عیماد عه‌لی: كاك مەلا به‌ختیار بۆ وا ده‌كات؟
لێره‌دا من هه‌م وه‌ك خانهقینیهك و هه‌روه‌ها وه‌ك كه‌سێكی بێلایه‌نی حزبی، كه هیچ بهرژهوهندیهكم له‌م قسانه‌دا نیه، به‌ڵام هه‌ر ده‌یكه‌م، جگه له ده‌رخستنی حه‌قیقه‌ت و ته‌نانه‌ت بۆ خزمه‌تی ئه‌و مێژووه پر له سه‌روه‌ریه‌ی خودی كاك مه‌لا به‌ختیاره، كه پره له شانازی ئه‌گه‌ر به جوانی و وه‌ك خۆی قسه‌كانم وه‌رگرێت. ژیانی سیاسی كاك به‌ختیار كه‌چی به‌خۆی هه‌میشه ده‌یه‌وێت تاراده‌یه‌ك وه‌ك خۆی باسی بكات یان گه‌وره‌ی بكاته‌وه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ده‌كه‌وێته‌وه و، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی دڵته‌نگیه بۆ ئه‌وانه‌ی كه مێژووی سه‌ركرده هیلاكه‌كان و گیانفیداییان له‌به‌رچاو ده‌گرن و به‌رز دهنرخێین.
ئێمه باس له سه‌ره‌تاكانی شۆرش و كاركردنی كاك به‌ختیار به‌و ته‌مه‌نه بچوكه‌یه ناكه‌ین، كه بۆخۆی و یاداشته‌كانی به‌جێیده‌هێڵین، كه به‌خۆی وتویه‌تی به‌رده‌وامه له نوسینیدا و له كاتی گونجاوی خۆیدا بڵاوی ده‌كاته‌وه، به سه‌رجه‌م هه‌وراز و نشێویهكانیهوه. بێگومان باس له ورده‌كاریه‌كانی سه‌ره‌تای خه‌بات و تاوه‌كو دامه‌زراندنی ئاڵای شۆرش له نێوه‌خنی شۆرشی نوێ و به‌سه‌رهاته‌كانی خۆی و هاورێێانی به زیندانیهكهیشهوه ده‌كات، كه هه‌ر یه‌كه‌و به پشتخانی سیاسی و په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ كاك بهختیارو كاك نه‌وشیروان دا باسی ده‌كات. به‌ڵام به قه‌ناعه‌ته‌وه ده‌یڵێم: له‌وه ده‌چێت كاك به‌ختیار زۆر به راشكاری و دوور له جۆره نوسینه‌كانی خه‌ڵكانی تر و سیاسه‌ت پێكردنی یاداشت نوسین و له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ڵه‌ی خودیی و ره‌خنه له‌خۆگرتنه‌وه بینوسێت و روداوه‌كان وه‌ك خۆی یاداشت بكات، كه به شانازیه‌كی گه‌وره‌وه وه‌ك یاداشته‌كانی كه‌سایه‌تیه ئۆروپیه‌كان بۆی ده‌مێنێته‌وه و نه‌وه‌كان قازانجی لێده‌بینن.
به‌ڵام له‌دوای راپه‌رین و ریڕه‌وی سیاسه‌تكردن له زه‌حمه‌تكێشانه‌وه تاوه‌كو گه‌رانه‌وه‌ی بۆ باوه‌شی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و دوو ده‌یه و نیوەی ململانێی زۆر و زه‌قی نێو یه‌كێتی و جیابونه‌وه‌ی گۆران و مانه‌وه‌ی تارمایی په‌یه‌وه‌ندیه ناجۆره‌كانی كۆن و نوێ و روبه‌روبونه‌وه‌ی ركابه‌ری و دژایه‌تی یه‌كتر كردنی خۆی و كه‌سایه‌تیه‌كانی تری وه‌ك كاك نه‌وشیروان موسته‌فا، نه‌ك به‌هۆكاری فكری یان فه‌لسه‌فی یان عه‌قیدی، به‌ڵكو له‌به‌ر جیاوازی ره‌فتاری كه‌سیی له سیاسه‌تی شاخ و شاردا وایكردووه كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر وا بكه‌ن زیاتر ره‌خنه له كاك مه‌لا به‌ختیار بگیرێت نه‌ك له بارودۆخه بابهیتهكه و زۆرێك له ململانێ نابه‌جێكانی كه‌سانی تری وه‌ك كاك نه‌وشیروانیش، ئه‌مه‌ش وا یكردووه كاك مه‌لا به‌ختیار به ته‌نها خۆی وه‌ك سوپه‌رمان ده‌ربكه‌وێت و كاره ئیجابیه‌كانی به قسه‌و ركابه‌ری خه‌ڵكانی تر و به هێڕشی نه‌یاره‌كانی و ره‌فتاری كۆنه قینانه‌ی ركابه‌ره‌كانی به‌جۆره‌ها ره‌فتار وه‌ڵام بدرێته‌وه و شه‌ری شه‌خسی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن و بیانه‌وێت بیسرنه‌وه. به‌ڵام ئایا كاك به‌ختیار به‌خۆی هۆكاری ئه‌و گیروگرفت و ته‌گه‌ره نێوخۆییانه‌ی نێو حزبه‌كه‌ی و، ده‌ره‌وه‌شی نیه، كه رووبه‌رووی ده‌بێته‌وه و ته‌نانه‌ت له زۆر لاوه؛ چ عه‌لمانیه‌كان بێت یان ئیسلامیه‌كان، كه بیانه‌وێت به هه‌ر جۆرێك بێت زه‌فه‌ری پێبه‌رن. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر كۆمه‌ڵێكه هۆكار له‌وانه:
1- بێ ئه‌وه‌ی خۆی ته‌نها به بارێكه‌وه خه‌ریك بكات كه‌چی دوور له پسپۆرێتی، به په‌رشوبڵاوی، خۆی له لایه‌نی فكری، فه‌لسه‌فی، هونه‌ری، وه‌رزشی، سیاسه‌ت، نوسین و رۆژنامه‌نوسی، به بۆچونی عه‌لمانی و ئه‌نتی ئیسلامی و بیری سۆشیالیزمی ته‌نانه‌ت تۆباوی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رۆژ و روداوه‌كاندا ده‌كات و سیاسه‌ت به هه‌موویانه‌وه ده‌كات.
2- به تاقی ته‌نیا به‌خۆت رووبه‌روی ئه‌م هه‌موو گرفته ببیته‌وه كه له‌ده‌رئه‌نجامی فره‌جۆری كاركردن به‌سه‌رتدا بێت و كۆڵ نه‌ده‌یت، تواناكانت بڵاوده‌بنه‌وه و، كاریگه‌ری ئیجابی نابێت، ئه‌گه‌ر راستیش بیت.
3- ئه‌وه‌ی زاڵ بێت به‌سه‌رتدا ته‌كتیكی سیاسی رۆژانه و نه‌بونی ستراتیجێكی دوورمه‌ودای عه‌قڵانی بێت، له‌گه‌ڵ نه‌بونی رێره‌وی دیاریكراوی ژیانی سیاسی بۆ ئه‌وه‌ی بۆچونت رێكبخات، توشی هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌ی زۆرت ده‌كات. بۆیه ئه‌گه‌ر ئاڵای شۆرش ستراتیجێكی فكری و فه‌لسه‌فی وئایدیۆلۆژی و مه‌عریفی ته‌واو بوایه، نه‌ده‌بوو كاك به‌ختیار ته‌نانه‌ت له بنه‌ره‌تدا دووباره له‌گه‌ڵ ره‌وتێكدا یه‌كبگرێته‌وه كه ریگربوبێت له به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ئامانجه گشتیه‌كانی نه‌ك شه‌خسیه‌كانی. ئه‌گه‌ر ستراتیژ جێگه‌ی به‌تین و مكۆمی خۆی بگرتایه و له زیهن و بیر و فكری كاك به‌ختیار جێگیر بوایه، ده‌بوایه یه‌كه‌مین ره‌وتی ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵاتی قه‌یراناوی و شكستخواردوی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌و سه‌ریهه‌ڵبدایه، نه‌ك خۆی تێهه‌ڵكێشی ئه‌م وه‌زعه شكستخواردوه بكردایه.
