فەوزی ڕەمزی: بەڵێ. ههورازی کووڕ. پشتی شاخێکی بڵند و شکۆداری به تەمەنە.
بە ئەمانەتەوە دەڵێم : ئهگهر دەتانەوێ ناوی شارەکەم ”سلێمانی” بزر کەن، ئەوە مانای بەشێکی هەرەزۆری مێژووی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی ئێمەی کورد بزر بوه. ڕەنگبێت لای هەندێك وابێت کە ئەم بابەتانە لەم کاتەدا پێویست بە بڵاوکردنەوە ناکات. بەڵام حەق گوتن گرنگە، ئیتر گرنگ نییە کێ دەیڵێت، با دوژمنەکەیشت بێت، هەروەها دەرخستنی ڕاستییەکان هەمێشە وەك بڵێسەی بە تینی ئاگر وان، هەندێك دەسووتێنن و هەروەها ڕووناکیشی بۆ بەرچاوی هەندێکی دیکە دەبێت.
سیمورگ. هەر وەك خەسڵەتی خۆی كە كڕ كەوتنە لەسەر ئەو تاك هێلكەیەی كە هەر بە سێ سەتە جارێك دەیكات، گەڕانە بۆ ئاخێكی تایبەتمەند و پڕشكۆدا، تاكو نەوەكەی وەك خۆی بە نەبەردی و قارەمانی و دلێری چاو بە ژیان هەڵبێنێت.
گشت ناوچەكانی سۆران و بادینان و. گەڕا و سوڕێکی بە سەر ناوچەی شارەزووردا داو و لە ناكاو لە بەردەم شێركوژدا لەنگەری گرتوو لە پێدەشتی مەڵكەندی مەنزڵگەیەكی شیاوی بەدیكرد و زانی کە ئەم ئاخە دەبێتە لانکەی خەبات و تێکۆشان. مەڵبەندی ئەدیب و ڕۆشنبیران.
ئەو تاك هێلكەیەی بە دڵێکی خۆشی پڕ لە هیواوە و بە بڕوایەکی پۆڵایینی پڕ لە شکۆوە لەو لانەی شێرانەدا دانا.
پاش هەڵهاتن و خاڵومیل ڕشتنی ئەوجا بەجێیهێشت.
پەپووسلێمانكەی شۆخوشەنگ و ڕەنگین و تاجی شاهانەبەسەر، بە نیازی گەشتوگوزار، كە بەوێدا تێپەڕی و ئەو نەوە ئێسكسووكە قارەمانە دلێرە چاونەترسەی بینی، هەرخێرا كەوتەخۆ و چڵە زەیتونێك و گوڵە گەنمێكی بە دەندووكان لەو ئاخە پڕ پیت و بەرەكەتە هەڵگرت و مزگێنی ئەو نەوەیەی دا بە حەزرەتی سلێمانی زەمان و ئیتر لەو كاتەوە نازناوی ( سلێمانی ) بە باڵایدا بڕا و بووە دەستەخوشكی شارە قارەمان و دلێرەكانی دیكەی وەك ئامەد و مەهاباد و كۆبانی و. كە گشتیان لەو ئاخە پیرۆزەدا چاویان بە ژیان هەڵهێناوە.
ئازیزەكەم سلێمانی
لێرەولەوێ هەندێجار گوێمان لێــدەبێت، بەناو دۆستان بە فیتی ئەموئەو یا بە كۆنە قینێ.
حاشا لە بوونتان و لە ئازایەتی و نەبەردی و قارەمانی و زرنگی و داناییت دەكەن.
دەیانەوێت بە نووكە قەڵەمێكی هەناو ڕەشی پڕ لە قین، هێڵێكی ڕەشت پێدا بێنن و بە كوتە لاستیكێكیش گشت ئەو مێژوە پڕ شكۆیەت لە سەر ئەم ئاخە بسڕنەوە و ناوت نەهێڵن.
نازانم! بۆ چاوانیان پێت هەڵنایە؟
خۆ ئەمە هەر بەرامبەر بە تۆی خاوەن شكۆ نییە!
بەڵكو بەرامبەر بە ئامەد و مەهاباد و كۆبانی و گشت ئەو شارانەن كە خاوەنی مێژوویەكن لە بەرخۆدان و خاوەن پلەوپایەی خۆیانن لە نێو دڵ و سینەی گشت كوردێکدا.
