی سیاسی ئەنوێنن. وەكو ئەوەی لە كۆبوونەوەی 19ی ئابی پەرلەمانی كوردستان بینیمان، كە خۆیان پرۆژەیان پێشكەش كردبوو بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم. كەچی پەرلەمانتارەكانیان بوون بە دوو بەرەوە و نەیان هێشت، نیسابی یاسایی تەواو بێت بۆ خوێندنەوەی دووەمی هەمواركردنەوەی یاساكە، كە نەك رێزیان لە دەنگدەرەكانی خۆیان نەگرت كە داوای گۆرینی سیستەمی سیاسییان دەكرد، بگرە رێزیان لە واژووی خۆشیان نەگرت، كە داوای كۆبوونەوەی پەرلەمانیان كردبوو.
هەروەها لە بەغداش هەمان سیاسەتیان دووبارە كردەوە، كاتێك نوێنەرانی كورد هەوڵێكی زۆریان دا كە لە بەشە بوودجەی ساڵی 2017 ی عێراقدا مووچە و بودجەی خەلكی كوردستان بگێڕنەوە، كە بۆ ماوەی سێ ساڵە بە مەبەستی سیاسی لە لایەن مافیاكانی نەوتەوە بووە هۆی بڕانی. برادەرانی یەكگرتوو لەگەڵ ئەوە نەبوون كە لەگەل بەغدا دووبارە رێكبكەونەوە و پشتگیری خۆیان بۆ سیاسەتە شكستخواردووەكەی حكومەتی هەرێم دەربڕی.
ئێستاش لەم هەلومەرجە سەخت و دژوارەدا كە میللەتەكەمانی پێدا تێپەر دەبێت لە رێگایەكی ترەوە دەیانەوێت یارییەكی تازە بكەنەوە ئەویش هەرەشەی دەستلەكاركێشتنەوەی پەرلەمانتارێكیانە كەوەكو خۆی داوای دەكات تێكرای پەرلەمانتارەكانی تریش دەست لەكاربكشێننەوە تا وەكو پەرلەمان كارابكەنەوەو دەستكاری پاشەكەوتی مووچە بكەن.
زۆر سەیرە پەرلەمانتار ئاگاداریی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان نەبێت. ئەپرسین دەستلەكاركێشانەوە، پێشكەشی كێ ئەكەن لە كاتێكا پەرلەمان پەكخراوە و سەرۆكەكەی رێگری چوونە پایتەختی لێئەكرێ؟ دوای ئەوە، ئەوەی پەرلەمانی پەكخستووە هەر ئەوە كە بە شێوەیەكی نا یاسایی دەستكاریی مووچە و قوتی خەلكی كردووە لە ژێر ناوی پاشەكەوت.
بۆیە موزایەدە بەسەر كەس مەكەن! ئەوە ئێوە بوون دۆخەكەتان بەو شێوەیە گەیاند لەگەڵ مەڕ شین دەكەن و لەگەڵ گورگیش گۆشتەكە دەخۆن.
برۆن داوا لەو حیزبە بكەن پەرلەمان كارابكاتەوە و، مووچەی خەلك چاك بكاتەوە، كە خۆی وای لێكردووە نەوەك پەرلەمان و پەرلەمانتاران. كە من وای دەبینم مەبەستتان لە هەلوەشاندنەوەی پەرلەمان و حكومەت بۆ ئەوە بێت لەگەڵ پارتی و كۆتاكان حكومەتێكی تازە پێكبێنن و كێكی دەسەڵات لە بەینی خۆتان بەش بكەن، كە باوەر ناكەم ئەوەشتان بۆ سەربگرێ.
بۆیە هیوادارم واز لەو جۆرە سیاسەتە نیفاقی و دووفاقیە بهێنن، كە هەموو كەس دەزانێت مەبەستتان تەنها رازی كردنی دڵی پارتی دیموكراتی كوردستانە. ئەگەرنا هیچی تر نیە هەر لەبەر هیچ نەبێت لەبەر ناوی حیزبەكەتان كە خۆتان پێ حیزبێكی ئیسلامییە و، واتان لە خەڵك گەیاندووە و، ئیسلامیش دوورە لە هەموو دووڕوویی و چەواشەكارییەك.