ناكام محمود گەڵاڵەیی: بەرەو دەوڵەتێكی وەهمی.
گۆرانكاریەكان تاریك و لێڵ و ناڕوون و مەنگن، ئایندەش لەم تەنگاوە پڕ ململانێیەدا ناڕۆشنە، ئەستەمە پێشبینی هیچ بكەیت، چونكە ململانێكان هێندە بەهێزن زلهێزەكانیش لەئایندەی خۆیان و دۆستەكانیان دڵنیا نین.
كورد وەك ئەركی مێژوویی بۆ ماوەیی لەت و پەرت و بێ ئیرادەو بێ كاریگەرە، تەنیا كارتی بەهێزی كورد پێشمەرگەیە، كە پێشمەرگەش بێ بەرگە و ژیانی كولەمەرگە، كورد دوچاری كێشەگەلێكی ناوخۆییە، كە ڕاستەوخۆ هەم هێزی لە ململانێكاندا دەردەخات، هەم چارە نوسی لە دوای ململا نێكان. گەلی باشوور لەدۆستایەتی ناوخۆى لایەنە سیاسیەكان دڵنیا نییە، لایەنە كوردیەكان ناتێگەیشتوون، لێكنزیك بونەوەشیان بەندە بەهێزی جەمسەرگیریان بۆ دەوڵەتدارە دراوسێكان و دۆستە دورەكان.
هیچ كام لەلایەنە سیاسیەكانی كورد بەویستی كوردو ئامانجی كوردان سیاسەت ناكەن و ناڕواننە ڕووداوو سیاسەتە سەپێنراوەكان.
ئێستا باسی ڕیفراندۆم و دەوڵەتدەكرێت، لەم ڕوانگەیەوە بۆ كورد باشە كە لەوە تێگەیشتووە لە كۆتایی فیلمی گۆڕانكاریەكانداین، لەوە تێگەیشتووە كە دەبێتە كرۆكی ئامانجەكەی نمایش بكات، بەڵام بەبێ ئامادەكاری بۆ ئەم نیاز و ئامانجەنا گونجێت. كورد ئاواتی دەوڵەتە، بەڵام بەبێ پلان و مەلەفی دەوڵەت و ئامادەكردنی كۆمەڵگا.
سەركرادایەتی سیاسی كورد دەبێت، لەوە تێبگات كە كۆمەڵگا ئامادەی ئەم هەنگاوە نییە، ویست و خواستی لەسەر بوونی دەوڵەت هەیە، بەڵام سەدان كێشەو قەیران هەن كەدژی ئەم ویست و خواستەن، وەك نەبوونی فایلی دەوڵەت، نەبوونی متمانەی كۆمەڵایەتی بە حیزبە سیاسیەكان، نەبونی یەكڕیزی كۆمەڵایەتی و سیاسی ، نەبونی سنوری جوگرافی دیاریكراو، دەوڵەتە بەناو دۆستەكان لەسەر هەڵكردنی ئاڵایەك لەكەركوكی دڵی كوردستان، بۆیان بكرێت كۆمەڵكوژمان دەكەن و لەناومان دەبەن.
كورد كاتی هەبوو بۆ ئامادەكاری دەوڵەت، بەڵام سیاسەتمان نەبوو، كۆمەڵگا ماندوو شەكەتی سیاسەتە هەڵەكانی سەركردایەتی سیاسی كوردە، بۆیە ئامادەی برسێتی و هەژاری و نا دادی زیاتر نییە، كورد ئامادەی قوربانی دانی زیاتر نییە بۆ ئەم حیزبانە، كە كەم سیاسەت و كاڵفامی سیاسین لە ئاست ڕووداوەكان و كێشەو قەیرانەكانی كۆمەڵگا. ئێمە بێ پەرلەمان بێ یاسا و بێ سیاسەت و بێ ئابوری و بێ ئیرادەیەكی یەكگرتوین، ئەستەمە بتوانین زیاتر بەرگەبگرین، ئەگەركورد و سەركردایەتی سیاسی كورد بەژیرانە ڕەفتار نەكات. بەرەو مەنگاوی برسێتی و هەژاری پەشیمانیمان دەبات، ئەم حكومڕانیەی ئێستا دەكرێت جگە لە مافیاگەرییەك هیچی ترنییە، بۆیە لەو بڕوایەدانیم بەم سەركردایەتیەوە كورد بتوانێت دەوڵەت بەڕێوە بەرێت. ئەم هەنگاوە سەخت و ئەستەمە بەم ئاسانی و بێ منەتیە ناكرێت و ناگونجێت، دەمانەوێت هەموومان شكۆی دامەزراندنی دەوڵەتمان پێ ببڕێت، هەموومان ئاواتە خوازی دەوڵەتین، بەڵام نەشیاوە لە پێناوی دروشمی بەدەوڵەت بووندا، گەل و نیشتمان بكەینە قەڵغان و گوێ نەدەیت بە ڕووداوەكانی دوای دەوڵەتە هەژار و بێ كەسەكە.