4- گه‌رانه‌وه بۆ شوێنێك به شێوه‌یكی لاواز و ترس له ته‌نانه‌ت باسكردنی ئاڵای شۆرش، هه‌میشه خاڵی لاوازی كاری سیاسی كاك مه‌لا به‌ختیار بوو له‌نێو یه‌كێتی دا، ته‌نانه‌ت له‌و رۆژانه‌ی كه له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیش بوو. بۆیه هه‌میشه وا ده‌ركه‌وت كه له پێگه‌ی لاوازه‌وه سیاسه‌ت و ره‌فتار ده‌كات.
5- دوا پێشهاته‌كان، ململانێی گۆران و یه‌كێتی و په‌یوه‌ندی و كێشه‌و بێشه‌ی سیاسی و مانه‌وه‌ی په‌ڵه سیاسیه‌كانی ئه‌و دوو كه‌سایه‌تیه؛ واته نێوان كاك به‌ختیار و كاك نه‌وشیروان، گه‌ره‌ترین خاڵی لاوازی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌یه، ئه‌مه‌ش وای كردووه پارتی به‌خراپ قازانجی لێببینێت و هه‌ماهه‌نگی رێك و تۆكمه له نێوان گۆران و یه‌كێتی دروست نه‌بێت.
6- ره‌فتاری كاك به‌ختیار له نێوخۆی به‌كێتی به‌وشێوه‌یه بووه، كه وای لێهاتووه زۆرجار هیلاكیهكانی له‌به‌رچاو نه‌گیرێت و به‌شێوه‌یه‌كی تر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، تا دواجار و له‌م رۆژانه‌دا زیزبونهكهی وای لێكردووه ته‌نانه‌ت به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی مه‌كته‌ب سیاسی و سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی نه‌كات، كه خۆی به خاوه‌ن یه‌كێتی دهازنێت، كه‌چی له كۆبونه‌وه هاوبه‌شه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتیدا ئاماده ده‌بێت و ده‌بێته ئه‌ندامی لیژنه هابهشهكهی هه‌ردوو حزب و سه‌ردانی لایه‌نه‌كان ده‌كات. ئه‌گه‌ر باوره‌ی به گفتوگۆ بێت، ده‌بێت كێشه‌كانی به گفته‌گۆ له‌كۆبونه‌وه‌كاندا چاره‌سه‌ر بكات، نه‌ك وه‌ك خه‌ڵكی تر دوور بكه‌وێته‌وه، به‌ڵام له كۆبونهوهكانییهكێتی و پارتی به‌شدار بێت.
بۆیه، من له سۆنگه‌ی دڵسۆزیه‌وه بۆ خودی كاك به‌ختیار وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی خاوه‌ن مێژوو و دڵسۆز و هیلاكی شۆرش و بارودخی سیاسی كوردستان به گشتی و به‌تایبه‌تی له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا، ته‌نها ئه‌م قسانه‌م ده‌كه‌م و، باش ده‌زانم نه ئه‌و و نه‌ش كاك نه‌وشیروان له‌م وه‌زعه‌دا وه‌ری ناگرن، به‌ڵكو هیوادرام به خۆی و كاك نه‌وشیروانیش بیری قوڵی كوردۆستانهی ستراتجی سیاسی بكه‌نه‌وه و قۆناغه‌كانی پێشتر توردهن، بۆ ئه‌وه‌ی حه‌دێك بۆ زاڵبونی پارتی و به‌كارهێنانی ناكۆكیه‌كانیان بۆ قازاانجی حزبیی خۆی و زه‌ره‌ر له میله‌ت به‌كار نه‌هێنێت و، كوردستان زیاتر به‌ره‌و دارمان و قه‌یران و شكست نه‌روات و ركابه‌رێكی به‌هێز دروست كه‌ن و لاسهنگبونی هاوسه‌نگی هێزی سیاسی له كوردستان راست بكه‌نه‌وه، له‌م دوا ده‌رفه‌ته‌دا، ئه‌گه‌ر مابێت.