بەڵام ئازیزەكەم. بۆیە پێت ئێژم ئازیزەكەم. چونكە هەرگیز من وەك تۆ بیرناكەمەوە. من هەرگیز خەبات و تێکۆشانی هیچ کەس و شار و گوندێك لە یاد ناکەم یاخود بێ
بەڵێ من هەم و لە نێو دڵی گشت خەڵكی ئەم ئاخەدام و هەرگیز نابڕێمەوە.
لەتەك هەر هەنگاوێکی ئەو تەمەنە پرشنگدارە مێژووە كورتەكەی خۆمدا دەدرەوشێمەوە.
لە تەك فرمێسكی منداڵانی بێ باوك و لە ناو فرمێسكی دایكی ڕۆڵەكوژراو دام.
دژ بە هەموو ئەو پیلانە گڵاوانەی دژ بە میللەتەكەم دەكرێت خوێن دەبەخشم.
بەڵێ شارەکەم ( سڵیمانی ) تۆ هەیت و هەر دەمێنیت.
ناوبردنی تۆ وەک ناوبردنی خۆریكی پڕ تاو و تینە.
ناوی تۆ لە نێو دڵی زیندووی ملیۆنان كوردا هەڵگیراوە و تێكەڵ بە خوێن و جەستەیان بووە.
بەڵێ سلێمانی. تۆ هەیت.
هەرچەندە لەوانەیە لە پیلان و نەخشەی ناحەقانی دڵ ڕەشی بێ پڕگار و قەڵەمدا، بە پیلانی دوژمنان و هەندێك قین لە دڵاندا، سڕڕابیتەوە، بەڵام هەیهوهەیهوو.
ئەوە خەونی لەباربردووی دوژمنانتە.
بەڵێ ئەوە بەرخۆدانی بێوچان و خەباتی تۆیە.
ئەوە سروود و شیعری شاعیرانی كۆڵنەدەری تۆیە لە تەك شارانی كۆڵنەدەری دیكەدا كە پیر و لاوانی خوێن گەرمی ڕیگەی پڕدڕكوداڵی خەبات بە خۆشییەوە دەیچڕن و نەوە بە نەوە دەڵێنەوە.
بەڵێ ئێمە هەین … لە نێو خوێنی ئاڵ و گەشی شەهیداندا قوڵپدەدەین و هاوار دەكەین بۆ ڕزگاری خاك و نیشتمان هەڵمەت بەرن بۆ سەر دوژمن و خۆفرۆش و جاشەكان و خوێنی ئێمەيش لە ئەستۆی ئێوەدایە.
بەڵێ ئەوە هەر گوڵاڵەسوورەی خوێنی شەهیدانە گردی سەیوانەكەتی نەخشین كردووە.
بەڵێ سلێمانی. تۆ هەیت و هەر دەمێنیت لەتەك مەهاباد و دیاربەكر و كۆبانی و شارە قارەمان و نەبەردەكانی دیكەدا هەرچەندە ئێستە زاریان ئاخنراوە و بەڵام دڵیان دەكوڵێ و وەك ئێوە لە كەفوكوڵدان.
ئێمە هەین و لە گشت شوێنێكی سەر ئەم ئاخەین كە ناوی ” كوردستان”ـە.
ئێمە لەسەر شاخی مەتینین و بە ئاوی ئارەقەی نێوچەوانمان و ڕوباری دەچڵە و فرەهات، شەهیدانمان گۆڵپرژێن دەکەین و تینوێتی دوای خەباتی بێ وچانمان دەشكێنین.
ئێمە لە ئاگری داغ و زنجيرە چيای زاگرۆس و گوتی و قەندیل. داڵەهۆ و شاهۆ. زمناكۆ و سوركێو و قۆپــی. پیرەمەگروون و هەڵگور. ئەزمەڕ و ئاربابا و دەربەندبێلوولە و. داین و دەجەنگین لە پێناو گەلەكەماندا نەك لە پێناو بەرژەوەندی دوژمندا تا ئاوڕێكم لێبداتەوە.
بەڵی ئێمە هەین. تیشكی خۆری كوردستانەكەم سۆمای چاوانمان ڕۆشن دەكاتەوە تا جاش و خۆفرۆشانی پێ قەلاچۆنێین.
بەڵێ.. ئەوە ئێمەین لەبەر تریفەی مانگەشەودا بەدەم هۆرە و سياوجامانە… لاوك و حەیران. قەتار و ئەڵاوەیسی سروودی پێشمەرگەوە هەڵمەت دەبەین بۆسەر قەڵای لەرزۆكی دوژمنان كە پاڵپشتی جاش و خۆفرۆش و خێر و بەرەكەتی وڵات هەڕاجن..
ئەستێرە جوانەكانی ئاسمان بە جریوەیان نامە بۆ ئازایەتی و لێهاتووی نەبەردەكانمان دەنێرن و دەستخۆشی سەركەوتنمان لێدەكەن بەسەر جاش وڵاتفرۆشاندا.
بەڵی من هەم و لەتەك نەوەی شارە ئازا و دلێر و قارەمانەكانی دیكەی ئەم ئاخەدا كە ناوی كوردستان/ـە دژ بە هەموو ناعەدالەتی و زوڵم و زۆرەملێیەكین.
بەڵێ ئێمە هەین.. منداڵان و زارۆكان خواخوایانە كە تەمەنیان هەڵكشێ و تا زوو بێنە كۆڕی خەبات و تێكۆشان و بەرخۆدان دژ بە داگیركاران و كاسەلێسە خۆفرۆشەكانیان.
بەڵێ ئێمە هەین و ئەوە هەر ئێمەین دژ بە تاڵانی و دزی و گەندەڵی و وڵاتفرۆشیتان خەباتمان بێوچانە.
دژ بەو تاوانە قێزەوەنانەتانین كە دەتانەوێت لە نێو بۆتەی دوژمندا بمانتاوێننەوە.
تەنیا و تەنیا لەبەر چەن پاروویەكی چەورونەرمی دوژمنانی دێرینی گەلەکەمان.
ئێمە هەین و هەرگیز لەنێوناچین.
بەڵێ ئەوە لاوە تازەپێگەیشتووەکانی ئێمەیە كە مێشک و سینەیان پڕە لە تازەگەری و نیشتمانپەروەی و ئیتر ڕێگە نادەن گەمە بە چارەنووسیان بکرێت و و دەتوانن خیانەتكار و وڵاتفرۆش بسڕنەوە لەسەر پەڕەی مێژووی ئەم گەلە ستەم دیدەیە.
بەڵێ ئەوە نەڕە و نەعرەتەی ئەو لاوانەیە کە ئێوەی ستەمکار گوێ کەڕن لە ئاستیاندا.
بۆیە پڕ بە زار و گەرووی خۆیان هاوار دەكەن و دەڵێن:
هەر هەق سەردەكەوێت. ناحەزان و خۆفرۆشانیش جێگەیان زبڵدانی مێژووە دەبێت.
بەڵێ ئەوە ئێمەین لە نێو خەڵكەكەی خۆماندا بەسەر بەرزی ژیان بەسەر دەبەین و چاوەڕێی پاداش لە كەس ناكەین و هەرگیز نایفرۆشینەوە و نایدەینەوە بە ڕووی كەسیشدا.
بەڵێ ئەوە ئێمەین كە نوێنەری هەموو كوردستانین.
ئەوە سلێمانی و مەهاباد و ئامەد و كۆبانی/یە كە هەلۆئاسا چاومان لە چیا بڵندەكانەوە بڕێوەتە هەنگاوە چەپەڵەكانی دوژمنان و خۆفرۆشان و جاش و وڵاتفرۆشان لە ڕاوكردنییان كەمتەرخەم نابین.
جا ئیتر جەناب نازانم. بۆچ هيچ دڵسۆزی و جۆمەردييەكی ئەم شارەتان لەبەرچاو نييە كە سەرودەمانێك باوەشی گەرمی بۆ هەمووتان گردبووە.
سەردەمانێك كە لە ميحنەتدا بوون، ناوتان و بوونتانم بە ئەمانەتەوە پاراست.
ئێستا بۆچی دەتانەوێت ناوم بسرنەوە و حاشا لە بوونم دەكەن؟
پڕ بە زار هاوار دەکەم و دەڵێم : سلێمانی. ئەوە ژمارەی ساڵەکانی ژیانت نییە کە ئەژمار دەکرێن. بەڵکو بە دڵێکی پڕ لە جۆش و خرۆشەوە. پڕ لە کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییەوە دەڵێم: ئەوە پرشنگی هیوای ژیانە لەناو ساڵەکانتا.