PKK-1977

عیماد عه‌لی: ئه‌ركی ( په‌ كه‌ كه‌) له‌ ئاست سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئه‌گه‌ر پێشتر كورد بۆخۆی له‌ كوردستانی باشوور له‌سه‌رجه‌م شۆرشه‌ شكستخواردوه‌كانیدا به‌ ته‌نها به‌رپرسیارێتی نه‌گه‌یشتن به‌ ئامانج هه‌ڵبگرێت و هۆكاری سه‌ره‌كی شكست و نسكۆكان بێت، ئه‌مجاره‌ و له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێك روبه‌رومان بێته‌وه‌، كوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر به‌رپرسیارێتیه‌كی گه‌وره‌ی مێژوییه‌وه‌ له‌ئاست هه‌ر گیروگرفت و له‌ده‌ستدانی هه‌رهه‌لێك و له‌هه‌ر پارچه‌یه‌كدا بۆ كورد بێته‌ پێشه‌وه‌.
له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا، له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك ئه‌گه‌رداین، كه‌ زۆر پێویسته‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌جوانی چ وه‌ك تاكی سه‌ركرده‌و حزب یان به‌ هاوبه‌شی بیخوێننه‌وه‌ و، هه‌ر یه‌كه‌ و به‌ قه‌د به‌رپرسیارێتی و قورسایی خۆی شانی بخاته‌ به‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ مێژوییه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ری، به‌ تایبه‌تی له‌مه‌ر گۆرانكاریه‌كانی هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ و چۆنێتی كه‌وتنه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد له‌ پاش یه‌كلاییبونه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌ و كۆتاییهاتنی قۆناغه‌ گواستراوه‌كه‌ی پاش ئه‌م جه‌نجاڵیه‌ سیاسی و عه‌سكه‌ری و ئابورییه‌ی كه‌ تێیداین.
لێره‌دا قسه‌م له‌سه‌ر پارتی نیه‌” كه‌هه‌رجاره‌ و بۆ مه‌رامی حزبی و موزایه‌ده‌ و مه‌به‌ستی شه‌خسی و حزبی بچوك و له‌ده‌رئه‌نجامی ته‌سكبینی واقیعه‌كه‌وه‌” جاری ریفراندۆم و هه‌ڵای سه‌ربه‌خۆیی لێده‌دات و دوور له‌ ئامانجی راسته‌قینه‌ به‌ مرامی ته‌سكبینی خۆی باسی مافه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كات و، زۆرجار به‌ پێی وابه‌سته‌یی ده‌ره‌كی خۆی ره‌فتارده‌كات. ئه‌گه‌ر هه‌مووان ده‌زانین كه‌ پارتی زۆر له‌هه‌مووان زیاتر به‌ررپرسه‌ له‌ كه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌گه‌رێك و یه‌كێك له‌وانه‌ش له‌ده‌ستدانی ئه‌م ئه‌زمونه‌ تازه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌م جاره‌ له‌ پاش دابه‌شكردنی ناوچه‌كه‌ به‌ ده‌ستی زلهێزه‌كانه‌وه‌ تاوه‌كو رۆژگاری ئه‌مرۆمان هاتبێته‌ ئاراوه‌ و، له‌ چاوروانی گۆرانكاریه‌ گه‌وره‌كانداین له‌ پاش كۆتاییهاتن به‌ داعش. به‌ڵام ئه‌مرۆ ئه‌ركی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی كوردستانی گه‌وره‌ له‌ ئه‌ركی لایه‌نه‌كانی كوردستانی باشوور كه‌متر نیه‌.
لێره‌دا رووی ده‌مم له‌ په‌كه‌كه‌ یه‌به‌ تایبه‌تی، كه‌ هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌كانی له‌مه‌ر پێشهات و جموجوڵه‌كانی كوردستانی باشوور و خوێندنه‌وه‌ی بۆ وه‌زعه‌كه‌ و له‌م قۆناغه‌ و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل پێداویستیه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی كورد و پێشتهاته‌كان له‌م كاته‌ و پاش گۆرانكاریه‌ چاوره‌وانكراوه‌كانی دوای نیشتنه‌وه‌ی كه‌فوكوڵی هاوكێشه‌ گه‌رمه‌كانی شه‌ری داعش، ده‌بێت ئه‌ركه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی له‌مه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌گه‌ره‌كان به‌جوانی بخوێنێته‌وه‌ و زۆر شتی لاوه‌كی وه‌لاوه‌بنێت و” به‌ جۆگه‌ی لایه‌نه‌كانی باشوردا نه‌روات و هاوشێوه‌ی ئه‌وان ره‌فتار نه‌كات و گه‌وره‌یی خۆی بنوێنێت.
ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ رووی ستراتیجی فكریشه‌وه‌ گۆرانكاری به‌سه‌ر خۆیدا هێناوه‌ و دروشمه‌ گه‌وره‌كه‌ی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی كه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا خۆی ده‌بینیه‌وه‌ گۆریه‌وه‌ بۆ دیموكراسی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و پێكه‌وه‌ ژیانی هاوبه‌ش و ئاشتیانه‌، به‌ڵام بۆ بارودۆخی كوردستانی باشوور ئه‌ركی قورستری ده‌خاته‌سه‌ر كه‌ نابێت ئه‌گه‌ری به‌دیهێنانی مافی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی باشوور بكاته‌ قوربانی ئامانج و ته‌كتیكی رۆژانه‌ی خۆی و له‌ ده‌رئه‌نجامی پێویستی هاوكێشه‌كان و خۆخزاندنی له‌ بلۆكه‌كانی ناوچه‌كه‌ زه‌ره‌ له‌ ئه‌گه‌ری گه‌یشتن به‌ ئامانجی گه‌لی كورد بدات وزیان له‌ خۆی و له‌راده‌ی سۆز و پشتگیری خه‌ڵك بۆ خۆی وسیاسه‌ته‌كانی خۆی و بۆ پرسه‌كه‌ش بدات . لێره‌دا ئه‌گه‌ر پیلان و ره‌فتار و دژایه‌تی و شه‌ره‌ سه‌پێنراوه‌كانی توركیا به‌لاوه‌ بنێین و قۆناغه‌كه‌ وه‌ك خۆی بخوێنینه‌وه‌، بۆچونی راستی په‌كه‌كه‌ له‌م كاته‌دا دیاریبكه‌ین” ده‌بێت ئه‌وله‌ویاتی خۆی له‌ پشتگیری و پاڵپشتی هه‌ر هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی ئیجابی و راسته‌قینه‌ی كوردستانی باشوور بكات ئه‌گه‌ر شه‌یتانیش پێی هه‌ڵسێت و بۆچونی ته‌سكی سیاسی وه‌لاوه‌ بنێت و” له‌سه‌ر ستراتجی جێگیری سه‌ره‌تاكانی خۆی بروات” كه‌ له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه‌ بۆ چه‌ندین ساڵ ئیدیعای ده‌كرد و خوێنی بۆ رست.
بۆیه‌، گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به‌ میله‌تی كورد له‌هه‌رچوارپارچه‌كه‌ له‌م قۆناغه‌ گواستراوه‌ وگۆراوه‌دا، پاڵپشتی كردنی كوردستانی باشووره‌ بۆ ده‌رچون له‌م جه‌نجاڵی ململانێ سه‌خته‌ ناوچه‌یی و جیهانی و نێوخۆییه‌یدا، بۆ قوتاربون له‌م وه‌زعه‌ ئاڵۆزه‌ی كه‌ عه‌قڵ و فكر و سه‌ركردایه‌تیه‌كی به‌توانا و گونجاو به‌رێوه‌ی نابات. بۆیه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی په‌كه‌كه‌ له‌م قۆناغه‌دا و به‌و قورساییه‌ سیاسی و سه‌ركردایه‌تیه‌ حه‌كیمه‌یه‌وه‌، له‌وه‌ قورستره‌ كه‌ ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی له‌به‌رچاو بگرێت و به‌ ته‌كتیكی رۆژانه‌ و كاتیی وه‌ك كاره‌كته‌رێكی تاكه‌ بلؤكێكی ناوچه‌كه‌ ره‌فتار بكات و، ده‌بێت ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ ئه‌وه‌له‌ویاته‌كانیدا بێت و، به‌هه‌ر نرخێك بێت خۆی له‌ شه‌رفرۆشتنی پارتی به‌وه‌كاله‌ت به‌دوور بگرێت و له‌وباره‌وه‌ مل بۆ داواكاری هیچ جه‌مسه‌رێك نه‌دات و له‌م وه‌زعه‌ ساسیه‌ ئاڵۆزه‌دا، به‌ ره‌فتاره‌ جوانه‌ چاوره‌وانكراوه‌كانی رێنیشانده‌ریراست و دروستی سه‌ركردایه‌تی كوردستانی باشور بێت نه‌ك هاوشێوه‌ی ئه‌وان بجوڵێته‌وه‌.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت