شەماڵ عادل سەلیم: ریفڕاندۆم یان وەهمی ریفڕاندۆم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 لێرەدا هەوڵدەدەم لەسەر چەند خالێکی تایبەت بەلێدوانەکەی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، کاک (نێچیرڤان بارزانی) بێمە گۆ، کە لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (فیلیی ئەمریكی ) لەسەر پرسی ریفراندۆم ڕایگەیاند وگوتی:  لەم ساڵدا ریفراندۆم ئەنجام دەدەین بەلام دەستبەجێ كار بە ئەنجامەكەی ناکەین. هەروەها گوتی: ئەوەی گرنگە لەئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە، کە بۆ هەموولایەک و لەپێش هەرهەمووشیان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربکەوێت کە هاووڵاتیان چیان دەوێت.

من لێرەدا  زۆر بەپەلە چەند خاڵێک وەبیر بەرێز( بارزانی) و هەموو ئەو بەرێزانەی کە باس لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەبێ ئامادەکردنی زەمینەیەکی لەباروگونجاو دەکەن، وەبیریان دەهێنمەوە و دەڵێم: ریفراندۆم مافێکی نەتەوەیی و تایبەتە بەسەرجەم کوردستانیان لەهەر شوێنک هەن، بۆیە پێش ئەوەی باسی رێفراندۆم بکەین، پێویستە کاربکەین بۆ:

A- کاراکردنەوەی دەسبەجێی پەرلەمانی بێدەنگ و پەککەوتوو.

B- ئامادەسازیەکی باش  بۆ بەشداری پێکردنی سەرجەم کوردستانیانی هەندەران لەرێگای ( بالێوزخانەو کونسوڵخانەکان ) بکرێت.

C- ئالیەتێکی گونجاو بۆ بەشداریپێکردنی کوردستانیانی ناوچە کێشەلەسەرەکان بدۆزرێتەوە.

D- دابین کردنی بودجەیەکی زەبەلاح.

E- بۆ ئەوەی ئەنجامی ریفراندۆم وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر و متمانە پێکراو و باوەڕ پیکراو ببێت، زۆر گرنگە ریفراندۆم  لەژێر چاوەدێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی  ئیقلیمیدا بەرێوە بچێت.

دیارە ئەنجامدانی ئەم خاڵانەیش  کارکردن و خۆئامادەکردنێکی باش و  ئیرادەیەکی پۆڵاین و باوەڕبەخۆبوون و یەکریزی و هەروەها  کاتێکی باشی دەوێت، چونکە  ریفراندۆم  بەپەرتەوازەیی و مڵملانێی حزبی و ملشکاندنی یەکترو بەو نەهامەتیانەی کە ئەمرۆ لەهەموو ڕوویەکەوە یەخەوبەرۆکی هەرهەموومانی گرتووە، نەک سەرناکەوێت، بەڵکو هەولێکی نەزۆکەو هیچی لێ شین نابێت.

بۆ ئەوەی ریفراندۆم وەک مافێکی نەتەوەیی و لەچوارچێوەی موزایەدەو بەرژەوەندی تەسکی  حزبایەتی  دەربچێت، بۆ ئەوەی ریفراندۆم لە دروشم و موزایەدە و ریکلام ببێتە دیفاکتۆ، پێویستە ئەم خاڵانەی لەسەرەوە بەکورتی ئاماژەم پێ کردن،  بەزووترین کات هەوڵی جێبەجێکردنیان بدرێت.

 پێویستە هەرهەموومان زەمینەیەکی لەبار بۆ ریفراندۆم بە چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕەخسێنین. چونکە بەداخەوە هەتا ئێستا ریفراندۆم وەک کارتێکی فشار لەلایەن سیاسەتمەدارەکانی هەرێمی بەتەمای خودا بەکارهاتووە، دوا لێدوانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کاک (فازیل میرانی)  کە گوتی ( ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێک بکەوین پێویستمان بە ئەنجامدانی ریفراندۆم نییە )، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە هەتا ئێستا ریفراندۆم وەک کارتی فشار بەکار هێنراوە.

لەکۆتایدا دەڵێم: ریفراندۆم بە وەهم ئەنجام نادرێت ، بەڵکو کاری جدی ولەخۆبردووی و یەک دەنگی و یەک ریزی و پشتگیری بەغداو رەزامەندی زلهێزانی جیهان وڵاتانی جیران، بەتایبەتی ( تورکیا و ئێران ) ی دەوێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت