بەهرۆز جەعفەر: پارتی و تارمایی مەترسیەکی تر.
ئەو ڕووداوەی، دوو چەکدار پەلاماری فەرهاد پیرباڵ یان دا، دەری خست کە سبەی ئەگەر بارزانی غیاب بێت، هەولێر و بادینان وەک سولەیمانی و گەرمیانی دوای مام جەلال ئەبنە بیست باڵ و کوتلەوەو، هەریەکەو مەجموعەیەک شەقاوە دوای خۆی ئەخا.
بە سروشت قسە لەسەر کەسەکان و تەنانەت ڕووداوەکانیش ناکەم، ناسینی بنەمای شتەکان، سەنگی مەحەکە بۆ تێگەیشتن، بنەمای شتەکەش لێرە ئەوەیە کە فەرهاد پیرباڵ وەک ڕۆشنبیرێک، وەک مرۆڤێک کە نایەوێ خۆی ڕادەستی درۆ و دزی و دوو ڕوویی کۆمەڵگاو حزب بکا، لە نێوان سولەیمانی و هەولێردا، لە نێوان (پیاوەکان) ی ناو (باڵەکان) ی پارتی دا بووەتە پەن و قوربانی، نایشارمەوە لەماوەی ئەم بیستو چوار سەعاتەدا، هەموو شتێک لای من “ڕەش” بووە، هۆی ئەم ڕەشێتیە تراژیدیای کوردبون ە، تاڵە زۆر تاڵە مرۆڤ دونیای بینی بێت، خوێنەوار بێت، کوردیش بێت!. بەو بەڵتەجیەتە پەلاماردانی فەرهاد پیرباڵ لە هەولێری پایتەخت، لەکاتێکدا بانگەشەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ئەکرێت، لێکەوتەی خراپی بۆ پارتی و هەولێر و کۆمەڵگااا بەگشتی هەیە:
یەکەمیان: ئەوەی چەند مانگی ڕابردوو هەزاران لاپەڕە پڕکرایەوەو نوسرا، گوایە بارزانی چاکسازیی کردووەو ئەکات، پووچەڵ بۆیەوە، ئەوەشی بە دوای خۆیدا هێنا کە فەرهاد پیرباڵ قوربانی دەستی باڵەکانی ناو پارتی و پیاوەکانی ناو ئەم دوو باڵەیە،،، بۆیە فەرهادو هەرکەسێکی تر هەر دەبێت لێرەدا هانا بۆ بابی گەورە بارزانی ببات، لە حاڵەتی وادا.
دووەم: ڕۆشنبیر کەرەستەکانی یاخی بونی نایانگەیەننە ئامانجێکی دیار، چونکە ناسنامەی ستەمکارەکان وونە، عیلمانی نین، ناسیۆنال و نەتەوەگەرا نیین تا لەسەر کوردایەتی حیساب بن. بە واتایەکی تر بنەمایەکی فیکریی و تیۆرییان نییە تۆ بێیت لەوە بدەیت، تەنانەت بڕوانە دزی و چەتەیی و شەقاوەچێتیەکەشیان زۆر بە بێعەقڵی ئەکەن. لە شوێنێکی وەک ئیتاڵیادا مافیا لە خواروو ژووری وڵاتەکە جیاوازییان هەیە لەسەر ئالیەتی کاری مافیایی.
هەروەها ئامرازەکانی میدیاو سۆشیال میدیا بێ جیاوازیی هەمووی هی حزبەکانن، حزبیش حزبە، کەی ئێن ئێن بێت یان زاگرۆز تیڤی یا ئێن ئاڕتی و ڕووداو، ڕۆشنبیر چۆن بتوانێ بگاتە جەماوەر ئەگەر ئامرازێکی بەهێز نەبێت؟. ناچار ئەبێت هەر قسەش بکاو، دواجار لەبەر بەریەککەوتنی جۆراوجۆری ڕۆژانەو شەوانە لەناو ئەو سیستەمەدا، ڕۆشنبیر ئەبێت وا بکات بەو نۆرمە بۆگەنەی کۆمەڵگەو کادیرە گوێڕایەڵەکانی حزب بڵێ ” ئەها منیش وەک ئێوە وام !”.
سێهەم: بە تەواوی ئەم لێدانە لە فەرهاد پیرباڵ لێکەوتەکەی ئەوە بو کە ” دوای داعش دەرئەنجامەکان هەرچییەک بن، چیتر کەرامەت و ئازادی و مافی تاکەکەس لە کوردستان پارێزراو نابێت، جا بۆیە ئەگەر پێت ئەکرێت دەمانچەیەک هەڵگرەو، دووان لەکەسوکاریش بخە شوێن خۆت، زللەیەکیان لێدای تۆ دوان بوەشێنەوە دواتر، ئیتر ئایندە بریتی یە لە تێک بەردان و تێک بەربوون، وەک هۆبز ناوی ناوە ” شەڕی هەموو دژی هەموو “. ئەم کەلتورە لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی بریتی یە لە دزیی و درۆ، بەدرێژایی حەفتا ساڵی ڕابردوو هیچ نەکرا جگە لەبەرهەمهێنانی هەندێ لە چەورەی حزبی بۆ دزی و درۆ و شکاندنی ئەویتر، هەموو ئەمانە بەرهەمی ئەو کەلتورە سیاسیە ئەمنیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بۆ ئەوەی لێبوردەیی و ڕاستگۆیی و دەستپاکی بسڕێتەوە، بە تایبەتی لەناو پارتی نوخبەیەک پەیابون بە شێوازی جۆراو جۆر کار لەسەر شکاندنی هەیبەتی ئەوانی تر ئەکەن، زۆریش بە ڕەهایی بڕوایان وایە لە هەموو شتێکدا هێز بەکاربهێنن، لێرەدا مادام ئەوانەی لە فەرهاد پیرباڵ یان دا، چەکیان پێ بو، کەواتە ڕووی چەکی پارتی لە دوژمن نییە لە هاونیشتیمانیانە. لە کاتێکدا دوو مرۆڤی وەک کۆیلە بەخێوکراو بەربێتە گیانی مرۆڤێکی ڕۆشنبیری دەنگ گەورە بە چەک، یانی هەزاران پێشمەرگە خۆیان بۆ (هیچ) بەختکردووە لە پێناو کەسانێکدا کە (هیچ) نین.
ئەوجا کار بەوە چاک نابێت بچیت لە فەیسبوکا سەت پەیج و سایت بکەیتەوەو، پەلاماری ئەم و ئەو بدەی، تۆ وا ئەکەی، ئێ من و ئەو و ئەوەکانی تریش و ئەتوانین خراپتر بکەین…کار بە ڕەسمگرتن لەگەڵ فەرهاد پیرباڵ و دڵدانەوە مەیسەر نابێ، پیرباڵ خانوەکەی بە بێ ئیزنی خۆی فرۆشراوەو، ئێستا کرێچی عەرەبە لە هەولێر!. کتێبخانەکەی داخراوە، کۆمپیوتەرەکەی دزراوە، پەلاماری کەسێتی کچەکەی لە شەقام دا دراوە، پێی ئەوترێ شێت!. لە لای سولەیمانی و ئۆپۆزسیۆنیشەوە نەفی کراوە، فەسڵکراوە، لێدراوە، ڕێگریی لە ووتنی کراوە، تەنانەت پارتی نەیتوانی کەرامەتی ڕۆشنبیرێک بپارێزێ، ناتوانێ خوێنەوارێک ڕام بکات کە یەکەم کەس بووە باسی دەوڵەت و ڕیفراندۆمی کردووە.