دوکتۆر حوسێن عه‌زیز: ئایینه جیاوازه‌کان، له کوێوه هاتوون؟!
پێم وایه، ئه‌وه‌ته‌ی مرۆ، له‌سه‌ر ڕووی ئه‌م زه‌وییه پانوپۆڕه په‌یدابووه، هه‌میشه به دوای ڕاستیدا گه‌ڕاوه. له‌به‌رئه‌وه، خولیای دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌کانی ئه‌م گه‌ردوونه بووه. به شێوه‌یه له شێوه‌کانیش، په‌نای بۆ ئایین بردووه. بۆیه ئایین هه‌ر هه‌بووه، تا ئه‌م گهروونهش بمێنێ، هه‌ر ده‌مێنێ. چونکه مرۆ هه‌میشه ویستوویه‌تی، له ڕووی ده‌روونییه‌وه، به ئارامیی بژی و ژیانی ڕۆژانه‌شی، بێ ترسوله‌رز به‌سه‌ربه‌رێ.
ڕاسته، سه‌ره‌تا مرۆ پتر له ترساندا، په‌نای بۆ هێزێکی نادیار و ئایین بردووه، تا له‌ده‌س کاره‌ساته‌کانی سرووشت و مه‌ترسییه‌کانی ژیان بیپارێزێ. له‌به‌رئه‌وه، له ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی هێشتا، ئایینێکی زه‌مینیی یا ئاسمانیی نه‌بووه، بیری له ئه‌وه کردووه‌ته‌وه، ئایینێ بۆ خۆی دانێ، بتێ له کۆلکه‌دار و تاشه‌به‌رد داتاشێ، یا له‌سه‌ر دیواری ئه‌شکه‌وته‌کان، وێنه‌ی ئاژه‌ڵیکی کێویی بکێشێ، له‌بری خوا بپه‌رستێ و کڕنووشی بۆ به‌رێ. سه‌رجه‌م ئه‌و ئایینانه‌ش، ئایینی نه‌ته‌وه‌یی بوون، چونکه هه‌ر کۆمه‌ڵێکی دیاریکراو، به زمانه زکماکه‌که‌ی خۆی، له خواکه‌ی پاڕاوه‌ته‌وه!
به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئایینه ئاسمانییه‌کان په‌یدابوون، ئه‌و هاوکێشه‌یه گۆڕاوه. ڕه‌نگه هه‌ر له کۆنه‌وه تا ئێسته، ئایینه فه‌رمییه ئاسمانییه‌کان، هێنده زۆر نه‌بووبن. به‌ڵام ئاشکرایه، ئه‌وڕۆ هه‌ره گرنگه‌کانیان، ئه‌م سێ ئایینه سه‌ره‌کییه‌ن: (جوو، فه‌له و ئیسلام). ئه‌م سێ ئایینه‌ش، یه‌ک سه‌رچاوه‌یان هه‌یه و به شیوه‌یه‌کی فه‌رمیش، دانیانپێدانراوه. هه‌ر یه‌کێ له ئه‌و ئایینانه‌ش لایه‌نگر، دواکه‌وتوو و پێڕه‌وکارانی خۆیان هه‌یه. بۆ نموونه: گه‌وره‌ترین و به‌ربڵاوترین ئایین، ئایینی فه‌له‌یه و نزیکه‌ی (2) میلیار، ئایینی ئیسلام نزیکه‌ی (1.5) میلیار و ئایینی جووش، نزیکه‌ی (18) میلیۆن دواکه‌وتوویان هه‌یه. هه‌روه‌ها، سه‌ره‌تا هه‌موو ئایینه ئاسمانییه‌کانیش، هه‌ر چه‌ن ئایینێکی نه‌ته‌وه‌یی بوون، پاشان به زه‌بری شمشێر و چه‌ندین جه‌نگی خوێناویی، به‌سه‌ر گرووپه ئیتنیکه‌کانی جیهاندا سه‌پێنراون، ئایینه نه‌ته‌وه‌یییه‌که‌ی خۆیانیان کزولاوازکردووه و ئه‌وڕۆش، به چه‌ن ئایینێکی جیهانیی ناوده‌برێن!
له نێوان ئه‌م سێ ئایینه‌شدا، هێندێ جیاوازیی هه‌یه. له هه‌مان کاتیش‌دا، هێندێ خاڵی هاوبه‌ش و لێکچوونیان له نێواندا هه‌یه. یه‌کێ له ئه‌و خاڵه هه‌ره گرنگه هاوبه‌شانه‌ی نێوانیان یه‌کتاپه‌رستییه. واته هه‌ر سێ ئایینه‌که، باوه‌ڕیان به یه‌ک خوای تاک و ته‌نیا هه‌یه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌موو ئایینه‌کان له‌گه‌ڵ یاساکانی (حامورابی)دا، له یه‌کدییه‌وه نزیکن. چونکه ئه‌و یاسایانه، کۆنترین ده‌قی نووسراون، به مرۆ گه‌یشتوون. هه‌ڵبه‌ته گه‌لی (بابل) بتپه‌رستبوون، یاسای تایبه‌تی خۆیان هه‌بووه و به یاساکانی (حامورابی) ناسراوه. ئه‌و یاسایانه‌ش، ساڵی (1790) پ. ز. نووسراون. واته (3806) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دانراون و زۆر پێش ئایینه‌کانی جیهان هه‌بوون!
گه‌ر له لایه‌که‌وه، سه‌رنجێکی ورد، له پێوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو یاساکانی (حامورابی) و ئایینی جوو، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، له پێوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو ئایینی جوو و ئیسلام بده‌ین، زۆر به ڕوونیی بۆمان ده‌رده‌که‌وێ، زۆربه‌ی ده‌قه‌کانی (ته‌ورات)، له یاساکانی (حامورابی) وه‌رگیراون، یا له یه‌کدییه‌وه نزیکن. هه‌روه‌ها، له پێوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو ئایینی جوو و ئیسلامیشدا، ئه‌و نزیکیی و له‌یه‌کچوونه، له نێوان (ته‌ورات) و (قورعان)دا به‌دیده‌کرێ.
پێوه‌ندیی نێوان شه‌ریعه‌تی (حاموڕابی) و ئایینه‌کان
(حاموڕابی)، شه‌شه‌مین پاشای ووڵاتی (بابل) بوو. به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو پاشا ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه، هه‌رگیز خۆی به خوا نه‌زانیوه، یا خه‌سڵه‌تێکی خوایانه‌ی بۆ خۆی هه‌ڵنه‌بژاردووه، به‌ڵکوو خۆی به خۆشه‌ویستی خوا زانیوه و هه‌ر ناوه‌که‌شی به کوردیی ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ!
(حاموڕابی) کۆمه‌ڵێ یاسای داناوه، به (شه‌ریعه‌تی حامورابی) ناسراوه، له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، به کۆنترین ده‌قی نووسراو داده‌نرێ و مێژووه‌که‌شی بۆ (1790) ساڵ پ. ز. ده‌گه‌ڕێته‌وه. واته (3807) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نووسراونه‌ته‌وه. هێندێ یاسای دیکه‌ش، له وڵاتی (ئاشوور) هه‌بوون، به‌ڵام یاساکانی (حامورابی)، له مێژوودا به یه‌که‌مین و ته‌واوترین شه‌ریعه‌ت ده‌ژمێررێ، چونکه هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵ، یاسا، باری ئابووریی و ڕێکخستنی کۆمه‌ڵی کۆمه‌ڵگه‌ی (بابل)ی داپۆشیبوه، گۆڕانکارییه‌کی گه‌لێ گه‌وره‌شی، له ئه‌و وڵاته‌دا کردووه. هه‌ڵبه‌ته له ئه‌و سه‌رده‌مانه‌شدا، کۆمه‌ڵێ خوێنده‌وار و ڕووناکبیر هه‌بوون، بیریان له نهێنییه‌کانی ژیان و مردن، گه‌ردوون و خوا کردووه‌ته‌وه. بۆیه وا به ئه‌و شیوه ڕێکوپێکه، ئه‌و یاسایانه‌یان نووسیوه‌ته‌وه. بۆ نموونه: باوک گه‌وره‌ی خێزان بووه. هاوسه‌رگیریی به ڕێکه‌وتنێکی نووسراو کراوه. فره‌ژنیی ڕێپێدراوبووه.
شه‌ریعه‌ته‌که، له کۆمه‌ڵێ یاسا و سزا پێکهاتووه، (بابلیی)ه‌کانیش له‌سه‌ر ڕێوشوێنی ئه‌و یاسایانه به‌ڕیوه‌چوون. سزاکانیش مۆرکێکی چینایه‌تیان پێوه دیاره. چونکه ئه‌و سه‌رده‌مه، کۆمه‌ڵ له (3) چین پێکهاتبوو: ئازاده‌کان، نیمچهئازادهکان و کۆیله‌کان. یاساکانیش جیاوازیی له نێوان هه‌ر (3) ده‌سته‌که‌دا کردووه. هه‌ر چینێ یاسای تایبه‌تی خۆی هه‌بووه، جۆری سزادان و سه‌رانه‌دان، به‌گوێره‌ی ڕه‌وشی چینه‌کان جێبه‌جێکراوه.
به شێوه‌یه‌کی گشتیی، یاساکان جه‌ختیان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێ خاڵ کردووه، هه‌ره گرنگه‌کانیان ئه‌مانه‌ن: دزیکردن، نه‌خۆشیی، کوشتن، مردن، له‌نێوبردنی موڵک، مافه‌کانی ئافره‌تان، مناڵان و کۆیله‌کان، بایه‌خدان به کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداریی. ئه‌م سزایانه‌ش، به‌پێی پێگه‌ی چینایه‌تی تاوانباران گۆڕاون و هه‌ر که‌سێ، یه‌کێ له یاساکانی پێشێلکردبێ، به هیچ شیوه‌یه، گوێ له پۆزشه‌کانی نه‌گیراوه و ڕێیان نه‌داوه، هه‌ڵه‌کانی خۆی ڕوونکاته‌وه، تا لێی ببوورن!
شه‌ریعه‌ته‌که، له (282) خاڵ پێکهاتووه، له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێکی درێژ نووسراوه‌ته‌وه، درێژییه‌که‌ی (20.5) مه‌تره. (حاموڕابی)، ئه‌م تاشه‌به‌رده‌ی له شوێنێکی گشتیی نێوه‌ڕاستی شاری (بابل) داناوه، بۆئه‌وه‌ی هه‌موو دانیشتووانی شاره‌که بیبینن، بیخوێننه‌وه و پێڕهویکهن. تاشه‌به‌رده‌که ساڵی (1909) له پارێزگه‌ی (خۆزستان – ئێران)، زانایه‌کی شوینه‌وارناسی سویسریی (Gustave Jequier) دۆزیویه‌تییه‌وه. چونکه کاتی خۆی، شای (عیلامیی)ه‌کان (Shutruk – Nakhuute) ساڵی (12) پ. ز. وه‌ک ده‌سکه‌وتی جه‌نگ دهسیبهسهراگرتووه و بردوویه‌تی بۆ (ئێران). به‌ڵام ئیسته له موزێی (لۆڤه‌ر) له (پاریس) دانراوه و پارێزراوه.
سه‌باره‌ت به ژیانی (حاموڕابی) و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی تێدا نووسراوه، دوو بۆچوونی جیاواز هه‌یه.
1- (حاموڕابی) پێش په‌یامبه‌ر (برایم) ژیاوه. گه‌ر وابێ، که‌واته یه‌که‌مین که‌سێ یاسای نووسیبێته‌وه، باسی ئایین و خواپه‌رستی کردبێ، هه‌ر خۆی بووه و (برایم) په‌رتووکه‌که‌ی له ئه‌و وه‌رگرتووه.
هێندێ سه‌رچاوه‌ی مێژووییش هه‌ن، ده‌ڵێن: (برایم) خه‌ڵکی شاری (ئور) بووه، ئه‌و شاره‌ش له ده‌شتی (شه‌نگال)ی سه‌ر به به‌شی خوارووی وولاتی (بابل) هه‌ڵکه‌وتووه. (ئور)ی به‌جێهێشتووه و ڕۆیشتووه، شه‌ریعه‌ته‌که‌ی (حامورابی)یشی له‌گه‌ڵ خۆی بردووه و به ناوی (صحف الاولى)ه‌وه بڵاویکردووه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ی له‌گه‌ڵ (هاجه‌ر)ی کاره‌که‌ری (سارا)ی هاوژینیشیدا، به نموونه دێننه‌وه. چونکه (سارا)ی خیزانی نهزۆکبووه و مناڵیان نه‌بووه. خۆی داوای لێکردووه، (هاجه‌ر) بێنێ، تا مناڵێکیان ببێ. ئه‌مه‌ش به‌پێی ده‌قه‌کانی یاسای (حاموڕابی) بووه، چونکه له خاڵی (145)ی یاساکانیدا هاتووه: (گه‌ر پیاوێ ژنێکی هێنا، مناڵی نه‌بوو، بڕیاریدا، کهنیزکهکهی خۆی بێنێ، ئه‌وا ئه‌و پیاوه ده‌توانێ، بیهێنێ و وه‌ک دووه‌مین ژن، له ماڵه‌وه پێکه‌وه بژین.) ئه‌م ده‌قه‌ش له په‌رتووکی (عه‌هد ئه‌لقه‌دیم)دا نییه! به‌ڵام له (ته‌ورات)دا، ده‌قێکی هاوشێوه له (ته‌کوین 2:16) هه‌یه و ده‌ڵێ: (سارا به ئه‌برامی گوت: خوا له مناڵبوون بێ بهشیکردووم، بچۆ بۆ لای کاره‌که‌ره‌که‌م، له‌وانه‌یه ماڵه‌که‌م ئاوه‌دانکاته‌وه.) دوای ئه‌وه‌ی (هاجه‌ر)ی کاره‌که‌ر (سمایل)ی بوو، ناکۆکیی له نێوان (سارا) و (هاجه‌ر)دا درووستبوو. له‌به‌رئه‌وه (برایم) له یه‌کدی دوورخستنه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌پێی یاساکانی (حاموڕابی) بووه، چونکه له هه‌مان خاڵدا ده‌ڵێ: (ژنهکارهکهر له‌گه‌ڵ ژنه ڕه‌سه‌نه‌که‌دا یه‌کسان نییه.)
2- په‌یامبه‌ر (برایم)، ماوه‌ی (300) ساڵ پێش (حاموڕابی) ژیاوه. گوایه (حاموڕابی)، یاساکانی له په‌رتووکه ئایینییه‌که‌ی ئه‌وه‌وه وه‌رگرتووه، یا له نووسینه‌وه‌ی یاساکانیدا، که‌ڵکی لێ وه‌رگرتووه. گریمان ئه‌مه ڕاسته، به‌ڵام ئایا (صحف الاولی) کێ دیویه‌تی و ئێسته له کوێیه، که چه‌ن جارێ له قورعانیشدا، ئاماژه‌ی پێ کراوه؟!
هه‌رچی چۆنێ بێ، لێکچوونێکی زۆر، له نیوان هه‌ر سێ ده‌قه‌کانی یاسای (حاموڕابی)، په‌رتووکه‌که‌ی (برایم) و (ته‌ورات)ه‌که‌ی (مو‌سا)دا هه‌یه. چونکه (مو‌سا)، ماوه‌ی (400) ساڵ دوای (حاموڕابی) له‌دایکبووه. گه‌ر ئه‌وه راستبێ، (حاموڕابی) دوای (برایم)، به (300) ساڵ هاتبێ، ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ، (مو‌سا) و (برایم)، ماوه‌ی (700) ساڵیان له نێواندا بووه!
لێره‌دا ته‌نیا یه‌ک نموونه‌ی ئه‌و لێکچوونانه‌ی له نێوان ده‌قه‌کانی (حاموڕابی) و (ته‌ورات)دا دێنمه‌وه.
(حاموڕابی): گه‌ر که‌سێ ئێسکی که‌سێکی دیکه‌ی شکاند، ده‌بێ، ئێسکی بشکێننه‌وه. گه‌ر که‌سێ ددانی که‌سێکی دیکه‌ی له هاوچینه‌که‌ی خۆی هه‌ڵکه‌ند، ده‌بێ، ددانی ههڵکهننهوه.
ته‌ورات: شکاندن به شکاندن، چاو به چاو، ددان به ددان.
ته‌نانه‌ت ئه‌م لێکچوونه له قورعانیشدا هه‌یه و به ئایه‌تێ باسکراوه: ” وَكَتَبْنَا عَلَيْهِمْ فِيهَا أَنَّ النَّفْسَ بِالنَّفْسِ وَالْعَيْنَ بِالْعَيْنِ وَالْأَنفَ بِالْأَنفِ وَالْأُذُنَ بِالْأُذُنِ وَالسِّنَّ بِالسِّنِّ وَالْجُرُوحَ قِصَاصٌ ۚ فَمَن تَصَدَّقَ بِهِ فَهُوَ كَفَّارَةٌ لَّهُ ۚ وَمَن لَّمْ يَحْكُم بِمَا أَنزَلَ اللَّهُ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ ”
له کۆتاییشدا ده‌ڵیم: ڕاسته جووه‌کان هه‌بوون، به‌ڵام نووسینه‌وه‌ی کۆتایی ته‌ورات، دوای ئه‌وه بووه، کاتێ له سه‌ده‌ی (5) پ. ز.دا، جووه‌کان به‌دیلگیراون، له (فله‌ستین)ه‌وه هێناویانن بۆ (بابل) و له ئه‌وێ ژیاون، شاره‌زای یاساکانی (حاموڕابی) بوون. پاشان بۆ شوێنی خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه و ته‌وراتیان ته‌واوکردووه. واته، ته‌ورات گه‌ر هه‌مووی نه‌بێ، به‌شی زۆری له یاساکانی (حاموڕابی)یه‌وه وه‌رگیراوه. هه‌روه‌ها، له نێوان یاساکانی (حاموڕابی) و ته‌وراته‌که‌ی (مو‌سا)شدا، په‌یامبه‌ر (برایم) ئه‌ڵقه‌یه‌کی ونبووه!
گومانی تێدا نییه، هه‌موو ئایینه ئاسمانییه‌کان، له هێندێ شتی سه‌ره‌کیدا، له یه‌کدی ده‌چن. جا ئه‌مه بۆ وایه و له چییه‌وه هاتووه، ئه‌وه کێشه و بابه‌تێکی دیکه‌یه. له ئه‌م گوتاره‌دا، خاڵه هه‌ره گرنگه لێکچووه‌کان و هێندێ جیاوازیی که‌م، له جێبه‌جێکردنی ئه‌و ئه‌رکه ئایینییانه‌ی، نێوان هه‌ردوو ئایینی جوو و ئیسلام، پێشکه‌ش به خوێنه‌رانی هێژا ده‌که‌م.
1- نوێژ
کاتی نوێژکردن، جووه‌کان ڕوو له (قودس) و موسوڵمانه‌کانیش ڕوو له (که‌عبه) ده‌که‌ن.
جووه‌کان ته‌نیا له بۆنه تایبه‌ته‌کاندا، کڕنووش بۆ خوا ده‌به‌ن. به‌ڵام موسوڵمانه‌کان، ڕۆژانه (17) جار کڕنووشده‌به‌ن و ئه‌مه‌ش، به‌سه‌ر (5) نوێژدا دابه‌شکراوه. گه‌ر هه‌ر ڕکاعه‌تێ، دوو جار کڕنووشبردن بژمێرین و به‌سه‌ر (5) نوێژه‌که‌دا دابه‌شیکه‌ین، ئه‌وا (34) جار ده‌کا!
لای هه‌ردوو ئایینه‌که، نوێژی به کۆمه‌ڵ، له نوێژی تاک باشتره.
جووه‌کان (5) سه‌ڵه‌واتیان هه‌یه، کاتێ ڕۆژهه‌ڵدێ، ده‌سپیده‌کا و پێش خه‌وتن کۆتاییدێ. به‌ڵام موسوڵمانه‌کان، له به‌ره‌به‌یانه‌وه دهسپیدهکهن و تا تاریکایی دادێ، ئینجا کۆتاییدێ.
2- حه‌ج
حه‌جکردن لای جووه‌کان، (3) جار له ساڵیکدا فه‌رزه و له په‌رسگه‌ی (قودس) ده‌کرێ. به‌ڵام لای موسوڵمانه‌کان، بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌توانن، یه‌ک جار له ژیاندا فه‌رزه و له (مه‌که)ش ده‌کرێ.
جووه‌کان (7) جار، به ده‌وری پهرسگهکهیاندا ده‌خولێنه‌وه. هه‌روه‌ها موسوڵمانه‌کانیش هه‌ر (7) جار، به ده‌وری (که‌عبه)دا ده‌سووڕێنه‌وه.
لای هه‌ردوو ئایینه‌که، قوربانیی وه‌ک یه‌که.
3- زه‌کات
جووه‌کان له (10%)ی سامانه‌که‌یان و موسوڵمانه‌کانیش، له (2.5%) ده‌ده‌ن.
4- ژن و پیاو
ته‌نیا ژنه جووه مێردارهکان، لهچکدهکهن و سهریاندادهپۆشن، به‌ڵام هه‌موو ئافره‌ته موسوڵمانه‌کان پێویسته، سهریانداپۆشن.
ژن و پیاوه جوو و موسوڵمانه‌کان پێویسته، جلوبه‌رگێ بپۆشن، جه‌سته‌یان بشارێته‌وه و به‌ڕێزبێ. له‌به‌رده‌می حه‌ڵاڵه‌کانی خۆیاندا نه‌بێ، نابێ، خۆیان ڕووتکه‌نه‌وه.
ته‌وقه‌کردنی ژن و پیاو، لای هه‌ردوو ئایینه‌که قه‌ده‌غه‌یه. ته‌نیا له کاتی پێویستدا نه‌بێ، باشتریش وایه، تێکه‌ڵاونه‌بن.
5- ڕۆژوو
ڕۆژووگرتن لای پێڕه‌وکارانی هه‌ردوو ئایینه‌که ئه‌وه‌یه: ڕۆژانه بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو، نان نه‌خۆن، ئاو نه‌خۆنه‌وه، گان نه‌که‌ن. جووه‌کان ماوه‌ی (25) کاژێر و (2) ڕۆژ له‌سه‌ر یه‌ک، هه‌روه‌ها (5) ڕۆژیش له ساڵیکدا، له خۆرهه‌ڵاتنه‌وه بۆ ئاوابوون به‌ڕۆژووده‌بن. به‌ڵام موسوڵمانه‌کان هه‌موو ساڵێ، له مانگی ڕه‌مه‌زاندا، له خۆرهه‌ڵاتنه‌وه بۆ ئاوابوون، ماوه‌ی یه‌ک مانگ به‌ڕۆژووده‌بن.
6- ڕۆژژمێر
ڕۆژژمێر له هه‌ردوو ئایینه‌که‌دا، پێوه‌ندیی به جوڵه‌ی مانگه‌وه هه‌یه و پێی ده‌ڵێن ڕۆژژمێری (قه‌مه‌ریی). ڕۆژه‌کانیش له خۆراوابوونه‌وه بۆ خۆراوابوونی ڕۆژی داهاتوو ده‌ژمێررێ. نه‌ک وه‌ک ڕۆژژمێری ووڵاتانی خۆراوا بێ، له نیوه‌شه‌وه‌وه بژمیررێ.
لای جووه‌کان ساڵی ئاسایی (12) مانگ و ساڵی که‌بیسه‌ش، (13) مانگه. به‌ڵام لای موسوڵمانه‌کان، ساڵ له (12) مانگ پێکهاتووه.
ساڵی عیبریی ئێسته (5777) ساڵ و ساڵی کۆچیی ئێسته‌ش (1437) ساڵه. واته (4340) ساڵیان بهینه.
7- سووڕی ژیان
کاتێ ئافره‌تێکی جوو مناڵی ده‌بێ، گه‌ر مناڵه‌که‌ی کوڕبوو، ماوه‌ی (33) ڕۆژ و گه‌ر کچیش بوو، ماوه‌ی (66) ڕۆژ، به زهیستانیی ده‌مێنێته‌وه.* به‌ڵام ئافره‌ته موسوڵمانه‌کان، هه‌ره زۆره‌که‌ی (10) ڕۆژه.
له ماوه‌ی خوێنشتندا،* ئافره‌ته جووه‌کان بۆیان نییه، ده‌س بۆ ته‌ورات به‌رن، له‌گه‌ڵ مێرده‌کنیان بنوون. هه‌روه‌ها له ئه‌و ماوه‌یه‌دا، ئافره‌ته موسوڵمانه‌کانیش نابێ، ده‌سکاری قورعان بکه‌ن، له‌گه‌ڵ مێرده‌کانیان جووتبن و بچنه مزگه‌وت.
لای جووه‌کان و موسوڵمانه‌کان، ئافره‌ت به خۆشتن له ئاوه‌سوو* خاوێنده‌بێته‌وه، به مه‌رجێ به ته‌واویی، جه‌سته‌ی له‌نێو ئاودا نقوومکا.
هه‌ردوو ئایینه‌که، ڕێیان به مناڵفڕێدان داوه، گه‌ر مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی دایکه‌که هه‌بێ و پزیشک بڕیاربدا.
جووه‌کان دوای (8) ڕۆژ له دایکبوون، مناڵه نێره‌کانیان خه‌ته‌نه‌ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش، له ته‌وراتدا باسکراوه. به‌ڵام موسوڵمانه‌کان، له هه‌ر ته‌مه‌نێکدا بێ، خهتهنهیدهکهن.
8- هاوسه‌رگیریی
له کاتی هاوسه‌رگیریی جووه‌کاندا ده‌بێ، قازی فه‌رمی یا جێگره‌که‌ی و دوو گه‌واه ئاماده‌بن. کچه‌که‌ش ده‌بێ، (7) جار له‌ژێر چه‌ترێکدا، به ده‌وری کوڕه‌که‌دا بخولێته‌وه، دوایی هاوسه‌رگیرییه‌که ئاشکراده‌که‌ن. پاشان (7) نزا به‌سه‌ر په‌رداخێ مه‌یدا ده‌خوێنن، بووک و زاوا ده‌یخۆنه‌وه. دوایی په‌رداخه‌که ده‌شکێنن. ئه‌مه‌ش نه‌ریتێکه، بۆئه‌وه‌ی جووه ده‌رکراو و ده‌ربه‌ده‌ره‌کان له نیشتمانی خۆیان له هه‌موو جیهاندا، بیری ئاماده‌بووان بخه‌نه‌وه.
به‌ڵام لای موسوڵمانه‌کان، به ئاماده‌بوونی قازی فه‌رمی یا جێگره‌که‌ی و چه‌ن گه‌واهێ، هاوسه‌رگیریی پێکدێ. کچه‌که بۆی هه‌یه، که‌سێکی گه‌وره‌ی خۆی باوک یا برا، به ده‌مراستی خۆی دانێ، پاشان هاوسه‌رگیرییه‌که ڕاده‌گه‌یه‌نرێ و به ئه‌و شیوه‌یه ته‌واوده‌بێ. دوای ئه‌وه‌ش وه‌ک نه‌ریتێ، ئاهه‌نگ بۆ بووک و زاوا سازده‌کرێ.
له هه‌ردوو ئایینه‌که‌دا، فره‌ژنی ڕێپێدراوه.
جووه‌کان بۆیان نییه، جگه له ئافره‌تی جوو، ژن له پێڕه‌وکارانی ئایینه‌کانی دیکه بێنن. به‌ڵام ئیسلام ڕێیداوه، پیاوی موسوڵمان ئافره‌تی ناموسوڵمانیش بێنێ.
9- مردن و ناشتن
جووه‌کان له کاتی گیانه‌ڵادا، ته‌ڵقینی که‌سه‌که ده‌ده‌ن، تهڵقینهکهش شاده‌ی یه‌کتاپه‌رستییه و له (شماع ئیسرایل) پێکهاتووه. واته: ئه‌ی ئیسرایلیی، یه‌زدان خوای تاک و تهنیاته. به‌ڵام لای موسوڵمانه‌کان ئه‌وه‌یه، که‌سه‌که‌ی گیانده‌دا، شاده‌ی یه‌کتاپه‌رستیی بێنێ و بڵێ: (گهواهیدهدهم، خوا یه‌که و موحه‌ممه‌د په‌یامبه‌ری خوایه.)
جووه‌کان و موسوڵمانه‌کان به زووترین کات، که‌سه مردووه‌که ده‌نێژن. به‌ڵام جووه‌کان پێیان باشتره، ڕۆژی دوایی بنێژرێ و لای موسوڵمانه‌کانیش باشتره، له هه‌مان ڕۆژدا بنێژرێ.
جووه‌کان (7) ڕۆژ و موسوڵمانه‌کانیش (3) ) ڕۆژ له‌سه‌ر یه‌ک، پرسه داده‌نێن.
هه‌ردوو ئایینه‌که باوه‌ڕیان به ئه‌وه هه‌یه، ئایینداران دوای مردن، له به‌هه‌شتدا ده‌ژین و خراپه‌کارانیش، له ئاگری دۆزه‌خدا ده‌سووتێن.
10- خۆراک
ئه‌و خواردنانه‌ی له هه‌موو جیهاندا، به‌پێی یاساکانی ئایینی جوو ڕێیپێدراوه، جووه‌کان بیخۆن، (کوشه‌ر) و موسوڵمانه‌کانیش به‌گوێره‌ی یاساکانی ئیسلام (حه‌ڵاڵ)ی پێ ده‌ڵێن.
هه‌ردووو ئایینه‌که، له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێکن، هه‌موو ئاژه‌ڵه‌کان ده‌بێ، به ڕێیه‌کی شه‌رعی و به چه‌قۆیه‌کی تیژ، له مله‌وه سه‌رببڕێن. پێویسته، خوێنی بڕژێ و لهبهریبڕوا، پێش سه‌ربڕینیش، ناوی خوا بهێنرێ.
جووه‌کان گۆشتی به‌راز، که‌روێشک و ئه‌سپ، موسوڵمانه‌کانیش گۆشتی به‌راز، ئاژه‌ڵه دڕنده بریندارکه‌ره‌کانی وه‌ک سه‌گ، پشیله و شێر ناخۆن.
جووه‌کان گۆشتخواردنیان له‌گه‌ڵ به‌روبوومه‌کانی شیره‌مه‌نیی قه‌ده‌غکردووه. هه‌روه‌ها ئاماده‌کردنی خواردن و شیره‌مه‌نیی، له یه‌ک ده‌فری لێنان و له یه‌ک شوێندا قه‌ده‌غه‌یه. به‌ڵام ئه‌مه لای موسوڵمانه‌کان نییه.
هه‌موو جۆره‌کانی مه‌ی، له ئایینی جوودا ڕێپێدراوه، به‌ڵام لای موسوڵمانه‌کان قه‌ده‌غه‌یه.
* زه‌یستان: خوێنشتن یا ئاوهسووشی پێ ده‌ڵێن.
سه‌رچاوه‌کان:
• ^ Histoire Universelle, V24 (Es à Ha) p.766.
• الترجمة الإنجليزية للشريعة، مجموعة محاضرات ألقاها السيد سامي البدري (رئيس قسم علم الأديان المقارن في المعهد الإسلامي في بريطانيا)- العراق – بغداد – مركز الإمام الصادق – 2006.
• الأب سهيل قاشا: قوانين حمورابي وشريعة موسى
• قناة مكتبة الاسرار، 10 تشابهات بين الاسلام و اليهودية، 2016.