لاوک کونجرینی: بۆ بەرزانی لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک بێدەنگە.
نەسەرۆکایەتییەکەی هەرێمی بەرزانی و نە حوکمەتەکەی بەرزانی، تا ئەم ساتە لەبەر خاتری تورکیا هیچ قسەیەک ناکەن و، پشتیگیری و دەستخۆشی خۆیان نەناردووە بۆ بەفەرمیکردنی کەرکوک بۆ خاوەنەکەی، کە کوردە.
ئەمڕۆ بە بڕیارێکی مێژووی و ئازایانە کورد کەرکوکی یەکلا کردەوەو، وەک شارێکی لەمێژینەی داگیرکراو، گەڕاندەوە بۆ خاوەن ماڵ.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پارێزگاریی کەرکوک (نەجمەدین کەریم ) بڕیارێکی ئازایانەی دا. دیارە ئەم کەسایەتییە هەرچەند پارێزگاریی کەرکوکە، لەگەڵ ئەوەشاد ئەندام مەکتەبی سیاسی حزیبێکە، کە زۆرینەی کەرکووکیەکان لایەنگریی حیزبەکەی ئەون. بڕیاردانی ئەو، ئازایەتی و سەروەری بۆ خۆی و حیزبەکەی دەگێڕێتەوە، بۆ یەکە بەیەکەی کەرکوکیەکانی پشتی ئەو دەگەرێتەوە، بۆ هێزی پێشمەرگە دەگەرێتەوە، کە بەخوێنی جوامێرەکانی کەرکوک و کەرکوکیەکانیان پاراست، بەخوێنی ئەوان توانرا هێز و دڵسۆزی و توانای کورد بۆ کەرکووک دیاری بکەن و، بۆ نا خاوەنەکانی لە تورکمان و عەرەب، بسەلمێنن، ئەوە کوردە خاوەنی ئەم خاک و ئاوەیەو، ئەوە ئەوانن بەپێی مێژوویەکی ناجۆر و داسەپاو، ئەوانی کردووە بە هاوبەشی کەرکوکیەکان و، لەگەڵ ئەوشدا لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەڕاشکاوانە دەرکەوت، ئەوان بۆ کەرکوک دڵسۆز نین و خۆ بەخاوەن نازانن، لەو ساتەدا ئەوان قسەدەکەن، کە تەنها وەک خەڵکانێکی ئاراستە، ڕێگر بن.
قسەمان لەسەر زۆربەی تورکمان و عەرەبەکان نییە، قسەمان لەسەر پارتی و بەرزانییە، قسەمان لەسەر ئەو هێزوو کەسایەتییە، کە جگە لە دروشم و موزایدەی سیاسی، کورد و کوردستان وەک ئامراز بەکار دێنن بۆ مەرامەکانی خۆیان. لەکویادا، ئەوان قسە لەسەر دروشمە گەورەکان دەکەن، لەوشوێنەدا پیلان بۆ وێرانکاریی و ناڕێکی ماڵی کورد دادەنێنن.
ببینن گەر کەرکوک نەگەرێتەوە چی لەدەست دەدەین؟، گەڕانەوەی کەرکوک چ واتایەکی هەیە:
بەنەگەرانەوە کەرکووک:
- مێژوی سەرکردایەتی کورد دەچێتە ژێر پرسیارەوە. چونکە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان ڕازی بوون بەمافی کورد، بەبێ کەرکووک.
- خوێنی هەموو ئەو شەهیدانەی مێژووی 60 ساڵی ڕابردوو بەهەدەر دەچێت.
- پارچەیەک لەجەستەی خوێناویی کورد، هەراج دەبێت.
- ئابوری داهاتووی کوردستان، توشی لاوازی دەبێت.
- کێشی کورد، لەناوچەکەو جیهان کەم دەکات.
- دوژمنان ئاواتیان دێتە دی.
گەر کەرکووک بگەرێتەوە:
- خەبات و ماندوبوونمان سەوز دەبێت و خوێنی لاوانمان بەرهەمی دەبێت.
- کورد کێشی سیاسی و ئابووری و خاک و نیشتمانی زیاد دەکات.
- سەربەخۆیی و بەیانی دەوڵەتی کوردی، دەکەوێتە سەرپێ و، واتایەک بۆ مانەوە لە چوارچێوەی عیراق نامێنێت.
دەبێ بپرسین: ترسی ئەم بەیانکردنە بۆ گەڕانەوەی کەرکووک بۆ خاوەن ماڵ چییە؟.
ترسێک، لەبەردەمماندایە، گەر بەرزانی و پارتی ڕازی بوونایەو، ئەوان خاوەنی ئەم بیرۆکە بوونایە، گومانی تیا نییە بەو جۆرە تورکیا نەدەهاتە سەرخەت و تورکمانەکان و عەرەبەکان بەوجۆرە ناڕازی و دەنگیان هەڵنەدەبڕی.
ترسێک لەبوونی گەڕانەوەی کەرکووکدا ئەوەیە، پارتی و بەرزانی تەوازنی هێزیان لە هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆ، لەدەست دەدەن و، بەو قەبارە گەورەیەی ئەمڕۆ بونیان نامێنێت و، گەر ئەوانیش حاكم نەبن و وەک بەرزانی لە چاوپێکەوتنێکدا بە قادر عەزیزی وتبوو: گەر من حاکمی ئەم هەرێمە نەبم سوتاندنی کورد و دۆسییەکەی من ناهاژێنێت.
کەرکووکیەکان بڕیاریکی ئازایانەو کوردانەیان داوە، گەر بەرزانییەکان لێ گەرێن و، لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان و پارتەکەیان، ناپاکی لە گەلەکەیان نەکەن. کورد، هەنگاوی باشی ناوە.
- Latest Posts by لاوک کونجـــــــرینی
لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی کۆتایی.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی دووەم.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی یەکەم.
- All Posts