دکتۆر محەمەدئەمین گەناویی: بۆ 9ی نیسان لە هیواوەوە بوو بە تراژیدیا؟
2003-4-9، رووداوێكی مێژوویی مەزن بوو بە رووخانی رژێمی ڕەگەزپەرستی بەعس كە سەددام نوێنەرایەتی ئەكرد. لەهەمان كاتدا هەلێكی مێژوویی بوو بۆ گەلانی عێراق، كە لە سەر بنەمای سروشتی نەتەوەیی، جوگرافی و مێژوویی بە لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندی هاوبەش و ژیانى ئاشتیانە نەخشەى ژیان و داهاتووی خۆیان بكێشن كە ئەشیاو، ئەكرا و ئاسان بوو كە:
1- كورد لەهەموو ناوچەدابڕاوەكان و هەموو ئەم شوێنانە كە بە بەڵگەی مێژویی كوردستانین، بخاتەوە سەرهەرێم و دەوڵەتی كوردی ڕابگەیەنێ، كە لەو كاتەدا، هیچ دامەزراوەیەكی عێراق بوونى نەمابوو، كە بەرگری بكات وەك ئیستا. بەڵام نەبوونى ئامانجى سیاسی و نیشتیمانی و نەتەوەیی و، نەبوونی سەربەخۆیی لە بڕیاری سیاسی و، هەست نەكردن بە ژیان و بەرژەوەندی و داهاتووی گەل و وڵات. ئەمڕۆى پڕ لە تراژیدیا دروست بوو بۆ خەڵك، لەگەڵ میلشیاى (میلێتی ملیاردەرى) بێ شەرم و شووم، قەشمەر، سەرگەردان، بێ فكر و گاڵتەجاریی دنیا، لە كاتى ئیستادا گاڵتەجاریی بابەتی ئاڵا و دەوڵەت بوون، كە ورینەى ئەكەن دوافریو و گاڵتەكردنە بەخۆیان، ئیجا بەخەڵك.
2- دوای 9-4-2003 دەوڵەتی تازەى عێراق بە هاوكاریى سەرەكیى میلشیاى كوردى، لەبریى پارەو هەندێک پۆست و ئیمتیازی پووچ (مزیف) دامەزرایەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تازەى عێراق كە هەموویان پاشخانی میلشیاییان هەیەو، هەر یەكە هاوساریی لە دەست وڵاتێکدایە، کە هەتا دوای بوون بەناو دەوڵەتداریش، نەک هەر نەیان توانی خۆیان لە میلشیایی بوون و گرێدراوی بە وڵاتانی دەرەوە ڕزگار بکەن، بەڵکو دەسەڵاتیان وەک هەلێ/فرسەتێک بەکارهێنا بۆ تاڵانی و گەندەڵی، کە هەموو بواریکی ژیانیان بۆ خەڵک کردۆتە دۆزەخ بە جۆری ئێستا، خەڵکێش بە سۆزەوە هیوا ئەخوازێ بۆ رۆژانی دیکتاتۆریەتی سەددام.
بەردەوامى دەسەڵاتى میلشیا لەگەڵ بەردەوامی داڕمانى ژێرخانی كۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، بەها نیشتیمانى و ئینسانیەكان بەدەستى میلشیاكان و ویرانبوونى فیكریی و فەرهەنگ، خەڵكى بێ هیوا كرد. كە ئەمەش بێگوومان دەرگاى هەموو ئەگەرێكى ترسناك بە ڕووی خەڵک و وڵاتدا كردۆتەوە، مەگەر تەنها موعجیزەیەك لە بەختی خەڵکی بێبەخت، ڕەوش بەجۆرێکی تر بگۆردرێ.