شێرزاد شێخانی: ریفراندۆم لە وەختی زایەعدا.
دیسانەوە پارتی وەزعی تێكچوە. دوای ئەو شكستە گەورەیەی توشیهات بە رەتكردنەوەی رەشنوسی مەكتەبە سیاسییەكەی بۆ نەخشە رێگاكەی یەكێتی كە ویستی بەسەر ئەنجومەنی سەركردایەتی و ناوەندی یەكێتیەوە تێپەڕێنێ، ئێستا جارێكیتر كەوتۆتە سەرئەوەی بەدروشمێكی چەواشەكارەوە بێتەوە مەیدان بۆ مەشغوڵكردنی میللەت، بەڵكو ئەمە خوایە چەند مانگێكی تر بخاتە سەر پۆستە ئێكسپاریەرەكەی مەسعود بارزانییەوە.
سەرباری ئەو داشكاندنە گەورەیەی لەكۆتای وەرزی زستاندا كردی بۆ كاڵای دەستپێشخەرییەكەی بەناوی چارەسەری كێشەكانی هەرێم و ئامادەیی بارزانی بۆ دەسبەردار بون لە پۆستەكەی، بەڵام كەس دو عانەی پێنەدا، ئێستا مۆدیل مۆدیلی ریفراندۆمە. تەنانەت بەشێك لەسەركردە پییرەكانی یەكێتیشی بۆ ناو ئەو مەزاتخانەیە راكێشاوه كە ریفراندۆمی لێ هەراج ئەكرێ.
رەنگە سەفین دزەیی تاكە بەرپرسێكی پارتی بوبێ كە راشكاوانە بێ ئەوەی هەست بە خەتەری لێدوانەكەی بكات، بەرونو ئاشكرا وتی: ئەم ریفراندۆمە تەنها وەكو وەرەقەیەكی فشار لەدژی بەغدا بەكاری ئەهێنین”. كەواتە ئیشەكە هەر لەئێستاوە دەركەوت ” فشەیە”!.
دوای دەركردنی دكتۆر رۆژو بابەكر زێباریو هوشیار زێباری لەبەغدا رۆڵی پارتی زۆر لاواز بوە، بۆیە ئێستا لەهەوڵێكی بێوچاندایە بۆ گێڕانەوەی ئەو رۆڵو ئیعتبارەی پێشتری بەو حیسابەی ئێستا ئیدارەی ئەمریكاو توركیاو ئێرانیش هەڵوێستی خۆیان راگەیاندوە كە دژی سەربەخۆیین و داوا دەكەن كورد بگەڕێتەوە بەغدا، پارتیش نایەوێ بەو لاوازییەوە بگەڕێتەوە، بۆیە ریفراندۆم وەكو كارتێكی فشار دژی بەغدا بەكاری دێنێ، كە ئەویش كارتێكی سوتاوەو ریفراندۆمەكەشی لەوەختی زایەعدایە، چونكە:
A- دەبو ئەو ریفراندۆمەی پارتیو هێزە سیاسییەكان بەگشتی چاوەڕێیان ئەكرد زۆر زووتر لەو كاتەی ئێستا سازبكرایە، واتە ئەو كاتەی میللەت لەروی دەرونیو سیاسییەوە ئامادەیی تیابو دەنگی بەبەڵێ بداتە ئەو پرۆسەیە، واتە لەو ساڵانەدابوایە كە میللەت لەوپەڕی تێرێدا بو، هێشتا موچەی كەس نەبڕدرابو، بوژانەوەیەكی ئابوری گەورە هاتبوە كایەوە بەهۆی ئەو بودجە زەبەلاحەی لە بەغداوە ئەڕژایە سەر كوردستان، بازاڕ جمەی ئەهات، هێشتا مەترسی داعش لەئارادا نەبو، میللەت بەگشتی ژیانی ئاسودە بو.
B- دەبو ئەو ریفراندۆمە لەو كاتەدا سازبكرایە كە هەمو حزبەكان لەناو پەرلەمانی كوردستاندا بەو پەڕی دیموكراسییەتەوە كاری خۆیان ئەكردو، رۆژانە گفتوگۆی گەرم هەبون لەسەر پرۆژە یاساكان، هێشتا هیچ حزبێك ئەویتری ئاوت نەكردبو.
C- دەبو ئەو كاتە بكرایە كە هێشتا رێكەوتنی 50 ساڵی لەگەڵ توركیادا نەكرابو، ئەكرا دەسەڵاتی كوردی لەبەرامبەر ئەو ریفراندۆمە ریكەوتنەكەی ئیمزا بكردایە وەكو كارتێك نەوتەكەی بەرامبەر بە سەربەخۆیی لەگەڵ توركیادا بەكار بهێنایە.
D- دەبو ئەو ریفراندۆمە لەكاتێكدا بكرایە كە پەیوەندیەكانی دەسەڵاتی كوردی لەگەڵ بەغدا لەوپەڕی بەهێزیدا بو، تەنانەت كورد رۆڵەكەی وا گەورە ببو، كە لە هەولێرەوە حكومەتەكانی بەغدا دائەمەزران، ئەوكات كورد ئەیتوانی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی عیراقدا بەئاسانی سەودای ئەو مەسەلەی بكردایە.
ئێستا میللەت بەگشتی نانی نیە بیخوات، كارەبای نیە ماڵی رۆشن بكاتەوە، نەوت نیە ژوری مناڵەكانی پێ گەرم بكاتەوە، بێ لەمەترسییەكانی داعش، مەترسی هێزە مورتەزیقەكانی پارتی بەسەر شەنگالو ئێزیدیەكان، مەترسی سوپای توركیا لەناو خاكی كوردستانو هەوڵدانی بۆ شەڕی بێ ئامانی دژی پەكەكە، مەترسی روو گێڕانەوەی حەشدی شەعبی بۆ لای كوردستان. مەترسی خاڵیبونی بیرە نەوتیەكان بەهۆی دزی وتاڵانی، مەترسی شەڕی كورد بەكورد یان كوردو بەغدا لەسەر بیرە نەوتیەكانی كەركوك، مەترسی گەورەبونی رۆڵی توركمانەكان بەپشتگییری توركیا وعەرەبەكانی كەركوك بەپشتگیری هێزە شۆفینیەكانی عیراق و ناوچەكە. لەناو ئەو هەمو مەترسییانەدا هاوڵاتی كورد چۆن دەنگ بە پرۆسەیەك بدات كە خۆی نەتوانێ پشتگییری وداكۆكی لێبكات؟.
میللەت لەحاڵەتێكی دەروونی روخاودایە، متمانەی بەهیچ هێزێكی سیاسی نەماوە، بەرامبەر بەحكومەت و دەسەڵات متمانەی سفرە، دڵنیا نیە لەپەیوەندییەكانی كورد بەدەرەوە، لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی وەكو توركیا بەگومانە، بەم وەزعە دەروونیەوە چۆن سەركردایەتی پارتی ئەیەوێ خەڵكەكە بباتە سەر سندوقی دەنگدانەوە؟.
بۆیە ئەڵێم ئەوەی پارتی ئەیكات یارییەكە لەوەختی زایەعدا، با جاری پەرلەمان كارا بكاتەوە ئاشتەوايی گشتی رابگەیەنێ، واز لەدەسەڵاتی دیكتاتۆری بێنێ، ئەوسا میللەت بەگشتی لەگەڵی ئەڕۆن بەرەو سندوقەكانی دەنگدان و بەدڵو گیانیش داكۆكی لەو سەربەخۆییە ئەكەن كە ئاواتی دێرینەی هەمو میللەتی كوردە.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts